بیر بکەرەوە بۆ ئەوەی هەبیت…لە دەفتەری فەلسەفەوە

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان…لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٨)

بیر بکەرەوە بۆ ئەوەی هەبیت!

 

لە خوێندنەوە ماندوو بووم، کتێبەکەی هیلاری پوتنام (Reason, truth and history) م لەسەر مێزەکە داناو چوومە ناو جێگاوە. لەناکاو خۆمم بینی لە تاقیگەیەکی لێکۆڵینەوەدام. سەرنجم دا کەسێک لەسەر کورسییەک بێ هەست دانیشتووە و جووڵە ناکات، پۆشاکێکی فەرمی و ڕێکوپێکی لەبەردایە. لە سەر مێزێکیش مێشکی مرۆڤێک لەناو شلەیەکدایە و لەولاشەوە لاپتۆپێک و کەسێک (بە سەروسیما و پۆشاکەکەیدا دیارە کە زانایە) لەسەر کورسییەکەوە خەریکی ئیشکردن بوو.

کە منی بینی، بانگی کردمە لای خۆیەوە و بۆی ڕوونکردمەوە: “ئەمە مێشکی ئەو کەسەیە لەولاوە دانیشتووە، ژینگەیەکی وەک ئەوەی خۆیم بۆ دروست کردووەو تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەم.” ئەوەشی بۆ ڕوونکردمەوە کە بە بلوتوس مێشکەکەی بە لاپتۆپەکە و جەستەکەش گەیاندووە.

بۆ بەیانی کە بێدار بوومەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی فرۆید دەڵێت، هێشتا زۆر شتم لەو خەونە لەیاد مابوو: لە نێوان من و زاناکەدا گفتوگۆیەک لەبارەی جیهانی ڕاستەقینە و جیهانی گریمانەییەوە ڕوویدا. ئەو دەیووت لە لاپتۆپەکەیەوە هەر نامەیەک ئاڕاستەی مێشکەکە بکات، وەک جیهانی واقیع ڕەنگدەداتەوە و نازانێت دەسکردە و لەژێر کۆنترۆڵدایە. دەشیووت لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا مێشکەکە دەگێڕمەوە بۆ ناو کەللەسەری خاوەنەکەی، ئەزمونەکان لە یادەوەریی خۆیدا هەڵدەگرێت و دەبن بە ئەزمونی ئەو جەستەیە کە قاتێکی ڕەشی لەبەردایەو بۆینباخێکی مارۆنیشی لەسەر کراسە سپییەکەیەوە بەستووە.

بەدەم ئەو یادەوەرییانەوە، پرسیارێک لەمێشکمدا قووت بۆوە: تۆ بڵێی مێروولەکە بە مەبەست وێنەی وینستۆن چەرچلی کێشابێت؟ (ئەم باسە لە کتێبەکەی پوتنامدا هاتووە، دوایی دێمە سەری)

خەونەکە لە فیلمی ئەندێشەی زانستی دەچێت، هۆیەکەشی کتێبەکەی پوتین بوو، کە بەشی یەکەمی ئەم ناونیشانەی هەیە: “مێشکەکان لەناو دەفرێکدا” و باسی مێرولەکەش لەسەرەتای ئەو بەشەدایە کە نوسەر گریمانە دەکات بەسەر لمێکدا دەڕوات و ڕێچکەکەی وێنەیەکی لێ دەردەچێت کە لێی ورد دەبینەوە لە هی وینستۆن چەرچل دەچێت. ئەمە  یەکسەر پرسیارێک دەهێنێتە پێشەوە: بە ڕاست ئایا ئەم جیهانەی من تێیدا دەژیم، جیهانە ڕاستەقینەکەیە؟ یاخود خەونێکە، یان من بووکەڵەیەکم کۆمەڵێک پەتم پێوە ڕایەڵ کراوەو لەلایەن بکەرێکی دیکەوە دەجووڵێنرێم.

ئەم قسانەت بەلاوە سەیر نەبێت. با نموونەت پێ بڵێم: ژمارەیەک لە ئایینەکان لەوباوەڕەدان کە خودا هەموو شتەکانی دروست کردووە، هەموو چارەنوسەکانیشی دەستنیشان کردووە، بڕیاری لەسەر هەموو ڕووداوەکان داوە…. هیچ نەماوە ئەو نەیکردبێت”. کەوایە پێڕەوکەرانی ئەو ئایینانە چین؟ ئەکتەری سەر شانۆی زەمینن و دەرهێنەرێک فەرمانی پێکردوون بە جۆرێکی ڕەفتار بکەن و ئەو قسانەش بکەن کە سیناریۆنوسەکە ئامادەی کردوون؟

ئەگەر ئەمە ڕاست بێت؛ ئەگەر وەک دەڵێن “مێروولەیەکی ڕەش لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا، لەناو فەردەیەک گەنمدا، بۆی دیاریکراوە کام دەنکە گەنمە هەڵدەگرێت و دەیباتەوە بۆ شارەکەی” ئایا ئیتر هەموو شتێک لە کۆنترۆڵدا نابێت؟ ڕێک وەک مێشکی ناو دەفرەکە! ئایا ئەگەری ئەوە نیە کەللەی ئەو باوەڕدارانە  دەفرەکە بێت و مێشکیان لە جێگایەکی دیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت؟ ڕێک وەک زانای ناو خەونەکەی من، یاخود وەک شەیتانە خراپەکارەکەی دێکارت!

من لەخەونەکەدا بینیم زاناکە لەڕێگای بلوتووسەوە فەرمانی بۆ جەستەکە دەردەکرد شتێک بکات. چەند جارێک ئەو جەستەیەم بینی لەجێگای خۆی هەستاو چوو بۆ لای سەلاجەکە و شتێکی هێناو پاشان لەشوێنی خۆی دانیشتەوە. لەو ماوەیەدا باش لێی ورد دەبوومەوە، هیچ ئاماژەیەک نەبوو بۆ ئەوەی شتێك ڕوویدابێت، چاوەکان شتیان دەبینی و دەستەکانیش کارەکانی خۆیان لێزانانە ئەنجام دەداو پێیەکانیش کێشەیەکیان نەبوو لە چوون و هاتنەوەدا…. هتد.

ئێستا وەڵامم بدەرەوە: قسەکانی شایستەی بیرلێکردنەوەن؟ هەر ئەوەندەش نا، ئایا تۆ بەرهەمی کۆمەڵگاو خێزان و پەروەردەو ئایین و …. هتد نیت؟ مێشکی تۆ خۆی بیر بۆ خۆی دەکاتەوەو بڕیار بۆ خۆی دەدات، یان ئەو شتانە دەکات کە فێرکراوە؟ واتە “ئەو نامانەی کە لە لایەن (زانا)یەکەوە و بە بلوتووس پێی دەگات!”

نمونەیەکی دیکە: “لای خۆمان گۆشتی بەراز پارە ناکات، چونکە کەس نایخوات! لە پاریس گرانترین گۆشتە، چونکە داوای زۆر لەسەرە” ئێستا جیاوازییەکە لە (گۆشتی بەراز) دایە، یاخود لەو نامانەدا کە ڕەوانەی مێشکی ئێمەو ئەوان کراون؟ ئەوە ئێمەین وەها پرۆگرام کراوین کە گۆشتی بەراز نەخۆین، یاخود بەرازەکانی لای ئێمە هەمان ئەوانە نین کە لە شوێنەکانی دیکەش هەن؟

سەرم لێ تێکدایت! دەزانم، خۆشم هەر دەمەوێت وا بکەم. ئەگەر کاتت هەبوو بچۆ بەر ئاوێنەکە و سەیری خۆت بکە. بە ڕاست ئەوە کێیە؟ خۆت دەبینیت یان نامەیەکت لەڕێگەی بلوتووسەوە پێگەیشتووە، بزانە جەستەت لە ژووری نوستن ڕانەکشاوە! یانی ئەوەی ناو ئاوێنەکە تەنها لە ناو مێشکتدا هەبێت، نەک هەرئەوەندە بەڵکو خودی ئاوینەکەو پرۆسەی سەیرکردن و هەموو شتێک هیچ نەبن جگە لە کۆمەڵێک فەرمان کە لە جێگایەکی دیکەوە بۆ مێشک ڕەوانەکراون!

ئەمەیان گاڵتەیەک بوو، وا مەکە. چونکە ئەگەر بیشیکەیت، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە دیسان نامەیەک بێت و لە ڕێگای بلووتوسەوە ئاڕاستەکرابێت.

مەسەلە چیە؟ دەمەوێت پێکەوە خەریکی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفییانە ببین. واتە فێری گومان کردن ببین لە هەموو ئەو چەمک و دید و بۆچوونانەی لە هەموو لایەکەوە بۆردومان کراوین پێیان. بەڕاست! چەند جار بەهۆی ڕیکلامەوە کاڵایەکت کڕیوە (بۆ نمونە برنج) دوایی بۆت دەرکەوتووە باش نیە!!

وەک وتم بیرۆکەکە هی هیلاری پۆتنامە، لەڕاستیدا هی ئەویش نیە، ئەو ڤێرژنێکی تازەی لێ دروست کردووە، بەڵکو ڕینە دێکارتی فرانسەیی سەدەی حەڤدە، باس لە کەسێکی زۆر بلیمەت دەکات، بەڵام زۆر بەدفەڕو خراپەکارە. ئەم بلیمەتە بەدکارە، وەک تارمایی وایە، توانای ئەوەی هەیە دزە بکاتە ناو مێشکی مرۆڤەکانەوە و بیرۆکەی ناپەسەندیان لا دروست بکات و فریویان بدات. دێکارت دەڵێت زۆرجار لەبارەی جیهانی دەرەکییەوە، خەڵکانی جیاجیاوە، تەنانەت هەست و سۆزەکانی خۆمەوە، فریوی ئەو بلیمەتەم خواردووەو بیرۆکەی نادروستم لا دروست بووە.

دێکارت چی کرد؟

 

وەک لە کتێبی تێڕامانەکانیدا باسی دەکات: لە ساتەوەختێکدا بڕیاری دا هەموو ئەو شتانەی فێریان بووە بە یەک جار لەبیریان بکات و سەر لەنوێ دەستپێبکاتەوە. وتە نێودارەکەشی “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” لەو بڕیارەوە هاتووە. بێگومان دێکارت هەروا بە ساویلکەیی ئەم کارەی نەکردووە، ئەو هەوڵی داوە جارێكی تر و سەرلەنوێ کۆی زانینمان بنیاتبنێتەوە، پرەنسیپە بنەڕەتییەکەشی بکات بە گومان، بۆ ئەوەی لەهیچ شتێک دڵنیا نەبێت، تا ئەو ساتەی بەشێوەیەکی ئەقڵانی لێی دەکۆڵێتەوەو دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە شایستەی متمانە پێکردنە. بۆچی ئەم کارەی کرد؟ بۆ ئەوەی هیچ جۆرە زانینێک، باوەڕێک، بۆچوونێک لە زەینیندا نەمێنێت کە بچووکترین ئەگەری گومان لێکردنی هەبێت. ئەو هەموو زانینەکانی خۆی وەلا نا، بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە ببێتە خاوەنی زانین و ڕای دروستی تاقیکراوەی ئەقڵانییانە. ئەمەش پێی دەڵێن بنەمای گومانکردنی دێکارتییانە.

ئامانجی منیش ڕێک ئەمەیە. وەرە ئەوانەی پێشتر فێریان بوویت، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت لە مێشکی خۆتیان دەربهێنە و لەناو چەکمەجەیەکدا هەڵیان بگرە، با بزانین پێکەوە دەگەینە کوێ.

زۆر باشە، با بچینەوە لای وتەکەی دێکارت. ئەو دەڵێت (من) بیردەکەمەوە کەواتە (من) هەم. دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوە خۆیەتی کە بیردەکاتەوە، بە ئەقڵی خۆی ئەزمونی جیهان دەکات نەک بە هەستەکانی. جا لێرەدا دەمەوێت پێت بڵێم مەبەستی دێکارت لە بلیمەتە بەدکارەکە هەستەکانێتی. ئەوانن زۆر بلیمەتانە زانیاریی نادروستمان پێدەدەن، وەک ئەوەی بە دەستی تەزیوەوە دەست دەکەین بەناو ئاوێکی گەرمدا و واهەست دەکەین ساردە … نمونەکان زۆرن.

لەمەشەوە دێکارت پێمان دەڵێت: تۆ تەنها ئەو کاتە بوونت هەیە کە بیردەکەیتەوە، بێ بیرکردنەوە بوونت مەحاڵە. دیارە مەبەستم لە مانا فەرهەنگییەکەی وشەی (بوون) نیە، بەڵکو مەبەستم لە بوونێکە کە دەتوانیت درکی پێ بکەیت، ئەگینا خۆ بەردیش هەیە، بەڵام بۆ ئەو بوون یان نەبوون هیچ گرنگییەکی نیە، چونکە بیرناکاتەوە. یانی بوون و بیرکردنەوە دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، کە بیرت کردەوە هەیت و بە پێچەوانەشەوە نیت. ئێستا ئەگەر سەیرێکی دەوروپشتی خۆت بکەیت، ژمارەی ئەوانەی بەپێی ئەم هاوکێشەیە بوونیان نیە، یاخود بوونێکی ئەقڵانییانەیان نیە، چەندە؟ ئەوانە لەبری ئەوەی خودی ئازاد و سەربەخۆ بن، شتگەلێکن لەژێر کۆنترۆڵی ئەقڵی دیکەدان لە دەرەوەی خۆیان. ڕەنگە ژمارەی ئەوانەی (نین) ئەوەندە گەورە بێت، کە بەئاسانی بەدەستەوە نەیەت. بۆ نایەیت ئەوانە بژمێریت کە (هەن).

ئەوەت بیر نەچێت کە بنەمای (من) لە فەلسەفەدا و بە تایبەتی لە فەلسەفەی خۆراوایی مۆدێرندا زۆر گرنگە؛ بە پێچەوانەوە فەلسەفەکانی خۆرەڵات ئەوەندە گرنگییان پێ نەداوە. هۆیەکەشی ئەوەیە لە خۆراوا بە بەردەوامی ڕەوتێک یان شەپۆلێک هەبووە کە گومانی لەو زانیارییانە هەبووە کە بەدەستیان دەهێنین: دەشێت نادروست بن، ئەندێشەیی بن، هەڵە بن، یاخود لەوانەشە درۆ بن، یان لەوانەیە لەپشتی بڕێک زانیاریی دروستەوە، کۆمەڵێک زانیاری نادروست، بە مەبەست یان بێ مەبەست حەشار درابن. هەربۆیەشە بیرکردنەوەی گومانگەرایانە، یەکێکە لە شێوازە زۆر دێرینەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤی خۆراوایی، ئەو زۆر بەلای ئەو یەقینەدا نەچووە کە بەردەوام مێشکی ئێمەی داگیر کردووە.

ئێستا با بەجۆرێکی دیکە بڕوانمە مەسەلەکە: بەڕاست کە هەموو ئاماژە و فەرمان و هەستەکان لە مێشکەوە بن، ئیتر پێویستیمان بە جەستە چیە؟ مەبەستم لەوەیە ئەگەر ڕێگایەک هەبێت بۆ گەیاندنی وێنەی زەڕافە بە مێشک، غەیری چاوەکان، گوێزانەوەی گۆرانییەکی شەهرامی نازری جگە لە گوێیەکان، هەستی برسێتی بێ بەتاڵبوونی گەدە، بگرە تەنانەت ژانەسەریش بێ هەبوونی کەللە! مەسەلەکە هەموو بلوتوسێک زیاتری پێویست نەبێت، بۆ ئەوەی بگەن بە مێشک، جەستە چ سوودێکی دەمێنێت! یانی ئەگەر تۆ مێشکێک بیت لەناو سندوقێکدا کە ژینەگەی کارکردنی بۆ فەراهەمکراوە، چی دەبێت؟ بەڕاست تۆ چۆن دەزانیت هەویت؟

بڕواکردن بەمە قورسە، وانیە؟ دەی من دەڵێم ئەمە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێوەدا بەردەوام ڕوودەدات! با بۆت ڕوونبکەمەوە:

ئەندێشە بکە ڕۆژێک یەکشەممەی هاوین مەسیحییەکان لە کەنیسە لەبەردەمی قەشەدا دانیشتوون و ئەویش وتاریان بۆ دەدات؛ مۆبایلەکانیان بێدەنگ کردووە، سویچی سەیارەکانیان لە گیرفانیاندایە. قەشە قسە دەکات و ئامادەبووان بێدەنگ لەسەر کورسییەکان دانیشتوون و هەوای سپلیتەکە لێیان دەدات و ناو کەنیسە بە جۆرەها چرا ڕۆشنکراوەتەوە و ژمارەیەک مۆمیش هەڵکراوە. هەمووان هۆشیان داوەتە قسەکانی قەشەکە.

ئێستا ئەندێشەی ئەمە بکە: یەکێک دێت و دارێکی باریکی بەدەستەوەیەو بێ ئەوەی ئەوان بیبینن دارەکە دەدات لە شتەکان و وشە سیحرییەکە دەڵێت: ئابرا کادابرا… شتەکان دیارنامێنن و لەبری ئامادەبووان باپیرەگەورەکانیان لە ناو ژوورێکی قوڕ و لەبەر چرا دانیشتوون، ئەوەی نەگۆڕاوە تەنها قەشە و مینبەرەکەیەتی و لەسەر قسەکانی بەردەوامە و ئاگای لەوە نیە کە ڕوویداوە! لەناو هەموو ئەوانەدا کە دیارنەماون.

قەشە لەسەر قسەکانی بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکردووە؛ خەڵکەکەش بێدەنگ لەوێدا دانیشتوون و ه جلەکانیان مۆدێلی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستایە! هەموویان لە وتارەکەی قەشە تێدەگەن و زەینیان داوەتێ.

دیسان دەڵێتەوە: ئابرا کادابرا، دیمەنەکە دەگۆڕێت بۆ ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا و خەڵکانێک دانیشتوون و شتێکی ئەوتۆش لەدەوروبەریان نیە، بەڵام قەشە وەک خۆی هەر بەردەوامە. زۆر سەیرە قسەکان بۆ ئەوانیش دەبن! ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی ئەوەی لە ئێوەدا گۆڕاوە تەنها ڕووکەشەکانە، ئەگینا مێشکەکانی ئێوە هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. چۆن؟ تۆ بە کەر هاتووچۆ بکەیت یان بە وەنەوشە، هەر ئەوەیت و نەگۆڕاویت. دەزانیت ئەمە چی پێدەڵێن؟ پێیدەڵین: گۆڕانکاریی لە ڕووکەشدا و وەکخۆ مانەوە لە جەوهەردا.

با ڕوونتری بکەمەوە: دوو سەدە لەمەوبەر خەڵکی گوند شوێنی مەلاکەیان دەکەوتن و دەچوون بۆ نوێژە بارانە، سەریان ڕووت دەکرد و جلەکانیان شل و شێواو دەکرد و لە خوا دەپاڕانەوە، کە بارانیش دەباری یەکسەر وا هەستیان دەکرد خوا لە ئاسمانەوە ئاوی بۆ کردوونەتە خوارەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا تۆ هەر هەمان کار دووبارە دەکەیتەوە. لێرەدا چی گۆڕاوە؟ من پێت دەڵێم: تەنها ڕووکاری دەرەوەی جەستەت، دەنا مێشکت لەگەڵ گۆڕانی جیهاندا، هیچ نەگۆڕاوە. یانی چی؟ یانی زۆر دەمێکە مێشکی تۆ بەستراوە بە داتابەیزێکی دەرەکییەوە و ئیعازەکان لەوێوە دێن. داتابەیزەکەی تۆ چیە؟ ئەوەیان بۆ خۆت لێدەگەڕێم.

ئایا پێویست دەکات بڵێم مەبەستی من لە گومانگەرایی، بەدگومانی نیە!

ئەی چۆن ئەوە گومانگەراییە ئەم شارستانێتییە مەزنەی خۆراوای پێکهێناوە، ئەوەش یەقینە کە ئێمەی لەجێگای خۆماندا هێشتۆتەوە. جگە لەوەی کە بەردەوام گومانگەرایی جەخت لەسەر چەمکی (من) دەکات و پێویستە بیرکردنەوەکان، هزرەکان لەگەڵ مندا کۆک بن، ئەوە منم کە دەتوانم بیر لەو بیرکردنەوانە بکەمەوە. بە پێچەوانەشەوە لای ئێمە یەقین هەمیشە جەختی لەسەر (ئێمە) کردووەو هەقیقەتەکانی کردووە بە موڵکی هەمووان و دەرچوون لێیان، یان گومانلێکردنیان، بەردەوام کارەساتی بەدوادا هاتووە. بۆ ئەمە نمونەت بۆ بهێنمەوە؟

ئەوە بۆ خۆت لێدەگەڕێم، چونکە هەم زۆر باسکراوەو هەم دۆزینەوەشی زەحمەت نیە. لەبری ئەوە ئاماژە دەکەم بۆ خاڵێکی دیکە: هەمیشە ئەوانەی یەقینیان هەیە، بەدگومانن! واتە گومانیان هەیە لە هەر شتێک کە لەگەڵ یەقینەکەی ئەواندا نەسازێت، بەواتای ئەوەی پیلانێک، خیانەتێک، هەوڵێک بۆ نەهێشتنی یەقینەکەیان لەپشتی هەموو جیاوازییەکەوە هەیە؛ بۆیە بە توندترین شێوە بەرەنگاری دەبنەوەو بەهیچ جۆرێک ئامادەییان تێدا نیە مشتومڕی ئەقڵانییانەی لەگەڵ بکەن.

هۆی ئەمە چیە؟

سروشتی یەقین خۆی ئاواهییە، گومانکردن لە بەشێکی یەکسانە بە گومانکردن لەهەمووی، یەقین یان دەبێت هەمووی بەسەریەکەوە قبووڵ بکرێت، یاخود  هەر دەبێت هەمووی بەسەریەکەوە ڕەتبکرێتەوە. واتە یەقین هەرگیز بوار بە جیابوونەوە یاخود جیاوازیی یان ناکۆکیی نادات.

کاتێک ئاماژە بۆ کەسێک دەکەم و بە (گومانگەرا) لەقەڵەمی دەدەم، مەبەستم چیە؟ ئەو کەسە ڕازی نابێت باوەڕە باوەکانی ناو خەڵک بە دروست وەربگرێت، تەنها لەبەرئەوەی باون و خەڵکێکی زۆر پێیان قایلن. دەیەوێت هەموو شتێک بە ئەقڵی ئەزمون بکات، تاقییان بکاتەوە، هەڵیان بسەنگێنێت، بەرلەوەی بڵێ دەمخۆش. کەسی گومانگەرا هەرگیز ناڵێت “هەموو شتێک باشە” بەڵکو لە باشترین حاڵدا دەڵێت “شتێکی دیاریکراو لە ئێستادا باشە”، ئەو هۆی لۆجیکییانەی بۆ شتەکان دەوێت، نەک هەست و سۆز و زۆرینەو کۆنیی و … هتد.

بێگومان نابێت هزرت بۆ ئەوە بچێت کە فەیلەسوفە گومانگەرانکان لە هەموو شتێک دڕدۆنگن و پێیان وایە هیچ شتێك قابیلی زانین نیە، ئەوان واناکەن، چونکە ئەمە دەیانخاتە ناو ناکۆکییەوە لەگەڵ خۆیاندا: ئەوان ئەگەر بزانن هیچ شتێک قابیلی زانین نیە، ئەوە لانیکەم ئەمە دەزانن، کەواتە لانیکەم شتێک قابیلی زانینە. ئەوان واناڵێن، بەڵکو دەڵێن پێویستە گومان لەهەموو شتێک بکەین تا ئەو کاتەی بەڵگەی ئەقڵانی و لۆجیکی بۆ دروستییان پەیدا دەکەین.

زانین لای ئەهلی گومانگەرایی بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت. لە سەرەتادا (ڕا)مان هەیە، بەڵام نازانین دروستە یان نا، بە ئەزمونکردن و لێکۆڵینەوەو ئەرگومێنتکردن و هەڵسەنگاندن (ڕای دروست) لە نادروستەکان جیادەکەینەوە، پاشان ئەمیش بە پرۆسەیەکی درێژی ڕەخنەگرتن و مشتوماڵکردن و ئەرگومێنتسازییدا تێدەپەڕێت، ئینجا دەبێت بە زانین. بەڵام کارەکە هەر لێرەدا ناوەستێت، بەپێچەوانەی ئەهلی یەقینەوە کە بەردەوام خەریکی سەلماندنەوەی هەقیقەتەکانی خۆیانن؛ بەوەش بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ملی ڕێگایان گرتووە بەرەو نەزانین و نەزانینی زیاتر. بەڵام گومانگەراکان هەمیشە خەریکی هەڵسەنگاندنەوەی هەقیقەتەکانیانن و جار لەدوای جار بەدرۆیان دەخەنەوە؛ لەمەشەوە ئەو شتە سەرهەڵدەدات کە پێی دەوترێت پێشکەوتنی زانستی.

لەم قسانەوە دەچینە ناو لقێکی سەرەکیی فەلسەفەوە: ئێپستمۆلۆجی (واتە فەلسەفەی زانین) لێرەدا چەند پرسیارێکی بنەڕەتیی بەرزدەکرێنەوە: چی دەزانم؟ چۆن دەیزانم؟ با ئەمە بمێنێت بۆ کاتێکی دیکە. بەڵام دەمەوێت ئاگادارت بکەمەوە لە مەترسییەکی گەورە لەبەردەمی مرۆڤایەتییدا: تا دێت دەلاقەی نێوان ئەقڵی بایۆلۆجیی، (ئەو ئەقڵە سروشتییەی لە ئەنجامی پەرەسەندن و پێشکەوتنی شارستانێتییەوە بووین بە خاوەنی)، لەگەڵ ئەقڵی گریمانەیی و کۆمپیوتەرییدا کەمدەبێتەوە. لە ئێستادا جگە لە پرسە بیرکاریی و ماتماتیکییەکان، ئەقڵی گریمانەیی دەتوانێت موزیک بژەنێت، نیگار بکێشێت، عەمبارێکی گەورەی زانیاریی هەیە. بەڕاست تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم ئەقڵە بەسەر ئەقڵی بایۆلۆجیماندا سەربکەوێت و کارەکە پێچەوانە ببێتەوە: بمانکات بە کۆیلەی خۆی! ڕۆژێکیان ناچار ببین شەڕی سکای نێت (لەشکری ئامێرەکان) بکەین!

پرسیارەکە دووبارە دەکەمەوە: بەڕاست! ئەوەی بەر ئاوێنەکە کێیە؟

ناردن: