نەبوون لە دەفتەری فەلسەفەوە
لە دەفتەری فەلسەفەوە
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(٩)
نەبوون
ڕۆژێکیان لەکاتی خەریکی ئامادەکردنی وتارێک بووم بۆ هەفتەنامەی (صباح کوردستان)، ڤینۆسی کچم هاتە ژوورەکەمو پرسی:
- نەبوون چیە؟
- ئەم وشەیەت لەکوێ بینیوە؟
- لە قوتابخانە کچێکی هاوڕێم کتێبێکی پێبوو ناونیشانەکەی (بوون و نەبوون) بوو.
- کەمێک بیرم کردەوەو بەلامەوە سەیر بوو قوتابییەکی قۆناغی ئامادەیی کتێبەکەی سارتەر لەگەل خۆی بباتە پۆلەوە. جگە لەوەی وەڵامی پرسیارەکەش نازانم، هەوڵمدا گفتوگۆیەک لەگەڵ کچە بچووکەکەم دابمەزرێنم:
- نەبوون، واتە شتێک کە نەبێت، بۆ نمونە لێرە شێری لێ نیە!
- بەڵام خۆ لە ئەفریقیا هەیە!
- ئەمە ڕاستە، ئەی دیناسۆر چی؟
- ئەویش ڕۆژێک هەبووە، پاشان شوێنەواری بۆ ئێمە ماوە… من مەبەستم لە (نەبوونی تەواوەتییە)
- تۆ دەزانیت، نزیکەی بیستو پێنج سەدە لەمەوبەر، فەیلەسوفێکی یۆنانی ئەم باسەی وروژاندووە؟
من دەمێکە ڤینۆسم ناوناوە فەیلەسوفەکەی ماڵ، بەڵام ئەو ناوە بڕێک قۆشمەیی تێدابوو، کەچی ئەوەتا ڕووبەڕووی کردوومەتەوە لەگەڵ یەکێک لە هەرە قورسترین پرسیارە فەلسەفییەکاندا. خەریک بوو باسی پارمنیدێسی بۆ بکەم کە چۆن پێیوابوو نەبوون شتێک نیە قابیلی ئەندێشەکردن بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە، هەیەو تەواو، جگە لەو بوونە ڕەهایە هیچی تر لەگۆڕێ نیە؛ لەوکاتەدا هاوسەرەکەم گسکە کارەباییەکەی داگیرساند، وتم:
– با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. ئەگەر دایکت بە گسکە کارەباییەکەی هەر تۆزو خۆڵەکە نا، بەڵکو کەلوپەلەکانیشی هەڵمژی، ئینجا خانووەکەو گەڕەکەکەو زەویو کۆمەڵەی خۆرو گەردونیشی هەڵمژی، پاشان خۆشی هەڵمژی، نەبوون ئەوەیە. (پێشتر چیرۆکێكی وام لەکتێبێکدا خوێندۆتەوە.)
ڤینۆس بە چیرۆکەکە ڕازی بوو، بەڵام من خۆم پێی ڕازیی نەبووم، چونکە هێشتا هەر وەڵامی پرسەکە نیە. کێشەکە لەوەدایە ئەگەر مێتافیزیک لێکۆڵێنەوەی (بوون) بێت، ئیتر قسەکردن لەبارەی (نەبوون)ەوە ڕەنگە جۆرێک بێت لە لەدەستدانی پیشەوەریی لە بوارەکەدا. فەیلەسوفان زۆر دەمێکە درکیان بەوە کردووە کە ئەندێشەکردنی (نەبوون) ئاسان نیە. ئاخر چۆن دەتوانین وەسفی بارێک بکەین کە تێیدا بە ڕەهایی هیچ شتێک نیە! ئایا نەبوون مانای (هیچ) دەگەیەنێت؟ ئەگەر لەڕووی بیرکارییەوە سەیری بکەین: ئایا دەتوانین بڵێین نەبوون (سفر)ە؟ ئەمە دەمباتە لای بیرکردنەوە ئاینییەکە: ئایا بوون بریتییە لە کەوتنەڕێ بە ژمارە ناتەواوەکاندا بەرەو (یەک)ی کامڵ، واتە خودا؟ لێرەدا خۆم بەم بەشەی پرسیارەکەوە خەریک ناکەم.
بیرۆکەی گسکە کارەباییەکە هی ڕۆبیرت نۆزیکی ئەمریکاییە (١٩٣٨ – ٢٠٠٢)؛ ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی بیر لە (نەبوون) بکەینەوە، ئەوە پێویستە پێشتر بیر لە شتیک بکەینەوە کە بیهێنێتە دی، هەربۆیە پێویست دەکات گسکەکە خۆشی هەڵبمژێت تا نەبوون بیتە ئاراوە. ئالێرەدا دیسان پرسیارەکە دێتەوە پێشەوە: ئایا نەبوون مانای بۆشایی یاخود بوون لە حاڵەتی نەرێنیدا دەگەیەنێت؟
بۆچی شتێک هەیە، لەبری ئەوەی نەبێت؟ کاتێک مارتن هایدگەر ئەم پرسیارەی بەرزکردەوە، لە زەینیدا پرسیارێکی دیکە هەبوو: ئایا دەتوانین بە بەڵگاندنی لۆژیکی پشتیوانیی لە نەبوون بکەین! ئاخر شتێک ئەگەر نەبێت، چۆن دەتوانین تێبینیی بکەینو ئەرگومێنت لەبارەیەوە ساز بکەین! ئەمە بۆ (شت)ێک، ئەی نەبوون خۆی لەخۆیداو بەڕەهایی چۆن! واتە ئەگەر کونێکی ڕەش هەموو شتەکانی قووتداو شتێکی بەناوی (کات و شوێن) نەهێشتەوە، ئایا خۆی هەیە؟ ئەمە دەمانباتەوە بۆ پرسیارەکەی پارمنیدێس کە نزیکەی بیستو پێنج سەدە وتوویەتی: ئەوەی هەیە، هەیە؛ ئەوەی نیە، نیە. واتە ئەو دەڵێت جیهان ئەمەیە کە هەیە، ئەمەش هەمووی بەسەریەکەوە (یەک) بوونەو هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.
پارمنیدێس بیرۆکەی خوڵقاندنی شتێک لە نەبوونەوە ڕەت دەکاتەوەو باوەڕی وایە کە ناشێت شتەکان هەروا لەناکاو (کورد گوتەنی بە چەقەنەیەک) لە نەبوونەوە بێنە بوون. بەلای ئەوەوە مەحاڵە ئەو شتانەی کە نین بتوانن هەبن، جەخت دەکات کە هیچ شتێک لە نەبوونەوە نایەت؛ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر گسکە زەبەلاحەکە، لەوکاتەدا کە خۆی هەڵدەمژێت ئەوە دەبێتە نەبوون، واتە نەبوون دەکاتە ناو نەبوونەوە….! ئەمەش وادەکات نەبوون خۆی (شت)ێک بێتو دەمانباتەوە بۆ سەرەتای ئەرگومێنتەکە. پارمنیدێسیش ئەم گرفتەی هەبوو بۆیە دەیووت کە هیچ مانایەکی نیە بیر لە نەبوون بکەینەوە، چونەک لەوێ نیە، ئەوەی هەیە هەیە، نەبوون مەحاڵە بۆیە دەبێت هەمیشە (شت)ێک هەبێت.
ئەرەستۆش هەر لەو باوەڕەدا بووە کە ناتوانین بیر لە نەبوون بکەینەوە، جەختیشی دەکرد کە هەر بەوەندەی سیفەتی (بوون) بدەینە پاڵ (نەبوون) ئیتر ناکۆکی پەیدا دەبێت، بۆیە حاڵەتێک، بارێک….کە ڕەوشی نەبوون بێت، مەحاڵە. ئەرەستۆ هەوڵیدا ئەرگومێنتێک بۆ بۆچوونەکەی ئامادە بکات: شتەکان دەجووڵێن، بەڵام هەمیشە لە نێوەندێکدا دەجووڵێن، وەک مەلەوانێک کە لەناو ئاودا دەجووڵێت. نێوەندەکانیش چڕییان هەیە بۆیە دەبنە هۆی خاوکردنەوەی جووڵەکردن، جوڵەکردن لەناو ئاودا ئاسانترە لەناو لیتەدا… هتد. هەتا چڕیی کەمتر بێت، خێرایی زیاتر دەبێت؛ نەبوون (ئەگەر هەبێت) ئەوە بەڕەهایی هیچ چڕییەکی نیە، بۆیە جووڵە لەناو نەبووندا بەڕەهایی خێرا دەبێت. بیشک ئەمەش مەحاڵە.
لە سەرەتادا چی هەبوو؟ ئەمەش دیسان پرسیارێکی قورسەو پەیوەندییەکی بەتینی بە چەمکی (نەبوون)ەوە هەیە، لە لۆژیکدا بەمجۆرە پرسیارانە دەوترێت گەڕانەوەی ئەبەدی. بۆ نمونە من کوڕی باوکمم، ئەویش کوڕی باوکێتی…. هتد. ئەمە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ یەکەمین باوک (ئادەمی فەلسەفی / زانستی) کامەیە؟ ئەو یەکەمین باوکە لەکوێوە پەیدا بوو؟ بۆ گەردوون چی؟ تازەترین تیۆرمان لەبارەی پەیدابوونی گەردوونەوە، تەقینەوە گەورەکەیە کە نزیکەی ١٣.٧ ملیار ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوەو بووەتە هۆی پەیدابوونی گەردوونو لەناویدا زەمینیش. بەڵام خۆ ئێمە کە پرسیار لە بوونی شتیک دەکەین، خۆی لەخۆیدا پرسیارکردنە لەوەی بووەتە هۆی هەبوونی ئەو شتە! ئێستا چی تەقینەوە گەورەکەی دروست کرد. لای زانایانی فیزیا قسەکردن لەسەر نەبوونی ڕەها مەحاڵە، دەڵێن بەرلەوەی تەقینەوە گەورەکە ڕووبدات، تۆزی گەردوونی و لەرینەوەی گەردوونی هەبووە، بەڵام ئەمانە خۆیان لەکوێوە هاتوون؟
ئایا نەبوون بۆشاییە؟ بۆشایی خۆی چیە؟ چۆن هەیە؟ هەرچۆنێک بیری لێ بکەینەوە دەبینین بۆشایی لە پەیوەندییدا لەنێوان کۆمەڵێک شتی ترەوە پەیدا دەبێت. ئەگەر واش نەبێت، دەتوانین لە دیدی هینری بێرگسۆنەوە بڕوانینە بۆشایی، بۆ ئەوەی بتوانین فەزایەکی بەتەواویی بۆش ببینین یان تێبینی بکەین، دەبێت شێوەی هەبێت، واتە سنوری هەبێت، کە ئەمەشی هەبوو واتە شتێکە، بەواتای ئەوەی بۆشایی خۆی شتێکە کە هەیە! واتە ئەمیش هەر (نەبوون) نیە. هەر لێرەشەوەیە کە جیم هۆڵتی فەیلەسوف دەڵێت کە نەبوون خاوەنی “بونیادو شکڵەو شتێکە دەتوانین هەستی پێ بکەین.” بەڕاست ئەوە نەبوونە؟
بیرگسۆن گریمانەیەکمان پێشکەش دەکات: مرۆڤ خۆی سەرەتای هەیە، لە خاڵی سفرەوە دەست پێدەکاتو پاشان دەڕوانێتە دەورو پشتی خۆیو بیردەکاتەوە کە دەبێت شتەکانیش هەروابن و ئەوانیش لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێکردبێت، (سفر) لەزەینی مرۆڤدا بەجۆرێک لە جۆرەکانی نەبوون ڕاڤە دەبێت؛ بەڵام ئەمە هەڵەیەو بەسەر جیهاندا پیادە نابێت، چونکە هەمیشەو بە بەردەوامیی شتێک هەبووە، نەبوون هەرگیز نەبووەو نابێت..
هەرچۆنێک بیت، وادیارە کە باس لە نەبوون دەکەین، ئەوە مەبەستمان لە پووکانەوە یان ڕەشبوونەوە یاخود نەمانی هەموو شتەکان نیە بەجارێ. بەڵکو باس لە شتێک دەکەین، واتە وەک ئەوەی بڵێین نەبوون خۆی هەیە! یان شتێکە. دەڵێم ئەم جانتایە قورس (نیە)، مانای ئەوە نیە کە هیچ قورساییەکی نیە! ئەی ئەگەر وتم (ئەم جانتایە نیە) واتە هەموو خاسییەتێکم لێ وەرگرتەوە (قورسایی، ڕەنگ، قەبارە… هتد) ئەوە مەبەستم لەم ڕستەیە چیە؟ کە نیە، چۆن دەتوانم ئاماژەی بۆ بکەم، کە ئاماژەی بۆ دەکەم، چۆن نیە؟
وادیارە ماقووڵترین تێڕوانین ئەوەیە کە هەمیشە وابزانین شتێک هەیە، واتە نەبوون هەروا بە گریمانە بمێنێتەوە، بەوەش پرسیاری سەرەتای سەرەتاکان دەبێتە پرسیارێکی مرۆیی، واتە پرسیارێکە تایبەت بە مرۆڤ و توانا ئەقڵییەکانی بۆ گومانکردن و سەرسامبوون. واتە هەرچۆنێک بیری لێ دەکەینەوە، لە گوزارشتەکەی نۆزیک باشترمان دەستناکەوێت کە دەڵێت “زۆرتر ئەوە ڕێی تێدەچێت کە شتێک هەبێت، نەک نەبێت.” ئێمە دەتوانین لەگەڵ بوونی شتێکدا هەڵبکەین، بەڵام ناتوانین لە نەبوون تێبگەین، نەبوون حاڵەتێک نیە بۆ ئەزمون کردن.
هەموو شتێک کۆتایی هەیە (بەمانای گوێزانەوە بۆ نەبوون نا!) منیش کۆتایی باسەکە بە قسەیەکی زانای فیزیاو فەلەکی هاوچەرخ، نیل دیگراس تایسۆن دەهێنم: “وادیارە گرێکوێرەی نەبوون هەرگیز ناکرێتەوە!”