گفتوگۆی دوو هاوڕێ لە پاییزی تەمەندا خستنەڕووی: “ماڵێک بە لێژەبانی سوور”

Loading

گفتوگۆی دوو هاوڕێ لە پاییزی تەمەندا

خستنەڕووی: “ماڵێک بە لێژەبانی سوور”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“بیرۆکەی سەرەتایی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە هەستم کرد عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ هاوپۆلی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بوون. داوام لە ئایدین ئاغداشلۆ کرد، داوەتی کیاڕۆستەمی بکات بۆ ماڵەکەی و ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، کیاڕۆستەمیش داوەکەی ئەوی قبووڵ کرد. بەڵام بەرهەمی ئەم دیدارە لەوە پێشبینیکراوتر بوو کە وێنام دەکرد؛ گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، کە بەشێکی ساڵی ٢٠١٤ لە ساڵنامەی ڕۆژنامەی “شەرق”دا بڵاو بووەتەوە و بە هۆکاری دوورودرێژبوونی تەنانەت بەر لە چاپ، لە ڕۆژنامە، عەباس کیاڕۆستەمی پێشنیاری کرد. باشترە وەک کتێبێکی بچووک بە ناونیشانی “ماڵێک بە لێژەبانی سوور” بڵاو ببێتەوە.” ئەمە گوتەی مەرجان سائیبییە، کە ئامادەکاری ئەو کتێبەیە کە تێیدا دوو هاوڕێی قۆناغی ناوەندی، کە هەردووکیان تەمەنیان سیازدە ساڵ بووە، دێنە گفتوگۆ و یادەوەریی ئەو قۆناغە و دواتر دەگێڕنەوە؛ ئەوانیش هەردوو هونەرمەندی دیاری ئێران، دەرهێنەری سینەمایی عەباس کیاڕۆستەمی و هونەرمەندی شێوەکار ئایدین ئاغداشلۆیە.

گفتوگۆ یەکێکە لەو کەناڵانەی کە تێیدا دەتوانرێت ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسەران و هونەرمەندا سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی کەسی و گشتی، داهێنان و هەندێ بابەت کە ڕەنگە بۆ کەسانێک کە خولیا و ئارەزوومەندی ئەو نووسەر یان هونەرمەندەن، دەرچە و کلیلێکی گەورە بێت بۆ کردنەوەی زۆر لایەنی نەدیتراو و نەبینراو. گفتوگۆ عادەتێکی هەیە کە ڕاستەوخۆ دەگات، ئایدیاکان ڕوونن و وەڵامەکان دوور لە ئاڵۆزی دەتوانن بەیان بکرێن. لە ڕێی گفتوگۆوە باشتر دەتوانین باکگراوندی نووسەر یان هومەرمەند بزانین، دەتوانین پەیی بە قووڵایی هەندێ باس ببەین کە دەگمەن دەکرێ لەناو کارەکانیدا بدۆزرێنەوە. سروشتی گفتوگۆ سادەکردنەوەی هەندێ ئاڵۆزییە، ڕێیەکی تەخت و ڕێکە بۆ گەیشتن بە دڵی ناوەڕۆک.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە بچکۆلەیە، کە وەک لەژێر ناونیشانی سەرەکیدا هاتووە “گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ”، نموونەی ئەو گفتوگۆیانەیە کە تێیدا سەرلەبەر تەرخانە بۆ یادەوەریگەلێک کە دەچنە خانەی یادەوەریی ڕۆژانە و زەمەنێکی دوورەوە، یادەوەریگەلێک کە سەروەختیان ئاماژەکان بۆ داهێنان کاڵن و گرەنتی نییە لەو یادەوەرییانە دوو کەسی بەناوودەنگ دەربێن. کاتێک ئەم وتووێژە ساز دەبێت، کە هەردوو هونەرمەند حەفتاوسێ ساڵیانە، گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سیازدە ساڵی، واتە شەست ساڵ لەوەوبەر. لەو کاتەدا کە عەباس کیاڕۆستەمی لە قوتابخانەیەکی زۆر خراپەوە ڕوو دەکاتە ناوەندی جەم و لەوێ وەک غەریبەیەک تێکەڵ بەو دنیایە دەبێت، هەست بەو جیاوازییە کولتووری و ئابوورییە دەکات لە هەردوو شوێنەکەدا، بۆیە زۆربەی کاتەکان بە تەنیا و لە گۆشەیەکدا دەوەستێت و بەس تەماشا دەکات؛ کردەی “تەماشا”، کە کردەیەکی تەواو سینەماییە، هەر لەو کاتەوە لە عەباسدا دەردەکەوێت و ئایدین ئاغداشلۆ جەختی ئەم لایەنەی کیاڕۆستەمی دەکاتەوە و دەڵێت ئەو بەردەوام تەماشای دەکرد و هەموو شتەکانی تۆمار دەکرد. ئەم هاوڕێیەتییە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ ڕۆژێی ناو ئەو ناوەندییە و چەندین دۆخ و شێواز بە خۆیەوە دەگرێت، تەنانەت دەگاتە کە جارێک دەکەونە شەڕ لەگەڵ یەکتر، دەگێڕنەوە کە ڕەحلەیان بە دەرگای پۆلەکەوە ناوە، بە تەنیا هەردووکیان لە پۆلدا بوون و ئیتر پەلاماری یەکتریان داوە، تا توانیویانە لە یەکتریان داوە، تەواو شەکەت بوون، قوتابییەکان لە پەنجەرەوە سەیریان کردوون، دواتر کە هیچ تینێکیان تێدا نەماوە، هاتوونەتە دەرەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کتێبە چکۆلەیە، کە ڕەنگە لایەنە زۆر جوانەکەشی بێت، کەمتر هەردوو هونەرمەند زۆر کەم دێنە ناو باسە جددییەکانەوە، زیاتر دەوری هەندێ یادەوەری دەدەنەوە، کە سەر بە قۆناغێکن هێشتا هیچیان ناو نین و تەنیا گەنجێکن لە سەرەتای خۆپێگەیاندندا. وتووێژەکە زۆر هاوڕێیانەیە، بەسەرکردنەوەی دەیان ناوی ترە کە هاوڕێی ئەو قۆناغەیان بوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییەکیان هەبووە، یاخود ڕووداوێکیان لە لا بەجێ هێشتوون. بێگومان لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکاندا هەردووکیان زاکیرەییەکی ڕوون و تیژیان هەیە، بەڵام عەباس کیاڕۆستەمی وردتر و دەقیقترە، بە جۆرێک کە ئایدین لە بیرهێناوەنەوەی هەندێ ناو و ڕووداودا، تووشی شۆک و سەرسامی دەبێت.

پێگەی عەباس کیاڕۆستەمی پێگەیەکی جیهانییە، لەم گفتوگۆیانەشدا ئەمە بەرجەستە بووەتەوە. سەرەتایەک بۆ کتێبەکە لە لایەن ئایدین ئاغداشلۆوە لەژێر ناوی “چاوەڕێی دەنگی پێی بووم” نووسراوە، تێیدا باس لەو چاوەڕوانییە دەکات کە پاش ئەو هەموو ساڵە بڕیارە عەباس کیاڕۆستەمی بێت بۆ گەلەری ژێرزەمینەکەی و لەوێ ئەو گفتوگۆیە بکەن، باس لە هەستە وردەکانی خۆی دەکات، لە ڕێکوپێکی شتەکان و شیاویان لە ئاست قەڵافەتی بەشکۆیی کیاڕۆستەمیدا. با پێکەوە گوێ لەم هەستە تایبەتانە بگرین:

“قبووڵی کرد کە بێتە گەلەرییەکەی من و لە ژێرزەمینی سەر شەقامی سوهرەوەردیی باشوور، لە کاتی خۆیشیدا هات، چەند کارێکی باشی کرد، چونکە دڵم لای بوو و خەریکبووم ماڵی گسکدراوم لە خۆوە دووبارە گسک دەدایەوە و ڕێکوپێکم دەکرد و سەیری پەرداخەکانم دەکردەوە، تا نەبا شوێنپەنجەیەک، یان پاشماوەیەکی ڕەنگینیان بە سەرەوە مابێت، چووم لە کۆگای کتێبەکان دوایین تابلۆم بە زەحمەتی زۆر دەرکێشا و لەسەر مێزی کارەکەم دامنا، تا بە دیاری بیدەم بەو و کەلوپەلی قاوەم ڕێک خست، کە کەلوپەلێکیش نییە و خێرا قاوە دەکەمە کوپگەلێکەوە، کە لە فرۆشگەی مۆزەخانەکان کڕیومە و لەسەر هەریەکێکیان وێنەی کاشییەکانی ئیزنیک، چاپ کراوە و هەمووی لەسەر سینییەکی ڕەشی پلاستیک دادەنێم ـ کە وێنەی پەپووسڵێمانکەیەک لە کاتی ڕاکردندا لە ناوەڕاستیدا هەڵکۆڵراوە ـ.”

لە بەرانبەردا، کاتێک گوێ لە عەباس کیاڕۆستەمی دەگرین تێدەگەین کە ئەم هاوڕێیەتییە بنەماکەی چەند پتەو و دروست بووە، ئەویش لەو جێیانەدا کە باسی کاریگەریی ئایدین ئاغداشلۆ دەکات لەسەر خۆی، کاریگەرییەکە پەیوەستە بە هەمان قۆناغەوە، قۆناغی ناوەندی، کە تێیدا ئایدین ئاغداشلۆ نەخۆش دەکەوێت و بەو هۆیەوە ساڵێکی ڕەبەق نایەتەوە بۆ قوتابخانە، ئایدین لەو ساڵەدا بەس خەریکی خوێندنەوە دەبێت، کاتێک دەگەڕێتەوە، بە گوتەی کیاڕۆستەمی ئایدینێکی ترە و چیدی ئەوەی پێشوو نییە، لێرەوەیە وەک دەرهێنەرێکی جیهانی، کیاڕۆستەمی باس لەو کاریگەرییەی ئایدین دەکات کە هەیبووە لەو سەردەمەدا، بەوەی کە ئەو کتێبانەی خوێندوویەتیەوە داویەتی بە عەباس و عەباس لەوێوە ئاشنایەتییەکی پتەو لەگەڵ ئەدەبیات و بە تایبەت شیعردا پەیدا دەکات.

لە میانی ئەم گفتوگۆیانەوە چەند دەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لە ئێراندا تاوتووێ دەکرێن، ناوگەلێک دێن کە هەر وەک ئەمان لەو کاتەدا ناو نەبوون و دیار نەبوون، بەڵام دواتر لەو ناوە هەرە دیارانەی نووسەران و هونەرمەندانی فارسن لە تەواوی دنیادا. بە گشتی کەشێکی گاڵتەئامێز و پڕ لە یادەوەریی خۆش و پێکەنین زاڵە بەسەر تەواوی کتێبەکەدا، هەر ئەمەش وای کردووە کە کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێن بێت، هێڵی تۆخی هاوڕێیەتی ئەم دوو هونەرمەندە هاوتەریب بە درێژایی شەست ساڵ کشاوە، لە زۆر کات و شوێندا ئەم دوو هونەرمەندە لە یەکتر دابڕوان، بەڵام بەردەوام لە نەستی یەکدا ئامادەییان هەبووە، کتێبەکە نموونەیەکی جوانی ڕاستگۆیانەی دوو هونەرمەند بەیان دەکات، کە چ لەگەڵ یەکتر و چ لەگەڵ بەرهەم و بیرکردنەوەیاندا، تەبا و کۆکە. ئەمەش دەکرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ چاولێکەری نێوان هەردوو هاوڕێیەک لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا بن، جا گەر کەسی ئاسایی بن، یان لە دوو پێگەی بەرزی ئەدەبی و هونەری یان هەر پایەکی تردا ڕاوەستابن.

وەرگێڕی ئەم کتێبە خنجیلە و جوانە جەبار سابیرە، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کتێبەکەی کردووە بە کوردی، کوردییەکی شیاو و شایستە بە وتووێژێکی لەو چەشنە. جەبار سابیر کە ئەمڕۆ ناوێکی چالاک و پڕکاری کایەی وەرگێڕانە، لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی: “خوێندنەوە و گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە، ئەم دوو هونەرمەندە گرنگ و کاریگەرەی ئێرانی هاوچەرخ، زۆر بە سادەیی و بێ ڕتووش باسی ژیان و قۆناغەکانی ژیانیان دەکەن، ئەوەی چۆن خۆیان پێگەیاندووە و بوونەتە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەیش وەک کورد بێین، سەیری کارەکانیان بکەین و سوودیان لێ وەربگرین و سەرسام بین پێیان.” کتێبەکە لە لایەن “دەزاگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە دووتوێی ١١٠ لاپەڕەدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ناردن: