ڕژانی ترس و تاریکایی خستنەڕووی: ژێرزەمینەکەی بەغدا
ڕژانی ترس و تاریکایی
خستنەڕووی: “ژێرزەمینەکەی بەغدا”
خوێندنەوەی: سەردەم
ئەدەبیاتی عێراقی پاش ڕووخانی سەددام حسێن، یانی لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەدەبیاتێکی تایبەتە، بە کۆمەڵێک خەسڵەت و سیماوە، ئەم ئەدەبیاتە لە هەناوی سەردەمەکەی خۆیەوە سەری دەرهێنا و نووسەران و هونەرمەندان هەوڵیان دا کە بابەتەکانیان ڕاستەوخۆ لەو دۆخ و ساتانەوە هەڵبگۆزن کە تێیدا دەژین، بێگومان یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی جددی ئەو ئاوڕە کۆنکرێتییەیە کە لە زەمەن و ساتەوەختی خۆی دەیداتەوە، تێیدا هەوڵ دەدات هەموو ناوەڕۆک و تێماکانی ئەو زەمەنە لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەش بکاتەوە، بەوەش دەرچەیەک بەسەر کۆی ئەو زەمەنەدا واڵا دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان و گشتگیر، دۆخی عێراق بە گشتی و شارێکی گەورە و گرانی وەک بەغدا لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە، دۆخێکی تەواو ترسناک و تاریک بوو، بێگومان ئەم دۆخە بۆ ئێستا و داهاتووش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بە سانایی لێرە و لەوێ و لە شێوە و شکڵی جیاواز جیاوازدا دەبینێرێتەوە. تیرۆر و تۆقاندن، شەڕی ئایینی و تایفەگەری، دەرکەوتنی گرووپە توندڕۆ و بیرتاریکەکان لەو دەرکەوتانەن کە لە پاش ٢٠٠٣وە فەزای گشتیان داگیر کرد و ترس و بیمیان بە هەموو کوچە و کۆڵانێکی شارەکاندا بڵاو کردەوە، عێراق گیرۆدەی شەڕێکی خوێناویی بوو، تێیدا هەزاران کەسی بێگوناه تەرمی هەلا هەلابوویان لەسەر شەقامەکان کەوت و نەناسرانەوە، سەدان کەس بێسەروشوێن بوون و سەدانی تریش لەتاو ئەو دۆخە تفت و تاڵە وڵاتیان جێهێشت و چیدی بۆی نەگەڕانەوە، ژیانی هەرڕۆژەی کەسانی نێو ئەم نیشتمانە بیمارە کەوتە بەردەم هەڕەشە و لەناوبردن، بژاردەیەک نەمایەوە بۆ ئاشتەوایی و ژیانی سادە، ئەم ستایلە نوێیە لە مەترسی و سڕینەوە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەندانی داگیر کرد، بۆیە دەبینین لە دوای ئەو مێژووەوە ژمارەیەکی زۆر دەقی ئەدەبی و هونەری نووسران و کێشران، کە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە ترسناکە بوون، لە پلەی یەکەمیشدا ئەم نواندنەوەیە لە ڕۆماندا بەرجەستە بوو، دواتریش ژانرەکانی تر هەوڵی بەهونەریکردنەوەی ئەم بابەتانەیان دا.
“ژێزەمینەکەی بەغدا” کتێبێکی بچکۆلەیە، لە نووسینی هۆشەنگ وەزیزی و لە وەرگێڕانی مامۆستای هێژا و کۆچکردوو، ئەحمەد محمەد ئیسماعیلە، کە هەر لێرەدا و لەگەڵ چاپبوونی ئەم کتێبە، داخێک سەر و دڵمان دەگرێ، ئەویش ئەوەیە کە وەرگێڕی کتێبەکە چیدی لێرە نییە و کتێبەکە بە چاپکراوی نابینێت.
ڕەنگە سەرەتا ناسینی ناوێکی وەک “هۆشەنگ وەزیزی” خراپ نەبێت.
هۆشەنگ وەزیزی کێیە؟
هۆشەنگ وەزیزی، ساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٠ کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کاتی شەڕی ناوخۆ، ڕووی لە سووریا کردووە، لەوێ لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەنووسیدا کاری کردووە و لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا نووسینی ئەدەبی و سیاسی بڵاو کردووەتەوە.
کۆتایی نەوەدەکان ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو کردوونەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێ نیشتەجێیە.
تا ئێستا ئەم شانۆنامانەی بڵاو بوونەتەوە:
١/ الستیلاء (دەستبەسەرداگرتن)، بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و بڵاو بووەتەوە. لە بەغدا و هەولێر نمایش کراوە.
٢/ فلانة.
٣/ امکنة اسماعیل، ساڵی ٢٠١٥ لە پێشبڕکێی “الهیئة العربیة للمسرح” خەڵاتی یەکەم و ساڵی ٢٠٢١ لە فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتیی بەغدا، خەڵاتی باشترین دەقی پێ بەخشرا.
٤/ قبو بغداد.
٥/ العاصفة.
هەندێک لە شانۆکانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی “قرتاج” و بەغدا نمایش کراون. هەروەها کتێبی “بلاد مابین عراقین”ی بەچاپ گەیاندووە، کە ساڵی ٢٠١٤ لە (دار نون) چاپ بووە و بریتییە لەکۆمەڵەوتارێکی سیاسی دەربارەی مێژووی نزیک و ئێستای عێراق.
کتێبی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” یەکەم کتێبی وەرگێڕاوی هۆشەنگ وەزیرییە، کە تێیدا دوو دەقی شانۆیی گرتووەتە خۆ، دەقەکان لەژێر ناوی “باهۆز” و “ژێرزەمینەکەی بەغدا” پێشکەش کراون. هەر دوو دەقەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە خاڵی هاوبەش و تەکاندەریان هەیە، ئەگەر وەک هێڵی درامی تێیان بڕوانین، دەبینین هێڵە درامییەکە بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە نەختە نەختە ڕووناکی دەخاتە سەر کەس و ڕووداوەکان، واتە لە پنتێکەوە دەست پێ دەکات و چیدی لەو پنتەدا نامێنێتەوە و وەک شەپۆلێک هەڵدەکشێت و خوێنەر (وەک دەقخوێندێک) تێکەڵ بەو هەڵچوون و کەفوکوڵەی ڕووداوەکان دەکات. وەک لایەنی ناوەڕۆکیش، بێگومان هەردوو دەقەکە خاوەنی یەکە و پێکهاتە بنچینەیی و سەربەخۆکانی خۆیانن، ڕەنگە لە ڕووی خستنە سەر تەختی و شانۆ و ئامادەکردنیان بۆ نواندن، کەمترین زەحمەتی بخەنە سەرشانی دەرهێنەر و ستافی کارکردنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دنیای هەردوو دەقەکە دنیایەکی کامڵ و تەواوە، هاوکات کۆمەڵێک لایەن و نوختەش هەن کە تێیدا یەک دەگرنەوە و دواتر وەک دوو ڕووبار دەتوانن بڕژێنە ناو زەریایەکی بەرینتر.
شانۆنامەی “باهۆز” چیرۆکی دوو پیاوە لە ژوورێکدا، چیرۆکێکی ئاڵۆز و تێکڕژاو بە یادەوەری و تراوما، لەگەڵیشیدا ژنێک و دوو کرێکار دێن و دەردەکەون جارجار. باهۆز بۆ خۆی چەشنێک لە مەترسیییە، کە لە لایەن سروشتەوە هەڵدەکا و ڕەنگە شتانێک و کەسانێک لەگەڵ خۆی ببات، باهۆزی نێو ئەم دەقە شانۆییەی هۆشەنگ وەزیزی هەمان ڕۆڵ دەبینێت، لە یادەوەریدا، لە ترسێکی شاراوەدا، لە ئێستای فەوتاو و داهاتوویەکی لێڵدا. دوو پیاو سەرەکی نێو ئەم دەقە ماندوون، داهێزراون بە نەهامەتی و ڕۆژگارێکی تێکشکاو، زەین و یادەگەیان شێواوە، زۆر جار لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا دەچنە جێی یەکتر و لێکتر دەگۆڕێن، گەمەیەکی ترسناک، کە تێیدا لە یەکەم مەترسی هەڵچنیندا، دەلالەت لە لەدەستدانی ناسنامەی تاکەکەسی دەکات. فەزای گشتی “باهۆز” فەزای ترس و تۆقینی ئەو ساڵانەیە کە پاش ڕووخانی سەددام حسێن و بە ناوی ئازادیی عێراقەوە ناسێنران، ترسێک لە تاریکاییدا لە بۆسەدایە، لە هەر چرکەیەکدا ڕەنگە بگاتە سەرمان و ژیانمان لەگەڵ خۆیدا بەرەو نادیار و سڕینەوە ببات. “باهۆز” بە وردی و لە پەراوێزدا، لە ڕێی گێڕانەوەی یادەوەریی شێواو و فەوتاوی دوو کەسێتییەوە، دەمانباتە نێو ئەو پانتاییە بەرینەی کە دەرزیئاژنە بە تۆقین، بە زاڵبوونی هێزی تاریکی و مەرگ.
شانۆنامەی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” هەڵدانەوەی چیرۆکە خۆفناکەکانی ژێرزەمینی بەغدای پاش ٢٠٠٣یە، ئەو چیرۆکانەی کە گوێ لە بیستنیان و چاو لە بینینیان دەتۆقێت؛ چیرۆکگەلێک کە نووسین فریای نووسینەوەیان ناکەوێت، لەو ژێرزەمینەدا هۆشەنگ بە خاتری گەڕان بە دوای چیرۆکێکدا، چەندین چیرۆکی تراژیدی دەگێڕێتەوە، کە دواتر نازانین کێ قوربانییە و کێیش جەللاد، سیما و ناسنامەکان لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا وەها تێکەڵ و پێکداچوون، جیاکردنەوەیان کردەیەکە نزیک لە مەحاڵ. “ژێرزەمینەکەی بەغدا” باس لە گیرانی پیاوێک دەکات لە لایەن ژنێکەوە و بردنی بۆ ژێرزەمینێک و بەستنەوەی، تا ئەوەی ددان بە تاوانێکدا بنێت، تاوانی کوشتنی کوڕەکەی کە چواردە ساڵی تەمەن بووە، هێڵی درامی ئەم شانۆیە، کە خاڵێکی خامۆشەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان و ناسێنەری کەسەکان، ئەو هێڵە گرژ و توند دەبێت، بە جۆرێک لە دوایین دیمەنەکاندا خوێنەر ڕەنگە نەتوانێت لەگەڵیاندا بەردەوام بێت، ئەگەر بەردەوامیش بێت بێگومان بە ئازارێکی قورس و دەروونێکی ماندوو و داهێزراوەوە، کتێبەکە تەواو دەکات و دایدەنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئای خوایە، چ کتێبێکی خەمگین بوو!
پرسی نواندنەوەی کارەسات لە ئەدەبیات و هونەردا، پرسێکی ئەخلاقییە و زۆر تیۆریسیەن و لێکۆڵیار دەربارەیان نووسیوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نواندنەوەی کارەساتە گەورەکان لە نووسیندا مەحاڵە، بەڵام سەلمایشە کە خودی بەتێماکردنی کارەسات هەوڵێکی گرنگ و گەورەیە بۆ لە یاد نەکردن و بیر نەچوونەوە. دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە کۆمەڵێک هەوڵ دراون، بە جیاوازی ئاستی بەرهەمەکان، هەوڵگەلێکی گرنگ و بەرچاو بوون لە تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو ساڵ و ڕووداوە جەرگبڕانەدا. ئەم دوو هەوڵەی هۆشەنگ وەزیزی، کە تێیدا لە ڕێی ژانری شانۆوە تەعبیری لەو زەمەنە کردووە، دوو هەوڵی گرنگ و بە بایەخن، جێگەی ئەوەن خوێنەر بە وردی بیانخوێنێتەوە و لەو مەرگەساتە تۆقێنەرە باشتر شارەزا بێت.
شیاوی وتنە نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی پێشەکییەکی گرنگ و وردی بۆ کتێبەکە نووسیوە، کە تێیدا هەوڵی ناساندنی هۆشەنگ وەزیزی دەدات و دەروازەیەکی بەرینیش بەسەر هەردوو دەقەکەدا واڵا دەکات، تاکو باشتر خوێنەر هان بدرێت بۆ تێگەیشتن لە هەندێ پەنا و پەسێوی نادیاری هەردوو دەقەکە.
ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەئەزموونی کورد: “ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”ەوە وەرگێڕاوە، “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”یش لە دووتوێی ١٣١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.