خوای سپینۆزایی…لە دەفتەری فەلسەفەوە

لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٦)

خوای سپینۆزایی

 

زۆرکەس لە ڕێگای ئاینشتاینەوە دەستەواژەی (خواکەی سپینۆزا) یان بیستووە. کێ یەکەمینجار ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێناوە؟

لە ساڵی ١٩٢٩ دا، کاتێک پرسیاری ئەوە لە ئاینشتاین کرا کە ئایا باوەڕی بە بوونی خوا هەیە، وتی “بەڵێ باوەڕم بە خواکەی سپینۆزا هەیە، کە خۆی لەناو هارمۆنیی هەموو ئەو شتانەدا ئاشکرا دەکات کە هەن.” هەروەها لەم ماوەیەی دواییشدا، ڕیچارد دۆکینزی ئەتایست و زانای بایۆلۆژیا و نەیاری سەرسەختی پێڕەوی ئاینیی فەرمی، لە چەند جێگایەکداو بەتایبەتی کتێبەکەی (وەهمی خوا) باس لە خواکەی ئاینشتاین دەکات، کە ئەویش دیسان هەر مەبەستی خوای سپینۆزاییە. لێرەدا لەمبارەیەوە دەدوێم، هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە: خوای سپینۆزا چیە؟ بەڵام پێشتر دەبێت وەڵامی پرسیارێكی دیکە بدەمەوە: سپینۆزا خۆی کێیە؟ پێش ئەوەش دەمەوێت ئاماژە بکەم بۆ وەرگێڕانێکی کوردی کتێبەکەی دۆکینز کە لەبەر خاتری خاتران بە ناونیشانی (وەهمێک) خراوەتە بەردەستی خوێنەر، وەرگێڕەکەی ناوی (نوری کەریم)ە. وێڕای هەندێک سەرنجم لەسەر کارەکە، بەڵام بەهەرجۆرێک بێت، ماندووبوونەکەی شایستەی نرخاندنە.

 

مرۆڤێکی یاخی

باروخ سپینۆزا لە نیوەی دووهەمی سەدەی حەڤدەدا ژیاوەو لە تەمەنی (٤٥) ساڵیدا مردووە. لە گەڵ دێکارت و لایبنیزدا بە سێ ئەقڵانییە سەرەکییەکەی سەردەمی مۆدێرن لەقەڵەم دەدرێن. بەهۆی نوسینەکانیەوە، بەتایبەتی کتێبی (ئێتیک) کە گرنگترین کارێتی، لە کۆمەڵگا جولەکەکەی وەدەرنراوە و وەک کەسیكی بێدین سەیری کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوشاری و دۆست و هاوەڵانی قسەیان لەگەڵ دابڕیوە. لەبەشی یەکەمی ئەو کتێبەدا، لە پێڕەوی باوی ناوەندە ئاینییەکانی سەردەمی خۆی (دیان و جووەکان) جیادەبێتەوەو تێروانینێکی نوێ بۆ خوا دەخاتە ڕوو، کە نەک هەر دروستکەری مرۆڤ و سروشت نیە، بەڵکو ئەو خودی سروشتەو هەموو شتەکانی تر لەناو ئەودان. لە درێژەی بابەتەکەدا بەوردی لەمبارەیەوە قسە دەکەم.

سپینۆزا گەرچی بە یەکێک لە مەزنترین فەیلەسوفەکانی ناو ترادیسیۆنی خۆراوایی لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام خوێندنێکی ئەکادیمی نەبووەو لەناو دامەزراوە فەرمییەکانیشدا کاری نەکردووە. ئەو بە ئازادی خەریکی کارە فەلسەفییەکانی خۆی بووەو بەشێوازی خۆی بەدوای هەقیقەتدا گەڕاوەو بژێویی ژیانیشی لە دروستکردنی هاوێنە (عەدەسە)وە پەیدا کردووە. ژیانی سەخت بووە، بەڵام ناچار نەبووە هزرو بیرکردنەوەی خۆی لەگەڵ زانکۆ یان کەنیسە، یاخود تێڕوانینی فەرمی کۆشکی شاهانەدا بسازێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەر دەبوو وریای خۆی بێت، چونکە لەو سەردەمەدا چەوساندنەوەیەکی زۆر دژی بیرمەندان و فەیلەسوفان، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ ڕای فەرمی ناوەندی ئاینیدا نین، پیادە دەکرا. زۆرجار نوسینەکانی بە ئیمزای (کاووتێ) بڵاودەکردەوە کە وشەیەکی لاتینییە و مانای “ئاگاداری خۆت بە” دەگەیەنێت. نوسینە لیبراڵ و سیکیولاریستەکانی ئاماژەیەک بوون بۆ وەرچەرخانێکی گەورە کە دواتر لە جیهانبینی سیاسیی بیرمەندە ئەوروپاییەکاندا ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەشدا تا نزیکەی دوو سەدە دوای مردنی، کتێب و نوسینەکانی قەدەغە بوون و ناوەکەی وەک تۆمەتێک دژی ئەو کەسانە بەکاردەهات کە بە بێدین و ماتریاڵیست دەناسران و بانگەشەیان بۆ لیبراڵیزمی سیاسی دەکرد.

جێگای ئاماژەیە، سپینۆزا لەناو خێزانێکی جوولەکەدا لەدایکبووە کە پێشتر لەترسی چەوساندنەوەی ئاینی پورتوگالیان جێهێشتووەو لە ئەمستەردام نیشتەجێ بوون. سەرەتا لە قوتابخانەیەکی ئاینی دەخوێنێت و لەبواری زانستەکانی تەلمۆددا زۆر دەرکەوتوو دەبێت وچاوەڕوانی ئایندەیەکی پرشنگداری لێدەکەن. بەڵام دواتر کە دەست دەکات بە نوسینی تێزەکانی خۆی، لەگەڵ ناوەندە ئاینییەکانی جولەکەدا نێوانی تێک دەچێت و دووچاری پشتگوێخستن و بێزراندنێکی زۆر دەبێت؛ لەم کاتەدا تەمەنی لە ٢٤ ساڵان تێپەڕی نەکردبوو.

لەپاڵ ئەو هەموو ناڕەحەتییەشدا، هێشتا نیگەرانییەکی قووڵی بەرامبەر ئایندەی سیاسی ئەمستەردام و ئەوروپا هەبوو، زۆر دژی دەسەڵاتی ناوەندە ئاینییەکان و لایەنگیری سیستمی سیكیولاریست. کتێبی (نامەیەک دەربارەی خواناسی و سیاسەت) بەڵگەیەکی باشە بۆ ئەو بۆچوونە؛ کە هەر دوای بڵاوبوونەوەی لەساڵی ١٦٧٠ دا، ناچاربوو بەیەکجاریی ئەمستەردام جێبهێڵێت و ڕوو بکاتە لاهای. لەوێ حەوت ساڵێک ژیانێکی تا ڕادەیەک هێمن بەسەردەبات و کۆمەڵێک تۆژینەوە لەبارەی میکانیک و فەلەک و بواری دیکەوە بڵاودەکاتەوە. دوای مردنی هەرلەوێ دەنێژرێت.

سپینۆزا بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفە و تیۆلۆژیای مۆدێرن لەقەڵەم دەدرێت، ئەوەتا فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمان، فریدریک هێگڵ لەبارەیەوە دەڵێت “یان دەبێت سپینۆزایی بیت، یاخود بەهیچ جۆرێک فەیلەسوف نیت.” بەڕاستیش ئەوە لەجێی خۆیدایە، چونکە لەدوای سۆکراتەوە، ڕەنگە سپینۆزا یەکەمین فەیلەسوف بێت، کە ژیانێکی ڕاستەقینە و کۆکی لەگەڵ بیرکردنەوەکانیدا بەسەر بردووە. کەسێکی میانڕۆ، مەرد، لەڕووی هزرییەوە جوامێرو نەترس، دوور لە فریوخواردن بە سامان و چێژە دنیاییەکان، لەپێناوی فەلسەفەکەیدا دەژیا. بەڕادەیەک کە بێرتراند ڕاسڵ لە کتێبەکەیدا لەبارەی دانایی خۆراواییەوە، لە باسی سپینۆزادا دەڵێت “نەجیبترین و خۆشەویسترینی فەیلەسوفە مەزنەکانە.”

 

خواکەی سپینۆزا

خوا چەمکێکی زۆر بنەڕەتییە لە فەلسەفەکەی سپینۆزادا، دابڕان و دوورکەوتنەوەیەکی زەقە لەگەڵ تێڕوانینی فەرەمی ناوەندە ئاینییەکانی سەردەمی خۆیدا. بەشی یەکەمی کتێبە نێودارەکەی (ئێتیک) تەرخانکردووە بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەندیی نێوان خواو گەردون… لەسەرەتای کتێبەکەیدا پێناسەیەک بۆ خوا دەخاتە ڕوو، لە کۆتاییەکەشیدا گفتۆگۆیەک لەبارەی خۆشەویستیی یەزدانییەوە دەوروژێنێت.

لەو کتێبەدا دەڵێت خوا بەهیچ جۆرێک خوڵقێنەری جیهان نیە، بەڵکو جیهان خۆی لەخۆیدا بەشێکە لە خوا، خوا یەکسانە بە سروشت، واتە یەکسانە بە هەموو ئەو شتانەی هەن، بەوجۆرەی هەن، هەروەها ئەو شتانەش کە لەئایندەدا دەبن، لەوپەڕی گەورەترینیانەوە وەک گالاکسییەکان، بۆ ئەوپەڕی بچووکیان وەک ئەتۆمەکان. ئەو پێماندەڵێت خوا بریتییە لە پێکهێنەرە ناکۆتاکان، ئەو بەشانەی کە هەموو شتەکانی ناو گەردونیان لێ پێکهاتووە، واتە جەوهەری هەموو شتەکان لەو پێکهێنەرانە دروست بووە کە خوا بۆی دابین کردوون، ئیتر چۆنێتی ڕیزبوونی ئەو بەشانە لە تەنە جیاجیاکاندا بووەتە هۆی پەیدابوونی فرەیی لە گەردوندا.

دەڵێت مەبەستی من لە خوا جەوهەری بوونە، یان خوا ئەگەر جەوهەریكی هەبێت، ئەو جەوهەرە بوونە. بۆ ئەمەش ئەرگومێنتێك دەخاتە ڕوو: “مەبەستی من لەوەی خوا هۆی خۆیەتی، ئەوەیە جەوهەری خوا بوونە؛ یاخود تەنها وەک بوون دەتوانین درک بە سروشتی خوا بکەین. شتێکی کۆتا (سنوردار) شتێکە لەلایەن شتێکی گەورەترەوە سنوردار کراوە کە هەمان سروشتی ئەوی هەیە. بۆ نمونە تەنەکان سنوردارن، چونکە هەمیشە دەتوانین درک بە تەنی گەورەتر بکەین. هزرەکان بە هزری لەخۆیان گەورەتر سنوردار دەکرێن، نەک بە تەنی گەورەتر. مەبەستیشم لە جەوهەر ئەوەیە کە خۆی لەخۆیدا قابیلی درکپێکردنە، دەتوانین خۆی لە خۆیدا بناسین. کاتێکیش باسی خاسییەت دەکەم، ئەوە مەبەستم لەوەیە کە ئاوەز لەبارەی جەوهەرەوە درکی پیدەکات وەک ئەوەی ماکی ئەو جەوهەرە بیت. بەردەوام دەبێت و دەڵێت مەبەستیشم لە خوا بوونێکی ڕەهای ناکۆتایە، ناکۆتا خاسییەتی لە خۆیدا هەیە، هەریەکەیان گوزارشتە جەوهەرێکی ئەبەدیی ناکۆتا. ئەمەش مانای ئەوەیە کە خوا هیچ نیە جگە لە بوون، لە خودی ئەوەی پێی دەڵێین سروشت، خوا کۆی بوونە کۆتاکانە، کۆی جەوهەرەکانە، هەموو شتەکان لەناو ئەودا هەن و ئەویش لەناو هەموویاندایە.”

بەبڕوای سپینۆزا، ئەگەر خوا قسەبکات، ئەوە دەڵێت: “تۆ ئەی مرۆڤ، من داوات لێدەکەم دەسبەرداری نوێژکردن و سنگ کوتان ببیت، من دەمەوێت بچیتە دەرەوە بۆ جیهان و چێژ لە ژیان وەربگریت. دەمەوێت ئاسودە بیت، گۆرانی بڵێیت و خۆشیی لە هەموو ئەو شتانە وەربگریت کە لەپێناوی تۆدا کردوومن. ڕاوەستە! چیتر مەچۆ بۆ ئەو پەرستگا تاریک و نسرمانەی خۆت دروستت کردوون و کردووتن بە ماڵی من. ماڵی من لەسەر شاخەکانە، لە دارستانەکاندایە، لەناو ڕووبار و دەریاچەکاندایە، لەسەر کەناری دەریاکانە. من لەوێدا دەژیم و خۆشەویستییم بۆ تۆ دەردەبڕم. وازبێنە لە لۆمەکردنی من لەسەر ئەو ژیانە بێچارەو کەساسەی بۆ خۆتت دروستکردووە؛ من هەرگیز نەموتووە تۆ گوناهباریت. واز لە ترسەکانت بهێنە، من حوکمت بەسەردا نادەم، ڕەخنەت لێناگرم، هەرگیز لێت تووڕە نابم، هیچ شتێک من پەست ناکات و پلانی سزادانم نیە. من عیشقی پەتییم. وازبێنە لەداوای لێخۆشبوون، هیچ شتێک نیە تا من لێت خۆش ببم. ئەگەر من تۆم دروست کردبێت، ئەوە پڕم کردوویت لە هەستوسۆز، لە چێژ، لە پێویستی، لە ناکۆکی، لە ئیرادەی ئازاد؛ تۆ سنورداریت و لەناو سنورەکەی خۆتدا چێژ وەربگرە. من چۆن لۆمەت دەکەم ئەگەر شتێکت کرد یان شتێکت وت، لەوانەی خۆم لەناختدا چاندوومە؟ چۆن دەتوانم سزات بدەم کە تۆ ئەوەی کە هەیت و منیش ئەوەم کە دروستم کردوویت؟ پێتوایە من دەتوانم جێگایەک بۆ سوتاندنی منداڵە لاسارەکانی خۆم دروست بکەم بۆ ئەوەی هەتا هەتایە لەوێدا بمێننەوە؟ ئەوە چ جۆرە خوایەکە کە دەتوانێت وابکات؟ هەرچی وەسێتە ئاینییەکانە لەبیریان کە، ئەمجۆرە یاسایانە فرتوفێڵن بۆ ئەوەی گەمەت پێبکەن و کۆنترۆڵت بکەن و گوناە لە ناختدا بچێنن. ڕێز لە هاوچەشنەکانت بگرە، ئەوەیان لەگەڵ مەکە کە حەزناکەیت لەگەڵت بیکەن. من تەنها یەک شتت لێ داوا دەکەم، لە ژانی خۆتا وریا بیت و ئەو وریاییە بکەیت بە ڕێنمای خۆت. ئەم ژیانە تاکە شتە کە هەر ئێستا و لێرە هەیە. تاکە شتێکە کە تۆ پێویستیت پێی بێت. من تۆم بەتەواوەتی ئازاد کردووە، بڕۆ ژیانی ئازادانەی خۆت بگوزەرێنە.”

کاتێک سپینۆزا ئەم تێڕوانینەی لا دروست بوو، ئیتر هیچ حیسابێكی بۆ ئەو پەرجوو (موعجیزە) زۆر و زەوەندانە نەکرد کە کەنیسەو دامەزراوە ئاینییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، کە دامەزراوەی ئاینی بێ برەو پێدانیان ناتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات. وتی موعجیزەکان هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک کردەی ناو سروشت کە لە ئێستادا نەمانتوانیوە لێکدانەوەیان بۆ بکەینەوەو ڕوونیان بکەینەوە، ئەوانە بەهیچ جۆرێک بەکەڵکی ئەوە نایەن وەک بەڵگە بۆ بوونی خوا بەکاربهێنرێن. لەنەسکی شەشەمی کتێبەکەیدا لەبارەی تیۆلۆژیای سیاسییەوە، کە لەسەرەوە ناوەکەیمان تۆمار کرد، ڕاشکاوانە دەڵێت پەرجووەکان بەڵگەی دەسەڵاتی یەزادانی نین، بەڵکو بەڵگەی نەزانیی مرۆڤن.

 

یەکێتی بوون یان بێباوەڕیی

هەرچۆنێک بیر لەم پێناسەیە دەکەینەوە، ئەوەمان پێدەڵێت کە لای سپینۆزا، خوا هاومانای سروشت، گەردون، هەروەها بوونیشە. چونکە هەر پێناسەیەک بۆ گەردون بکەین، هەر دەکەویتە ئەو چوارچێوەیەوە کە ئەو بۆ خوا پێشکەشیکردووە. زۆرجار دەتوانین ئەم تێڕوانینە بە یەکێتی بوون (پانیسزم) ناو ببەین، واتە بۆچوونی ئەوەی کە یەزدانێتی لەگەڵ واقیعدا هاوشوناسن، لێرەدا دان بە بوونی خوایەکی تاقانەی باڵاو دوورەدەستدا نانرێت. بەڵکو قسە لە خوایەک دەکرێت، لێرە لەناو کۆی شتەکاندا. ئەمە ڕاستەو زۆر لە بیرکردنەوەی سپینۆزاوە نزیکە، بەڵام هاوچەرخانی خۆی ئەویان بە کەسیكی ئاتیست (بێدین) لەقەڵەم دەداو لەوێشەوە دژایەتییان دەکرد. تا ڕادەیەکیش ناهەقیان نەبوو، چونکە هەموو بۆچوون و تێزەکانی سپینۆزا زەبری کوشندەی لە بیرکردنەوەی فەرمیی ئایین دەدا. ئەو ڕای وابوو کە خوا لەتوێی پەرجووەکان و ڕووداوە ژوورسروشتییەکانەوە خۆی ئاشکرا ناکات، بەڵکو لەخودی شتەکاندایە، شتەکان خۆیان نمایش و دەرکەوتەی خوان.

لە ئێستادا، ئێمە دەزانین ئەتۆمەکان دابەش دەکرێنەوە بۆ بەشی بچوکتری وەک ئەلەکترۆن و پرۆتۆن و نیوترۆن و کوارکەکان، گەرچی وشەی (ئەتۆم) خۆی لەخۆیدا مانای دابەشنەکراو، ئەو شتەی قابیلی دابەشکردن نیە، دەگەیەنێت. ڕیزبوونی ئەو بەشانە لەناو ئەتۆمدا، توخمەکانمان پێدەدەن، ئەوانیش گازن وەک (هایدرۆجین و نایترۆجین)، شلن وەک (جیوە)، هەروەها ڕەقن وەک (ئاسن)، ئینجا لە ئەنجامی کۆبوونەوەی توخمەکان، مادە ئاوێتەکان دروست دەبن، بەوانەش دەڵێین تەنەکان، وەک ئاو یان بەرد یاخود هەر شتێکی دیکە کە لەزیاتر لە توخمێک لە پێکهێنانیدا بەشدارییان کردبێت. هەسارەو ئەستێرەکان کان لەکۆمەڵێک تەن و کۆبوونەوەی ئەوانیش لە گروپی وەک کۆمەڵەی خۆرو لەو گەورەتری وەک گالاکسی و ….. هتدا، سەرەنجام هەر هەموویان پێکەوە دەبن بە پێناسە بۆ ئەو چەمکەی کە سپینۆزا بە (خوا) ناوی بردووە.

یەکێتی بوون مێژووەکەی بۆ زۆر کۆنتر دەگەڕێتەوە، هەندێک لە فەیلەسوفە پێش سۆکراتییەکان و دواتریش ستۆیکەکەکان دیدو بۆچوونی لەوجۆرەیان خستۆتە ڕوو، واتە هەموو مادەکانی جیهانیان بردۆتەوە بۆ سەر یەک جەوهەری بنەڕەتی. ئەمەش بە مۆنیزم ناسراوە، کە دواتر لە پەرەسەندنی جۆراوجۆریدا، چەند ڕێگایەک دەگرێتە بەر کەیەکێکیان خوا بەرجەستەکەی دیان و جووەکانە، یەکێکی تریشیان خوای نابەرجەستەی ئیسلامە. یەکێتی بوون و تێڕوانینە سپینۆزاییەکەش ڕەوتێکی تری ئەو پەرەسەندنەن.

 

شتەکان دەرکەوتەی خوان

لەم بۆچونەوەی سپینۆزاوە تێدەگەین کە ئێمە (مرۆڤەکان) لەناو سروشتدا نین، بەڵکو خۆمان بەشێکین لە سروشت، ئەو ئەتۆم و توخم و تەنەکانی خۆی بە ئێمە بەخشیوە و دواتریش ڕادەستی دەکەینەوە. خواو جیهان دوو قەوارەی لە یەکتری جیاواز و لەیەکتر جیا نین، بەڵکو هەردوکیان دەرکەوتەی جیاجیای  یەک تاکە واقیعی تاقانەن. بێشک ئەم دیدە لەگەڵ ئەوەدا کە دەبیتە هۆی ناڕەحەتیی ناوەندە ئاینییەکان، هاوکات بەدیلێکی زۆر ڕادیکاڵانەشە بۆ فەلسەفەکەی دێکارت، کە لەو سەردەمەدا هەژمونێکی زۆری بەسەر هزری ئەکادیمیی و زانکۆییدا کێشابوو. دێکارت هاوڕای دامەزراوەی ئاینی بوو لەوەدا کە خوا جەوهەری یەکەمەو جیهانی خوڵقاندووە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵیدا و بەڕێوەی دەبات و سەرپەرشتیاری مرۆڤەکانیشە.

ئێستا ئەگەر لە ڕوویەکی لۆجیکییانەوە بڕوانینە دیدەکەی سپینۆزا، دەرەنجامی ئەوە دەکەین کە ئێمە خۆمان لەخۆماندا بەشێکین لە خوا، وەک چۆن تەن و هەسارەو شتەکانی ترو سروشت و گەردونیش هەروان، ئینجا هەر هەموومان بەسەریەکەوە خوا بە تەواوەتی پێکدەهێنین… واتە خوا هەموو ئەوەیە کە هەیە، کە هەبووە، کە دەبێت. شتەکان هیچ نین جگە لەوەی هەریەکەیان سیمایەکی خوا بن و گوزارشت لە لایەنێکی سروشتی یەزدانیی دەکەن.

بەڵام هێشتا پرسەکە بەو سادەییە نیە، چونکە ئەوەی وتمان جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە خوا، نەک ناسینی خودی ئەو، بۆچی؟ چونکە بۆ ئەوەی خوا بناسین، دەبێت هەموو شتەکانی ناو گەردون بناسین، بەڵام لەئێستادا ئەو کارەمان نەکردووە! بۆیە هێشتا هەر بوارەکە بۆ خەمڵاندن و ئەندێشەکردن و گوزارشتی شاعیرانە هەر ماوەتەوە. ڕاستە سپینۆزا دەڵێت کە چەمکی خوا هاومانای چەمکی سروشتە، بەڵام مەبەستی ئەو لە سروشت بەتەنها ئەو جیهانە نیە کە درکی پێدەکەین و لەدەوری خۆمان ئەزمونی دەکەین، بەڵکو ئەو باس لە (ناکۆتا)یەک دەکات کە بێشومار (کۆتا)ی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە، بەجۆرێک کە دەرەوەی ئەو، غەیری ئەو، جگە لەو…. هەر دەستەواژەو گوزارشتێکی دیکەی لەوجۆرە پەسەند نیەو جیگای نابێتەوە. خوا هاوپێچی شتەکانەو لەوان بەدەر نیە.