دەبێت شاعیرەکان لە باخچەکاندا جێ نەهێڵین
دەسا با شاعیرێک بکڕین
“دەبێت شاعیرەکان لە باخچەکاندا جێ نەهێڵین”
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم ناونیشانەی سەرەوە، یەکێکی دیکەیە لە کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی کتێبەکە ئەدەبەییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەدەبی پوورتوگالی، ڕۆمانێکی هێندە کورت، کە خۆی نادات لە سەد لاپەڕە، بەڵام لە ناوڕۆکدا هێندەی کتێبێکی چەند بەرگیی قەبە و گەورە، هەم چێژت پێ دەبەخشێت هەم هۆشیاری.
ئەم ڕۆمانە، لە لایەن نووسەرێکی فرە بەهرەی وڵاتی پوورتوگالەوە نووسراوە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس، وێنەکێش، میوزیکژەن و ڕۆماننووس، هاوکات لە لایەن (کاردۆ عەبدولڕەحمانەوە) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، دەسا با شاعیرێک بکڕین، ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
ئەم کورتەڕۆمانە باس لە زۆر شت دەکات کە پەیوەنددارن بە دونیای چواردەورمانەوە، لە ئیستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دەدوێت، هەڕەشە گەورەکانی سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریمان بۆ دەخاتە ڕوو، هەر لە ناونیشانەکەوە خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە کە خۆی ئامادە بکات بۆ گەشتێکی جیاوازی خوێندەوە، خۆی ئامادە بکات بۆ بەرکەوتنێکی قووڵتر و هەمەلایەنتر لەگەڵ کۆمەڵێک کاراکتەری سەیر سەیر و جیاواز، ڕووداوگەل و چیرۆکی نەبیستراو و دەست بۆ نەبراو، گەشتێک کە خوێنەری وریا هەر زوو ئاشنا دەبێت بە ڕێگا و پەردە لەسەر ڕووبەرە نادیارەکان هەڵدەماڵێت و پنت بە پنت، بە پانتاییە فراوانەکانیدا دەگەڕێت.
ئەم ڕۆمانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆمیدیانە، یاخود گاڵتەجاڕانە دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیدا تراژیدیای مرۆڤی نوێمان پیشان دەدات لە سایەی سیستەمی نوێی ئابووریی جیهانییەوە، بە شێوەیەک نووسراوە کە مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵگایەک، یاخود هەر تاکێکی ئەم جیهانە، وا هەست بکات چیرۆکەکانی ئەو دەگێڕێتەوە و باس لە کۆمەڵگاکەی ئەو و خودی ناخ و هزری ئەو دەکات.
ڕۆمانی (دەسا با شاعیرێک بکڕین) دنیای دڵڕەق و پڕ لە ئاریشە و قەیرانی ئەمڕۆمان بۆ شی دەکاتەوە، دنیایەک کە سیستەمی ئابووری، کاریگەریی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیانی تاکەکان داناوە و لە چوارچێوەی گرتووە، مرۆڤ و ژیان و گەردوونی لە قاڵبێکدا پێناسە کردووە و مێشک و هزریانی لەسەر یەک ڕیتم و جۆر لە ژیانکردن و دونیابینی و جوانی و چێژ و خەیاڵ میقات کردووە، دنیایەک کە بە هۆی جەنجاڵی و بەیەکداچوونی تۆڕە ئاڵۆزەکانی بەرژەوەندی و باڵادەستیی چینی سەرمایەداری، کە بۆ بێبەهاکردنی ژیان و بە ئامێرکردنی مرۆڤەکان، دەستی بۆ هەموو شتێک بردووە و هەموو جووڵەیەکی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی خۆیەوە، بۆ ئەوەی سەرئەنجام مرۆڤی تاکڕەهەند و یەک ڕەنگ و یەک جۆر بیرکرەوە بخولقێنیت، ئەویش لە ڕێی ئەو هەژموونە ئابووریی و باڵادەستییە حوکمڕانییەی کە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، لە دونیای نوێی مرۆڤایەتیدا ڕابەرایەتی دەکات.
ڕۆمانی دەسا با شاعیرێک بکڕین، ڕۆمانێکە ڕەخنەی ڕادیکاڵی و ڕیشەیی لەو نەزم و نیزامە دەگرێت کە هەموو شتێکی کردووە بە ژمارە و پێوانە، کە مرۆڤی ناچار کردووە هێندەی هەیەتی، هێندە بیر بکاتەوە و هەمیشە لە بیری ئەوەدا بێت کە قەیرانەکان دەتوانن لە پایەکانی ژیانی بدەن و لەقی بکەن و شکۆی مرۆڤانەی دابڕمێنن، نرخی کاڵا و بەروبوومەکان گران بکەن و ناچارت بکەن لە ڕێی ژمارەکانەوە حیساب بۆ هەنگاونان، خواردن، گەڕان و هەموو جووڵەکانی ژیان بکەیت.
گێڕەرەوەی ڕۆمانەک کچی پیاوێکی سەر بە چینی سەرمایەدارییە و دابونەریتە ئەرستۆکراتییەکانی لە خانەوادەکەیاندا جێبەجێ دەکرێت، خێزانێک کە خاوەنی هەموو شتێکن لە ڕووی دارایی و پێگە و کەسایەتی خۆیانەوە، پەیوەندییەکانیان بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چینەکەی خۆیان دەبەنە پێشەوە، یان پاشەکشە دەکەن لێی، ماڵێک تەنراو بە دنیای بێ ڕۆحی ماددی، حیساب بۆ گرام بە گرامی خواردنەکانیش دەکەن، بەڵام ماڵێکە بێ خەیاڵ، بێ پرسیار و جوانییە سادەکانی ژیان، هەر بۆیە لەسەر پێشنیاری کچەکە، کە داوا دەکات شاعیرێک بکڕن و لە بری باڵندە و ئاژەڵ و سەگ و پشیلە، شاعیرێک لە ماڵەکەیاندا بەخێو بکەن، سەرەتا بۆ سەرگەرمیی خێزانەکە تەماشای بابەتەکە دەکەن، بەڵام دەواتر بە هاتنی شاعیرەکە بۆ نێو خێزانەکە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر جۆری ژیان و بیرکردنەوەی تاکەکانی خێزانەکە دروست دەکات، بەوەی هەر لە ساتی گەیشتنی شاعیرەکەدا، خەیاڵیش دەگاتە ماڵەکە، بێگومان ئەم ماڵە کە نموونەیەکی دونیای سەرتاسەریی سەرمایەدارییە لەم ڕۆمانەدا، ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نەبووبێت خەیاڵ بووە و پێێان وا نەبووە کە خەیاڵ دایکی، یاخود دروستکەر و خولقێنەری هەموو شتەکانە، پێیان وا نەبووە کە تەواوی ئەو شتە گەورە و بچووکانەی لەم دونیایەدا هەن، سەرەتا لە خەیاڵدا بوون، دواتر بیریان لێ کراوەتەوە، ئینجا دروست کراون، بۆیە لێرەوە ئەم ڕۆمانە بە گرنگییەکی زۆرەوە باس لە بەهای خەیاڵ و ڕۆڵ و کاریگەریی خەیاڵ دەکات لە ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری و ژیانیشدا.
بوونی شاعیرەکە لەنێو ئەو خێزانەدا، واتە بوونی دونیایەکی جیاواز، زمان و تێگەیشتن و دونیابینییەکی جیاواز، کە بێ ئەوەی پێشتر چ حیسابێکیان بۆ کردبێت، یاخود بیریان لێ کردبێتەوە و بە گرنگیان زانیبێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو ئەندامانی خێزانەکە سوودی لێ دەبێنن و هەموو نووسین، ئاماژە، هەڵسوکەوت و جووڵە و قسەیەکی شاعیرەکە، بۆ ئەوان دەبێت بە ئەزموونێک و هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەن کە پێشتر بەبێ بوونی خەیاڵ و دیدگایەکی شاعیرانە، لە ژیانیاندا هەبووە، واتە ئەو چێژە ماددییەی لە ڕێی سەرمایەوە دەستیان کەوتووە، بە چێژێکی راستەقینەیان زانیوە، بەڵام کاتێک قەیرانی ئابووری دروست دەبێت، ترسێکی گەوتر سەرلەبەری خێزانەکە دادەگرێت، یەکەم شت بیر لە کەمکردنەوەی خەرجی ڕۆژانە دەکەنەوە، دواتر شاعیرەکە دەبەن لە باخێکدا بەرەڵای دەکەن، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە دواجار خێزانەک لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە و دایککە چیدی ئەو ملکەچی و بێدەنگییە قبووڵ ناکات کە پێشتر تیایدا بووە و شتێکی گرنگ بەدەست دەهێنێت، کە ئەویش ئازادییە، ئەم ئەزموونەش تەنها لە شاعیرەکەوە فێر دەبێت و لەوەوە لە بەها و گرنگیی ئازادی تێدەگات، لێرەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات کە شاعیرەکە چ سوودێکی پێ گەیاندوون، چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕەوتی ژیان و بیرکردنەوەیان هەبووە و چۆن چۆنی ژیانە ڕاستەقینەکە و چێژە گەورەکەی ژیانی پێناساندوون.
بێگومان ئەم ڕۆمانە فرەڕەهەندە و باس لە تەنها یەک جۆر بابەت، یان چیرۆک ناکات، بەڵام هەر چۆنێک لێی بڕوانین، لە لایەکەوە ڕەخنە لە دونیای ساردوسڕو بێ گیانی ماددییانەی سەرمایەداری دەگرێت، لە لایەکی دیکەوە شکۆی خەیاڵ پیشان دەدات کە چ ڕۆڵێکی بونیادی هەیە، هەم لەسەر ژیان، هەم لەسەر تێگەیشتن و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، بە تایبەت لە سەردەم و دونیایەکدا، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە خۆری شیعر ئاوا بووە و شیعر ئەو هێز و توانایەی نییە کە دەست بخاتە ناو ژیانەوە و کاریگەری لەسەر پێشهات و کۆمەڵگە و ڕووداوەکان و عەقڵەکان هەبێت، لێرەدا و لەنێو جەرگەی ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ئەم ڕۆمانەوە، دەگەین بەو یەقینەی کە هەر شتێک زادەی خەیاڵ بێت، توانای مانەوەی زیاترە و کاریگەریی ئەوتۆش لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و پەیوەندی و مرۆڤەکان جێ دەهێڵێت.
هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکدا، وەرگێڕی ڕۆمانەکە خستوویەتییە ڕوو، نووسەری ئەم ڕۆمانە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پوورتوگالییە، ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی (فیگوبرا دا فوز) لەدایک بووە، کۆلێژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە، یەکەمین چیرۆکی لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهانی)ی بڵاو کردەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆر لە بارەیەوە دروست بوو، خەڵاتی (کامیلو برانک)ی بەدەست هێنا.
نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پوورتوگال و ئەروپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون.
ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت، دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوی کردووەتەوە، ناوی (کوشتنی خوا)یە، لە ساڵی ٢٠١٠ دا چیرۆکی (ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن)ی بڵاوکردەوە، لەگەڵ (مەسیح بیرە دەخواتەوە) کە ئەمیان بە یەکێک لە دیارترین چیرۆکی پوورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا دادەنرێت.
بە گشتی ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکە و سادەیە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هان بدەین دەست بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشە بکەن، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە سەرنج و وێناکردنەکانمان بۆ دونیای سەرمایە و پەرژەوەندیخوازیی ئەو نەزم و نیزامە دەگۆڕێت، هاوکات ئاگادارمان دەکاتەوە کە لە چ ئێستا و لە چ فەزایەکی دڵڕەق و تووند و سارددا دەژین، کە چۆن ئابووری سیفەت و تایبەتمەندییە مرۆییەکانی لێ سەندووینەتەوە هەموو شتێکی، بە ناوەکانیشمانەوە کردووە بە ژمارە.