گرنگیی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا
گرنگیی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا
خستنەڕووی: “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی”
خوێندنەوەی: سەردەم
گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی هونەر موزیکە، موزیک وێڕای ئەوەی دەتوانێت هەستی جوانیناسانەمان بجووڵێنێت و بەرەو ئەو دنیا ئەفسووناوییەی خۆ بەکێشمان بکات، هاوکات دەتوانێت چێژێکی تایبەتییش ببەخشێت پێمان و یارمەتیدەرمان بێت لە گۆڕینی دۆخی دەروونیمان بۆ ناخ و ڕۆحێکی خاوێن و پاکژ. غیابی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئەگەرچی لە لای عام شتێکی ئەوتۆ نییە و ڕەنگە سانا لێی تێپەڕن، بەڵام ئەو غیابە کاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتار و گفتارمان. لێرەدا بە شێوەیەکی تایبەت دەربارەی ڕۆشنبیری موزیک چەند سەرنجێک دەنووسین، لە میانەی خوێندنەوەی نوێترین کتێبی نووسەر و هونەرمەند زۆزک قەرەداخیییەوە.
وەک چۆن گوێگرتن لە موزیک کارێکی چێژبەخش و تایبەتە، بەو جۆرەش خوێندنەوە دەربارەی موزیک و مێژووەکەی و ڕۆڵی لە قۆناغە جیاوازەکانی سەرجەم کولتوورەکاندا، گرنگ و جێی بایەخە، بەداخەوە کتێبخانەی کوردی لە هەندێ لایەنەوە پڕە لە کەلێن و بۆشایی گەورە گەورە، یەکێک لەو لایەنانە موزیکە، ئەم نوقسانییە هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕان دەگرێتەوە، ئەوەی بۆچی بەو جۆرەیە و کارێکی ئەوتۆ لەو بوارە ناوازەیەدا نەکراوە، ڕەنگە پرسیارێک بێت لە پلەی یەکەمدا یەخەی هونەرمەندەکانمان بگرێتەوە، ئێمە شایەدی چەند کتێبی گرنگین دەربارەی موزیکی کوردی کە نووسەرەکانیان هونەرمەندی موزیکزان نین، بەڵام دەبێت پێویستییەکی مێژوویی و هەستکردن بەو بۆشاییە بەرینە پاڵی پێوە نابن تا ئەو کارانە بکەن، بۆ وێنە مامۆستا محەمەد حەمەباقی، دوو کتێبی گرنگ و پڕبایەخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون، کە یەکەمیان دەربارەی “مێژووی موزیکی کوردی”یە و ئەوی تریان تایبەتە بە هونەرمەند “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی”، بە هەقەت ئەو دوو کتێبە لەو کتێبانەن کە بۆ هەموو کوردێک گرنگن بیانخوێنێتەوە و باشتر و دروستتر لە سەرچاوە و مێژووی هونەری موزیکەکەی بگات. هاوکات نووسەر و توێژەر نزار سابیر کتێبێکی گرنگی نووسیوە بە ناوی “ناسیۆنالیزم و موزیک”، کە کارێکی بەپێز و شیاوی ستایشە. بێگومان چەند ناوی تریش هەن لەو بوارەدا کاریان کردووە و کارەکانیان جێگەی سەنگینی خۆی لە کتێبخانەی کوردیدا گرتووە، بەڵام وەک هونەرمەندان و نووسین لە بواری موزیک و بە تایبەت ڕۆڵ و کاریگەری، وەک وترا هێجگار کەم و تەنکن، یەکێک لەو هونەرمەندانەی ساڵانێکە بە بواری پراکتیکی و نووسین خزمەت دەکات، هونەرمەند زۆزک قەرەداخییە، ئەم هونەرمەندە تاکو ئێستا لە بوارە جیاوازەکانی موزیک و هونەردا حەڤدە کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە دەتوانین بڵێین هەریەک لەو کتێبانە کتێبی دانسقەن و خوێنەران و هونەرمەندان دەتوانن لێیان سوودمەند بن. ئەوە وێڕای ئەو بابەتە هەمەلایەن و ئەو بەشداری و چالاکییە هونەرییانەی تێیاندا کارا بووە و باسی پێشکەش کردوون، خەسڵەتێکی بەرچاوی نووسین و کتێبەکانی ئەم هونەرمەندە دەتوانێت لەو خاڵە درەوشاوەدا بەرجەستە ببێتەوە، کە بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان، بێ هیچ زیادە و دووبارەکردنەوەیەک، پوخت ئایدیاکەی دەخاتە دووتوێی ڕستە و پاراگرافەکانییەوە، کە ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگی هەر جۆرە نووسینێکە، کە بێ ناوبەند و ڕایەڵ بگاتە خوێنەر و دۆخێکی ناچاری وا دروست نەکات کە گرفتی تێنەگەیشتن و ئاڵۆزی لا دروست بکات، لەم ڕووەوە زۆزک قەرەداخی کارێکی باش دەکات، کە لە کتێبێکی بچکۆلە و تەنکدا، پەیامەکەی دەگەیەنێت و خوێنەر نەک ماندوو نابێت، بەڵکو چێژ لە زانیاری و ئەو وردەکارییانەش وەردەگرێ کە خراونەتە ڕوو.
کتێبی “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی” نوێترین کتێبی زۆرک قەرەداخییە، لە دووتوێی سەد لاپەڕەدا باسێکی هەمەلایەن لە پەیوەندی نێوان موزیک و لایەنە هەستی و مرۆییەکان پێشکەش دەکات، لەژێر ناونیشانی سەرەکی کتێبەکەدا ئەم دەربڕینە، وەک ناونیشانی لاوەکی دانراوە: (ئەو ڕەهەندە هونەرییە گرنگانەی پێویستە موزیککارانی نەوەی نوێ ئاشنای بن). کتێبەکە سەرەڕای پێشەکییەک، لەم بەش و ناونیشانانە پێک هاتووە: “گرنگیی هونەر، کاریگەریی موزیک لەسەر مرۆڤ، خوێندن و خوێندەواری لە بواری موزیکدا، گرنگیی خۆیی لە بواری هونەردا، گەشەپێدانی توانای خۆیی، هونەر پێویستە نەتەوەیی ـ جیهانی بێت، گرنگی بەرنامەدانان و پلانڕێژی، خۆسنووردارکردن، بەرپرسیارێتی، هاوبەشپێکردن لە بەرهەمی هونەریدا، ستایشی هونەری جوان و ناوازەی هاوپیشەکان، موزیکدانان، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، کۆبەندی”. لە هەریەک لەو بەشانەدا بەوپەڕی چری و کورتبڕییەوە باس لە ڕۆڵی هونەر بە گشتی و موزیک بە شێوەیەکی تایبەت، دەکات.
کتێبەکە بە شێوازێکی زۆر مەنهەجی و ڕێنوێنیکەرانە نووسراوە، ئەگەرچی ڕووی لە گشتە، بەڵام تایبەتتر فێرخوازانێک دەدوێنێت کە تازەکی دەستیان داوەتە موزیک و دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن و خۆیان بەرەو پێش بەرن و لە داهاتوودا خزمەت پێشکەش بکەن. نووسەر زۆر جەخت لە توانای تاک دەکاتەوە، وزەی تاک سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە، بەو مەرجەی ئەو وزەیە بە شێوەیەکی وەها ئاڕاستە بکرێت کە نوختەی ئامانج بپێکێ، نەک بەو جۆرەی بە هەموو لایەکدا پەرشوبڵاو ببێتەوە و بەهەدەر بڕوات. نووسەر پێداگری ئەوە دەکات هونەرمەندان دەبێت بچنە فێرگە و خولی جیاواز جیاواز ببینین، لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و خاوەن دیدگاوە پەرە بە توانا سەرەتاییەکانی خۆیان بدەن و خۆیان بە شوێنێک و کەسێکەوە سنووردار نەکەن و نەبەستنەوە.
پرسێکی زۆر گرنگی نێو ئەم کتێبە پرسی بەجیهانیبوونی موزیکە، زۆزک قەرەداخی دیدێکی تەندروست پێشکەش دەکات، بەوەی کە جیهانیبوونی موزیک دەبەستێتەوە بە نەتەوەوە، نەتەوە بە سەرجەم کولتوور و داب و نەریت و تەقالیدەکانیەوە، کۆیەک کە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێک دەهنێت کە دەبێتە شوناس بۆ ئەو خەڵکانەی سەر بەو خاک و زمانەن و پێیەوە دەناسرێنەوە، بێگومان هەر نەتەوەیەکیش وەک چۆن خاوەنی جلوبەرگ و خواردنی تایبەتمەندی خۆیەتی، خاوەنی موزیک و گۆرانی خۆیشیەتی، ئەمەش ئەو پردەیە کە دەبێت وەک سەرەتایەکی پتەو لە نێوان فێرخواز و نەتەوەدا ڕۆ بنرێت، واتا فێرخواز لە ناوەند و کلاسەکاندا ئاشنای ئەم موزیکە نەتەوەییەی خۆی بکرێت، بە وردی سەرجەم لایەنەکانی پێ بناسرێت، لەوەش گرنگتر بتوانێت گوێی لێیان پڕ بێت و ئەلف و بێی ژەندنەکەی، لەسەر ئەو ئاوازانە کۆک بکات کە موڵکی نەتەوەکین و لە خانەی موزیکی فۆلکلۆر و زارەکیدا ناسێنراون. دیارە ئەم خاڵە بە چەندان نموونەی هونەرمەندان لە دنیادا ڕوون دەکاتەوە، مەرجی بەجیهانیبوونی موزیک لە ڕێگەی کەناڵی موزیکی نەتەوەییەوە فەراهەم دەبێت، ئەو هونەرمەندانەی ئەمڕۆ وەک هونەرمەندانی جیهانی بواری موزیک و ئاواز ناسراون، ئەگەر گوێیان بۆ بگرین و دەربارەیان بخوێنینەوە، دەبینین گەشەیان بە موزیکی نەتەوەیی خۆیان داوە و سەرچاوەی سەرجەم داهێنەکانیشیان لە هەوا و سروشتی نەتەوە و خاک و زمانەکەی خۆیانەوە هەڵگۆزتە کردووە. نیسبەت بە موزیک و گۆرانی کوردی ئەمە پرسێکی زۆر ئەمڕۆییە، دەبیستین ڕۆژانە چۆن موزیک و گۆرانی کوردی لە مۆرکی نەتەوەیی خۆی دادەماڵرێت و ڕووت دەکرێتەوە.
کتێبەکە ئاستی بەرپرسیارێتیی خوێندکار بەرانبەر بە موزیک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و جیهانی دیاری دەکات، هاندانێکی جوانە لەو کایەدا، کە هەم هەوڵ بۆ فێربوونی ئامێرێکی موزیک بدەین، هەم چێژ لە جوانی و ئەفسوونی ئەو دنیایە فراوانە وەربگرین، بێگومان ئەو کەسانەی ڕۆحیان ئاوێتەی موزیکە کەسانێکن ئارام و لەسەرخۆن، ئەو کەسانەن کە دۆخە ناشیرین و هەنووکەییەکان فریویان نادات و بە هێمنییەوە درێژە بە خەون و پڕۆژە ئێستەتیکییەکانیان دەدەن و چاویان لە ئایندەیەکی باشتر و گەشترە بۆ هەمووان.