ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا
ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا) بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی شیکارییە سەبارەت بە بابەتی ڕەدووکەوتنی ئافرەتان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لێکۆڵینەوەکە لە لایەن (بوار نوورەدین)ەوە نووسراوە، بێگومان ئەم نووسەرە دەمێک ساڵە بە چڕی ڕۆچووەتە نێو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەمەڕ ئەم پرسە دەست بۆ نەبراوە، هاوکات بە شێوەیەکی زانستی هۆکار و ڕەهەندە مێژووییەکان و کولتوور و فەرهەنگ و باری ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەی شی کردووەتەوە کە تیایدا ڕەدووکەوتن ڕوودەدات، بێگومان نووسەری ئەم کتێبە لە گەلێ بواری دیکەدا تویژینەوە و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە بابەتگەلێکی دیکە لە شێوەی کتێبدا پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کردووە، کە دەشێت هەر یەک لەو کتێبانە ببنە سەرچاوەی دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.
ئەم کتێبە لە چەندین بەش و تەوەر و ناونیشانی جۆراوجۆر پێک هاتووە کە بریتین لە: ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی کۆمەڵگای کوردستان، سروشتی کوردستان، پێگەی ئافرەت لە کولتووری کوردیدا، ڕەنگدانەوەی ڕەدووکەوتن لە فۆلکلۆری کوردیدا، هۆکارەکانی ڕەدووکەوتن، جیاوازیی تەمەنی هاوسەرگیری، سەربەستی کولتووری، باری شارستانی و ئاستی ڕۆشنبیری، هەندێ هۆکاری لقەکی، بنەماکانی ڕەدووکەوتن، لەخۆبوردن و قوربانیدان، ئاکامەکانی ڕەدووکەوتن، شێواندنی خێزان، جۆرەکانی ڕەدووکەوتن، پێگەی هەڵگر و ڕەدووکەوتوو لە شەریعەتی ئایینی ئیسلام و قانوونی عێراقیدا، دیاریکردنی ناوچەکانی ڕەدووکەوتن و لەنێو پێڕەوانی ئایینەکاندا… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.
لە ڕاستیدا ئەم توێژینەوەیە بە زمانێکی ڕوون و دوور لە گرێ و گۆڵ نووسراوەتە، خوێنەر وا لێ دەکات هەم چێژ لە خوێندنەوەی ببینێت، هەم بەر کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ و کەمبیستراو بکەوێت، بە تایبەت لەو بەشانەدا کە بە شێوەی مەیدانی و وتووێژ لەگەڵ خەڵکانی ناوچە جیاجیاکاندا سەبارەت بەم چەمک و پرسە دەکات.
نووسەری ئەم کتێبە وەک خۆی لە سەرەتادا ئاماژی پێ کردووە، لە مێژووی کارکردنیدا لەسەر فۆلکلۆری کوردی، سەرەتا ساڵی ٢٠٠٤ کاری لەسەر دەنگ و پێگەی ژن کرد و لێکۆڵینەوەیەکی بە ناونیشانی (دەنگی مێینە لە گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیدا) ئامادە کرد: دواتر بابەتێکی گرنگتر سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش ڕەدووکەوتن، یان بڵێین سنووربەزاندن و سەرکێشییەکی گەورەی ژن بوو، هەرچەندە هەستم بە ئاڵۆزی و گرانیی بواری لێکۆڵینەوەکە کرد، بەڵام دواجار بڕیارم دا لاسایی ژن بکەمەوە و ئەو بابەتەی بە شەرمەوە لە کۆڕی مەسڵەتکردندا ناوی دەهێنرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و فراوانی لەبارەوە بکەم.
بە گوتەی بوار نوورەدین ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ بە ناونیشانی (ڕەدووکەوتن لە کەلتووری کوردیدا) دوو جار چاپی کردووە و بە چەند قۆناغێک، دەستکاری و گۆڕانکاریی زۆری لەم لێکۆڵینەوەیەدا کردووە و بە زانیاری زۆرتر فراوانی کوردووە: لە نووسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبەدا، جگە لەو سەرچاوانەی بەکارم هێناون، چەند پێشهاتێکیش هاوکارم بوون، لە هەندێ ناوچەدا ژیاوم، کە ئەم دابانەیان تێدا باو بووە، هەروەها تێکەڵاوی و پەیوەندیم لەگەڵ بەشێکی شارەزایانی بواری کولتوور و فۆلکلۆری خەڵکی کوردستاندا هەبووە، سەرباری ئەوانە، لە ماوە ئەم بیست ساڵەدا، بە هۆی ئامادەکردنی دەیان بیبلیۆگرافیاوە، سەروکارم لەگەڵ سەرچاوەکاندا بووە، هەموو ئەمانە هۆکاری کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری بوون لەبارەی ڕەدووکەوتن، لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا.
سەبارەت بە بایەخی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بوار نوورەدین ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ داوە لەوانە: ڕەدووکەوتن، دابێکی دێرینی هەندێ کۆمەڵگەیە، بە تایبەت کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە زۆربەی ناوچەکان، لەنێو زۆربەی چین و توێژەکان، پەیڕەوانی ئایین و ئاینزاکانی کوردستاندا هەبووە و هەیە، کە سەپاندنێکی ئازادانە و ئازایانەی ژنە.
ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە ڕەدووکەوتن هیچ کتێبێکی سەربەخۆی بە زمانی کوردی لەبارەوە نەنووسراوە، تەنها لە چەند سەرچاوەیەکدا لێکۆڵینەوە، یان بابەتێکی لاوەکی لەبارەوە نووسراوە: ئەوەندەی زانیاریمان هەبێت بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکیش، کتێبی سەربەخۆی لەبارەوە نەنووسراوە.
نووسەری ئەم کتێبە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەم دابە بە شێوەیەکی گشتی لە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاستدا، بۆ بکەری مێینە ڕەدووکەوتن و بۆ بکەری مێینەش بکەری هەڵگرتنیان پێ دەگوترێت: لە کرمانجی ژووروودا بۆ هەردوو توێژەکە بەزۆری وەی ڕڤان و ڕەڤاندن، بۆ بکەری نێرینەش هەڵگرتن بەکار دەهێنن.
لە ڕووی حوکمی شەریعەتی ئایینی ئیسلامەوە سەبارەت بەم بابەتە، لەم کتێبەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەگەر نێرینەیەک ژندار بێت و ژنێک هەڵبگرێت و پاشان سێکسیشی لەگەڵدا بکات، حوکمەکەی بەردبارانکرنە هەتا مردن، ئەگەر کوڕێک ژنێک، یان کچێک هەڵبگرێت و سێکسی لەگەڵدا نەکردبێت، دەچێتە دەرگایەکەوە پێی دەگوترێت (تعازیر) واتە سەرزەنشتکردن، سنووری سزاکەی دیاری نەکەراوە و حوکمێکی دیاریکراوی نییە، بەپێی بڕیاری دادوەر دەبێت، سزاکەی زۆرجار بەندکردن، یان پێبژاردنە، تەنها سێکسکردن-زینا تاوانە، کە بۆ پیاوی ژندار و ژنی مێرددار بەردبارانکردنە تاکو مردن، بۆ سەڵتیش نێرینەی بێ ژن و ئافرەتی بێ مێرد، سزاکەی سەد داری حەددە.
لە ڕاستیدا بابەتی ڕەدووکەوتنی ئافرەت لەنێو گەلێک داستان و چیرۆک و هۆنراوە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا باس کراون و وەک نیشانەیەکی ئازایەتیی ژنی کورد، یاخود پچڕانی زنجیر و ڕووخاندنی دیوارەکانی پەیوەندی پیشان دراون، بەڵام لە بنەڕەتدا ڕەنگە هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕیتەوە کە ژنی ڕەدووکەوتوو لەو دۆخ و ژینگە خێزانییەکی تیایدا دەژی نیگەران بێت، ڕەنگە لە ڕابردوودا لە لایەن نێرە گەورەکانی خێزانەوە بەزۆر درابێت بە شوو، کەسێک مێردی بووبێت کە دڵخوازی ئەم نەبووە، یاخود درەنگ سوارچاکی خەونەکانی بینیبێتەوە، ئەمەش لە شوێن، ناوچە، ژینگەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و خێڵەکی گۆڕانی بەسەردا دێت، وێرای هەموو ئەمانەش، ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆچووەتە نیو ڕەهەندە مێژوویی، کولتووری، ڕۆشنبیری تاک و ناوچە و کۆمەڵگەکانەوە، ئەو هۆکارە جۆراوجۆرانەی شیکردووەتەوە کە بوونەتە خۆشکردنی زەمینەی ئەنجامدانی ڕەدووکەوتنی ژنی کورد، یاخود ژنهەڵگرتن لە لایەن پیاوی کوردەوە.
هاوکات ئەو حوکم و یاسا شەرعی و قانوونیانەشی باس کردووە کە بۆ بکەری ئەم دابە دیاری کراوە، چ لە ڕووی یاسایی و ئایینییەوە، چ لە ڕووی بەرخود، یاخود تۆڵەی بنەماڵەکانەوە، واتە ئەو پیاوانەی کچەکەیان، یاخود خوشک و ژنەکەیان ڕەدوو کەوتوون، ئەوەی بیستوومانە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە حوکم و سزاکان جیاوازن، دەگوترێت لە هەندێک ناوچە بەوە واز دەهێنن کە ژن و پیاوە ڕەدووکەوتووەکە لە یەکتر مارە بکرێن و ببن بە ژن و مێرد، لە هەندێک شوێنی دیکە بێبەرییان دەکەن، یاخود سزای جۆراوجۆر دەدرێن.
بە گشتی ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە بەسوودەکان و دەتوانین بڵێین تاکە سەرچاوەی زانستی و مەیدانیشە سەبارەت بە پرسی ڕەدووکەوتن کرا بێت، چونکە ئەم دابە چەندین ساڵە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، دەبیستین و دەبینین کە ژنێک ڕەدوو کەوتووە، پیاوێک ژنێکی هەڵگرتووە، بەڵام نەمانزانیوە هۆکارەکان، ڕەهەندەکان، مێژوو و فاکتەرە بنچینەییەکانی چین، نەمانزانیوە ژنێک بۆ ڕەدوو دەکەوێت، دواتر بە چی دەگەن، سزاکەیان چییە، لێیان خۆش دەبن یاخود چی، ئابووری، ئایین و فەرهەنگ و کولتوور چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان هەیە لەسەر ئەم پرسە.
ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە، هاندانێکە بۆ خوێنەری کورد بۆ ئەوەی بزانێت لە ئێستادا کتێبخانەی کوردی یەکێک لە باشترین کتێبەکانی لەخۆ گرتووە، ئێمە دڵنیاین خوێنەری ژیر و وریا لە ساتی خوێندەوەی ئەم کتێبەدا زیاتر ئاشنا دەبێت بە زانیارییەکانی ناوی، دواتریش تێدەگات کە لە جۆری ئەو توێژینەوانەیە بێ گەڕان و شەونخونی و سەرچاوە پەیدا کردن و ماندوو بوون نەهاتووەتە بوون.