شانۆنامەی سوکرات
شانۆنامەی سوکرات
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە شانۆییە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە شانۆنامە بەناوبانگەکەی نووسەر و فەیلەسووف و مێژوونووسی فەرەنسی (ڤۆڵتێر) کە لەبارەی دادگایی کردنەکەی سوکراتی گەورە فەیلەسووفەوە نووسیویەتی، ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بەشێکە لەو بایەخە گەورەیەی کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بە شانۆ و کتێبی شانۆیی دەدات، بەو ئومێدەی شانۆکار و هونەرمەندانی کورد سوودی لێ ببینن لە بەرهەمە شانۆییەکان و نمایشەکانیاندا.
هەر وەک وەرگێڕ لە پێشەکییە کورت و پوختەکەی کتێبکەدا ئاماژەی پێ کردووە، ڤۆڵتێر ساڵی ١٧٥٩ شانۆیی سوکراتی نووسیوە، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە، مەبەستی سەرەکی ڕەخنەگرتن بوو لە حکومەت و دەسەڵاتداران و ئایین، لەم شانۆییەدا، پێچەوانەی ڕووداوە مێژووییەکەوە، سوکرات بەرامبەر ژمارەیەک دادوەر دەوەستێتەوە، کە ڕاستییەکەی ئەوەیە سوکراتی ڕاستەقینە، لە بەردەمی دەستەیەکی ٥٠٠ کەسیدا سزای ژەهرخواردنی بەسەراد دەدرێت: لە شانۆییەکەدا زۆرێک لە هاوڕێکانی سوکرات کە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکەدا، لە دادگا ئامادە بوون، فەرامۆش کراون، وەک ئەفلاتوون و ئەنتیسینێس و ئەریستیپۆس و زۆری تریش، لەبری ئەوان ژمارەیەک قوتابی بێناو دانراوە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا دەردەکەون، ڤۆڵتێر (سوکرات)ی وەک کەسێک ناساندووە، کە باوەڕی بە بوونی یەک تاکە خودا هەیە، بەڵام ڕووداوە مێژووییەکان و بیرمەندان و مێژوونووسان ڕایان وا نییە و قسەی پێچەوانەیان هەیە لەو بارەوە.
کارەکتەرە درامییەکانی نێو دووتوێی ئەم شانۆنامەیە بریتین لە:
سوکرات
ئانیتوس: سەرۆکی کەشیشان
میلیتوس: یەکێک لە دادوەرانی ئەسینا
گزانتیپ: هاوسەری سوکرات
ئاگلیا: کچێکی جاحێڵی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە
سۆفرۆنیموس: لاوێکی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە
دریکسا: ترێپاندەر، ئاکرۆس: هاوڕێی ئانیتۆس
دادوەرەکان: قوتابیانی سوکرات، سێ زمانلووسی لایەنگری ئانئتوس.
بە گشتی وەک ئاماژەمان پێ دا ئەم شانۆنامەیە سوودی لە واقیعێکی مێژووی وەرگرتووە، ئەویش دادگاییکردنی گەورە فەیلەسووفی ئەسینا و دنیا (سوکرات)ە، بەڵام پێچەوانەی ڕەوتە واقیعییەکە، بە زمانێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوەکانی گێراوەتەوە و دەستکاری سروشت و پێگە و هەڵوێستی کارەکتەرەکانی کردووە، بێگومان کارەکتەرەکانیش بە هەمان شێوە واقیعین و ڕەهەندی مێژووییان هەیە و نزیک بوون لە خودی سوکرات و ڕووداوەکان و دادگاییکردنەکەوە، ڤۆڵتێر، لە ڕێگەی زمانە گاڵتەجاڕییەکەیەوە، کۆی دەسەڵات و سیستەمە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەبارانیان دەکات.
ئەم نووسەر و فەیلەسووفە، ناوی تەواوی (فرانسۆ ماری ئەرویت)ە و نازناوی ڤۆڵتێری هەیە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٩٤ لە پاریسی فەرەنسا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە. کوڕە بچووکی خێزانەکەی بووە و کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە حەوت ساڵان، دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ڤۆڵتێر ئەرکی بەخێوکردنی گرتووەتە ئەستۆ، باوکی کەسایەتییەکی ئازادیخوازی دوور لە ئایینی هەبووە و لە تەمەنی لاویدا (ڤۆڵتێر) کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی.
لە ساڵی ١٧٠٤، ڤۆڵتێر چووەتە کۆلێجی لوویسی مەزن کە قوتابخانەیەکی تایبەتی ئایینی بووە لە پاریس، دوای تەواوکردنی خوێندن، پەیوەندی ڤۆڵتێر بە باوکییەوە تێک چووە و باوکی ویستوویەتی کە ناچاری بکات وەکو پارێزەر کار بکات و لە بواری یاسا پیشەیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، باوکی ڕێگری کردووە لەوەی ببێت بە نووسەر، ڤۆڵتێر داواکانی باوکی ڕەتکردووەتەوە و باوکی لە میرات بێبەشی کردووە، بۆیە ئەویش وازی لە نازناوی خێزانەکەی هێناوە و نازناوی ڤۆڵتێری هەڵبژاردووە، هەموو کارەکانی بەو ناوەوە بڵاو کردووەتەوە و یەکەمین کاری ئەدەبی لە ساڵی ١٧١٨ لەژێر ناوی ڤۆڵتێرەوە بڵاو کردووەتەوە.
ڤۆڵتێر نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە و شانۆگەریشی نووسیوە، بە هۆی بیروبۆچوونەکانی و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی زیندانی کراوە و لە فەرەنسا دوور خراوەتەوە، لە ساڵی ١٧١٦ ڤۆڵتێر دوور خراوەتەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی فەرەنسا، چونکە ڕەخنەی گاڵتەئامێزی لە لوویس فیلیپی دووەمی ئەوکاتەی دەسەڵاتداری فەرەنسا گرتووە، ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.
پاشان بە هۆی بڵاوکراوەکانییەوە لە زیندانی باستیل بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراوە، دواتر لە ساڵی ١٧٢٦ بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانی باستیل دووبارە دەستگیر کرایەوە بە هۆی ئەوەی شیعرێکی ئابڕووبەری نووسی سەبارەت بە پەیوەندییەکی قەدەغەکراوی خۆشەویستی نێوان پاشای ئەوکاتەی فەرەنسا، هێنری چوارەم و کچەکەی، چونکە ئەو ماوەیە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاوبووبووەوە کە پاشا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچەکەی خۆی هەیە. دوای ئازادکردنی دووبارە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فەرەنسا دوورخرایەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو، هاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیرە ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کرد. لە کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هەمەجۆر، ڤۆڵتێر کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاتژمێری سویسری کردووە و لەو پڕۆژەیەدا وەکو بازرگانێک ناوبانگی زۆری دەرکردووە.
بە پێی زانیارییەکان (ڤۆڵتێر) هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئێمیلی دووچاتلێیە خانمە زانای بیرکاری ئەو سەردەمە هەبووە، پەیوەندییەکەیان ماوەی ١٦ ساڵی خایاندووە و لە شارۆچکەی سێرای ژیاون. ڤۆڵتێر لە خۆشەویستەکەیەوە ئیلهامی نووسینی لە بارەی بابەتە زانستییەکانەوە وەرگرتووە، دوای جیابوونەوەیان ڤۆڵتێر لەگەڵ کچێکی خوشکی ژیاوە و دەنگۆ هەبووە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی کچێکی بچووکی بە ناوی ماری فرانسۆ لە ئەستۆ گرتووە.
سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی ڤۆڵتێر، زانیارییەکان هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر نووسیویەتی و ئالوودەی قاوە بووە. ڤۆڵتێر کتێب، وتار، شانۆگەری، شیعر، نامە، دەستنووس، ڕەخنەی ئەدەبی، بابەتی مێژوویی، وتاری سیاسی و ڕەخنەئامێز، لە هەموو ئەم بوارانە بەرهەمی هەبووە. ژمارەی نامەکانی بە ٢١ هەزار نامە خەمڵێندراوە و پەنجا شانۆگەری نووسیوە، ئەو بڕوای بە بوونی خوا هەبووە، بەڵام بڕوای بە ئایین و کڵێسا و شێوازی مامەڵەکردن و قۆڕخکاریی قەشەکانی کڵێسا نەبووە، دژی دەسەڵات بووە، بۆیە شێوازی نووسینی جیاواز بووە و هەموو ئەم بیرۆکانەی کاردانەوەی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە، ڤۆڵتێر بە پێشەنگی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بە “باوکی ڕۆشنگەری” ناسراو بووە.
گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و فەیلەسووفە بریتین لە:
– ناودارترین بەرهەمی شیعری ڤۆڵتێر بریتییە لە شیعری Henriade کە لە ساڵی ١٧٢٣ بڵاوی کردەوە، لەگەڵ شیعری The Maid of Orleans کە شیعرێکی درێژ بوو، سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی پێش مردنی تەواوی بکات، بەڵام شیعرەکە دوای کۆچی دوایی ڤۆڵتێر، بڵاو کرایەوە و ناوبانگی زۆری دەرکرد.
– دیارترین بەرهەمی شانۆگەری و شانۆنامەی ڤۆڵتێر بریتییە لە شانۆگەری Oedipus کە لە ساڵی ١٧١٨ لەسەر شانۆ پێشکەش کرا، پاشان زنجیرە شانۆنامەی تراجیدی نووسییەوە که ناوبانگترینیان بریتی بوو لە شانۆنامەی Mariamne لەگەڵ شانۆگەری Zaïre و شانۆگەری Nanine.
– نووسراو و کتێبەکانی ڤۆڵتێر مێژوویین ناودارترینیان سەردەمی لوویسی چواردەهەم The Age of Louis XIV لەگەڵ توێژینەوەیەک بە ناوی نەریت و کڕۆکی گەلان، لەم توێژینەوەیەدا ڤۆڵتێر مێژووی کۆمەڵایەتی و هونەریی گەلانی ڕابردووی لە سەردەمە جیاوازەکان خستووەتە ڕوو و لێکۆڵینەوەی لە بارەیانەوە کردووە.
– هەروەها گرنگترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێر لەسەر شێوازی کورتە چیرۆک و ڕۆمانن، نموونەی Micromégas، خەونی پلاتۆ Plato’s Dream، لەگەڵ ڕۆمانی ناودار Candide، هاوکات فەرهەنگی فەلسەفی Dictionnaire philosophique کە فەرهەنگێکی چڕی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و دژی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئەو سەردەمە بووە ناودارترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێرە.
ڤۆڵتێر لە ٣٠ ی ئایاری ساڵی ١٧٧٨ لە پاریسی پایتەخت کۆچی دوایی کردووە. مەراسیمی بە خاکسپاردنی لە کڵێسا بۆ ئەنجام نەدراوە، چونکە کەسێک بووە باوەڕی بە کڵێسا و مەسیحییەت نەبووە و دژی ئایین بووە.