ئێدگار ئالان پۆ… نووسین له‌سه‌ر لێواری شێتی‌دا
ئێدگار ئالان پۆ… نووسین له‌سه‌ر لێواری شێتی‌دا!
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی پایان
ئێدگار ئالان پۆ، یه‌كێك بوو له مه‌زنترین نووسه‌رانی ئه‌مریكا له سه‌ده‌ی نۆزده و ره‌نگه یه‌كێك بێت له مه‌زنترین نووسه‌رانی هه‌مو سه‌ده‌كان. ئه‌و به نووسینی كورته چیرۆكی نائاسایی/ الخارق به‌ناوبانگه. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سه له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریكی و جیهانیدا، رۆمانی پۆلیسی نووسیوه، رۆمانی ترس و ته‌شویق و وروژاندن. ئه‌و شاعیرێكی ناوازه‌ی ده‌گمه‌نه، ره‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی ئاست به‌رزه، تیۆرستی شیعر و په‌خشانه. كه‌واته ئاخۆ ئه‌و كه‌سه سیاچاره و به‌دبه‌خته ده‌بێت كێ بێت كه دواتر ده‌بێت به ئه‌فسانه؟
ئێدگار ئالان پۆ ساڵی 1809، له شاری بۆستنی ئه‌مریكا له‌دایكبووه، ساڵی 1849، له ته‌مه‌نی كه‌مه‌كێك سه‌رو چل ساڵی، له شاری بالتیمۆری كۆچی دوایی كردووه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌شدا، دونیای پڕ كردووه و خه‌ڵكی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. ئاشكرایه شاعیری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی بۆدلێر، ئێدگار ئالان پۆ-ی به مه‌زنترین نووسه‌ر داناوه و ته‌نها به ناوی ئه‌و سوێندی خواردووه و ته‌مه‌نی له وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی پۆ بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌سه‌ربردووه. تا ئێستاش وه‌رگێڕانه‌كانی بۆدلێر به‌كارده‌هێنرێت و تا حاڵی حازریش پشت به‌و وه‌رگێڕانانه ده‌به‌سترێت كه راقیترین و مه‌زنترین وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بییه.
شاعرێكی بلیمه‌ت، وه‌رگێڕانی بۆ شاعیرێكی دیكه‌ی بلیمه‌ت كردووه. بۆدلێر به‌لایه‌وه سه‌یر بوو، بگره ناڕازیبوو، چونكه سه‌رجه‌م رۆشنبیره فه‌ره‌نسییه‌كان، ئێدگار-یان نه‌ده‌ناسی و گوێیان له ناوه‌كه‌ی نه‌بووه. سه‌روه‌ختێك بۆدلێر ده‌ڕۆشته ناو چاخانه و قاوه‌خانه‌كانه‌وه و له یهكێكیانی ده‌پرسی: رات چییه له‌سه‌ر ئێدگار ئالان پۆ؟ ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه: ئه‌م كه‌سه كێیه؟ له ژیانمدا گوێم له ناوی نه‌بووه. له‌و كاته‌دا بۆدلێر به‌هۆی ئه‌و وه‌ڵامه‌وه، هه‌ڵده‌چێت و توڕه ده‌بێت و خه‌ریكه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات یان به داره‌كه‌ی ده‌ستی لێیبدات.
ئێدگار ئالان پۆ، دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك یان دوو ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونیدا، دایك و باوكی له‌ده‌ستده‌دات. لێره‌وه ئه‌و له ڕووی دایك و باوكه‌وه هه‌تیو ده‌كه‌وێت، هه‌ر بۆیه هیچ شتێكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ی بیرناكه‌وێته‌وه. ئه‌و له‌م رووه‌وه، له جان جێنییه ده‌چێت كه هه‌مو ژیانی به گه‌ڕان به دوای دایكه خزمه‌تكاره ساده‌كه‌یدا به‌سه‌ربردووه، دایكێك هه‌ر كه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كان منداڵه‌كه‌ی ده‌بێت- واته جان جێنییه- ئیدی له نێو نه‌هامه‌تیی و قووڵاییه‌كانی ژیاندا ونده‌بێت. ئه‌وه چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌یی تا بڵێی جوان و نایابه.
بیهێننه به‌رچاوی خۆتان ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ یه‌ك جاریش بێت دایكی ببینایه! ته‌نانه‌ت پێنج خووله‌ك به‌ر له مردنی، هه‌ر چاوه‌ڕوانی بینینی دایكی ده‌كرد. به‌ڵام سه‌باره‌ت به باوكی، بۆ چركه‌یه‌ك چییه، به‌دوایدا نه‌گه‌ڕاوه و نه له دوور و نه له نزیك، به‌لایه‌وه باوكی گرنگ نه‌بووه. وه‌لێ ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه.
هه‌نووكه با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای هاوڕێكه‌ی خۆمان، خێزانێكی ئه‌مریكی ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌زه‌ییان پێیدا دێته‌وه و وه‌ك بڵێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌ڵیده‌گرنه‌وه و ده‌یهێننه لای خۆیان و بۆ خوێندن، ده‌یخه‌نه باشترین قوتابخانه‌كانی ئه‌مریكا. ئێدگار وه‌ك ده‌وترێت له ته‌مه‌نێكی زۆر زووه‌وه، گرنگی به ئه‌ده‌بیات داوه. به‌ڵام باوكه به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی، له‌به‌ر شانازیكردن به خۆیه‌وه و كه‌سایه‌تییه به‌هێزه‌كه‌ی، ورده ورده له پۆ بێزارده‌بێت. سه‌رباری ئه‌وه، ده‌یویست پۆ ببێت به بازرگان، به‌ڵام پۆ ته‌نها بیری له شیعر و ئه‌ده‌بیات كردووه‌ته‌وه. به‌م شێوه‌یه ناكۆكی له نێوانیاندا ده‌ستپێده‌كات.
له گه‌رمه‌ی مشتوڕ و ناكوكییهكهیاندا، به باوكی ده‌ڵێت: به‌و خودایه، ئه‌گه‌ر هه‌مو زێڕی كالیفۆرنیام بده‌نێ، واز له كاری ئه‌ده‌بیات ناهێنم! ده‌ستبه‌رداری پیرۆزترین و به‌شه‌ره‌فترین پیشه نابم له جیهاندا. ئاخر بزنس و ئه‌ده‌بیات چ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه! جیاوازی نێوانیان هێنده‌ی جیاوازی نێوان ئاسمان و زه‌وییه. جاران عه‌ره‌ب ده‌یوت: كوشته‌ی ده‌ستی پیشه‌ی ئه‌ده‌به: واته كۆتایی پێهاتووه و بووه‌ته كه‌سێكی هه‌ژار و برسی. ئاخر ئه‌ده‌بیات نان په‌یدا ده‌كات؟ ئه‌م سه‌خافه‌ته چییه؟، كوا ئه‌بو حه‌یانی ته‌وحیدی له كوێیه كه له دوا رۆژه‌كانی ژیانیدا، كتێبه‌كانی په‌ڕه په‌ڕه كرد، چونكه به برسییه‌تی سه‌رینایه‌وه؟ ته‌وحیدی یه‌كێك بوو له مه‌زنترین نووسه‌رانی په‌خشانی/النثر عه‌ره‌بی به درێژایی هه‌مو سه‌ده‌كان، كه‌چی له‌ته نانێكی نه‌بوو بیخوات. جیهانێكی ناته‌واو، جیهانێكی شێت. جیهان كه‌ی له تاریكییه‌وه ده‌رده‌چێت و به‌ره‌و رووناكی ده‌ڕوات؟ دروست ئا له‌م چركهساتانهدایه، جیهان خه‌ریكه شێت و هار ده‌بێت.
ده‌ی هه‌رچۆنێك بێت با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای هاوڕێ بهدبهختهكهمان، ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه توشی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی بوو. براكه‌ی مرد و پاشان خوشكه كه‌م ئه‌ندامه‌كه‌شی مرد. هه‌مو ئه‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ری بوون، ده‌كه‌وتن و ههرهسیاندههێنا… نه‌بوونی و برسییه‌تی… له هه‌مانكاتدا ده‌ستگیرانه‌كه‌شی وازیلێهێنا، چونكه باوكی قه‌ناعه‌تی پێكرد هاوسه‌رگیری له‌گه‌ل پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، نه‌ك سه‌رگه‌ردان و دهربهدهرێكی هه‌ژار كه ئایندهی نییه. باوكی ده‌ستگیرانه‌كه‌ی شتێكی ئاوای به كچه‌كه‌ی وتووه: “به‌خوا تۆ كچێكی شێتی! كێ شوو به شاعیر ده‌كات؟ شیعر چییه؟ ئه‌م هه‌مو قسه بێ‌مانا و پڕوپووچ و سه‌خیفه چییه؟”.
به‌م شێوه‌یه ده‌رگاكان به‌ڕوویدا داخران و له هه‌مو لایه‌كه‌وه، به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تییه‌كان، روویان له نووسه‌ره گه‌وره‌كه‌مان كرد كه ده‌یكه‌ن به گه‌وره‌ترین نووسه‌ری سه‌رده‌مه‌كه‌ی. سوپاس بۆ به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تییه‌كان! خه‌ریكه بلێم سوپاس بۆ كاره‌سات و نوچدانهكان! ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بوونایه، ئه‌وا نووسینی داهێنه‌رانه نه‌ده‌بوو و ئاو بێنه و ده‌ست بشۆ.
ئه‌م شته ته‌نها به‌سه‌ر تاكه‌كاندا نایه‌ت، به‌ڵكو به‌سه‌ر گه‌لانیشدا دێت. ئه‌و گه‌لانه‌ی له گه‌لانی دیكه زیاتر ئێش و ئازاریان چه‌شتووه، ده‌بن به پاڵه‌وانه‌كان/ جبابرة، ئه‌وان مێژوو دروست ده‌كه‌ن و دواتر رابه‌رایه‌تی جیهان ده‌كه‌ن. به هه‌مان هاوشێوه‌ی (ئامۆژگارییه‌كه‌ی شاخ/ عظة الجبل) به‌ناوبانگه‌كه‌ی مه‌سیح، ده‌كرێت بڵێین: “خۆشبه‌ختن چه‌وساوه‌كان و خه‌مباره‌كان و ئه‌وانه‌ی ته‌رمه‌كانیان هه‌لا هه‌لا بووه، چونكه مه‌له‌كوتی ئاسمان هی ئه‌وانه”.
ساڵی 1827 كه ته‌مه‌نی ته‌نها هه‌ژده ساڵ بوو، یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعری خۆی بڵاوكرده‌وه. وه‌لێ ته‌نها په‌نجا دانه‌ی لێچاپكرا و به‌ناوی خۆی بڵاوینهكردهوه، به‌ڵكو به‌ناوێكی نه‌ناسراو: “كه‌سێك له بۆستن” بڵاویكرده‌وه و هیچ كه‌سێكیش گرنگی و بایه‌خی پێنه‌دا. له راستیدا هه‌ر ئه‌مه‌یه كه له‌گه‌ڵ چه‌ندین بلیمه‌تی دیكه‌دا روویداوه، له سه‌ره‌تادا زۆر به ده‌گمه‌ن خه‌ڵك له گرنگی و به‌هایان تێگه‌یشتوون، ئاخر ئه‌وان پێش كات و ساتی خۆیان دێن. دوای ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی ده‌كه‌ن، رێزیان ده‌گرین و ڤیستیڤاڵیان بۆ سازده‌كه‌ین و په‌یكه‌ریان بۆ دروست ده‌كه‌ین. بگره تابلۆكانیان به مه‌لاین دۆلار ده‌كڕین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و شێته گه‌وره‌یه‌ی دیكه‌دا روویدا: ڤان كوخ! ئایا ئێوه ده‌زانن، ئه‌و یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعره‌ی ئێدگار ئالان پۆ، دواجار له نیۆیۆرك به بڕی 662 هه‌زار و 500 دۆلار فرۆشرا؟ ئه‌وه با شیعری “قه‌له‌ڕه‌ش/ الغراب” كه له به‌ناوبانگیدا وێنه‌ی نییه، له‌گه‌ڵ ده‌قه بلیمه‌ته‌كانی دیكه‌ی له‌ولاوه بووه‌ستێت. ئه‌گه‌ر له ژیانیدا ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رگرتایه، ئه‌وا به‌درێژایی هه‌مو ژیانی، له‌سه‌ر لێواری هه‌ژاری و نه‌بوونی نه‌ده‌ژیا.
ئێدگار ئالان پۆ بووه‌ته سیمبول بۆ شاعیری نه‌فره‌تلێكرا و یان به‌دبه‌خت یان نه‌گریس، چی ناو ده‌نێیت بینێ. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، بۆدلێر سه‌رسامی بوو، چونكه خۆی تێدا ده‌بینییه‌وه. ئاشكرایه بۆدلێر گه‌وره‌ترین په‌راوێزخراو و گه‌وره‌ترین ده‌ربه‌ده‌ری سه‌ر شه‌قامه‌كانی پاریس بوو. ئا له‌و ده‌ربه‌ده‌رییه نا كۆتاییه‌وه، مه‌زنترین قه‌سیده‌كان له شیعری فه‌ره‌نسیدا هاتنه‌به‌رهه‌م. ئه‌ویش له‌سه‌ر لێواری خه‌ره‌نده‌كه ده‌ژیا.
دواتر ئێدگار ئالان پۆ لێكچه‌رێكی زۆر گرنگ ده‌رباره‌ی “پرنسیپی شیعر” یان “هونه‌ری شیعری” پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌وه له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی قه‌ره‌باڵغدا بوو كه خۆیده‌دا له نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌س! ئا له‌و كات و ساته‌وه، بلیمه‌تییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و گه‌شایه‌وه. له‌وێدا پوخته‌ی تیۆره گشتییه‌كه‌ی له‌سه‌ر شیعر ده‌خاته‌ڕوو. ئاشكرایه ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو شاعرێكی گه‌وره، ره‌خنه‌گرێكی گه‌وره‌ش بوو، واته فه‌یله‌سوف بوو (فه‌لسه‌فه‌ی شیعر، جه‌وهه‌ری شیعر! فلسفة الشعر، جوهر الشعر).
سه‌یری بۆدلێر یان رامبۆ یا ریلكه یاخود رێنیه شار… هتد بكه‌ن. له‌م رووه‌وه ئێدگار ئالان پۆ، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئامۆژگاری ئه‌خلاقی شتێكه و داهێنانی شیعریش شتێكی دیكه‌یه و ته‌واو جیاوازه. ئێ هه‌ر ئه‌مه‌یه ئهلئهعسمهعی لای خۆشمان، به سه‌دان ساڵ به‌ر له پۆ وتوویه‌تی: (شیعر له ده‌رگای خراپه‌كاری ده‌دات، بۆیه ئه‌گه‌ر له ده‌رگای چاكه‌كارییه‌وه بێته ژووره‌وه بۆگه‌ن ده‌كات/ الشعر نكد بابه الشر، فاذا دخل فی باب الخیر فسد)، گوته‌یه‌كی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌یه نه گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و نه ره‌تده‌كرێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ته عه‌ره‌ب سه‌رچاوه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و بلیمه‌تی شیعری و فیكرین.
پاشان شاعیره گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌م قسه گرنگانه ده‌ڵێت: هه‌مو گه‌ردوون، شیعرێكی دهستڕهنگینی و جوانسازیی ئیلاهییه. به‌ڵام به‌و پێیه‌ی مرۆڤ كوێرایی داهاتووه له بینینی دروستكراوه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی ئیلاهیدا، ئه‌وا شاعیر به هه‌سته تیژه‌كه‌ی و خه‌یاڵه داهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه، به‌رپرسیاره له ناساندنی جوانی و ستاتیكای ئه‌م شیعره گه‌ردوونییه به مرۆڤایه‌تی.
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی گه‌وره‌یی و مه‌زنی ئێدگار ئالان پۆ ده‌رده‌خات، بریتییه له خهمباربوونه زۆر توونده‌كه‌ی بۆ مه‌رگی “فێرجینیا”ی هاوسه‌ری كه ته‌مه‌نی ته‌نها بیست و چوار ساڵ بوو. زیاد له جارێك، له نیوه شه‌ودا، بینیویانه له ته‌نیشت گۆڕه‌كه‌ی دانیشتووه و هه‌ڵیانگرتووه‌ته‌وه. هیچ شتێك نه‌بوو دڵنه‌وایی بداته‌وه، ئه‌و ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌كرد: تۆ بڵێی له جیهانه‌كه‌ی دیكه بیبینێته‌وه و پێی شادببێته‌وه؟ ئایا دوای مه‌رگ، ژیانێكی دیكه هه‌یه؟ له‌م باره‌یه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ پورزاكه‌ی ده‌نووسێت و ده‌ڵێت: “به‌رگه‌ی ئازاری رۆشتنی ناگرم، ئه‌وه له‌سه‌رو توانای منه‌وه‌یه. دوای ئه‌و نامه‌وێت بۆ یه‌ك كاتژمێریش چییه بژیم”.
ره‌نگه بڵێن جا ئه‌وه چ شتێكی سه‌یری تێدایه؟ كه‌سێك شیوه‌ن بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات. ئاوا وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه: چه‌ندین كه‌س ده‌ناسم (له دڵه‌وه) به مردنی هاوسه‌ره‌كانیان، تا بڵێی دڵخۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌زووترین كات، هاوسه‌رگیرییه‌كی دیكه بكه‌ن.
له كۆتایدا، كاریگه‌ری ئێدگار ئالان پۆ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی جیهانی، گه‌وره بوو. به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسی و روسی، ئه‌مه با كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریكی و ئینگلیزی له‌ولاوه بووه‌ستێت. بۆدلێر و مالارمێ ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كه كاریگه‌ری ئه‌ویان له‌سه‌ر بووه، هه‌روه‌ها دیستۆفیسكی و زۆرێكی دیكه، ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كاریگه‌ری ئه‌ویان له‌سه‌ر بووه. وا دیاره پۆ له‌سه‌ر لێواری خهرندهكه و له‌سه‌ر لێواری شێتی ده‌ینووسی. جا بۆ جیاوازی هه‌یه له نێوان بلیمه‌تی و شێتی‌دا؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه هه‌مو جیهان شێته؟ له ئێستادا كێ ده‌توانێت تێكستێكی ناوازه بنووسێت، به‌رزببێته‌وه بۆ ئاستی شێتی جیهان؟!
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، 13ی تشرینی دووه‌می 2023