کاتێک واقیع بە شوێن شانۆدا دەڕوات خستنەڕووی: دواشەوی لۆرکا
کاتێک واقیع بە شوێن شانۆدا دەڕوات
خستنەڕووی: “دواشەوی لۆرکا”
بەختیار حەمەسوور
گرنگی شانۆ هەر لەوەدا نییە کە چێژ و خۆشییەک لە نمایشەکەی وەربگرین، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان پاژێکی ژیانی ئێمەیە لەسەر تەختەی شانۆ، تەعبیرە لە دۆخ و حاڵی ئێمە لە بڕگەیەکی مێژووییدا، هۆشیارییەکی گرنگە لە ئاست ئەوەی لە دەوروبەرمان گوزەراوە، یان خەریکە دەگوزەرێت، یان لە داهاتووی نزیک و دووردا ڕوو دەدات، بۆیە شانۆ پێبەپێی ژیان دەتوانێت کارا بێت، دەتوانێت ژیان بگوشێتە هەناو خۆی و بینوێنێتەوە، ئەوەش خەسڵەتی هەموو دەقە گرنگ و جیهانییەکانی شانۆیە. پرسی دەق لە شانۆدا، لە پرسە جددییەکانە، مامەڵەکردنی دەرهێنەر لەگەڵ دەقدا بەشێکی بنچینەیی سەرکەوتن، یان سەرنەکەوتنی نمایشە، بۆیە دەق وەک بنەمایەکی سەرەکی هەموو نمایشێک مەرجێکی لەپێشە، دواتر جومگەکانی تر دێن. وەک چۆن هەموو دەقێکی شانۆیی ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەم دەرهێنەردا تاکو کاری لەسەر بکات و بیخاتە سەر تەخنەی شانۆ و نمایش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەگەرێکی کراوەیە وەک هەر دەقێکی ئەدەبی بچێتە بەردەم خوێنەر و بیخوێنێتەوە، ئەوە دیدێکی باو و باڵادەستە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا بۆ نمایشە، دیدێکی کورتهێن و پووچەڵە، کەم نین ئەو دەقە شانۆییانەی کاریگەرییان لەسەر تەواوی ژانرەکان هەبووە و بەردەوامیش لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا، لە لایەن لێکۆڵەران و بیرمەندانەوە، وەک نموونە و پانتاییەک بۆ پراکتیک، بۆی گەراونەتەوە.
کتێبی “دواشەوی لۆرکا” کتێبەکە هەردوو بوارەکەی گرتووە، لەم کتێبەدا چەند دەقی شانۆیی هەن و لەپاڵ ئەوەشدا چەند خوێندنەوە هەن کە بۆ چەند نمایش کراون، نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی خاوەنی ئەم کتێبەیە و کتێبەکەش دەچێتە خانەی وەرگێڕان و ئامادەکردن و نووسینەوە، ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ کراوە و پێک هاتووە لەم بابەتانە:
پێشەکی
دەقی شانۆیی
- ڕۆژژمێری پیاوێکی سەیر: ئازاد بەرزنجی
- بەهێزتر: ئۆگەست ستریندبێرگ
- دواشەوی لۆرکا لە ڤیزنار: جەلیل قەیسی
- گوڵی بەهار هات: جەلیل قەیسی
- ئەی شاعیران ماڵئاوا: جەلیل قەیسی
ڕەخنەی شانۆیی
- سەبارەت بە نمایشی (کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی)
- سەبارەت بە نمایشی (کۆچبەران)
- سەبارەت بە نمایشی (مارا ـ ساد)
لە پێشەکییەکەدا، بەرزنجی باس لە سەرەتاکانی خۆی لەگەڵ شانۆدا دەکات و دەنووسێت: «شانۆ لە ژیانمدا هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە تێیدا هەستم بە ئارامییەکی ڕۆحیی زۆر کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێت کە لەو کاتەوەی قوتابیی سەرەتایی بووم؛ عاشقی نواندن بووم و هەر لەو ڕۆژگارەشدا بەشداریم لە یەک دوو کاری شانۆییدا کردووە. بۆیە ڕەگوڕیشەی ئەو هەستەم دەگەڕێتەوە بۆ مناڵی، پاشانیش لاوی.» پاشتر لە درێژەی هەمان باس، لە گەشتەکەی لەگەڵ شانۆدا دەدوێت، چ وەک ئەوەی هەمان بەش دەخوێنێت، چ وەک ئەوەش بە نووسین، وەرگێڕان، نواندن، دەرهێنان و ئامادەکردنەوە سەرقاڵ و چالاک دەبێت. ئەم کتێبەش: “دواشەوی لۆرکا” بەرهەمی بەشێکی بچووک لە شەونخوونی ئەو ساڵانە و ئەو پڕۆژە شانۆییانەیە کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئەنجامی داون.
دەقە شانۆییەکان پێنج دەقن، کە هەریەکەیان دەقی بە بایەخ و گرنگن، دەقی یەکەم کە ئازاد بەرزنجی خۆی نووسیویەتی، لە چیرۆکی “ڕۆژژمێری شێتێک”ی نووسەری ڕووس: گۆگۆڵەوە وەری گرتووە، شیاوی ئاماژە بۆ کردنە ئەم چیرۆکە لە زمانی ڕووسییەوە لە لایەن جەلال تەقییەوە کراوە بە کوردی. دەقی دووەم دەقی “بەهێزتر”ی نووسەری گەورەی سوێدی: ئۆگەست ستریندبێرگە. سێ دەقی دوایینی ئەم کتێبە، بەرهەمی نووسەری دیار و چیرۆکنووس و شانۆنووسیی شاری کەرکووک و ئەندامی “گرووپی کەرکووک”، جەلیل قەیسییە. (دواتر خوێندنەوە بۆ یەکێک لە دەقەکانی جەلیل قەیسی دەکەن.) بەشی دووەمی کتێبە خوێندنەوەی سێ نمایشی شانۆیین، کە بوونەتە جێی سەرنجی ئازاد بەرزنجی و هەوڵی داوە باری سەرنجەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و سادە دەرببڕێت، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سێ خوێندنەوەیە ئەوەیە، کە نووسەر کەشێکی وەهای خولقاندووە کە ئەگەر خوێنەر نمایشەکەشی نەبینیبێت، لە هێڵە درامیەکە دانەبڕێت، ئەویش بەوەی کە تێما شانۆییەکەی داڕشتووەتەوە و لە قاڵبی داستانێکدا گێڕاویەتیەوە.
دواشەوی لۆرکا لە «ڤیزنار»
وەک لە سەرەتای شانۆکەدا هاتووە، جەلیل قەیسی بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شاعیری مەزنی گەلی ئیسپانیا: “فیدریکۆ گارسیا لۆرکا” ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە. هاوکات سەبارەت بە ناوی “ڤیزنار” نووسراوە: ئەو شوێنەیە کە لۆرکای تێدا گیرا، شەوێک تێیدا مایەوە و پاشان لە ڕۆژی داهاتوودا گوللەباران کرا. شانۆنامەکە دەربارەی دوایین شەوی لۆرکایە، ئاشکرایە کە لۆرکا شاعیرێکی گەورەی ئیسپانیا و جیهانە، ئەم شاعیرە لە لایەن ڕژێمی پاشایەتی ئیسپانیا و دەسەڵاتدارانی فرانکۆوە دەگیرێت و دواتر بە تۆمەتی ئاژاوە و هاندانی خەڵک لە دژی دەسەڵات، گوللەباران دەکرێت. ڕەنگە پرسیار بێت هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ شانۆ، لە لایەن نووسەرێکی وەک جەلیل قەیسییەوە، سەرچاوەکەی بۆچی بگەڕێتەوە؟ دەقەکەی قەیسی، بەپێی مێژووی نووسینەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، واتا سەروەختی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، جەلیل قەیسی ئەو دۆخە سەرکوتکاریی و دیکتاتۆرییەتەی ئیسپانیا وەک ماسکێک لە ڕووی ئەم دەقە دەپۆشێت بۆ پێشاندانی هەمان دۆخی ڕۆشنبیران و خەڵک لە عێراق و ژێر چەپۆکی ڕژێمی بەعسدا، ئەگەرچی ئەو دوو دەسەڵاتە سەر بە دوو شوێن و کاتی جیاوازیشن. شانۆنامەکە وێنایەکی گشتییە دەربارەی دۆخی ئیسپانیا، ڕووداوەکانی دەقەکە لە ساڵی ١٩٣١وە دەست پێ دەکەن، ئەو کاتەی پاشا هەڵدێت و هەواڵەکەی لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەبێتەوە، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی دێت و دەسەڵاتی کۆماری لەو وڵاتە دێتە سەر حوکم، هەروەک ئەوەی لە عێراقیشدا ڕووی دا. بێگومان هەر ئاڵوگۆڕێکی لەو چەشنە لە وڵاتدا، بێ خوێنڕشتن مەحاڵە، بۆیە شانۆنامەکە نەک بەو جۆرەی بچێتە ناو ڕووداو و کارەساتی خوێنڕشتنەکانەوە، بەڵکو لە ڕێی ئەو ترسە پێشوەختەی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لایان دروست دەبێت، دەیەوێت وێنای ڕۆژانی پاشتر بکات، ئەو ڕۆژانەی کە دێن و پڕن لە حاڵەتی نائاسایی و ترسناک.
دواتر شانۆنامە باز بەسەر چەند ساڵێکدا دەدات و لە مێژووی (١٧ی ئابی ١٩٣٦)دا دەوەستێت؛ ئەمەش ئەو ڕۆژەیە کە لۆرکای شاعیر تێیدا دەستگیر دەکرێت. سەبارەت بە جۆری لێکۆڵینەوە و گرتن و لێپێچینەوە لەگەڵ لۆرکادا، چەندین گێڕانەوە هەن، ئەوەی ئەم دەقە شانۆییەش یەکێکی ترە لەو گێڕانەوانە و زادەی خەیاڵی بە بڕشتی جەلیل قەیسییە. ئەفسەری لێکۆڵەر: “خۆسیە کۆزمان” بە شێوەی توند و بریندارکەرانە لێپرسینەوە لەگەل لۆرکادا دەکات، لۆرکاش وەک شاعیرێکی زرنگ و شۆڕشگێڕ بەرەو ڕووی دەوەستێتەوە و لە بەرانبەر هەموو ئەو تۆمانەی ئاڕاستەی دەکرێن، دەڵێت لەبەر خۆشەویستی خاکی ئیسپانیا و خەڵکەکەی کردوونی، شاعیرانە بەرگری لە بیروباوەڕی خۆی دەکات، بیروباوەڕی ئەو شیعر و گۆرانییەکانین کە بەسەر زاری هەموو خەڵکی ئیسپانیاوەن. کۆتایی ئەو لێپێچینەوە توندە، بڕیاری گوللەبارانکردنی لۆرکایە. پاشان لۆرکا دەبرێتە ژوورێکی تاکەکەسی و لەوێ دوو کەس دەبینێت، یەکەمیان خزمەتکارە ئافرەتەکەیەتی بە ناوی “ئەنخیلینا”، دووەمیش مۆسیقاری مەزنی غەرناتە “دیۆنسیکۆ گۆنزالیز”، کە ئەویش وەک لۆرکا دەستبەسەر کراوە بە هەمان حوکم، حوکمدراوە.
لە درکاندنێکدا بۆ ئەنخیلینا، لۆرکا باس لە پێشبینیی مەرگی خۆی دەکات، کە هەر لە مناڵییەوە وێنای کردووە و دەڵێت: «ئەنخیلینا دەزانیت من هەر لە منداڵیمەوە دڵم وا خەبەری دەدامێ کە مردنێکی سەیر دەمرم… بەڵکو مردنێکی زۆر دراماتیکیانە… منداڵ بووم… بەیانییەکیان خەوم زڕا و بەر لەوەی خۆر هەڵبێت هەڵسام ـ هێشتا ئاسمانی “ئەستریمادۆر” تەم گرتبووی… لە نێوان دوو پەیکەری شکاو و کۆندا دانیشتم و تەماشای خۆرم دەکرد کە خەریک بوو هێدی هێدی هەڵدەهات… پەیکەرەکان لە مەڕمەڕ دروست کرابوون و پاشماوەی سەدەی هەژدەیەم بوون… لەو شوێنەی منی لێ بووم، کۆمەڵێک کۆشکی چۆڵ هەبوون، لە کۆشکە کۆنەکانی پیاوە گەورەکانی ئیسپانیا دەچوون… لەپڕێکدا بەرخێکم بینی بە لای مندا تێپەڕی؛ لە ڕانەکەی جیا بووبووەوە، لەناو کۆشکە وێرانەکانەوە شەش بەراز پەیدا بوون و بە هەڵپە شاڵاویان بۆ بەرخەکە برد و لە ماوەی چەند دەقیقەیەکدا ملیان شکاند و لەتوپەتیان کرد. ئەگەرچی کە ئەوەم بینی زۆر ترسام، بەڵام لە جێی خۆم نەجووڵام و سەیری بەرازە ڕەشەکانم دەکرد چۆن لەژێر باڵی ترسوبیمی ئەو بەرەبەیانەدا ملی بەرخەکەیان شکاند. خۆسیە کۆزمان و پیاوەکانیش وەکو ئەو بەرازانە ملی من دەشکێنن… هەر لە منداڵیمەوە دڵم ختوورەی دەکرد کە کەسانێک لەتوپەتم دەکەن.»
کۆتایی ئەم شانۆنامەیە کۆتاییەکی جیاوازە، تەکنیکی شانۆیە لەناو شانۆدا، لە دیمەنی بردنی لۆرکاوە بۆ دەرەوەی زیندان و جێبەجێکردنی ئەو حوکمەی وا بە سەریدا دراوە، لە هەمان ئەو کاتەدا گرووپێک کار لەسەر نمایشی شانۆنامەی “زەماوەندی خوێن”ی لۆرکا دەکەن، هەواڵ دێت نووسەری ئەو شانۆنامەیە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە گوللەباران کراوە. کۆتا دیالۆگیش دیالۆگی “لۆلا”یە، هەمان ئەو کچی هەواڵی مەرگی شاعیری مەزنی ئیسپانیا دەهێنێت، لۆلا ڕوو بە بینەران دەوەستێت و دەڵێت: «خانمان… بەڕێزان… لە کاتێکدا ئەم هۆڵە جێدەهێڵن، هیوادارم منداڵە ئەندەلووسییە شەهیدەکەمانتان لە بیر نەچێتەوە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش خەم دایگرتن، پەنا ببە بەر وشەکانی ئەو… چونکە ئەم غەرناتییە بۆ ئەوە خولقاوە کە خەمی دڵە شەکەت و ماندووەکان بڕەوێنێتەوە.»