گەردەن زەردێ شتێک لە شیعر زیاتر

Loading

گەردەن زەردێ شتێک لە شیعر زیاتر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆیدا لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر، پێی وایە کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێت، بیگوازێتەوە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە شیعر ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان: چونکە لەوانەیە مێژووی “ھێردۆتیش” بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.

هیچ کام لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، هێندەی شیعر کێشەی لەسەر نییە، کێشە بە مانای وشە کوردی و باوەکە نا، بەڵکو کێشە بە مانای ئەوەی زۆرترین مشتومڕ، گفتوگۆ و دیدی جیاواز و ناکۆکی لەسەرە سەبارەت بەوەی چی شیعرە؟ شیعر خۆی چییە؟ سنوور و سیستەمەکانی چین و چەندین چەمک و دەستەواژەی دیکە کە وا دەکەن هەرگیز نەگەین بەو دەرئەنجامەی کە چی بە شیعر بزانین و چی بکەینە دەرەوەی بازنەی شیعرەوە، ئەم مشتومڕ و ناکۆکییانە مێژوویەکیان هەیە و  بەشێک لە فەیلەسووفەکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو، باسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ مێژووی و سەردەمی نوێ، تا دەگات بە سەرهەڵدانی چەندین قوتابخانە و ڕاڤەی تیۆری، چونکە خۆی لە ڕاستیدا شیعر هەڵگری شوناسێکی ئاڵۆز و سرکە و ناخرێتە نێو یەک چوارچێوەی تێگەیشتن، یاخود پێناسەوە، سروشتێکی ئەوتۆی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کۆمەڵێک توخم و ڕەگەز و لقی دیکەی نێو کایەکانی سەرخانی ژیانی هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکانیش، جیاوازتر لە ژانر و تێکستە نووسراوەکانی دیکە، بەر شوێنیکی جیاوازتری خوێنەر دەکەوێت و کار لە پنت و پانتاییەکی دیکەیدا دەکات، ئیدی هەر خوێنەرە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و زەوقی هونەریی خۆی، مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعرەدا دەکات، کە بەری کەتووە.

بێگومان قسەیەکی نوێ ناکەین گەر بڵێین ژانری شیعر لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا، مێژوویەکی دێرینتری هەیە لە چاو لقەکانی دیکەی ئەدەب و هونەر، بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی بەرەوپێشچوونی هزر و ئەندێشەی تاکەکان، شیعریش لە ڕووی زمان، دەربڕین، فۆڕم و گوزارشتکردنەوە،گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەشێکی زۆری ئەو گۆڕانکارییەش لەگەڵ ڕەوتی ژیانی مرۆڤی کورددا هاوئاواز و هاوڕیتم بەرەوپێشەوە چووە، چونکە وەک دیارە شیعر زۆر ڕاستەوخۆتر کاریگەری لەسەر هۆشیاری تاک هەبووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لەنێو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکاندا هەبووە، بە مانایەکی دیکە شیعر هێزی ئەوەی هەیە گوزارشت لە دۆخەکان، ڕووداوەکان، سەردەم و خودی خەمە زاتییەکانی ئینسان بکات، بەڵام بەم دواییانە بەشێک لە لێکۆڵیاران و ڕەخنەگران، نکوڵی لە ڕۆڵی ئێستای شیعر دەکەن و پێیان وایە شیعر چ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی فیکر و دونیابینی و تێگەیشتنی تاکی کورد نەماوە، تەنانەت دەزگاکانی چاپ و وەشاندنیش، پشتیان کردووەتە چاپکردنی دیوانە شیعرییەکان، بەڵام کاتێک نامیلکەیەکی شیعری بە قەبارە بچووک و بە شیعرییەت و ئیستاتیکا و خەیاڵ و ناوەڕۆک گەورەی وەک (گەردەن زەردێ) دەکەین، تێدەگەین لەوەی کە هێشتا شیعری باش توانای ئەوەی هەیە خوێنەر موخاتەبە بکات و بیخاتە ژێر باندۆر و هەژموونی هونەریانەی خۆیەوە، کاریگەریی لەسەری هەبێت و دنیایەکی پەنهانی بۆ ئاشکرا بکات، دنیایەکی نوێ کە تێیدا مرۆڤ هەیە، کێشە و ئازار و خەون هەن،  ئەمەش وا دەکات دەزگایەکی بەناوبانگی وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بچێتە پای لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی تاکوتەرا دیوانی شیعری، کە نامیلکە شیعریی (گەردەن زەردێ) یەکێکە لەو کارە باشانەی لە ماوەی ڕابردوودا چاپی کردووە، لەم ڕێگەیەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە هێشتا شیعری باش و کاریگەر و نوێ ماوە و هێشتاش دەزگایەک هەیە شانبەشانی هونەر و کایەکانی دیکە، گرنگی بە شیعر و ناساندنی شیعر و چاپکردنی دیوانی باش دەدات.

بێگومان ئەم کۆمەڵە شیعرە، واتە گەردەن زەردێ، بەرهەمێکی هێمن و ئارامی شاعیرێکی سەر بە نەوەیەکی نوێیە (بەشدار سامی) نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم کۆمەڵە شیعرە پێک هاتووە لە چەند تێکستێکی نوێ و جوانی وەک: دیسان دڵتەنگیتان،  جیابوونەوە، تەرمێک، ژان، سەبارەت بە دڵشکان، گەڕانەوە بە ڕێگە کۆنەکەدا، ئەو ڕستانەی نیوەشەوان گڕ دەگرن، جەنابی حاکم، غنی للحب، لە ڕۆژێکی دژواردا شەفیقەفەندی، کە ماندوو بووم، لە ناوی خۆی دەگەڕا، گەردەن زەردێ، بیرەوەری وەک دەرپێیەکی پیس و چەندین ناونیشانی دیکەی شیعری.

لە ڕاستیدا شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەی (بەشدار سامی) نەک لە ڕووی زمان و گوزارشت و بەرهەمهێنانی وێنەی شیعری و ئیستاتیکی و رەگەزە پێکهێنەرەکانی بونیادی تێکستی شیعرییەوە جیاوازن، بەڵکو لە ڕووی داڕشتن و کورتی و درێژی دێڕەکانیشەوە جیاوازن، جوانیی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە کە دێڕەکان چەند درێژتر بن، هەناسە شیعرییەکان درێژتر دەبنەوە تووشی تەنگەنەفەسی نابن و لە ڕیتم و ئاواز دەرناچن: سەبارەت بە خۆر تا لە شارەکەی ئاوا نەبێت، تاریک داهات/ سەبارەت بە مێژوو، تا شارەکەی فەرامۆش نەکات، پەنیر و ژاژیی خستە ڕستەوە، سەبارەت بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت، هاواری کرد، سەبارەت بە وشکە ساڵی، وەک مەڕدارەکان خەمبار بوو.

ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە نموونەیەکە لەو دێڕە شیعرییە درێژانەی کە هیچ قەتع و پچڕانێکی تیدا نییە و تا کۆتایی بەم نەفەسە شیعرییە دەڕوات، وێنە لە دوای وێنە، مانا و دەلالاتی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، لێرەوەیە ئاستی جیاوازیی ئەم شاعیرە، تخووبەکانی فرەوانتر دەکات و ئەو دەنگانە دەگەیەنێت کە پێشتر نەگەیشتوون، بە مانایەکی دیکە، بە هێمنی ئەو دەنگانە دەگەیەنێت، کە پێشتر بە دەنگی بڵند و بەرز گەیەنراون.

لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە شیعرییەدا، ئێمە لە ڕێگەی شیعرەوە بەر یادەوەریی کەسێک دەکەوین کە خودی شاعیرەکەیە، جگە لە یادەوەریی تاکەکەسی خۆی، بەر یادەوەریی سەردەمەکەی، ڕۆژگارەکەی، ڕووداو و چیرۆکەکانیش دەکەوین، هاوڕێیەتی ڕۆژانە کە لای بەشدار بایەخ و گرنگی و بەهای مرۆیی و ئیستاتیکی خۆی هەیە، لەنێو شیعرەکانیدا ڕەنگدانەوەیەکی جوانی هەیە و ڕەهەندی ئیبداعی وەرگرتووە: دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە، دیسان شەونەخەوتن، دیسان تاریکی داهاتن، دیسان گریام و دیسان گوتم،: دایە/ دیسان گوتم سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات.

تێکستەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بەرهەمی ململانێی ئینسان، هاوکات شاعیرێکە لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە ئەویش شێرپەنجەیە، جەنگی شاعیرێکە بە شیعر و وشە، لەگەڵ ئازار و مەرگ و کەوتندا، لەم شیعرەدا کە زیاتر فۆڕمێکی نامەیی پێوە دیارە بۆ یەکێک لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی خۆی کە کاک (دانا فایەق)ە، بە ڕوونی دەچینە نێو دۆخی سایکۆلۆژیی کەسێکەوە کە شێرپەنجە گەرەکیەتی بیخات، بەڵام ئەم بە هێزی خەیاڵ و وشە، جەنگەکە دەباتە نێو پانتاییکی دیکە، ئەم دێڕە زۆر سادەیە کاتێک دایکت پێت بڵێت: ئەوە بۆ ڕەنگت تێکچووە و بێهێز دیاریت؟ تۆش پێی بڵێیت: چ نییە دایکی من، هەر وا کەمێک سەرمام بووە! لەوەش سادەتر گومانی باوکتە کاتێک خۆی دەکات بەنێو وتووێژەکەی تۆ و دایکتدا و دەڵێت: ئەم کەوتنە هی سەرما نییە! سادەن لە ڕووکەشدا، سادەن وەک وێنەیەکی شیعریی کە بەشدار لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکەیدا وەریگرتووە، بەڵام کە دەچێتە نێو پرۆسە شیعرییەکەوە، ئیدی لە مانا سادەییە ڕۆژانەییەکان بەتاڵ دەبێتەوە و ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت، چونکە ئەو باس لە دۆخێکی دیاریکراو و تایبەتی خۆی دەکات، ئاخر ئەو هێشتا خەریکی شاردنەوەی ئازارە لای دایک و باوکی، ڕاستەوخۆ ناڵێت شێرپەنجەمە، ناڵێت ئازارم زۆرە و هاوار ناکات و وشەی ڕاستەوخۆ دەرنابڕێت، بەڵکو لە شیعرەکاندا تەواو خۆی ڕووت دەەکاتەوە برینەکانی جەستە و ڕۆحی ئاشکرا دەکات و بە دەنگێکی نەوی و بە دزییەوە ئازارەکان دەگێڕێتەوە:

مرۆڤێک کە گوێ لە مۆسیقا ناگرێت/ چیرۆکی نییە/ مرۆڤێک، کە چیرۆکەکەی ناگێڕێتەوە/ ترساوە/ مرۆڤێک کە ترساوە/ شەقامەکان دەناسێتەوە/

ئەو مرۆڤەی چارەنووسی تاریک داهات و هیچ ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە/ نەخۆش بوو/ ئەو مرۆڤەی نەفرەتی لە خۆشەویستەکەی کرد/ نەخۆش بوو.

بە گشتی ئەم کۆمەڵە شیعرەی بەشدار سامی، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنن، سەر بە دنیایەکن کە تیایدا ئاسان شتەکان و مرۆڤەکان وێران دەبن، بەڵام ئاسانتر ژیان ڕۆ دەنرێتەوە و مرۆڤەکان لە کەوتن و شکست دەگەڕێنەوە، کەرەستە شیعرییەکان بابەتگەلی نێو ژیانن، ڕۆژانە چ لە ژیاندا و چ لە تێکستەکاندا بەریان دەکەوین، کەچی لێرەدا، لەنێو پانتایی ئەم شیعرانەدا، پێناسەی دیکەیان هەیە، چونکە شوناسیان گۆڕاوە و ڕۆڵێکی دیکەیان پێ دراوە.

ناردن: