خستنەڕووی: کۆچیرۆکی “خۆرکەوتن”

Loading

ئەو کاتەی ئەزموونی نووسەرێک دەخوێنینەوە

خستنەڕووی: کۆچیرۆکی “خۆرکەوتن”

خوێندنەوەی: سەردەم

کۆبەرهەم لە کۆمەڵێک لایەنەوە یارمەتیدەرە، یەکەم: ئەوەیە کە خوێنەر ئاشنا دەبێت بە هەنگاوەکانی نووسەر، واتە دەبینێت لە کوێدا بەرەو پێش چووە و لە کوێشدا دابەزیوە. دووەم: کۆبەرهەم ئەو باشییەی هەیە کە دەرفەتێکی ناوازە دەخاتە بەردەم لێکۆڵەر کە بە سانایی بەرهەم و کتیبەکانی نووسەرێکی لەبەر دەستدا بێت بۆ توێژینەوە و هەر بوارێکی تری لێکۆڵینەوە، کە نەبوونی بەرهەمەکانی نووسەرێک لەبەر دەست ڕەخنەگردا، بەردەوام گرفتێکی سەرەکی بووە. سێیەم: ئەزموونی نووسەران بە لانیکەمەوە پەنجا ساڵ نووسین دەبێت، ڕەنگە یەکەمین کتێبەکانی نووسەرەکە سەروەختێک بووبێت کە لە ئێستا زۆر دوور کەوتبێتەوە، بە هیچ جۆرێک نەتوانرێت ئەو کتێبە لە هیچ کتێبفرۆشییەک، یاخود لە کتێبخانەی گشتی و ناوەندەکان دەست بخرێت، بەڵام کاتێک دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی سەرجەم بەرهەمی ئەو نووسەرە، ئەوە خزمەتێکی گشتی دەکات، جیا لە یەکەم کەس بە خودی نووسەرەکە، بە هەموو کەسانێک کە ئەوداڵی خوێندنەوە و بە تایبەتیش بەرهەمی ئەو نووسەرەن. چوارەم: بە چاپکردنی کۆبەرهەمی نووسەرێک دەتوانرێ باشترین ئامادەییەک بڕەخسێنرێ بۆ ئەو نووسەرە، تاکو خۆی و بەرهەمی لە بیر نەچنەوە و بەردەوام بە بینینی کۆبەرهەمەکەی و خوێندنەوەی، بیرمان بێتەوە کە ئەو نووسەرەشمان هەبووە.

حەمەفەریق حەسەن ناوێکی ناسراو و دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە، ئەو لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بەردەوام بە نووسین و بڵاوکردنەوە ئامادەیی خۆی لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا سەلماندووە، لە کۆمەڵێک بواردا نووسین و بەرهەمی هەیە، کە دیارترینیان: چیرۆک، ڕۆمان، ئەدەبی فۆلکلۆر، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و هونەریی، وەرگێڕان، یادداشت، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسییانە و… حەمەفەریق حەسەن لەو نووسەرانەیە کە لە هەریەک لەو کایانەدا بەرهەمی بە بڕشت و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کارەکانی بە جۆرێکن کە بە وردی لەنێو دنیای کوردیدا جێ دەگرن، چونکوو سەرچاوەکەیان مێژوو و ژان و خەمی گەلی کوردە، لەناو جەرگەی ئەو پانتاییەدا ئایدیاکانی هەڵدەگۆزێ و دەینووسێتەوە، هەر بۆیە بەردەوام لەگەڵ دنیای نووسین و بیرکردنەوەی ئێمە نزیکە و ئەو گرفت و خەم و تەنگەژانەی ئەو وەک تێما کاریان لەسەر دەکات، هیی ئێمە و هەموومانن.

بێگومان حەمەفەریق حەسەن نووسەرێکی دەستڕەنگینی کوردە، ئەو زیاد لە هەر شت وەک چیرۆکنووس ناسراوە و لەو ڕووەشەوە وەک نووسەرێکی دەستپێشخەر و نوێکەرەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری تری کورددا، لە بەرەو پێشبردنی چیرۆکی کوردی و جێگیرکردنی چیرۆک وەک ژانرێکی مۆدێرن، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە. ئەگەر چیرۆکی کوردی پێشتر جۆرێک لە کەشی حەکایەت و زارەکی بەسەریدا زاڵ بوو، ئەوا لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا تەکانێکی دا و خۆی نوێ کردەوە وەک ژانرێکی هونەری چڕ و تۆکمە، کۆمەڵێک چیرۆکنووس لە پانتایی چیرۆکی کوردیدا چەسپاندیان. هەوڵەکانی حەمەفەریق حەسەن هەر لە سەرەتاوە دەریدەخات کە لەپێناو جۆرێکی تر لە گێڕانەوەدا بێنە مەیدان، ئێمە ئێستاش کاتێک یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی ئەو دەخوێنینەوە، تێدەگەین کە لە نووسەرانی پێش خۆی و تەنانەت هاوسەردەم و هاونەوەکانیشی جوودا بووە، کۆمەڵەچیرۆکی “سێبەری ئەسپەشێ” کە ساڵی ١٩٧٧ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە لە حەوت چیرۆک پێک هاتووە، بەم ناوانە: “ئەستێرەیەک لە ڕۆژی ڕوونا، سێبەری ئەسپەشێ، بووک و زاوا، خاڵێکی ڕەش بەسەر شەقامە گشتییەکەوە، خاچ، قولاپی چاوەکان و وەرزی کەوبووار”، دەمانەوێ لەسەر ئەم کۆمەڵەچیرۆکە لەنگەرێک بگرین، تا گزنگی ئەو سەرەتایە کەمێک دەربخەین.

سەرەتا با گوێ لەو پێشەکییە بگرین کە نووسەری لاو لەو کاتەدا، بۆ کۆمەڵەچیرۆکەکەی “سێبەری ئەسپەشێ”ی نووسیوە: “هەموو کەسێک سەرەتا، کە دەست دەداتە پێنووس و خۆی لە بواری ئەدەبدا تاقی دەکاتەوە، جا شیعر بێت یان چیرۆک، مەڵۆیەکی ئەوتۆی پێ نییە شیاوی ئەوە بێت بخرێتە سەر جۆخینی ئەدەبەکەی، چونکە لە ڕووی هونەرییەوە زیاتر لاسایی نووسەرانی کۆن و هاوچەرخی خۆی دەکاتەوە و شوێنپێیان هەڵدەگرێ. جا ئەگەر لە ئەنجامی خۆپێگەیاندن و بیرکردنەوە و تەقەللادا، توانیی ڕێچکەیەکی جیاواز بدۆزێتەوە، ئەوا توێشووی خۆی پێیە و لە خەم ڕەخسیوە، دەنا ئەگەر هەر جوینەوە و لاساییکردنەوە بێت، ئەوا مەیدان بۆ کەسانی تر چۆڵ بکات و لەکۆڵ ئەدەبەکە ببێتەوە گەلیک باشترە.

بەشبەحاڵی خۆم، ئەوانەی بە ناوی چیرۆکەوە، لە سەرەتای هەنگاوەکانمدا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە، ئەوانەیان وا لێرەدا دەستنیشانیان دەکەم، لە ڕووی هونەرییەوە شایانی بڵاوکردنەوە نەبوون. جارێک وەک تەکنیک هەر وێرانن. چ قورەتە هەوڵم دابێ داهێنانێکی سادە و ساکار چییە بهێنمە کایەوە. یان بە دوای بابەتێکی نوێی کەسنەزاندا گەڕابم. حەرام، پەیم بە هونەری چیرۆکنووسین هەر نەبردووە. لەم ناوەشدا تەنیا خۆم زەرەرمەند بووم.

جا خوێنەری هاوڕێم، من داوات لێ دەکەم ئەگەر ئەم چیرۆکانەی لای خوارەوەت بەرچاو کەوت بیانخەیتە پشتگوێ. تەنانەت ئەو کەسانەی کە دواڕۆژ بیبلۆگرافیا بۆ چیرۆکی کوردی چاپ دەکەن، یان ئەوانەشی نیازی لێکۆڵینەوەی چیرۆکیان هەیە. داوایان لێ دەکەم ئەم بەرهەمانەم لەسەر نەکەن بە ماڵ و نەیدەنە پاڵ من، من بێبەریم لێیان.” دواتر ناوی چەند چیرۆک دەهێنێت. مەبەست لە نووسینەوەی ئەم چەند دێڕە ئەوە بوو، کە حەمەفەریق حەسەن کاتێک بڕیاری چاپ و بڵاوکردنەوەی یەکەم کۆمەڵەچیرۆک دەدات، هەست بە ئاستی لاوازی بەشێک چیرۆکەکانی دەکات و نایانخاتە کتێبەوە، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیرۆکنووس ڕازی نییە لەو هەوڵانەی سەرەتا و ڕوانینی بۆ چیرۆک گۆڕاوە و دەزانێت چیرۆکی هونەری چییە. لە “سێبەری ئەسپەشێ”دا ئەو چیرۆکانە دەخوێنینەوە کە لە ڕووی هونەرییەوە بۆ سەروەختی خۆیان تازەن، هەوڵێکن بۆ نوێکردنەوە و دەروازەیەکن بۆ ڕەنگڕێژکردنی داهاتووی چیرۆکنووسێک.

گێڕانەوە لای حەمەفەریق حەسەن گرنگترین خەسڵەتە، ئەو هەمیشە لە چیرۆکەکانیدا هەوڵ دەدات لە چڕترین ڕستە و دەربڕین، بۆ کێشانی دیمەنێک و دروستکردن و ناسینی کەسێتییەک، سوود وەربگرێت، بێگومان یەکێک لەو خاڵانەی کە وای کردووە ئەم نووسەرە ئازیزەمان لەو خەسڵەتەدا سەرکەوتوو و جیاواز بێت، زمانی گێڕانەوەیەتی، زمان لای حەمەفەریق حەسەن پاراو و بێ گرێیە، کوردییەکەی شیاو و شایەن بەوەیە کە لێیەوە فێر بین، نەک هەر بە تەنیا لە هونەری گێڕانەوەدا، بەڵکو بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زاڵبوون بەسەر زمانی باو و پڕ هەڵەی ئەمڕۆی کوردیدا. تێکەڵکردنی دنیای کۆن و بەسەرچوو و موتووربەکردنی بە ئەمڕۆ و ئێستا، ئەو توخمەیە کە لە چیرۆکەکانی حەمەفەریق حەسەندا بە زەقی دەبیرنێت، لەوەش فەزایەکی تایبەت بەرهەم هاتووە، کە دەتوانێت سەر بە دوێنی ئێمە بێت و هاوکات ئەمڕۆشمان بدوێنێت. بێگومان ئەم شێوەیە تێکەڵکارییە تایبەت و داهێنراوی حەمەفەریق حەسەن نییە، بەڵکو زۆر پێش ئەو کراوە، بەڵام ئەم بە شێوازی خۆی ئەو ئیمکانەی بەگەڕ خستووە و دەتوانین بڵێین داهێنانی تێدا کردووە. هاوکات حەمەفەریق حەسەن بە شێوازی تر و ئیمکانی تریش چیرۆکەکانی گێڕاونەتەوە، بۆ نموونە تەکنیکی سینەما لە چیرۆکدا، کە ڕەخنەگر و نووسەر عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بە وردی و چڕی دەربارەی ئەم لایەنەی چیرۆکەکانی حەمەفەریق حەسەن دواوە و نووسیویەتی.

ئەم کۆچیرۆکەی حەمەفەریق حەسەن لە قەوارەیەکی گەورەدا و بە ژمارەی ٦٤٨ لاپەڕە، لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ وبڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە حەوت کۆمەڵەچیرۆکی نووسەری تێدا کۆ کراوەتەوە، بەپێی نوێترین کۆمەڵەچیرۆک ڕیزبەندی کراوە بۆ یەکەم کۆمەڵەچرۆکی. ناوی کۆمەڵەچیرۆکەکان ئەمانەن: “کۆچیرۆکی مێزەرفڕێنەکانی شەو، کۆچیرۆکی ڕۆبۆتەکان دەچنە بەهەشت، کۆچیرۆکی شەوەکەی عەریف زبالە، کۆچیرۆکی ملوانکەی ستیل، کۆچیرۆکی دووربین، کۆچیرۆکی ڕستێک زەنگیانەی ئاوی و کۆچیرۆکی سێبەری ئەسپەشێ”. ناوی هەندێک لە چیرۆکە دیار و جوانەکانی ناو ئەم کتێبە: “ڕاوەقوڵینگ، ئەسپێک، خاوەنەکەی خۆشناوێ، پەرجووەکانی باوکی کۆچکردووم، بەرزاییەکانی پیرەمەگروون، ژوان، ڕادیۆ بێدەنگەکە، ژنێک وەک قۆخی گەییو تەڕ، لە کێ بپرسم لە کوێن؛ کەسێ لەوێ نەماوە، شەپۆلەکانی ئەتڵەسی، دووربین، سلێمانی بە کەپیتاڵ ئێس، ملوانکەی ستیل، لاوکی سوارە”.

حەمەفەریق حەسەن بەردەوامە لە بەخشش و داهێنان، هەر کات و لە هەر شوێنێکدا قسە دەربارەی چیرۆکی کوردی بکرێت، بێگومان دەبێت ناوی حەمەفەریق حەسەن بێت و جێگەی شیاوی خۆی پێ بدرێت. خوێندنەوەی ئەم کۆچیرۆکە دەرخەر و بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئەزموونە گرنگ و ناوازەیە.

ناردن: