باوک وەک نوێنەری داماویی

Loading

باوک وەک نوێنەری داماویی

خستنەڕووی “دیمەنێک لە پردەکەوە”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ئەمریکا شاری ڕووداوە سەیر و ئاڵۆزەکان بووە، لەو کاتەوە کە کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس ئەم خاکەی کەشف و دۆزییەوە، کە بنەچەکەی سوورپێستەکان لەسەری دەژیان و هەبوون، لەو کاتەوە هەدای نەداوە و بەشێکی بەرچاو لە ڕووداوەکانی جیهان، لەو خاکەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەمەریکا بە خەونێکەوە، کە خەونی تاکی ئەمریکییە و لە ڕەهایی و ئازادیی هەمیشەییدا خۆی دەبینێتەوە، سەدەکانی بڕیوە و هاتووە، لەپێناو ئەو خەونەدا کۆشاوە. نووسەرانی ئەمەریکی لە نووسراوەکانیاندا درێژەیان بە هەمان خەون داوە، هەریەکەو بەپێی ئەو زەمەنەی تێیدا ژیاوە، هەوڵی داوە خەونەکەی لە بەرانبەر لەمپەرەکاندا ڕا بگرێت و بەرگریی لێ بکات، دەتوانین بڵێین سەدەی بیست و نووسەرانی سەر بەو خولە، زۆرترین شەڕیان لەپێناو ئەو خەونەدا کردووە، مارشاڵ بێرمەن، کە خۆی یەکێکە لە نووسەرانی ئەو خولە و لە کتێبی “ئەزموونی مۆدێرنیتێ”دا، بەشێکی تایبەت کردووە بە ئەمریکا و لەژێر ناوی “لە جەنگەڵی هێماکاندا: هەندێ سەرنج سەبارەت بە مۆدێرنیزم لە نیویۆرک”دا بە وردی ئەو سەدەیە دەپشکنێت و نووسەران و ڕووداوگەلێک بەسەر دەکاتەوە کە نوێنەری ئەو سەدەیەن و پێکڕا بەرجەستەی ئەو خەونە دەکەنەوە، کە ڕەنگە لە دواجاریشدا هەموویان لە بەری ئەو خەونە شکستیان چنیبێتەوە، بەڵام هەر لەو شکستە سەدان دەقی گرنگ و مۆدێرن ڕسکاون.

ئارسەر میلەر (١٩١٥ ـ ٢٠٠٥) یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ئەمریکا و جیهان، ئەو زیادتر بە دەقە شانۆییەکانی ناوی دەر کردووە و خاوەنی چەندان دەقی گرنگ و نەمرە، لە زمانی کوردیدا تا هەنووکە سێ دەقی بە بایەخی ئەم نووسەرە کراون بە کوردی، سێ دەق کە دەتوانن وێنایەکی ڕوون لە جیهانبینیی ئاسەر میلەر بدەن بە دەستەوە، ئەوانیش هەریەک لە شانۆنامەکانی “مردنی دێوەرەیەک”، “هەموو کوڕەکانم” و “دیمەنێک لە پردەکەوە”، کە لە لایەن هەریەک لە ئازاد حەمەشەریف، فاروق هۆمەر و عەلی عوسمان یەعقوبەوە، لە کات و شوێنی جیاوازدا، لە زمانی ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی. ئەم سێ دەقە ئەگەرچی دنیای تەواو سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام هاوکات چەند خاڵی هاوبەشیش لە نێوانیاندا هەیە، کە دەتوانێت دەقەکان و ئایدیای سەرەکییان بباتەوە تەنیشتی یەک و پێکەوە گوتاری ئارسەر میلەر ئاراستە بکەن. لێرەدا بە وەستان لەسەر “دیمەنێک لە پردەکەوە”، هەوڵ دەدەین کەمێک لە دنیای میلەر نزیک ببینەوە.

وەک لە پێشەکیی وەرگێڕدا هاتووە، بیرۆکەی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”، ئارسەر میلەر لە هاوڕێیەکی خۆیەوە وەری گرتووە، کە پارێزەر بووە، چیرۆکەکەش بەم جۆرەیە: پارێزەرەکە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا هەوڵی بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەیان داوە کە لە شۆستەی بارکردن و بارداگرتنی کەشتی لە کەناری “برووکلین” ـ یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی نیویۆرک ـ دا بووە، ئەوە بووبووە مایەی نیگەرانی کرێکارەکان. پارێزەرەکە، کە ناوی “ڤینی لۆنجی” بوو، چیرۆکی کرێکارێکی بۆ میلەر گێڕایەوە، کە لە بەندەرەکە کاری دەکرد. ئەم کرێکارە خەبەری لە دوو پەناهەندە دابوو، کە بە قاچاخ هاتبوون بۆ ئەمریکا. ئەم دوو پەناهەندەیە برا بوون و خزمی کرێکارەکە بوون و بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەپەرتمانەکەی خۆی داڵدەی دابوون. دوای ئەوەی یەکێک لەو دوو پەناهەندەیە هەوڵی هاوسەرگیری دەدات لەگەڵ کچی خزمی ئەو کرێکارە، کرێکارەکە بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکە پووچەڵ بکاتەوە، دەسەڵاتدانی لە فەرمانگەی کۆچبەران ئاگادار کردبووەوە تا بێن دوو پەناهەندە قاچاخەکە دەستگیر بکەن. دیارە ئەم کارەی کرێکارەکە بووبووە مایەی ڕیسوابوونی لە گەڕەکەکە و دواجار ناچار بوو ئەو گەڕەکە جێ بهڵێت. دوای ماوەیەک دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە کرێکارەکە بە دەستی یەکێک لە براکان کوژراوە. ئەمە بیرۆکەی چیرۆکی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”یە. ئارسەر میلەر لە شانۆنامەکەیدا، وەک چۆن هاوڕێ پارێزەرەکەی چیرۆکەکەی بۆ گێڕاوەتەوە، پارێزەرێک دەکات بە گێڕەرەوەی گشتی (حەکایەتخوان). ئەم پارێزەرە لە دەستپێکەوە ڕەوتی ڕووداوەکان و هاتنیان بە شوێن یەکدا دەستنیشان دەکات، هاوکات هەر لە ڕێی ئەم پارێزەرەوە کەسێتییەکان دەناسین و ئەم ڕێیان بۆ خۆش دەکات بێنە سەر تەختی شانۆ و ڕۆڵەکانیان وازی بکەن.

ڕووداوەکان لە ئەپەرتمانی تەلارێکی زەبەلاحدا ڕوو دەدات، تێیدا ژن و پیاوێک و کچێک، کە دەکاتە کچی خوشکی ژنەکە و لە پاش مردنی دایکی و باوکی کەوتووەتە لای ئەمان و ئەمان گەورە و پێیان گەیاندووە و ئێستا لە هەڕەتی گەنجی و جوانیدایە، لەو ئەپەرتمانەدا دەژین، پیاوەکە، کە ناوی ئێدی کاربۆنە لە شۆستەی بەندەی برووکلین کار دەکات و کارەکەی داگرتنی ئەو بارانەیە لە کەشتییە گەورەکاندا دەگەنە بەندەر، ژنەکە، کە ناوی بیاتریسە ژنی ماڵەوەیە، کچەکەش ناوی کاترینە. دەسپێکی ڕووداوەکان بە گەڕانەوەی ئێدی کاربۆن لەسەر کارەوە دەست پێ دەکات و هەواڵی هاتنی دوو ئامۆزای بیاتریس دەهێنێتەوە بۆ نێو ماڵ، ئامۆزاکانی بیاتریس ناویان مارکۆ و ڕۆدۆڵفۆیە، ئیتاڵین و لەوێوە هاتوون بۆ ئەمریکا بۆ کارکردن، هاتنی ئەم دوو کەسە لە وڵاتێکی وەک ئیتالیاوە هاوکاتە لەگەڵ لێشاوی ئەو شەپۆلە بەرینەی لە دەیەی سی و چلەکانی سەدەی بیستدا لە ئیتالیا و وڵاتانی ترەوە ڕوویان لە ئەمریکا کرد بە مەستی کارکردن و مانەوە لەو ویلایەتە گەورەیەدا. شوێنی ڕوودانی شانۆنامەکە “ڕێدهووک”ە، کە بەشێکە لە گەڕەکی “برووکلین” لە نیویۆرک، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە پەناهەندەی ئیتاڵین. هاوکات ئەم گەڕەکە پڕە لە شەلاتی و شەقاوە، هەر ئەمەیش کارێکی وای کردووە کە شانۆنامەکە لە ڕووی بەکاربردنی زمان و تەنانەت فەزای گشتیشەوە بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئەخلاقیات و سروشتە بێت کە ئەو گەڕەکە و کەسێتییەکانی پێ ناسراون، بە تایبەت لە زەمەنی نووسینی ئەو دەقەدا. ئەم دوو برایە بۆ کار هاتوون، مارکۆ خاوەنی هاوسەر و منداڵە و هەرچی ڕۆدۆڵفۆشە هێشتا ژنی نەهێناوە و گەنج و جوانە و خولیای گۆرانیوتنی هەیە. هاتنەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، تاکو ئەوەی خۆیان دەگرن و جێیەک پەیدا دەکەن، بەڵام لەگەڵ کاتی خایەندراوی شانۆنامەکەدا، تێدەگەین ئەوان لەو ماڵەدا دەمیننەوە و تاکو ئەو ساتەی کە حاڵەتە درامییەکە دەگاتە لووتکەش، مانەوەیان لەوێ هەر بەردەوام دەبێت.

ڕۆدۆڵفۆ هەر لە سەرەتاوە جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کاترین پێ دەهێنێت، ئەم پەیوەندییە ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵدەکشێت و دەگاتە جێیەک کە ئیدی ئەو دووە هاوسەگیری بکەن، کەسی ناڕازی و دژ بەو دۆخە، ئێدی کاربۆنە، کە دەکرێت بۆ کاترین وەک باوک و لە پێگەی باوکەوە بخوێنرێتەوە. ململانێی کاربۆن لەگەڵ ڕۆدۆڵفۆ لە سەرەتاوە ململانێیەکی نەرمە، بەڵام بە تێپەڕینی کات و خەمڵینی پەیوەندیی کاترین و ڕۆدۆڵفۆ، ئەم ململانێیە توند و توندتر دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەردوو براکە لە ماڵەکەی وەدەر دەنێت. بەردەوام ئەوە لە کاترین دەگەیەنێت کە ڕۆدۆڵفۆ کەسێکی خراپە و بۆ ئەوە دەیەوێ هاوسەگیری لەگەڵدا بکات، تا مافی مانەوەی لە وڵات و ناسنامەی ئەمریکی بەدەست بهێنێت، لە بەرانبەریشدا بیاتریس هەیە، کە لایەنگری کاترینە و بەو هۆیەی کە کچەکە چیدی منداڵ نییە و دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆی بدات، سەرکۆنەی کاربۆن دەکات و گرژی لە نێوانیان دروست دەبێت. کاترینیش لە سێ جەمسەری کاربۆن / بیاتریس / ڕۆدۆڵفۆدا تێدا ماوە و تەنیا خەفەت دەخوات. ئەگەرچی ئەم پەرچەکردارە توند و ڕەقەی ئێدی بەرانبەر بە هاوسەرگیریی نێوان کاترین ڕۆدۆڵفۆ لە ڕواڵەتدا وەک بەرپرسیارێتیی و پاراستنی کاترین لە ڕۆدۆڵفۆ دەردەکەوێت، بەڵام لە ناواخن و کرۆکدا هەستێکی بۆگەن و ڕزیوە، ئەویش پەیوەندیی شاراوە و شەهوانی یەکلایەنەی ئێدییە کاربۆنە بە کاترینەوە.

سووسەی پەیوەندییەکی ئابڕووبەرانە لە لایەن ئێدی کاربۆن بە کاترینەوە، هەر لە سەرەتاوە شەپۆلان دەدات، نەختە نەختە ڕایەڵ و داوەکانی ئەم پەیوەندییە ئاشکرا و ڕوونتر دەبنەوە، دەبینین لە دوایین دیمەنەکانی ئەم شانۆنامەیەدا وەها پەردەلادانێک ڕێک لە لایەن بیاتریسەوە هەڵدەدرێتەوە و دەردەخرێت، بێگومان ئەم پەیوەندییە تاکجەمسەرە و تەنیا لە لایەن ئێدی کاربۆنەوە دروست بووە، هەرچی کاترینە هەستێکی باوکانەی بۆ کاربۆن هەیە و خۆشەویستی و ڕێزێک کە دەینوێنێت بۆی، هەر لە سۆنگەی باوکێکەوەیە. باوک کە هەستەکانی دژ بە ئاکار و ڕەوشتی باو دەوەستنەوە، شیرازەی خێزان لە بنەتاوە هەڵدەوەشێت و جومگەکانی بەر دەبنەوە، شانۆنامەکە بە وردی ئەم دۆخانە دەر دەخات، کاریگەری ئەو هەستە لەناو خێزاندا پێشان دەدات، هەڵکشان و داکشانی ڕووداو و حاڵەتەکان دەنوێنێتەوە، هەر لە ڕێی پێشاندانی ئەم دۆخانەوە دەتوانێت دەلاقەیەکی بەرین بەسەر تێگەیشتن لە شارستانیەت و کولتووری ئەمریکیدا بکاتەوە.

ئارسەر میلەر لە ڕێی خێزانێکەوە گوتارە شانۆییەکەی خۆی ئاراستە دەکات، لە خێزانیشدا بە شێوەیەکی تایبەتی لەسەر پێگە و جێگەی “باوک” دەوەستێت، باوک کە بەردەوام وەها وێنا کراوە کۆڵەگە و ڕاگری خێزان و بنەماڵەیە، بەڵام لە شانۆنامەکانی میلەردا لەم پێگە و جێگەیەوە بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە خەرەندەوە. لێسەندنەوەی دەسەڵات لە باوک و ڕووتەڵکردنەوەی لە هەموو هەژموون و قەڵەمڕەوییەک، دەلالەت لە دۆخی گشتی ئەمریکا دەکات، بە تایبەت پاش قەیرانی دارایی دەیەی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە تایبەت لەو چینەدا کە ئێدی کاربۆن نوێنەرایەتی دەکات و چینی ناوەند یاخود خوار ناوەندی کۆمەڵگەی ئەمریکییە. ئارسەر میلەر شوێنی “باوک” دەستنیشان دەکات، باوک چیدی ناتوانێت سنوورەکان بکێشێت، دەسەڵاتی لە بازنەیەکی بچووکدا خول دەخوات و ناتوانێت وەک ڕابردوو، ڕەها و هەموو هێز و بڕیارێک بێت، ئێدی کاربۆن ڕێک ئەو ڕۆڵە نوێیە دەبینێت، لەگەڵ هەموو ڕێگری و بەرگیرییەک لە سەرنەگرتنی ئەو هاوسەرگیرییە، دواجار بە پێشێلکردنی خۆی دەشکێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەشدا، دەکوژرێت، کوشتنی فیزیکی کاربۆن کوشتنێکی هێمایینە و دەلالەت لە کوشتنێکی گەورەتر دەکات، کە کوشتنی دەسەڵاتی بەرزەفڕانەی باوکە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا.

خەونەکەی ئەمریکا ئەگەرچی بەردەوام خیانەتی لێ دەکرێت، بەڵام درێژەی هەیە، ڕیزی درێژی خەونبینانی ئازادیی تاکەکەس و ژیانی بەختەوەرانە بۆ هەمووان، درێژە، ئارسەر میلەر یەک لەو کەسانەیە بەو خەونەوە نووسی، لە وەڵامی ئەو خەونەدا دەقەکانی لەچاپ دان و شەڕی ئەو پۆخڵەواتیانەی کرد دەبنە لەمپەر و ژیانی شەرەفمەندانە پەک دەخەن.

ناردن: