زیاد له پێویست سته‌م له هاپرماس مه‌كه‌ن
زیاد له پێویست سته‌م له هاپرماس مه‌كه‌ن!
هه‌مو ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا یه‌ك به‌ره‌ی كه‌ڕ و كوێر و لاڵ نین.
نووسینی: هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سه‌ره‌تا با ئه‌م تێبینییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی خواره‌وه تۆمار بكه‌ین: زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، ئه‌گه‌ر هه‌موشیان نه‌بن، به تووندی سه‌ركۆنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه تۆقێنه‌ره‌كه‌ی حه‌ماس-یان كرد كه له به‌ره‌به‌یانی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م، جیهانی تووشی سه‌رسوڕمان كرد. به‌ڵام زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب- جگه له ژماره‌یه‌كی كه‌میان نه‌بێت- ستایشی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی حه‌ماس-يان كرد و چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا و به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان له‌قه‌ڵه‌مدا. دابه‌شبوونه توونده‌كه‌ی نێوان ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا ئه‌مریكی و ئه‌وروپی، ئا لێره‌دایه.
من نازانم چۆن چۆنی ئه‌و كه‌لێنه‌ی نێوان ئێمه و ئه‌وان پڕده‌بێته‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بكرێت ڕۆژێك له ڕۆژان پڕبكرێته‌وه… نه‌خێر ده‌زانم، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه ده‌كرێت پڕبكرێته‌وه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌م به‌یاننامه نایابه‌یه كه زیاد له 100 ڕۆشنبیری ئه‌مریكی و ئه‌وروپی، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك دژ به به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، بڵاویانكردووه‌ته‌وه و پێیانوایه به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس، زیاد له پێویست له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیله. ئه‌مه مانای وایه، هه‌مو ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، به‌ره‌یه‌كی كه‌ڕ و كوێر و لاڵ نین و له نێوانیاندا چه‌ندین ڕه‌وت و دایه‌لۆگی مشتومڕئامێزی دیموكراسییانه هه‌یه. چه‌ندین ئاراسته و ڕه‌وتی جیاواز بوونی هه‌یه. جا به‌و پێیه‌ی له وڵاتانی ئه‌وان، ئازادی گوزارشتكردن و بیركردنه‌وه له ئارادایه، بۆیه ده‌توانن بێ هیچ ترسێك له به‌خائینكردن یان ته‌كفیركردن یان ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژی سێكسی، ده‌توانن گوزارشت له بیروڕاو بۆچونه‌كانی خۆیان بكه‌ن. ئه‌مه‌ش نیعمه‌تێكی گه‌وره‌یه و ئه‌وان چێژی لێوه‌رده‌گرن و سه‌رجه‌م گه‌لانی سه‌ر زه‌وی، له‌م باره‌یه‌وه، ئێره‌ییان پێده‌بن.
ئاشكرایه به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، له به‌رواری 13ی تشرینی دووه‌می 2023 بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس-ی داوه‌ته‌وه، دوای نزیكه‌ی ده ڕۆژ بڵاوكراوه‌ته‌وه، به دیاریكراوی له 22 تشرینی دووه‌می 2023. ئاخۆ ئه‌و ڕۆشنبیرانه له به‌یاننامه گرنگه‌كه‌یان و شه‌رمهێن بۆ گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی، چی‌یان وتووه؟ ئه‌وان شتێكی له‌م جۆره‌یان وتووه: ئێمه له‌گه‌ڵ هاپرماس، هاوڕاین بۆ ئیدانه و شه‌رمه‌زاركردنی كوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئیسرائیل، له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه له ڕۆژی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵیدا هاوڕاین كه پێویسته ژیانی جوله‌كه‌كان له ئه‌ڵمانیا، به‌رامبه‌ر به شه‌پۆلی دژه جوله‌كه پارێزراوبێت، شه‌پۆلێك به‌م دواییانه له زیادبوون و هه‌ڵكشاندایه. هه‌روه‌ها ئێمه هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته كه‌رامه‌تی مرۆیی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان پارێزراوبێت، به‌و پێودانگه‌ی ئه‌وه یه‌كێكه له پرنسیپه سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانی مۆراڵی دیموكراسی كه كۆماری یه‌كێتی ئه‌ڵمانیای له‌سه‌ر دامه‌زراوه. ئێمه له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌وانه هاوڕاین.
وه‌لێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ده‌رحه‌ق به “به‌یاننامه‌ی پرنسیپه‌كانی هاریكاری” كه هاپرماس و گروپه‌كه‌ی بڵاویانكردووه‌ته‌وه، نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌یه ئه‌م هاریكارییه (لانی كه‌م له ڕووكه‌شدا) ته‌نها تایبه‌ته به ئیسرائیلییه‌كان. په‌رۆشی بۆ پارێزگاریكردن له كه‌رامه‌تی مرۆیی كه له به‌یاننامه‌كه‌دا به ڕاستی گوزارشتی لێكراوه، به شێوه‌یه‌كی گونجاو درێژنابێته‌وه تاكو هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی فه‌له‌ستین له غه‌ززه، به یه‌كسانی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئیسرائیل بگرێته‌وه؛ ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ی كه حه‌ماس له هێرشه “تیرۆریستییه” ناسراوه‌كه‌یدا، دووچاری كوشتن و برینداربوون و ڕفاندن بوونه‌وه. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس، گرنگی به چاره‌نووسی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌دات. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی دروست و ته‌واوه‌تی نا. ئاخر ئه‌و فه‌یله‌سوفێكی رۆشنگه‌ره و ناتوانێت زیاد له پێویست، له پرنسیپه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی لابدات. ئه‌ڵبه‌ته له‌سه‌ر كۆی ڕۆشنبیران پێویسته، ددان به‌وه‌دا بنێن كه فه‌له‌ستینییه‌كانی غه‌ززه، هه‌نووكه ڕوبه‌ڕووی مردن و ماڵوێرانی ده‌بنه‌وه.
پاشان له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه دژ به به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس نووسراوه، هاتووه: هاریكاری له دیدی ئێمه‌دا، واته پرنسیپی كه‌رامه‌تی مرۆیی، یه‌ك پرنسیپه و پێویسته هه‌موان بگرێته‌وه، چ جوله‌كه یان عه‌ره‌ب، ئیسرائیلی یان فه‌له‌ستینی، هیچ جیاوازییان نییه و هه‌موان هه‌ر مرۆڤن. هه‌ر بۆیه هه‌موان له ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌دا یه‌كسانن. ئه‌مه‌ش پرنسیپێكی بنچینه‌ییه كه له فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریدا هاتووه و به شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی هه‌مو جۆره جیاكارییه‌كی تائیفی و ره‌گه‌زپه‌رستی نێوان مرۆڤه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه كه خودی هاپرماس، ته‌به‌نیكردووه و به‌رده‌وام به‌رگری لێده‌كات. ئه‌م پرنسیپه مرۆییه، ناچارمان ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دانیشتوانی مه‌ده‌نی، هاوده‌نگ و هاوسۆز و هاریكاربین؛ كه بێ ویست و حه‌زی خۆیان، له ناكاو دووچاری كاره‌سات و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی جه‌نگ ده‌بنه‌وه.
به‌یاننامه‌كه له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس و گروپه‌كه‌ی، سێ پرنسیپی له‌خۆگرتووه كه پێویسته له كات و ساتی جه‌نگه‌كاندا، ره‌چاوبكرێن و بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: پرنسیپی وه‌ڵامدانه‌وه به هه‌مان شێوه. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه نابێت وه‌ڵامدانه‌وه‌كه به‌جۆرێك هێند توند و قێزه‌ون بێت، ده‌ستدرێژییه ئه‌سڵییه‌كه تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵام ئێمه ده‌بینین وه‌ڵامدانه‌وه به‌ربه‌ریانه‌كه‌ی ئیسرائیل، دوو هێنده و سێ هێنده‌ی كرده‌وه به‌ربه‌ریانه‌كه‌ی حه‌ماس-ی تێپه‌ڕاندووه.
دووه‌م: تا ده‌توانرێت هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی دووربن له زه‌ره‌ر و زیانی گیانی. به‌ڵام ئێمه ده‌بینین ئه‌و كاره‌ساته مه‌ده‌نییه‌ی دووچاری دانیشتوانی غه‌ززه بووه‌ته‌وه، ترسناكه، بگره له ترسناكیش زیاتره.
سێیه‌م: له كۆتایدا به‌رپاكردنی جه‌نگ له پێناو گه‌یشتنه به ئاشتی، نه‌ك جه‌نگ له پێناو جه‌نگ بێت، یان كوشتن له پێناو كوشتن بێت، یا تۆڵه له پێناو تۆڵه بێت. ئێمه له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌وه، له‌گه‌ڵیدا هاوڕاین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانمان ده‌كات، ئه‌وه‌یه هاپرماس وه‌ك پێویست، پێداگریی له زه‌روره‌تی رێزگرتن له یاسا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ناكات كه رێگری له تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی دژ به مرۆڤایه‌تی ده‌گرن، له نموونه‌ی سزادانی به كۆمه‌ڵ و وێرانكردنی ژێرخانی مه‌ده‌نی، وه‌ك قوتابخانه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان، شوێنه‌كانی په‌رستن. غه‌ززه هه‌ر هه‌مووی بووه‌ته ته‌رم. كێ ده‌توانێت له ئێستادا سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بكات؟ كێ ده‌توانێت ئه‌و كفن و ته‌رمه بچوكانه و دایكه‌كان ببینێت؟
ئه‌مه ئه‌و دیالۆگه بوو كه له نێوان هاپرماس و نه‌یاره‌كانی له ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا و ئه‌وانی دیكه روویدا. من له‌و بڕوایه‌دام وه‌ڵامه‌كه‌یان بۆ هاپرماس، به‌هێزتر بوو له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب؛ كه جڵه‌وی خۆیان له‌ده‌ستدا و به نوكه قه‌ڵه‌مێك ڕه‌شیانكرده‌وه، یان كه‌وتنه قسه پێوتنی و جنێوبارانكردنی. ئا به‌م شێوه‌یه، هیوادارین توانیبێتمان وه‌ك پێویست، ئیشكالییه‌تی به‌یاننامه‌كه‌ی هاپرماس-مان ڕوونكردبێته‌وه. ئه‌و پیاوه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێمه پێمانوایه، ناپاكی له پرنسیپه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی نه‌كردووه. ئه‌و مه‌ودای هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر غه‌ززه، سنوردار كردووه و مه‌رجی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه، بێگومان ئه‌و زیاد له پێویست به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل‌دا ده‌یشكێنێته‌وه و ترسی له‌ناوچوونی هه‌یه.
هه‌ندێك له ئه‌وروپا، پێیانوایه فه‌یله‌سوفه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بیرده‌كاته‌وه: به پێچه‌وانه‌ی جوله‌كه، ژماره‌ی موسڵمانان هێجگار زۆره و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له بوون بیانسڕێته‌وه. كێ ده‌توانێت ملیار و نیوێك خه‌ڵك له‌ناوبه‌رێت؟ ته‌نانه‌ت خودی عه‌ره‌به‌كانیش، ژماره‌یان زۆره و زیاد له 500 ملیۆن كه‌س ده‌بن. لێره‌وه ئه‌وان وه‌ك جێگیری شاخه‌كان جێگیرن و هه‌مو ناوچه‌كه‌ش له ئۆقیانوسه‌وه بۆ كه‌نداو، به ناوچه‌ی خۆیانی ده‌زانن و هیچ ترسێكیان له‌سه‌ر نییه، نوقته سه‌ری دێڕ.
به‌ڵام ژماره‌ی جوله‌كه زۆر كه‌مه، ژماره‌یان له ته‌واوی جیهاندا ناگاته 15 ملیۆن كه‌س. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه،هاپرماس گرێی نازییه‌ت به‌دواوه‌یه‌تی. لێره‌وه ئه‌و ناتوانێت به ته‌واوه‌تی بابه‌تی یان بێلایه‌ن بێت، بۆ نمونه وه‌ك ئه‌وه‌ی جیل دۆڵۆز یان مه‌كسیم رۆدنسۆن له فه‌ره‌نسا كردیان. ئه‌مه‌یه ئه‌و ڕۆشنبیره به‌ڕێزانه پشتگوێی ده‌خه‌ن كه واژۆیان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌ره‌وه كردووه و به‌یاننامه‌كه ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌یه: “وه‌ڵامی به‌یاننامه‌ی پرنسیپه‌كانی هاریكاری هاپرماس و گروپه‌كه‌ی. داوای كه‌رامه‌تی مرۆیی بۆ هه‌موان ده‌كه‌ین”. ژماره‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه كردووه، 107 كه‌سه، زۆربه‌یان فه‌یله‌سوف و مامۆستای زانكۆ گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپان، وه‌ك زانكۆی كۆلۆمبیا له نیۆیۆرك و زانكۆی ئۆكسفۆرد و زانكۆی ییل.. هتد.
ئه‌و خاڵه‌ی به ئه‌رێنی بۆ هاپرماس ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێویسته له‌سه‌رمان ددانی پێدابنێین، ئه‌وه‌یه له به‌یاننامه‌كه‌یدا، به ڕوون و ڕاشكاوانه، ئیدانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی كردووه، به ره‌هایی ئیدانه‌ی كردووه. واته ئه‌و به ته‌نها ئیدانه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ی نه‌كردوه كه به‌رامبه‌ر به جوله‌كه ده‌كرێت و پێیده‌وترێت دژه جوله‌كه. به‌ڵكو قسه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، دژ به‌و جۆره ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌یه كه له‌به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێن ئه‌نجامده‌درێت، له‌وانه بێگومان عه‌ره‌ب و تورك. هاپرماس ڕه‌وایه‌تی به ڕه‌گه‌زپه‌رستی دژ به عه‌ره‌ب نه‌داوه! هه‌روه‌ها ڕه‌وایه‌تی به نه‌ژادپه‌رستی دژ به موسڵمانان نه‌داوه! ئه‌مه شتێكه له فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ریی وه‌ك ئه‌و ناوه‌شێته‌وه. ئه‌و دژی هه‌مو جۆره سوكایه‌تی و بێڕێزییه‌كه كه هۆكاره‌كه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی یان تائیفی بێت. ئاخر ئه‌و چۆن ده‌بێت وا نه‌بێت؟ ئه‌ی ئه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌دا، یه‌كه‌مین فه‌یله‌سوفی ڕۆشنگه‌ریی نییه؟ ئاشكرایه شه‌ڕه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، دژ به جیاكاریی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و تائیفی نێوان مرۆڤه‌كان بوو.
له ئه‌وروپا به‌ر له سه‌ركه‌وتنی ڕۆشنگه‌ریی، مه‌سه‌له‌ی تایفه‌گه‌ریی، ته‌نانه‌ت له نێو خودی مه‌سیحییه‌كاندا، نه‌ك ته‌نها دژ به‌وانی دی، تاوی سه‌ندبوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا مه‌سه‌له‌كان به‌م جۆره بوو: وه‌ی به حاڵی پرۆتستانتێك له وڵاتانی كاسۆلیك بژی، وه‌ی به حاڵی كاسۆلیكێك له وڵاتانی پرۆتستانت بژی.ئێ ئاخر له بنچینه‌دا ڕۆشنگه‌ری وه‌ك په‌رچه كردارێك، دژ به كوشتوبڕه تائیفییه‌كان هاته‌ئاراوه كه له‌لایه‌ن ئیخوان مه‌سیحییه‌كان و فێنده‌مێنیتاڵیزمه‌كانه‌وه، دنه ده‌درا و ده‌ستخۆشی لێده‌كرا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌كفیر و ته‌كفیری پێچه‌وانه، له نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌به سه‌ره‌كییه‌كه‌ی مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپیدا، له‌و په‌ڕی بره‌و و په‌ره‌سه‌ندندا بوو. ئه‌و ته‌كفیركردنه‌ی یه‌كتر، ده‌روونی خه‌ڵكه‌كه‌ی پڕ ده‌كرد له هه‌ستیاری مه‌زهه‌بی و دژی یه‌كتر هانیده‌دان. ئه‌مه خاڵێكی بنچینه‌ییه و نابێت ئاگامان لێی نه‌بێت و به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت. ڕۆشنگه‌ریی كێشه‌ی تائیفی له ئه‌وروپا یه‌كلایی كرده‌وه و له‌ناویبرد. ئه‌م ده‌ستكه‌وته مه‌زنه، ڕێگه‌یدا له فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌ره و ئه‌ڵمانیا… هتد، یه‌كێتی نیشتیمانی به‌هێز بێته‌ئاراوه.
ڕۆشنگه‌ریی گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشكه‌ش به گه‌لانی ئه‌وروپا كرد. ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وانی له چنگی شه‌ڕی ناوخۆ و تائیفی رزگار كرد. هه‌ر ڕۆشنگه‌ریی بوو، وایكرد ئه‌وروپا بۆڕی سه‌رجه‌م گه‌لانی سه‌ر زه‌وی بداته‌وه. ڕۆشنگه‌ریی وشه‌یه‌كی هاكه‌زایی نییه، به گۆتره و له بۆشایدا ناویبهێنرێت. ڕۆشنگه‌ریی گه‌مه و گاڵته و نوكته نییه. ڕۆشنگه‌ریی چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی كرد و ئاسۆ داخراوه‌كانی كرده‌وه. ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وروپای له چنگی تێگه‌شتنی تاریكبین و تائیفی بۆ ئاین رزگار كرد. تۆ بڵێت هه‌ر هه‌مو ئه‌وه شتێكی كه‌م بێت؟
لێره‌وه نابێت به‌رامبه‌ر به هاپرماس، زیاد له پێویست دڵڕه‌قبین. هه‌ندێك پێیانوایه هاپرماس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بیرده‌كاته‌وه:
مێژووی گه‌لی جوله‌كه، سروشتێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه و له هه‌مو گه‌لانی دیكه‌ی سه‌ر زه‌وی جیایده‌كاته‌وه. چونكه گه‌لی جوله‌كه، به‌درێژایی مێژوو، به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون و جینۆسایدا بووه. هه‌میشه كه‌مینه‌یه‌كی قێزه‌ون و ڕیسوا‌كراو بووه، به‌رده‌وام له گیتۆ داخراوه‌كاندا ژیاون، چ له وڵاتانی ئه‌وروپی مه‌سیحی یان له وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسلامی.
ئا له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌یه، هاپرماس و زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، ترسیان له حه‌ماس هه‌یه. چونكه حه‌ماس ته‌نها جووڵانه‌وه‌یه‌كی مقاوه‌مه نییه، بگره حه‌ماس به پله‌ی یه‌كه‌م، گروپێكی ئاینی سه‌ر به ئیخوان موسلمینه. هاپرماس-یش وه‌ك به‌شی زۆری ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا، له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌م جۆره بزووتنه‌وه و گروپانه، ده‌یانه‌وێت له‌به‌ر هۆكاری ئاینی، جوله‌كه له‌ناوبه‌رن. ئه‌ڵبه‌ته چه‌ندین فه‌توای تیۆلۆژی هه‌یه، جوله‌كه به كافر داده‌نێن و خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه، هاپرماس نه‌یتوانی هاوسۆزی گه‌لی فه‌له‌ستین بێت، به‌و شێوه‌یه‌ی له فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌و، چاوه‌ڕوان ده‌كرا. پێویسته ددان به‌وه‌دابنرێت پرسی فه‌له‌ستین، پرسێكی ره‌وا و دادپه‌روه‌رانه‌یه، هه‌روه‌ها پرسێكه سته‌می زۆری لێكراوه و باجێكی گه‌وره‌ی هه‌مو ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی داوه كه فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان، له تاوانه گه‌وره‌كه‌ی11 سێپتێمبه‌ره‌وه، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، ئه‌نجامیانداوه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2023