لە دەفتەری فەلسەفەوە ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

Loading

لە دەفتەری فەلسەفەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(١٠)

تووڕەیی ئەکیلیس

دەستەواژەی ‘تووڕەیی ئەکیلیس’ ئاماژەیە بۆ بیرۆکەی سەرەکی ناو داستانی ‘ئیلیاد’ی هۆمیرۆس. ئەکیلیس پاڵەوانی جەنگی ‘ترۆی’یە هێزێکی ئەفسانەیی هەیەو زۆر دلێر و زۆریش شارەزای هونەرەکانی جەنگە. چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە ئاگامەمنونی سەرکردەی هێزەکانی ئەسینا کە گەمارۆی شاری ؛ترۆی’یان داوە، سووکایەتی بە ئەکیلیس دەکات و ئەویش لە جەنگەکە دەکشێتەوە. دوای کوژرانی پاترۆکلەس، بە غەزەبێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕگە و هیکتۆری پاڵەوانی ‘ترۆی’یەکان دەکوژێت و ئەسیناییەکان سەردەکەون و لە کۆتاییدا خۆشی دەکوژرێت. تووڕەیی ئەکیلیس ژمارەیەک چەمک و مانای قووڵ سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ و بەها ئاکارییەکان و ئاکامەکانی هەڵچوون و هەژان، لەخۆ دەگرێت. دەتوانین لەم تووڕەییەوە بڕوانینە سروشتی مرۆڤ و لە ئاکامەکانی هەستوسۆزە لەکۆنترۆڵ دەرچووەکان بکۆڵینەوە، درک بە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان شەرەف و شانازیی بکەین.

یەکێک لە لایەنە هەژێنەرو سەرنجڕاکێشەکانی داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆس، ئەوەی گوڕوتینێکی زیاتر دەداتە ڕەوتی ڕووداوەکان و بەرەو ترۆپکیان دەبات، تووڕبوونی ئەکیلیسی پاڵەوانە؛ کە هەر لە سەرەتاکانی داستانەکەوە خۆی نمایش دەکات‌:

خواوەندی شیعر گۆرانیم بۆ بچڕە،

باسی تووڕەیی وێرانکەرانەی ئەکیلیسی کوڕی پیلیۆسم بۆ بکە،

کە نەهامەتییەکی بێشوماری بەسەر ئاخیاییەکاندا هێنا

ڕۆحی گەلێک لە جەنگاوەرە بەجەرگەکانی ڕەوانەی هەیدیس کردو

لاشەکانیانی دەرخواردی سەگ و قەل و داڵ دا

ئیلیادە دامەزرێنەری ژانری داستانە، ستانداردی هەموو داستانەکانی ترە، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین هەموو داستانەکانی دواتر لە پەراوێزی ئیلیادەدان. ئیلیادە خۆی لەخۆیدا شانۆیەکە بۆ خورپە و هەست و سۆزە مرۆییەکان، بیرکردنەوەیە لە چارەنوس، لە ماناکانی ململانێ و دژایەتی و هاوپەیمانێتی و… هتد. ئەم داستانە تەرکیزی لەسەر کێشە و تێڕامەنە ئۆنتۆلۆژییەکانی مرۆڤە. لێوانلێوە لە چێژی ئاکاریی و ئیستاتیکایی، دەمانخاتە بەردەمی مانا باڵاکانی ئەو چەمکانە. ئەم داستانە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پێش تێکستی نوسراو، لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارێک دەیخوێنینەوە گۆشەنیگایەکی نوێمان پێدەبەخشێت و جۆرێکی دیکەی جیهانبینیمان بۆ نمایش دەکات، دەمانخاتە سەر دووڕیانەکانی بیرکردنەوە لە نەمریی‌و فانیبوون، جیاوازیی نێوان خواوەندە سەرمەدییەکان و مرۆڤە مەرگبارەکان. بەتایبەتی کە لەگەڵ ئەکیلیس و هیکتۆردا ئەزمونی مەرگی پڕ لە توندوتیژی دەکەین و ئەزمونێکی ئەبەدییانەی جەنگ و پرسیارەکانی لە پێشچاومان نمایش دەکرێت.

سەرەکیترین کارێک کە ئەلیادە ئەنجامی دەدات، دروستکردنی هەستی سەراسیمەبوون و سەرسوڕمانە لەناخی ئێمەدا، پاشانیش وامان لێدەکات پرسیارە گەردونییەکانی لەمەڕ ماناکانی ژیان و هۆیەکانی بەزیندوویی مانەوەو مەرگ وەک کۆتاییەکی ترسناک، بەرزبکەینەوەو بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێین. لەپاڵ جۆرەها پرسیاری دیکە لەبارەی دادپەروەریی‌و هاوڕێیەتی و تۆڵەسەندنەوەو چارەنوس و گەلێک پرسیاری دیکەدا کە لەگەشتی خوێندنەوەی داستانەکەدا ڕووبەڕوویان دەبینەوەو نەخشی خۆیان لەسەر جیهانبینی و بیرکردنەوەمان دادەنێن.

لە ئیلیادەدا ڕووبەڕووی تایپێک لە قارەمان دەبینەوە لەوپەڕی کامڵیدا، قارەمان بە کۆی ئەو مانایانەوە کە ئەو وشەیە دەتوانێت لەخۆیدا کۆی بکاتەوە، لەوێوە تا سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرن هەر کە ناوی قارەمان دەهات، یەکسەر هەردوو پاڵەوان ئەکیلیس و هیکتۆرمان دەهاتەوە یاد. هۆمیرۆس بەجۆرێک ئەم دوو کەسایەتییەی داڕشتووە کە کردوونی بە ئارکیتایپ و دواتر کۆی قارەمانەکانی وێنەیان لەم دووانە گیراوەتەوە.

ئەکیلیس کوڕی پیلیۆسی پادشای تیسالی و تیتیسی پەری دەریایە، باوکی مردەو دایکی نەمرە. بەتواناترین و بوێرترین پاڵەوانی یۆنانی دێرینە، هۆمیرۆس زێدەڕۆییەکی زۆر لە تواناو لێهاتوویی ئەکیلیسدا دەکات و دەیباتە ترۆپک، بەتایبەتی کە تووڕە دەبێت، ئیتر لە درنجێكی تێکشکێنەر دەچێت. هەر بۆیەشە بە بەراورد لەگەڵ ئاگامەمنون و پادشاو پاڵەوانەکانی تردا، کە بەشداریی جەنگی ترۆییان کردووە، وەک کەسایەتییەکی کێویی‌ و پڕ لە هەست و پاڵنەری ئاژەڵییانە دەردەکەوێت و کاتێکیش تووڕە دەبێت، مۆرکێکی ئەفسانەییانە وەردەگرێت.

تووڕەیی (هاومانایەکی زێدەڕۆیی تێداکراوی لە زمانی کوردیدا، وشەی ‘غەزەب’ە، ئەسڵەکەی دەگەڕێتەوە سەر زمانی عەرەبی) یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەم داستانە، کە لەدواجاردا دەرەنجامی جەنگی ترۆی دەستنیشان دەکات و کۆتاییەکەی بە وێرانکردنی شارەکە و کوژرانی ئەکیلیسیش دێت، کە بابەتی ئەم وتارەیە. هۆمیرۆسیش بەشێوەیەکی زۆر تایبەتی گرنگیی پێداوە، کە لە خوێندنەوەیەوە تێدەگەین کە تووڕەیی پاڵەوان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ تووڕەیی خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتی سەرکردەی سەربازی و سیاسەتمەدار هەیە. هیکتۆریش تایپێکی دیکەی قارەمانە، بەڵام قسەکردن لەبارەی ئەوەوە لێدەگەڕێین بۆ دەرفەتێکی دیکە.

تووڕەیی هەست‌و سۆزە، تێکەڵەیەکە لە باوەڕ و ئارەزوو. واتە هەم باوەڕبوون بە پێویستیی داکۆکییکردن لە بەهایەک یاخود تۆڵەکردنەوە بۆ لەکەدارکردنی بەهایەکی تێدایە کە بەلای خودی تووڕەوە زۆر گرنگە، هەم خواستێکە، ئارەزوویەکە بۆ ڕاستکردنەوەی بارێک، ڕەوشێکی دەرونیی، بەو بارەدا کە لە دیدی کەسە تووڕەکەوە دەبێت وابێت… بەکورتی تووڕەیی پاڵەوان (کە لە ئیلیاددا ئاماژەی بۆ کراوە) تووڕەییەکە بۆ دەربازبوونە لەوەی هەیە بە مەبەستی گەیشتن بەوەی دەبێت ببێت.

تووڕەیی غەریزەیەک یان دیاردەیەک نیە وەک هەستی برسێتی یان تینوێتی، گەرچی زۆرجار لەرزین و هەستکردن بە وشکبوونی ناودەمیشی لەگەڵدایە. هەر بۆیە ئەرەستۆ پێناسەی دەکات بەو “ئارەزووەی هاوڕێیە لەگەڵ ئازاردا”، بۆ هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە یاخود بۆ پەلاماردان. سوکایەتی پێکردن بزوێنەری سەرەکی تووڕەییە، کە پێوەستە بە نیکی (ئارێتێ) و شەرەف (تیمێ)وە. کاتێک وەها مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکرێت کە لەئاستی خۆیدا نیە، یان شایستەی ئەوە نیە وەها مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تووڕەیی سەرهەڵدەدات. بەڵام تەنها ئەوانە تووڕە دەبن کە خۆیان بە شەرەفمەند یان شکۆدار دەزانن. هەربۆیە ئەرەستۆ (لە ئاکاری نیکۆماخی)دا، ڕاشکاوانە ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کەسی میانڕۆی خاوەن میزاجی چاک، دەتوانێت تووڕە ببێت، بەڵام تەنها لەو کاتانەدا کە پێویست دەکات.

کۆمەڵگای هۆمیرۆسی، ئەو ژینگەیەی لە ئیلیاددا باسکراوە؛ کۆمەڵگای خێڵ و هۆزە پەلاماردەرو جەنگاوەرەکانە. جەنگ لەو کۆمەڵگایەدا شتێکە کە بەشێوەیەکی حەتمیی ڕوودەدات، یەکێکە لەمەیدانەکانی شانازیی کردن و پیشاندانی دڵسۆزیی و وەفاداریی بۆ شار. لەوێدا توانا سەربازییەکان و گوڕو تینی هەڵسوڕان لەگۆڕەپانی جەنگدا، سەرتۆپی شکۆدارییەکانە، لەپاڵیشیدا شەرەفمەندی مانای دڵسۆزی و وەفاداریی بۆ هاوڕێیان و هاوپەیمانان دەگەیەنێت. تووڕيیی هەردوو کردەکە لەخۆدەگرێت: تێکەڵەیەکە لە نمایشکردنی توانای سەربازی و هەستی وەفاداریی: خستنەڕووی گوڕو تینی جەستەییە بۆ ئەنجامدانی کردەی کوشندە، کە زۆرجار هۆی بنەڕەتیی سەرکەوتنە لە مەیدانی جەنگدا.

لەو کۆمەڵگایەدا، جەنگاوەریی، توانای هەڵگرتنی چەک، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی هاوشاریی بوون (هاوڵاتیبوون بە مانا مۆدێرنەکەی) ئەوەی نەتوانێت بەشداریی جەنگ بکات، مافی هاوشارییبوون دەدۆڕێنێت. هەربۆیەشە هەمیشە لەباسکردنی پیاوە گەورەکاندا، قسە لەسەر هەڵوێستەکانیان و خۆڕاگرییەکانیان لە بەرەکانی جەنگدا دەکرێت. ڕەنگە سۆکرات باشترین نمونە بێت لەبەردەستماندا، دەبینین زۆرێک لەوانەی لەبارەیەوە دواون باسی جوامێریی و خۆڕاگریی ئەویان لە کاتی جەنگداو بەهاناچوونی هاوشارییە جەنگاوەرەکانی کردووە.

هەر وەک لەناونیشانەکەوە دیارە، ئێمە باس لە تووڕەییەکی تایبەت، هەروەها کەسێکی تایبەتیش دەکەین. لەڕەوتی داستانەکەداو لە ئەنجامی پەلامارو هێرشی هێزی یۆنانییەکان بۆ سەر شاری ترۆی، ئافرەتێک دەکەوێتە لای ئەکیلیس، بەڵام ئاگامەمنون لێی زەوت دەکات، بۆیە ئەکیلیس هەموو گیانی پڕ دەبێت لە تووڕەیی، هەست دەکات سوکایەتی پێکراوە، لە پێگەی کەمکراوەتەوە. دواتر ئاگامەمنون هەست بەهەڵەی خۆی دەکات و هەوڵ دەدات قەرەبووی بۆ بکاتەوە، بەڵام تووڕەیی ئەکیلیس گەیشتۆتە ڕادەیەک کە دەسپێشخەرییەکە ڕەتدەکاتەوە. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە لەلایەنی ئەکیلیسەوەو باجەکەشی زۆر بە قورسی دەدات: لەدەستدانی نزیکترین هاوڕێی (پاترۆکلوس). هاوکات پاساویشی هەیە، پرسەکە هەستکردنە بە سوکایەتیپێکران و نادادپەروەریی؛ ئەم هەستە بەڕادەیەک برینداری دەکات کە لە مەیدانی جەنگ دەکشێتەوە و بیر لە گەڕانەوە دەکاتەوە، وەک پڵنگێکی بریندار لەناو چادرەکەیدا گینگڵ دەدات. تا کوژرانی پاترۆکلوس هەموو دیمەنەکە دەگۆڕێت و ئاڕاستەی تووڕەییەکەی ئەکیلیس دەگۆڕێت.

ئەکیلیس، ئەگەر توانیبێتی لە تووڕەیی یەکەمیدا دان بەخۆیدا بگرێت و کردەیەکی نەشیاو ئەنجام نەدات، ئەوە لە تووڕەیی دووهەمیدا لە قاڵبە مرۆییەکەی دەچێتە دەرەوەو دەگۆڕێت بۆ جانەوەرێکی تێکشکێنەر و ئیتر هیچ گرنگییەک نادات بەوەی خەڵکانی دیکە چەند ئازار دەچێژن و گوێش ناداتە بانگ و تکای ئەوان بۆ بەزەیی. بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هیکتۆری پاڵەوانی ترۆی دەکوژێت و ڕەفتارێکی زۆر قێزەوون لەگەڵ لاشەکەی دەکات. ئەم ڕەفتارە لە ناخی ئەکیلیسدا هاوتای ئەو هەستکردنەیە بە شکاندنی کەرامەت کە لەناخی خۆیدا هەستی پێدەکات، دوای ئەو ڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی ئاگامەمنون بەرامبەری کرد. ئەو لەناوە بریندارە و تەقینەوەی دڵێکی برینداریش زۆر مەترسیدارە. هۆمیرۆس وانەیەکی ئاکارییمان پێدەڵێت: بەخۆنازینی زۆر ئاکامی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. ئەگەر سەرنجێکی چواردەوری خۆمان بدەین، لە ئاستەجیاجیاکانی دەسەڵاتدارێتیدا دیاردەی لەمجۆرە زۆر دەبینین.

بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێنە بەر بۆ بەخاکسپاردنی پاترۆکلوسی هاوڕێی، ئارامی دەکاتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ قاڵبە مرۆییەکەی خۆی و دیسانەوە بەهاو ئاکارەکانی پاڵەوانی لێ دەردەکەونەوە، ئیتر ئامادەیی پیشان دەدات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هیکتۆر بۆ کەسوکارەکەی تا لە ڕێوشوێنێکی شایستەدا تەسلیمی خاکی بکەن.

ڕەوتی ئەم ڕووداوانە، ئەو پارادایمە هۆمیرییە پێکدەهێنن کە بۆ ئەنجامدانی شتەکان سازی کردووە: لە ئاکامدا کارەکان بە دروستی ئەنجامدەدرێن… سەرەکیترین خاسییەتی ئەم پاردایمە لەوەدایە کە پێویستە پاڵەوان توانای ئەوەی هەبێت کۆنترۆڵی تووڕيیی خۆی بکات، ئەوەی لەبیر نەچێتەوە کە ئەو بوونەوەرێکی فانییە و ئەگەری ئەوەی ئازار بچێژێت، زۆرە.

ئەمە وانەیەکی قورس بوو بۆ ئەکیلیس، بۆیە کاتێک کە پادشا پریامی باوکی هیکتۆر بۆ تکاکردن دێتە لای، بیر لەباوکی خۆی دەکاتەوەو دڵی نەرم دەبێت تا تکاکەی لێ قبووڵ بکات. هۆمیرۆس ڕۆشناییەکی زۆری خستۆتە سەر دیمانەی نێوانیان.

ئەگەر لەم گۆشە نیگایەوە ئیلیاد بخوێنینەوە، دەبینین ئەم تێکستە قسەکردنە لەبارەی گەشەکردنی ئاکارەکان و پەروەردەکردنی پاڵەوان. ڕووداوە تراژیدییەکان لە چەند خاڵێکدا چڕکراونەتەوە: کوژرانی پاترۆکلەس و تۆڵەکردنەوە لە هیکتۆرو هاتنی پادشا پریام… ئینجا دوای ئەمانە هێوربوونەوەی ئەکیلیس و نەرمبوونی کردارو گوفتاری و هەڵگرتنەوەی بەها بنەڕەتییەکانی پاڵەوان. ئەمەش وێنە جوانەکەی پاڵەوان نمایش دەکاتەوە، بەجۆرێک سۆکراتیش لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا، خۆی بە ئەکیلیس دەشوبهێنێت.

داستانەکە پێمان دەڵێت ئاگامەمنونیش هەر تووڕەیە، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تووڕەیی نەجیبانەی ئەکیلیس و تووڕەیی بازاڕییانەی ئاگامەمنوندا، هەیە. یەکەمیان پاڵەوانێکی خاوەن بەهای ئاکاریی نەگۆڕ و تایبەت بە خۆیەتی، بە کورتی پیاوی ئاکاری باڵایە. دووهەمیشیان سەرکردەیەکی سەربازییە، کەسێكە لە مەیدانی جەنگدا ڕۆڵی هەیە، پیاوی سیاسەتە و بەها ئاکارییەکان لای ئەو قابیلی گۆڕانن و بە ئاسانی دەتوانێت جێگۆڕکێیان پێ بکات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە تووڕەییەکەی ئەکیلیس بەهۆی سوکایەتییەکەوەیە کە لەلایەن ئاگامەمنونەوە پێی کراوەو دەستی بردووە بۆ ئەو بەهایانەی لای ئەو پیرۆزن، شکۆداریی و شەرەفمەندیی پاڵەوانانەی ئەوی لەکەدار کردووە، بەڵام تووڕەیی ئاگامەمنون بەهۆی گوێڕایەڵنەبوونی ئەکیلیس بۆ فەرمانەکانی و کشانەوەی لە مەیدانی جەنگ بووە. بۆیە تووڕەییەکەی ئەکیلیس لە مەزنییەوەیەو پێویستی بەهۆی تایبەت و گرنگە بۆ ئەوەی ڕووبدات، بەڵام ئەوەی تریان تووڕەییەکی ئاسایی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤە ئاساییەکانە، کە دەشێت بەهەر هۆیەکەوە بێت بتەقێتەوە.

بەدڵنیایی، گەرچی هەردوو تووڕەبوونەکە بەشێکیان لەناو سایکۆلۆژیادا هەیە، بەڵام دوو جۆری زۆر جیاوازن لە تووڕەیی.

ناردن: