چەند سەرنجێک دەربارەی نەنە پەریزادم گێڕایەوە

Loading

چەند سەرنجێک دەربارەی نەنە پەریزادم گێڕایەوە

ڕانانی: سەردەم

 

کتێبێکی دیکەی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) ئەم کتێبە داستانە و لە لایەن (گێرد مانێ- ئاننێ ڤێننێ شیلدە) کۆکراوەتەوە و هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی) بە زمانێکی زۆر سادە و ڕوون، بێ گرێ و تاسە، لە سویدییەوە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەوروپایی و چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمریکای لاتین و یەک دانەیشی هی ئەکسیمۆیە، وێرای پەرشوبڵاوی جیۆگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن: کتێبەکە یەکەم جار لە زمانی نەرویجییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش هاوین و پاییزی ساڵی ١٩٨٦ لە زمانی سوێدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەند ترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سوێدی.

ئەم کتێبە، واتە (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) لە چەندین چیرۆکی فۆلکلۆر و داستانی جۆراوجۆری میللەتانی جۆراوجۆر  پێکهاتووە کە هەر یەکەیان ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە و ناونیشانەکانیش کتومت گوزارشت لە ڕووداوەکانی نێو داستانەکان دەکەن، بە مانایەکی دیکە، هاوئاهەنگییەک لە نێوان خودی ناونیشان و بابەتی داستانەکاندا هەیە، لەوانە: ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن  کرد، خەیاڵپڵاو، ماسییە زێڕینەکە، زەماوەندی جرج، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقارشەقارە؟ هەسارەگەشەی گەلاوێژ، کناچە و مانگ، چوار براکە و چەندین ناونیشانی دیکە.

ئەم چیرۆک و داستانانە لە لایەکەوە بە زمانێکی چێژبەخش گێڕدراونەتەوە، لە لایەکی دیکەوە پڕن لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری، هاوکات دەوڵەمەندیی خەیاڵی مرۆڤیشمان پێ دەناسێنێت کە چ توانایەکی گەورە و داهێنەرانەیان هەبووە لە خولقاندنی کەش و فەزایەکی تەواو هونەری و خەیاڵئامێزدا، هەر یەک لەو چیرۆک و داستانانە، سەر بە دونیا و فەرهەنگ و میللەتانی جیاوازن، کەچی لە هەندێک حاڵەتدا شێوە و دەربڕین و داستانەکانیان هێندە نزیکن لە یەکترەوە، هەر دەڵێی نووسەرێک نووسیونیەتەوە، بە تایبەت لە شێوازی گێڕانەوە و موفرەداتی نێو داستانەکاندا، کە تژین لە مرۆڤی جۆراوجۆر، لە باڵندە و ئاژەڵ و گیانداری سەیر سەیر، لە شوێنی دڵگیر و خۆش کە مرۆڤ بە حەسرەتەوەیە تەواوی ئەو چیرۆکانە ببنە ژیانێکی ڕاستەقینە و تیایدا بژین.

کتێبی (نەنە پەریزادم بۆی گێڕامەوە) کۆمەڵێک داستانی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، هەر یەک لەو داستانانە چیرۆکی سەرکێشی و قارەمانێتی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، هاوکات بەشێکیشیان لەسەر دونیای ئاژەڵ و گیاندار و باڵندەکانە، بەڵام گەمەیەکی سەیر بە سیفەت و تایبەتمەندییەکانیان کراوە، ئەو جرجەی هەموان بێزی لێ دەکەنەوە، لەم داستانانەدا خۆشەویست دەبن، ئەو ئاژەڵە دڕندانەی ترس و بیم بڵاو دەکەنەوە، لەم داستانەندا ڕۆڵی چاکەکار و بە بەزەییان پێ دراوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە دوو جۆر مرۆڤیش لەنێو ئەم داستانانەدا دەبینرێن، مرۆڤی میهرەبان و زۆرزان، بەرژەوەندخواز و دڵباش، دڕەندە و بە ویژدان، کە دواجار دەشێت وەک ئەزموونێکی گەورە لێیان بڕوانین و لێیانەوە فێری ژیانێکی باشتر بین، فێر ببین ئاژەڵ و باڵندەمان خۆش بوێت، بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و کێشەکاندا بکەین و هێندە بە هەڵپە نەبین لە ژیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەرامەکانمان، ملی براکانی خۆمان و ئەوانی دیکەش بشکێنین.

چیرۆک و ڕووداوە ئەویندارییەکانیش لەنێو ئەم داستانانەدا، دیسان بابەتگەلێکی دیار و بەرچاون و یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری و چیرۆکە داستانییەکان، ئەو عەشق و ئەوینە پاکەی لەنێو داستانەکاندا هەن، بەرهەمی خەیاڵێکی فراوان و گەورەی مرۆڤەکانن لە ڕابردوویەکی دێریندا کە بۆ مانەوە و بەردەوامیی بە ژیان، پەنایان بۆ گێڕانەوە و خولقاندن و ئەفراندن بردووە، سەرکێشی و ڕاکردن و مەعشووق ڕفاندن، تا دەگات بەوەی پادشاکان کچە نازدارەکانی خۆیان بدەن بە سواڵکەر و گەدا و هەژاران، تەنها لەبەر ئەوەی دڵدارەکان سەرکێشییان کردووە تا بگەن بە یەک، یاخود بە مەرجە سەختەکان ڕازی بوون و دوور خراونەتەوە، لە ژیانێکی شاهانەوە ڕوویان لە ژیانێکی هەژارانە کردووە.

نەنە پەریزادم گێڕایەوە، تژییە لە داستانی چێژبەخش کە ئەستەمە خوێنەر بە تەنیا جارێک تێر ببێت لە خوێندنەوەیان، بە پێچەوانەوە، جار لە دوای جار کە دەیخوێنیتەوە، پەند و حیکمەت و جوانیی زیاتری تێدا دەبینیت، زیاتر هۆگریان دەبیت و چێژی پتریان لێ دەبینیت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، ئەم داستانانە سەروەتی ڕۆحی و بەرهەمی خەیاڵی فراوانن، ڕۆژگارێکیش دەماودەم لێرەولەوێ گێڕدراونەتەوە و چەندین نەوەیان بەم شاکارانە کردووەتە خەو، یاخود مەجلیس و دانیشتن و میواندارییەکانیان پێ گەرموگوڕ کردووە و بە شێوەی نواندن، چیرۆکەکانیان گێڕاوەتەوە، بێگومان بەها و نرخی ئەم گەنجینە پڕ زێڕ و زیوەی ناوی داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆرە، تا زەمەن و سەردەمانی داهاتوویەکی دوور، سەنگ و بەها و چێژی خۆیان لە دەست نادەن، زۆرێک لە گەورە نووسەر و هزرمەندەکانی دونیا، بە سەرچاوەی یەکەمی خۆیانی دەزانن و بەشێکیان لەژێر پاڵتۆ فراوانەکەی ئەم داستانانەوە هاتوونەتە دەرەوە.

بە گشتی داستان، واتە سامان، یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرھەمی بیر و خەیاڵ و هزری خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جلوبەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە و کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی میللەتێک، لە بەرھەمێکی دەستکرد، یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لە ناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یان بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە داستان و ئەدەبی فۆلکلۆر، بە بەرھەمی تاقە کەسێک دانانرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت و وەک بەرهەمی میللەتێک دەبینرێت، لە راستیدا ئەمانە بەرھەمێکن کە ھەموو گەل خوڵقاندوونی و هەموان دەست و ڕۆڵیان هەیە لە هۆنینەوەیاندا، بەرھەمی داستان و فۆلکلۆر شێوەیەکی سادەی وای ھەیە  کە ھەموو خەڵک لێی تێبگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەورانەی خۆی پێوەیە .

هەر وەک زانراوە ئەم داستانانە بەرهەمی فۆلکلۆر و کەلەپووری میللەتانن، جا بەرھەمی فۆلکلۆر و داستان،  بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر لە ناو خەڵک و میللەتاندا بوونی هەبووە و لەم بارەوە کتێبگەلی بێ شومار هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەدرەم چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە بنەما و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەدەبە دەکەن، لە ڕاستیدا تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، لە ڕابردوودا کەم کەس ھەبووە شتێک لە داستان و فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانیبێت و لەبەری نەبووبێت و بە گوتن و گێڕانەوە، لە بۆنە، یاخود میوانداری و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا دەری نەبڕێت.

داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆر، لە ناو ھەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری ھەیە، بێگومان ئەم بەش و جۆرانەش ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتانی دونیادا، یاخود لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن، یاخود هاوبەش بن، خۆ ڕەنگیشە ھەندێکیان جودا بن لە یەکتر و خاڵی هاوبەشیان کەمتر بێت، لەبەر ئەم هۆکارە، ھەر میللەتێک دەتوانێت چەشنەکانی داستان و بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات، هیچ نکولییەک لەو ڕاستییەش ناکرێت کە ئێمەی میللەتی کوردیش، هاوشانی میللەتانی دراوسێ و ناوچەکە و دونیا، خاوەنی داستانی گەورە و ئەدەبێکی دەوڵەمەندی لەو شێوەین.

ناردن: