خوێندنەوەی کتێبی “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا”

بەسەرهاتی نووسەرانی ڕووس

خوێندنەوەی کتێبی “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ئەمە سێیەم کتێبی نووسەر و لێکۆڵەر “د. جەودەت هۆشیار”ە کە لە لایەن وەرگێڕی بەتوانا و بەسەلیقەوە، “سەباح ئیسماعیل، دەکرێت بە کوردی. پێشتر هەریەک لە کتێبەکانی “ڕۆمان لە نێوان  ئەندێشە و خەیاڵدا” و “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس” بڵاو کراونەتەوە، دوو کتێب بوون کە خوێنەری خۆیان لە خوێندنەوەیان هەم چێژی بینیوە هەم سوودێکی زۆر، هەر لە ڕێی ئەو دوو کتێبە سەرەتایەکی لەگەڵ ئەو نووسەرەدا دامەزراندووە، کە سەرەتایەکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی دواتر هەر کتێبێک کە ناوی ئەم نووسەرەی لەسەر بێت، هیچ دوودڵی و گومانێکی نەبێت و بیکڕێت و دەست بە خوێندنەوەی بکات، بێگومان بەشێک لەم متمانە و دامەزراندنی ئەم گرێبەستە سەرەتاییە بۆ خودی وەرگێڕەکەی دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە جەنگاوەرئاسا لە زمانی عەرەبییەوە خەریکی وەرگێڕانی نوێترین و باشترین ئەو کتێبانەیە کە دەردەچن و بە کوردییەکی جوان و ناوازە، پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و خوێنەرانی دەکات. نوێترین کتێبی ئەم وەرگێڕە کتێبێکی تری د. جەودەت هۆشیارە بە ناوی “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا”، شیاوی باسە ئەم کتێبە و دوو کتێبی پێشووتری هەمان نووسەر لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە چاپێکی جوان و ڕێکوپێکدا، چاپ و بڵاو کراونەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێ سەرنج و بەرچاوڕوونی دەربارەی ئەم کتێبە بەنرخە بخەینە ڕوو، بەو هیوایەی ئەم کتێبە گرنگە لە ڕووبەرێکی بەریندا پێشوازی لێ بکرێت و بخوێنرێتەوە.

د. جەودەت هۆشیار یەکێک لەو خوێندکارانە بووە کە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستدا، لە عێراقەوە چووەتە ڕووسیا و لەوێ خوێندوویەتی، خوێندنەکەی پڕبەرهەم بووە، وەک زۆرێک لەو خوێندکارانە نەبووە کە چوونەتە ئەوێ و دواتر کە گەڕاونەتەوە، بێبەرهەم و دەستەباڵ بوون، بەڵکوو بە ئەڤینێکی قووڵەوە لەگەڵ زمان و ئەدەبیاتی ڕووسیدا تێکەڵ بووە و بۆ ڕۆچوون بە قووڵایی ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەند و گرنگەدا، بچووکترین دەرفەتی لەدەست نەداوە. د. جەودەت هۆشیار بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شوێن، کەسێتیی و نووسەرانی ڕووسدا پێک هێناوە، شوێنپێی ئەو ڕووداوانەی هەڵگرتووە کە بوونەتە جێی سەرنج و بایەخی ئەو کاتەی ڕووسیا و بە تایبەت لەناو نووسەراندا، بۆ وێنە قاوەخانە و شەقام و مووزە و ئەو هۆڵانەی شاعیران و نووسەرانی ڕووس لێی کۆبوونەتەوە و بەرهەمەکانیان لە بەردەم هەوادانی شیعر و ئەدەبیاتدا خوێندووەتەوە. ئەم پشکنینە بە وردی بە نووسینەکانی د. جەودەت هۆشیارەوە دیارن و بەدواداچوونەکانی بە دوای وردترین و بچووکترین زانیاری دەربارەی ئەو نووسەرانە و بەرهەمەکانیان، لە شێوەیەکی ناوازەدا پێشکەشی کردوون. ئەگەر لە کتێبی پێشتردا “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس” د. جەودەت گۆشەیەکی ژیان و بەسەرهاتی دەستەیەک نووسەری ڕووسدا خستبێتە ڕوو، ئەوا لەم کتێبەیدا “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکشی بەلشەڤیزمدا” گۆشەیەکی تری کۆمەڵێک نووسەری ڕووسمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بەشێک لەو نووسەرانە بۆ خوێنەری کورد نائاشنان و هیچ بەرهەمێکیان نەکراوە بە کوردی، د. جەودەت هۆشیار لەم کتێبەدا بەربڵاوتر بەرەو پانتای ئەدەبی ڕووسی دەکشێت و وێنایەکی گەورەتر لەو ئەدەبیاتە دەدات بە دەستەوە. خوێنەر بە خوێندنەوەی هەر وتارێک لەم کتێبەدا هان دەدرێت بە شوێن ئەو نووسەر و ڕووداوانەدا بگەڕێت، بێگومان ئەمەش بۆ ئەو شێوازە ئەفسووناوییە دەگەڕێتەوە کە نووسەرەکەی پێڕەوی کردووە لە گواستنەوەی زانیاری و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا.

ئەم کتێبە وێڕای پێشەکییەکی تێروتەسەل، کە د. جەودەت هۆشیار تایبەت بۆ چاپە کوردییەکە نووسیویەتی، لە کۆمەڵێک وتاری هەمەچەشن پێک هاتووە، کە تێکڕا لە دەوری ئەدەبیاتی ڕووس و نووسەرانێکی دیار و کاریگەر لەو ئەدەبیاتەدا، دەخولێتەوە. لەو پێشەکییەدا، کە لەژێر ناوی “نەهامەتیی نووسەرانی ڕووس بەدەست بەلشەڤیکەکانەوە”یە، وێڕای بەرچاوڕوونییەکی پێویستی نووسەر بۆ بابەتەکانی کتێبەکە، لە دوایین پاژدا و لە سیاتشی وەرگێڕەکەیدا دەنووسێت: “ئەمە سێیەم کتێبی منە نووسەر و وەرگێڕ سەباح ئیسماعیل بۆ زمانی کوردیی وەردەگێڕێت. گومانی تێدا نییە وەرگێڕانی ڕاستەقینە و هاوکوف و هاوسەنگ لە دانان زەحمەتترە، چونکە گواستنەوە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی، بەڵکو پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە، بۆیە وەرگێڕانەکانی سەباح ئیسماعیل، کە کتێبخانەی کوردیی بە دەیان کاری بەهادار دەوڵەمەند کردووە، بە کتێبە خاکییەکانی منیشەوە، بەرز ڕادەگرم.”

وتارەکانی دووتوێی ئەم کتێبە لەم ناونیشانە پێک هاتوون: «ئۆلگا ئیڤینسکایا… ئیلهامبەخشی پاسترناک و پاڵەوانی ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆ، ئازارەکانی بۆریس پاسترناک، ئانا ئاخماتۆڤا… شاژنی خودان مۆرک تراژیدی، سێرگی دۆڤلاتۆڤ: گەڕانەوەی ساتیری خەمبار، سڤیتلانا ئەلکسێڤیچ و سیمفۆنیای ئازاری مرۆیی، ئەنار ڕەزاێڤ: من بە هەست ڕۆژهەڵاتی و بە بیرکردنەوە ڕۆژئاواییم، کۆتایی ئەفسانەی شۆلۆخۆڤ، چۆن لیۆند بریژنێڤ بوو بە نووسەر؟، لە حزووری نازم حیکمەتدا، شۆچکۆڤ و کافکا کۆنگرەی ڕۆمان لە لینینگراند، ئایا نابۆکۆڤ ڕۆمانی “لۆلیتا”ی لە نووسەرێکی نەناسراوی ئەڵمانی دزیوە؟، بوونین بە عەرەبی… دۆزینەوەیەکی درەنگی نووسەرێکی دڵگیر، ئەرتسیباشێڤ… مۆنێی ئەدەبی ڕووسی، سەرهاتی بابل لەگەڵ گۆرگیدا: گەڕان بە دوای جوانیی داواکراو لە ژیاندا، ڕووتێکردن و دوورکەوتنەوەی نێوان هەردوو کەڵەنووسەری ئەدەبی ڕووسی، پاڵتۆکەی گۆگۆڵ و یاخیبوونی مرۆڤی ستەملێکراو، “سووک و ڕیسواکان” خوێندنەوەیەکی نوێ، “هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە دەرچووین” لە کوێوە هاتووە؟، ئەستێرەکانی سەردەمی زیوینی ئەدەبی ڕووسی لە ژێرزەمینی “سەگی بەرەڵا”دا، تۆڵستۆی و خەڵاتی نۆڵی ئەدەب، ڕۆژێک لە میوانداریی چیخۆڤدا، ئایا ئەدەبی ڕووسی مردووە؟»

یەکێک لە لایەنە گەش و چێژبەخشەکانی ئەم کتێبە، خاڵێکە کە کەم لێکۆڵەر و نووسەری وتار درکی پێ دەکەن و بەو جۆرە کار دەکەن، ئەو خاڵەش ئەوەیە کە د. جەودەت هۆشیار دەربارەی هەر نووسەرێک، یاخود ڕووداو و پرسێکی ئەدەبی دەنووسێت، شێوەیەکی درامی دەدات بەو بابەتە، ڕایەڵ و سکێچی چیرۆکێک دەربارەی ئەو مەسەلەیە دروست دەکات، بە شێوەیەک کە تۆ هەست دەکەی دەقێکی درامی ـ دیکۆمێنتاری دەربارەی ئەو نووسەر، یاخود ڕووداو و پرسە ئەدەبییە دەخوێنیتەوە، گەڵاڵەیەکت لا دروست دەبێت، بە جۆرێک کە هیچ بەرهەمێکی ئەو نووسەرەشت نەخوێندبێتەوە، لە ئادیدیا و دنیای تایبەتیی دانەبڕێیت. بۆ نموونە یەکێک لە وتارەکانی ئەم کتێبە دەربارەی چیرۆکنووس “ئیزاک بابل”ە، وتارەکە ناوی “سەرهاتی بابل لەگەڵ گۆرگیدا: گەڕان بە دوای جوانیی داواکراو لە ژیاندا”یە، بابل نووسەرێکی درەوەشاوەی ئەدەبی ڕووسی و دنیای کورتەچیرۆکە، بەداخەوە تاکو نووسینی ئەم دێڕانەش هیچکام لە کتێب و چیرۆکەکانی وەرنەگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، کاتێک خوێنەر وتارەکەی د. جەودەت هۆشیار لەم کتێبەدا دەربارەی ئیزاک بابل دەخوێنێتەوە، وێنایەکی گشتی سەبارەت بەو نووسەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت چۆن ئەم نووسەرە شەڕی خۆسەپاندنی خۆی کردووە لەناو پترسبۆرگی پڕ لە نووسەری داهێنەردا، کاتێک لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا و لە گوندەوە دەچێتە ئەو شارە بە باقوبریقە، لەوێ چۆن یەک لە دوای یەک دەرگای ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەسەر خۆی چیرۆکەکانیدا دادەخرێن، بەڵام ئەو هەر دەرگا دەکوتێ و دواتر لە ڕێکەوتێکدا دەچێتە ئۆفیسی ڕۆژنامەکەی ماکسیم گۆرگی و پاش چەند ڕۆژ کە گۆرگی دەستنووسی چیرۆکێکی لێ وەردەگرێ و ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیس و وەڵامی گۆرگی، گۆرگی بە ستایشەوە چیرۆکەکەی بابل پەسەند دەکات و لە دوایین دێڕی ئەو ستایشنامەیەدا دەڵێت: “دەستخۆشیی ئەم ڕێگەیەت لێ دەکەم گەورەم”؛ دەبێت ئەوە بزانین بابل کاتێک ئەم ستایش و سەرسامییە لە گۆرگی دەبیستێت گەنجێکی تازەکارە و گۆرگیش لەوپەڕی دەرکەوتن و قەڵافەتی درەوشاوەی ئەدەبی خۆیدا و ناوێکە لە ناوە گەورەکانی ئەدەبی ڕووسی. بە کورتی، هەر کام لەم وتارانە دەخوێنینەوە هەمان میتۆدی نووسین تێیاندا ڕەچاو کراوە، د. جەودەت هۆشیار خوێنەرەکەی بە وردەزانیاری و دەربڕینی شۆکهێن و ناوازە، تاکو دوایین ڕستەکان لە دڵەڕاوکە و چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە. بە داخەوە ئەم شێوازە لە نووسین کەمتر لە لایەن نووسەرانی کورد و لە ئەدەبی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت، شێوازێک کە دەتوانێت خوێنەر هان بدات بە شوێنپێی نووسەر و بەرهەمەکانیدا بگەڕێت و بە تاسەوە بیانخوێنێتەوە.

وێڕای ئەو شێوازە ئەفسووناوییە، د. جەودەت هۆشیار پەردە لەسەر کۆمەڵێک کتێب و نووسەر لا دەبات، کە ڕەنگە بۆ خوێنەری کورد زۆر تازە بن و ئیدی لەمەبەدوا لەگەڵ ناوهێنانی ئەو کتێب و نووسەرانەدا، هەڵوێست و قسەیەکی تری دەبێت.