ئاستەکانی باوەڕ…لە دەفتەری فەلسەفەوە

لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٥)

ئاستەکانی باوەڕ

ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لای خۆمان وا دەزانن باوەڕ و زانین یەک شتن، واتە هەر ئەوەندەی باوەڕت بە شتێک بوو، ئیتر تۆ ئەو شتە دەزانیت. بەڵام گومانی تێدا نیە کە ئەمە هەڵەیەکی زەقە، لێرەدا هەوڵ دەدم ئەمە ڕوون بکەمەوە. بەر لە هەموو شتێك پێویست دەکات زاراوەکانم شیبکەمەوە، بەڕاست باوەڕ چیە؟ لەبری ئەوەی بە ڕێگا باوەکاندا بڕۆم و پێناسەیەکی فەرهەنگیی بۆ چەمکەکە بخەمە ڕوو، ئینجا دەست بکەم بە گفتوگۆکردنی، داوات لێدەکەم سەیری ئەم ڕستانەی خوارەوە بکەیت:

١. باوەڕم وایە مەحوی شاعیر هەبووە.

٢. باوەڕم وایە هەورامان ناوچەیەکی خۆشە.

٣. باوەڕم بە وەرزشی بەیانیانە

٤. باوەڕم بە خوا هەیە.

سەرنج بدە، دوو ڕستەی یەکەم بە (باوەڕم وایە) و دووانەکەی تریشیان بە (باوەڕم بە) دەستپێدەکەن. ئایا ئەمە هیچ جیاوازییەک دروست دەکات؟ سەیری ڕستەی یەکەمیان بکە. با شتێکت پێ بڵێم من زۆر عاشقی شیعرەکانی ئەم شاعیرەم و ناوبەناو دیوانەکەی دەگرم بە دەستەوە و بە چێژەوە دەیخوێنمەوە. ئایا ئەمەندە بەسە بۆ ئەوەی باوەڕەکەم ڕاست بێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە دیوانە شیعری دیکەمان هەیە کە گومان لە بوونی شاعیرەکەی دەکرێت، بۆ نموونە، دەڵێن وەلی دێوانە کەسایەتییەکی مێژوویی نیە، ئێ خۆ دیوانیشی هەیە!

باشە، دەتوانم سەردانی خانەقای مەحوی بکەم و مەزارەکەی ببینم، کتێبخانەکەی ماوە و هەندێک دەستنووسیشی هەیە. جگە لەوەش لە سلێمانی خێزانێک هەن کە بەڵگەنامەی فەرمییان لا هەیە نەوەی مەحویین، وەک سۆران مەحوی کە من دوو سێ جار چوومەتە خزمەتی و چەند کتێبێکیشی بە دیاریی پێداوم، تەنانەت وێنەیەکی دەسکردی ئەو شاعیرەشم لای ئەو بینی.

یانی، بە کورتی بەڵگەی پێویست هەن بۆ ئەوەی باوەڕەکەم دروست بێت. ئایا ئەگەری ئەوەی دەربکەوێت هەڵەبم، لەئارادایە؟ بەڵێ، بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە کە شتێک وەک بەڵگەنەویست وەرگیرابێت بەڵام دوایی دەرکەوتبێت کە هەڵەیە. دیارترین نموونەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە جاران وایان دەزانی زەوی تەختە، بەڵام دواتر دەرکەوت وا نیە. (لە ئێستا خەڵکانێک هەن دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دواوە و بیسەلمێننەوە کە زەوی تەختە، بەڵام ئەوانە میکانیزم و چەمکەکانی زانست بەکارناهێنن؛ بەڵکو بە زمانی باوەڕ قسە دەکەن. ئەمەش خۆی یەکێکە لە جیاوازییەکانی نێوان باوەڕ و زانست، واتە ئەم دووانە هەقیقەتەکانیان لە یەکتریی جیاوازن)

با بگەڕێمەوە بۆ لای مەحوی؛ بەڵێ، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەربکەوێت کەسێک نەبوو نازناوی مەحوی هەبووبێت و ئەم شیعرانەی نووسیبێت. بەڵام سەلماندنی هەڵەیی ئەم باوەڕە، پێویستیی بە ماندووبوون و بەڵگەهێنانەوەی زۆرە، بەڕادەیەک کە ڕەنگە ئەگەر بڵێم نەخێر شتی وا نیە، زێدەڕۆییم نەکردووە. جگە لەوەی لەگەڵ خۆیدا دنیایەک پرسیاری دیکەش دەهێنێتە پێشەوە کە دەبێت بەدوای وەڵامدا بگەڕێین بۆیان: ئەگەر ئەوانە شیعری مەحوی نین، ئەی هی کێن؟ ئەگەر ئەوە مەزاری مەحوی نەبێت، هی کێیە؟

ئەی بۆ ڕستەی دووهەمیان (باوەڕم وایە هەورامان ناوچەیەکی خۆشە) چی بڵێین؟ ئاشکرایە، مەسەلەکە پەیوەندیی بە میزاجی من و حاڵەتی ئێستای چێژوەرگرتنمەوە هەیە. ڕەنگە هەر خۆم لە ئایندەدا ئەو باوەڕەم بگۆڕم، یاخود هەر ئێستا کەسێکی دیکە هەبێت کە باوەڕی وا نەبێت. یاخود ڕەنگە جێگایەکی زۆر خۆشتر ببینم و باوەڕم ببێت بەوەی کە هەورامان ئەوەندەش خۆش نیە. بێگومان ئەمە زۆریش پێویستیی بە بەڵگەهێنانەوەو سەلماندن نیە. بەڵام بۆ مەحوی وا نیە، ناتوانم هەروا بە ئاسانی بڕیار بدەم کە ئەو عارفە گەورەیە نەبووە. بۆ نموونە ئەگەر حافزی شیرازیم ناسی و ڕام وابوو شیعرەکانی زیاتر خۆشحاڵم دەکەن و بووم بە عاشقی ئەو، ئەمە مانای ئەوە نیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان مەحوی لەم دنیایەدا نەژیاوە.

ئەو دوو ڕستەیە هەردوکیان بە دەستەواژەی (باوەڕم وایە) دەستپێدەکەن، کەچی ماناکانیان زۆر جیاوازە. یەکەمیان بەڵگەی زۆری هەیە بۆ دروستییەکەی و دووهەمیشیان زیاتر پەیوەندیی بە میزاج و حاڵەتی دەرونییەوە هەیە، بەڵگەکانی ئەوەی دروست بێت ناگەنە ئاستی ئەوەی یەکەمیان. هەرچۆنێک بێت ئەم جۆرە باوەڕە تەنها دوو ئاڕاستەی هەیە: یان ئەوەتا دروستە، یان ئەوەتا نا.

بەڵام لە ڕستەی سێهەمدا پرسەکە ئاڵۆزتر دەبێت. هەم داڕشتنی ڕستەکە دەگۆڕێت (باوەڕم بە) هەم ماناکەشی بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەڕوات. لێرەدا ئاڕاستەیەکی سێهەمین دێتە پێشەوە: من کە دەڵێم باوەڕم بە وەرزشی بەیانیان هەیە، مانای ئەوەیە من بەیانیان وەرزش دەکەم، بۆ ئەو کارەشم کۆمەڵێک هۆم هەیە، وەک تەندروستبوون، بە‌‌هێزیی، هتد. بەڵگەکانیش لە جێگایەکی دیکەدان، وەک زانستی پزیشکی و ئەزموونی ئەوانیتر. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە من وەرزشی بەیانیان بکەم، بەڵام ئەوەی لە باوەڕەکە دەیخوازم، نەیەتە دی.

دەشگونجێت یەکێک باوەڕی بەو دیدەی من نەبێت و هەر یەکسەر ڕەتی بکاتەوە. سەلماندنی ئەم باوەڕەیان هەرگیز ناگاتە ئاستی دوانەکەی تریان، چونکە بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە لە ساتێکدا و بێ بوونی هۆیەک یان بەڵگەیەک قڵپ ببێتەوە، بۆ نموونە من باوەڕم بە وەرزشی بەیانیان نەمێنێت، گەرچی هەر پێشم وابێت تەندروستیی لەگەڵدایە و مرۆڤ بە گەنجیی دەهێڵێتەوە.

بۆ ڕستەی چوارەمیان کە دەڵێم باوەڕم بە خوا هەیە، ئاستێکی زۆر زەحمەتی ئاڵۆزیی دێتە پێشەوە. دیارە بۆ مرۆڤی سادە، ئەوەی کە زۆر پێویستیی بە بیرکردنەوە نیە، مەسەلەکە بە ئاسانی تێدەپەڕێت. بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە بیربکەینەوە، گوزارشتەکان هەڵبسەنگێنین. کاتێک دەڵێم باوەڕم بە خوا هەیە، لەپاڵ ئەوەدا کە مانا ڕاستەوخۆکەی ئەوەیە کە خوا بوونی هەیە، کۆمەڵێک مانا و گوزارشتی دیکەش هەن، مەسەلەکە تەنها ئەوە نیە کە یەکێک دەڵێت من باوەڕم بەخوا هەیە، بەڵکو مەبەستیشی لەوەیە کە بڕیاری داوە بەپێی ڕێنماییەکانی خوا ژیانی خۆی ڕێك بخات. واتە ئەم باوەڕەیان ئاڵۆزترین ئاستی باوەڕبوونە.

ئاڵۆزیی چیە؟ ئەگەر زۆر قووڵی نەکەمەوە، دەڵێم بریتییە لە هەر گوزارشتێک، هەر بۆچوون و دەربڕینێك کە لانیکەم بە دوو ئاڕاستەدا بیری لێ بکرێتەوە. بۆ نموونە کە دەڵێم باوەڕم بە خوا هەیە، سەرەتا مانای ئەوە دەگەیەنێت کە من باوەڕم وایە خوا بوونی هەیە، پاشانیش ژیانی خۆم بەپێی بوونی خوا ڕێک دەخەم. لە دوو ڕستەی یەکەمدا، باوەڕەکەم پێویستیی بەوە نەبوو هەنگاوی دووهەم بنێم و ژیانی خۆم بەپێی باوەڕەکە ڕێکبخەم، ڕستەی سێهەم بڕێک ژیانی منی ڕێکخست، بەڵام نەبوو بە مەرجی دروستیی باوەڕەکە، چونکە دەشێت باوەڕم وابێت کە وەرزشی بەیانیان بەسوودە و جێبەجێشی نەکەم.

لە ڕستەکانی پێشووتردا هۆی ماقووڵم هەبوو بۆ باوەڕەکانم، ڕستەی یەکەمیان بەڵگەی بەهێز هەبوو بۆ سەلماندنی و لە دوو ڕستەکەی دوای ئەودا بەڵگەکان وردە وردە کاڵ بوونەوە، لەم ڕستەیەی کۆتاییدا، بەڵگەکان پڕ دەبن لە گرفت و کێشە. ئەمە جگە لەوەی کاتێك باسی مەحوی دەکەم، یەکسەر دەزانم کە مەحوی کێیە، دەزانم هەورامان جێگایەکە و وەرزشی بەیانیانیش چالاکییەکە، بەڵام ئەی بۆ پرسی خوا؟ ئەمەیان چۆن؟ لێرەدا گرفتەکە زۆر قووڵ دەبێتەوە. با هەوڵ بدەم بە نموونەیەک ڕوونی بکەمەوە:

کچەکەم لە زانکۆ دەخوێنێت، بەیانیان من خۆم دەیبەم بۆ کۆلێجەکەی و سەعات هەشت و نیو لەوێ دەبین. زۆر باشە من ئێستا لە ژوورەکەی خۆمم، کچەکەشم لە ژووری خۆی خەریکی خوێندنە، ئوتومبیلەکەش لە گەراجەکەدایە. ئایا ئەم گوزارشتە (سەعات هەشت و نیو لەوێ دەبین) تا چەند ڕاستە، ئایا دەتوانم بە ڕێژەی لە سەدا سەد جەختی لەسەر بکەم. ژیانی ڕۆژانە فێری کردووم کە ئەمە ڕاست نیە، چونکە ڕێژەکە لەنێوان سفر و سەددایە. بێگومان هەتا نەچینە ناو ئوتومبیلەکەوە و بەرەو زانکۆ نەکەوینە ڕێ، نازانین لە ڕێگا چی ڕوودەدات، ئایا تووشی ڕووداوێک دەبین؟ ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆین کاری لەسەر دەکرێت و ناچار دەبین ڕێگایەکی درێژتر بگرینە بەر؟ کێشەیەک لە ئوتومبیلەکەدا دروست دەبێت … هتد.

ئەم نموونەیە چ پەیوەندییەکی بە باسەکەوە هەیە؟ زۆرێک لەوانەی خۆیان بە باوەڕدار دانانێن، ڕەخنە لە باوەڕداران دەگرن: ڕێژەی دڵنیابوون لە بوونی خوا کەمترە لە (١٠٠٪)، بەڵام باوەڕدارەکان بەو ڕێژەیە ژیانی خۆیان ڕێکخستووە. واتە خۆیان داوەتە دەستی باوەڕێک کە ناتوانن بە ڕێژەی لە سەدا سەد لێی دڵنیا ببن. مەسەلەکە هەر ئەمە نیە، بەڵکو ڕێژەی کۆتایی لە نێوان سفر و ١٠٠ دایە، واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە باوەڕەکەی ئەوان بە تەواوەتی هەڵە بێت. لە نموونەکەدا ئاماژەم کرد بۆ ئەوەی کە ڕێژەی دڵنیابوون سفرە، تا ئەو کاتەی دەچینە ناو ئوتومبیلەکەوەو دەکەوینە ڕێ. بەهەمانشێوە بەرامبەر باوەڕدارەکانیش دەوترێت، تا ئەو ساتەی دەمرن، ڕێژەی دڵنیابوون لە بوونی خوا، هەر سفرە.

ئەمە مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوەو یەکەمین هەنگاوی جیابوونەوەی زانین لە باوەڕ، لێرەوە دەست پێدەکات: کاتێک دەڵێم باوەڕم بە شتێک هەیە جیاوازە لەوەی کە بڵێم ئەو شتە دەزانم. ئەمەش زیاتر لە دوو ڕستەکەی سێهەم و چوارەمدا ڕاستەو لە چوارەمیاندا بە تەواوەتی زەق دەبێتەوە.

بەڵام! خۆ ئەمە تایبەتمەندێتییەکی مەترسیداری ژیانی مرۆڤە، زۆربەی بڕیارەکانمان لەمجۆرەن و دەشبێت هەنگاو بنێین بۆ پیادەکردنیان. شتێکی زۆر ناماقووڵە ئەگەر بڵێم، مادام ناتوانم بە تەواوەتی دڵنیا ببم کە لەکاتی دیاریکراودا کچەکەم دەگەیەنمە زانکۆ، کەواتە باشتروایە لە ماڵەوە دابنیشم. وەک لە نموونەکەدا باسم کرد، هەتا نەچینە ناو ئوتومبیلەکەوەو نەکەوینە ڕێ، ڕێژەکە سفرە. بێشک بیرکردنەوەیەکی زۆریشی ناوێت کە بزانم ئەمە خراپترین دەرەنجامە کە پێی بگەم. ئەقڵ دەڵێت گەرەنتی لە سەدا سەد لەئارادا نیە، بەڵام خۆ ناکرێت ژیان ڕابوەستێت!

ڕاستە باوەڕدار بەڵگەی یەکلاییکراوەی بۆ بوونی خوا نیە؟ ئەی بێباوەڕ؟ ئایا ئەو بەڵگەی یەکلاییکراوەی بۆ نەبوونی لا هەیە؟ لێرەدا پرسێكی دیکە دێتە پێشەوە: لە چ خاڵێکدا زانین و باوەڕ دەتوانن پێک بگەن؟ بێگومان بە شێوەیەک لە شێوەکان وەڵامەکەمان داوەتەوە: ئەوە بەستراوە بە ڕێژەی دروستیی و نادروستیی بەڵگەکانەوە. هەتا ڕێژەکە لە سەدەوە نزیکتر بێت، لە زانین نزیک دەبینەوە، بە پێچەوانەشەوە هەتا داببەزێت بۆ لای سفر، زانین کاڵ دەبێتەوەو لە کۆتاییدا گوزارشتی ئەوەی: بڕوانە دەوروپشتی خۆت، ئەم شتانە دروستکەریان هەیە، ئەو دروستکەرەش غەیری خوا دەبێت کێ بێت؟ ئەمە گوزارشتێکە بە تەواوەتی لە ناو باوەڕدا، کارێكی بە زانین نیە. چونکە تۆ هەرگیز ناتوانیت بزانیت (واتە بە ڕێژەی ١٠٠٪ دڵنیا ببیت) کە ئەوە کاری خوایە.

لە کۆتاییدا نموونەیەکی قۆشمە دەهێنمەوە:

جارێکیان مەریوان هەڵەبجەیی، کە خۆی وەک بێ ئایین پێناسە دەکات، داوای دیبەیتی لە دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد کرد، ئەویش پرسیارێکی ئاڕاستە کرد: کێ تۆی دروست کردووە؟ وەڵامی پرسیارەکەشی کرد بە مەرج بۆ ئەنجامدانی دیبەیتەکە. بەڵام ئەمە پرسیارێکە بە هەڵە ئاڕاستە کراوە! بۆچی؟ چونکە پرسیارێکە پەیوەندیی بە باوەڕەوە هەیە، مەریوانیش خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە باوەڕی نیە. ئەم پرسیارە دەبێت ئاڕاستەی کەسی باوەڕدار بکرێت. جگە لەوەش هەڵەیی پرسیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی داوای وەڵامی ڕەش و سپی دەکات. واتە ئەگەری ئەوەی خوا مرۆڤی دروست کردبێت لای مرۆڤی باوەڕدار ڕێژەکەی (١٠٠٪) ە بەڵام لای بێباوەڕ سفرە. بێ ئەوەی بەڵگە و سەلماندنی یەکلاییکەرەوە لای هیچیان هەبێت.