کۆمەڵگەی شاعیرکڕ، یان کۆمەڵگەی سەرمایەداری

Loading

کۆمەڵگەی شاعیرکڕ، یان کۆمەڵگەی سەرمایەداری

خستنەڕووی: “دەسا با شاعیرێک بکڕین”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

سەرەتا دەکرێت لەم خاڵەوە دەست پێ بکەین و وەک باسێک بیخەینە بەرچاو، ئەویش پرسی ناوی نوێ و ئەدەبی نوێیە بۆ ناو پانتایی کولتووریی، ئەویش لە ڕێگەی کاری وەرگێڕانەوە، زەروورەتی ئەم کردەیە، واتا کردەی وەرگێڕانی ناوێک کە پێشتر بە خوێنەری کورد ئاشنا نییە و هیچ کارێکی نەکراوە بە کوردی، لە بەرانبەر ئەو ناوە دیارانەی کە ئەگەر هەموو بەرهەمەکانیشیان وەرنەگێڕابێت بۆ سەر زمانی کوردی، ئەوا دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆر لە کارەکانیان تەرجەمە کراونەتەوە و بەردەستن، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەردوو کارەکە گرنگ و جێی بایەخن، بەڵام لێرەدا و بە شێوەیەکی تایبەت (نیسبەت بە کتێبی بەرباسەوە) دەتوانین گرنگی دەنگی نوێ لە پانتایی وەرگێڕاندا دەربخەین، بەو واتایەی ئەو ئەدەبیاتە نوێیەی هەنووکە لە دنیادا دەنووسرێت و خوێنەرانێکی زۆر پێشوازی لێ دەکەن و نووسەرەکانیان خەریکی چنینەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکانن و بەردەوامیش بۆ زمانە زیندووەکان وەردەگێڕدرێن، بۆ ئێمەیش وەک کورد، وەک نووسەران و خوێنەران، ئاشنابوون بەو دەنگە جددی و نوێیانە هێجگار گرنگە و دەتوانێت کاریگەریی ناوازەی هەبێت، ئاسۆی تازە بەسەرماندا بکاتەوە و هاوکات پەیی بەو دنیا نوێیە ببەین کە نووسەران دەیخولقێنن و پێشکەشی دەکەن، ئەوە جیا لە گرنگی لایەنە هونەرییەکانی ئەو دەقانە، کە بە فۆرمی تازە و تەکنیکی نوێباو و ئەمڕۆیی، فەزایەک دەسازێنن کە پڕە لە سەرکێشی و جوانی لە داهێنان و نوێگەریدا.

ئەفۆنسۆ کرووش بۆ خوێنەرانی کورد ناوێکی نوێیە، ڕۆمانە چکۆلەشی “دەسا با شاعیرێک بکڕێن” بە هەمان شێوە ناوێکی نوێیە، وەرگێڕەکەشی “کاردۆ عەبدولڕەحمان” دیسان ناوێکی تازەیە بۆ وەرگێڕانی کوردی، کە واتە ئێمە لە بەردەم کتێبێکی تازەداین بە هەموو بارەکاندا. ئەفۆنسۆ کرووش، چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پورتوگالییە. ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی فیگویرا دا فوز لەدایک بووە. کۆلیژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگەی هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە. یەکەمین چیرۆکی ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە. دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهان)ی بڵاو کردووەتەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆری لە بارەوە کرا؛ خەڵاتی “کامیلو کاستیلو برانک”ی بەدەست هێنا. نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پورتوگال و ئەرووپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاد لە بیست زمان وەرگێڕدراون. ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت. دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، ناوی “گۆشتی خودا”یە، لە ساڵی ٢٠١٠دا چیرۆکی “ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن”ی بڵاو کردەوە، لەگەڵ “مەسیح بیرە دەخواتەوە” کە ئەمەیان بە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین چیرۆکی پورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردووەدا دادەنرێت.

“دەسا با شاعیرێک بکڕین” نۆڤلێتێکی بچکۆلە و یەک پشووە، خوێنەر دەتوانێت هەر دەستی دایە، لەگەڵ ڕووداوەکانیدا تێهەڵکێش ببێت و بچێتە نێو جوگرافیای گێڕانەوەیەکی ناباو و سەیر، گێڕانەوەیەک کە ڕەنگە بۆی، یەکەم جار و سەرەتا بێت. چیرۆکی ئەم نۆڤلێتە بەسەرهاتی خێزانێکی چوار کەسیی دەگێڕێتەوە، ئەوان و ناوماڵەکەیان چەقی ڕووداوەکانن و هەموو شتێکی لەوێوە ئاراستە دەکرێت. خێزانەکە لە چینی خوار ناوەندەوەن، ئەم چینە بزوێنەری بەشێک لە کایەکانی کۆمەڵگەن، پایەیەکی گرنگن لەناو دنیای شاردا و دەتوانن بە کردە جووڵە بخەنە ڕەوتی شلوشاوی شار. ئیدی ئەو جموجووڵە هەرچییەک بێت، بچووک یاخود گەورە، ئەوەی کە گرنگە ڕێک لەو کاتەدا کە خەریکە شتەکان بەرەو چەقبەستوویی و نەگۆڕان دەچن، ئەوان کارێک دەکەن کە ئەو دۆخە بشڵەقێت، ئەم ڕۆمانە بە بیرۆکە سەیروسەمەرەکەیەوە لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، بیرۆکەکەی کەمێک ناواقیعی و نالۆژیکییە: کڕینی شاعیرێک و هێنانی بۆ ماڵەوە! بەڵام ئەمە ڕوو دەدات و تەواوی هێڵە لاوەکییەکانیش بە دەوری ئەم بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە، بە واتایەکی تر دەکەونە خزمەتی ئەو بیرۆکەیەوە. خێزانەکە شاعیرێک دەکڕن، بۆ بچووکترین منداڵی خۆیان، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموویان بەو شاعیرە و دنیاکەیەوە سەرقاڵ دەبن، یان شاعیرەکە بە نواندنی کردارەکانی ئەفسوونباریان دەکات و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم نۆڤلێتە زمانی گێڕانەوەکەیەتی، زمانی گێڕانەوەی ئەم دەقە زمانێکی تەنزئامێز و کۆمیکە، ڕێک هەڵگۆزتەی تێمای سەرەکیی دەقەکەیە، زمانە دنیایەک ڕۆ دەنێت، کە هەمیشە وەک چەقۆی دوو دەم دەتوانێت بپکێت، دنیایەک کە دنیای شاعیرانە، دنیایەک کە دنیای سەرمایەدارییە، ئەم نۆڤلێتە زۆر بە وردی ئەو خەتانە پێشان دەدات کە وەک وردەگێڕانەوە دەڕژێنە نێو ڕووباری شاگێڕانەوەکەیەوە. دۆخی شاعیران لە سەردەمی ئێستادا، سەردەمی سەرمایەداری، دنیایەکی پارادۆکسە، پێکەوە هەڵناکەن، ئەوەی بە “خەونی شاعیران” ناسراوە، لەم زەمەنەدا خەونێکی پووچەڵە و بڕ ناکات، لە درێژە و مەتنی نۆڤلێتەکەدا ئەو خەونە شاعیرانەیە بە شێوەی جیا جیا هاتووە، جارێک وەک شەو و مانگ، جارێک وەک پەپوولە و گوڵ و… نووسەر نایەوێت ئەم هەڵنەکردنە بە وشەیەک ڕایی بکات، بەڵکو دەیەوێت لە بەگەڕخستنی ئەو زمانە تایبەتەوە حاڵەتەکە بخاتە بەرچاو، گاڵتە بەو دنیایە دەکات، بە خودی شیعر نا، بەڵکو بە شاعیرانێک کە هێشتا ئەوداڵی غەزەلخوانین، هێشتا گۆرانی بۆ گوڵ و مانگەشەو دەڵێن، لە کاتێکدا زەمەنەکە هێجگار زبرە و لە مێژە لەو خەونانە تێپەڕیوە، دەبێت شاعیران خەونی نوێ دابهێنن، خەونگەلێک کە تەعبیر لەو سەردەمە بکات وا تێیدا دەژین، نەک خەونی چەند سەدە لەوەوبەر ببیننەوە. ئەمە هاوسەنگی نییە، هاوتەریبییە لە نێوان دوو دنیای بە ڕواڵەت پێک ناکۆکدا، بەڵام لە ناوەخندا دەتوانن هاوشان بڕۆنە پێش و بەرگەی قورسییەکانی یەکتر بگرن، دۆزینەوەی ڕێگەی یەکگرتنەوەی شیعر و سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا ڕەنگە سانا نەبێت، بەڵام شاعیرانێکی درککەر، شاعیرانێک کە چاویان لە قووڵایی واقیع و بێڕەحمی ئەمڕۆ بڕیوە و نادادییەکان ئازاری ویژانی شاعیرانەیان دەدات، دەتوانن لەو جێگەیەدا، لەو پۆخڵەواتییەشدا، شیعر ببیننەوە.

خاڵێکی ناوازە لەم کورتەڕۆمانەدا نەبوونی ناوە، بە تایبەت ناوی کەسێتی، لە بری ئەوە ژمارە و پیتمان هەیە، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ئاڵۆزییەک پێک بهێنێت، بەڵام پشتینەی ئەم ناوانە بۆ دەقەکە نەوتراوەکانی دەق تۆختر و دەوڵەمەندتر دەکەن. نەبوونی ناو، ناسینەوەی کەسەکان بەپێی ژمارە و پیت، دەلالەتە لە ونبوونی شوناس، لە دنیای نوێدا، لە سەدەی بیستویەکدا، لە باڵادەستبوونی پارە و ساماندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە “دەسا با شاعیرێک بکڕین” دەنگی سەردەمەکەی خۆی بەدەنگ هێناوە، ڕەخنەی دەکات، بەو بارودۆخە ڕازی نییە و بە شێوەیەکی تەنزئامێز دەرگیری دەبێت.

ئەم کورتەڕۆمانە وەک چۆن بە سەرەتایەکی ناوازەوە دەست پێ دەکات، بەو جۆرەش بە کۆتاییەکی سەیرەوە خوێنەر بەجێ دەهێڵێت، کۆتاییەک کە ناتوانیت ناوێکی دیاریکراوی بخەیتە سەر، ئایا ئەوە بەشێکە لە ڕەوتی گێڕانەوەی نۆڤلێتەکە، یان نا، وتارێکە دەربارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەدا، کۆتاییەکە بە چەند داتا و بەڵگە ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییە لە کۆمەڵگە جیاکاندا دەردەخات و خوێنەریش ڕەنگە بڵێت ئێ، ئەمە بۆ، لەپای چی ئەم باسە! ڕەنگە قورس بێت وەڵامێکی قەتعی و یەکدەست بەو گومان و ڕاڕاییە، بەڵام ئەگەر بە هەمان ڕێڕەو کە لەگەڵ فۆرم و ناوەڕۆکی “دەسا با شاعیرێک بکڕین”دا هاتوون درێژە بدەین، ئەوا دەتوانین بەم جۆرە کۆتاییەکە بخوێنینەوە: کۆتاییەکە دەیەوێت پێگە و ڕۆڵی نووسەر، بە تایبەت چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، لە دنیای ئەمڕۆدا دیاری بکات، لە بەرانبەر ئەو پێشهات و ڕووداوانەی بەردەوام لە دەوروبەری دەگوزەرێن، بە تایبەت کێشەی سەرمایەداری، کە گرفتێکی بنچینەیی کۆمەڵگە جیاوازەکانە و زۆرێک لە خێزانەکان بەو گرفتەوە دەناڵێنن و تا ڕادەی هەڵوەشانەوە، هەڵدەوەشێنەوە. لە ڕووی فۆرمیشەوە، دەتوانین بڵێین کە دەقەکە هەڵگری فۆرمێکی جیاوازە و هەواڵی داوە ئەو جیاوازییە بە جومگە بە جومگەوە دەربخات، بێگومان کۆتاییش بەشێکی گرنگە لە جومگەکان و کۆتایی ئەم نۆڤلێتەش جەختی ئەو جیاوازییە دەکاتەوە.

ناردن: