ئەرێ بەڕاست دوایەمین ڕۆمانی دەستەێڤسکی ناوی چی بوو؟
ئەرێ بەڕاست دوایەمین ڕۆمانی دەستەێڤسکی ناوی چی بوو؟
نووسینی: شیروان مەحموود محەممەد
بێگومان خوێنەری بە ئاگا خێرا وەڵامم دەداتەوە و دەڵێت:” برایانی کارامازۆڤ”
منیش دەڵێم:” ڕاستە، بەڵام زۆریش نا! چونکە ”برایانی کەرەمازەڤ” ە نەک ”کارامازۆڤ” لێرەدا ئیتر خوێنەری هێژا حەوسەڵەی نامێنێت و دەڵێت:” دەستمان پێکردەوە؟!”
ناچارم وتارێکی پێشووترم وەبیر خوێنەری ئازیز بێنمەوە(١) ، تیایدا ئەوەم ڕوونکردبووەوە کە بە پێی ڕێساکانی گۆکردنی وشەی ڕووسی، هەر وشەیەک ، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ڤاوڵەکانی، واتە” پیتە دەنگییەکانی” تەنیا یەک ڤاوڵیان درێژدەکرێتەوە، یان نەبرە دەچێتە سەری. وشەی К-а-р-а-м-а-з-о-в وەک دەبینن چوار ڤاوڵ یان پیتی دەنگی تیایە، تەنیا سێیەمیان درێژدەکرێتەوە و وەک ( ا) گۆدەکرێت، دوو (а) کەی تر و تەنانەت ( о) کەش وەک بزوێن دەخوێندرێنەوە، یان ڕاستتر وایە بڵێم، گۆدەکرێن.
دەزانم خوێنەری هێژا، کە چاوی بە فۆرمی یەکەمی نووسین و گۆکردنی ئەو ناوە ڕاهاتووە و جۆرە ڕەسەنایەتی و بەرزییەکی تیا دەبینێت، ئەستەنگە بەو فۆرمەی دووەم ڕابێت، کە نیوەی یەکەمی ناوەکە، لە باشترین حاڵەتدا، بەروبوومێکی شیرەمەنی بیر دەخاتەوە ” کەرە-” ،لە خراپترین حاڵەتیشدا، بەستەزمانێکی چوارپێ! بەڵام گوناهی من چییە ئەگەر ناوەکە بەڕووسی وا گۆبکرێت؟!
کەواتە بە یارمەتی خۆتان با لەمەودوا بڵێین ” برایانی کەرەمازەڤ”. هیچ نییە بە خوا ئێوەش پێی ڕادێن، تەنیا کەمێک پشوودرێژی دەوێت.
ئێستا بابێینە سەر بنچە و مانای ئەو ناوە. ئاشکرایە کە ئەدیبانی ڕووس، بە تایبەتی ئەوانەی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە، هەروا لە خۆڕا ناوی پاڵەوانی بەرهەمەکانیان یان ناوی خانەوادەییەکانیان هەڵنەبژاردووە. هەمیشە ناوەکە ئاماژەیەکی تیابووە بۆ خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی ئەو پاڵەوانە یان هەواڵێکی پێشوەختەی چارەنووس و بەسەرهاتەکانی ژیانی تیابوو. دەستەێڤسکیش لەو نەریتە بەدەر نەبووە. دەی باشە ناوی کەرەمازەڤ چ مانایاک دەبەخشێ و بە چ مەبەستێک بەکار هاتووە؟
ئەو ناوە لە دووبەش پێکهاتووە(کەرە-) و (مازەڤ) .
بەشی دووەمیان لە چاوگی کرداری( مازەت-мазать ) ەوە هاتووە، واتە سواغدان یان بۆیەکردنی شتێک ، یان شتێک لە شتێکی تر بسوورێ ، جا بە مەبەستی نیشانکردن بێت یان بۆ جوانی یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، وشەکە بە مانای وێنەکێشانیش دێت کاتێک ڕەنگ و بۆیەی تیابەکاردەهێنرێت
سەبارەت بەشی یەکەمی وشەکە ( کەرە-) دوو بۆچوون هەیە یەکێکیان دەڵێت کە لە وشەی(قەرە) ی تورکییەوە وەرگیراوە کە بە مانای (ڕەش) دێت. لە ڕووسیدا کەسێک پێست ڕەش یان ئەسمەر بێت ڕەنگە وەک سووکایەتییەک پێی بگوترێت چوێڕنەمازی واتە ڕووخسار ئەسمەر یان ڕەش. گوایە کەرەمازەڤیش هەر بەو مانایە بەکارهاتووە.
بۆچوونی دووەم دەڵێت، نەخێر ، ئەو بەشی یەکەمەی ناوەکە لەوشەی (کارە – Кара) ەوە هاتووە ، بە مانای سزادان یان تۆڵەلێکردنەوە. لە زمانی ڕووسیدا وشەیەکی تر هەیە، ئەویش وشەی( بەگەمازەڤ- Богомазов) بەوانە گوتراوە کە لە هونەری ئایکۆننەخشاندندا وەستا بوون، واتە وێنەی خوا یان حەزرەتی مەسیحیان نەخشاندووە. لێکدانەوەیەکی تریش هەیە دەڵێت بەگەمازەڤ بەمانای ئەوە دێت کە کەسێک لە کاتی بەخشینی پلەی قەشایەتی ڕۆنێکی پیرۆز لە ناوچەوانی دەسوورێت. بەپێی ئەو بۆچوونەش بێت دەستەێڤسکی وشەی کەرەمازەڤی وەک دژەمانایەک بەرامبەر بە بەگەمازەڤ بەکارهێناوە، گوایە کەرەمازەڤ واتە کەسێک کە بە سزای خوا ڕوخساری ڕەنگ کرابێت یان سواغدرابێت ئەمەش لەگەڵ مەبەست و پەیامی ڕۆمانەکەدا زیاتر گونجاوە(٢)
لە کۆتاییدا ڕەنگە خوێنەری هێژا پێم بڵێت: تۆ واز لە ناوی ڕۆمانەکە بێنە، خۆ ناوی نووسەرەکەشت بە هەڵە نووسیوە و کردووتە بە دەستەێڤسکی لە بری دۆستۆێڤسکی… لە وەڵامدا دەڵێم: تۆ ئەو خوایە وازبێنە، ئەو شەڕەیانم دەمێکە کردووە و دڵم هێندەی بەبەرەوە نەماوە.
- https://www.facebook.com/sardem.books/posts/pfbid02LowV7CUxf8sMJmVEuzoLDkZNM7Bwhp63p6B8xeQn2AfHfJHYEtt9R4Re4SfA1bayl
- https://cyberleninka.ru/article/n/rol-antroponimov-v-raskrytii-ideynogo-zamysla-romana-f-m-dostoevskogo-bratya-karamazovy/viewer