هەناسە فەلسەفییەکان -ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
١٢
ئەفلاتون و ژیانی چاک
یەکێک لەو چەمکانەی ئەفلاتون زۆر خۆی پێوە خەریک کردوون و ژمارەیەکی بەرچاو لە دایالۆگەکانی خۆی بۆ تەرخانکردوون، پرسی ژیانی چاکە. ئەمە پرسیاری سەرەکیی فەلسەفاندنە، هەم لەدیدی خۆی و هەم لە دیدی سۆکراتەوە. لە تێڕوانین ئەفلاتووندا، مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان حەزیان لە چاکە و دادپەروەرییە، واتە مرۆڤ بە سروشتی خۆی چاکە خوازە، بەڵام پێویستی بە جوامێریی یان بوێریی هەیە بۆئەوەی ئەمە لەژیانی خۆیدا کەشف بکات و بیکات بە ڕێنمای ژیانی خۆی و سەرەنجام ژیانێکی چاک بگوزەرێنێت. بەڵام بوەستە! ژیانی چاک چیە؟
با لە دایالۆگی ئەپۆڵۆجییەوە دەستپێبکەم! دایالۆگەکەم کردووە بە کوردی، ئایا تۆ کارەکەی خۆتت کردووە؟ واتە خوێندووتەتەوە؟ لەوێدا سۆکرات ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانین چاک بژین دەبێت بەردەوام لە تاقیکردنەوەیدا بین، یان بە زمانەکەی خۆی بدوێم: ‘ژیانی چاک، ژیانێکە تاقیکرابێتەوە. ئەمە یانی چی؟ سەیری ژیانی خۆتت کردووە، چ پشێویی و بێسەرەوبەرەییەکە! تاقیکردنەوەی ژیان ڕێکخستنی ئەمەیە، یان ئەفلاتونییانە بدوێم، بریتییە لە دروستکردنی هارمۆنی لەنێوان سێ پێکهێنەرەکەی خودی مرۆڤدا: جەستە، ڕۆح، ئەقڵ. ئەگەر بڕوانیتە دایالۆگی فایدروس، دەبینیت جەستە و ئەقڵ بە دوو ئەسپ دەشوبهێنێت لەسەر گالیسکەیەک کە جڵەوەکەی بەدەستی ڕۆحەوەیە. لە خوارەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەم باسە، با ئێستا لای ئەپۆڵۆجی بمێنینەوە. بەڵام پێش ئەوە با یەک دوو قسە بکەم:
لە سەردەمی سۆکراتدا، لەسەر ڕووکاری پێشەوەی پەرستگای دیلفی لە ئەسینا نوسرابوو ‘خۆت بناسە’. ئەگەر بتوانیت بیر لەم ڕستەیە بکەیتەوە، ئەوە تۆ سۆکراتییانە بیردەکەیتەوە. چونکە بەلای سۆکراتەوە ڕێگای تاقیکردنەوەی ژیان لە ناسینی خودی خۆتەوە دەستپێدەکات. خۆت بێئەقڵ مەکە، مەبەستی سۆکرات لەو زانیارییانە نیە کە لەسەر پێناسی باری شارستانێتیت نوسراون. ئەو بەلایەوە گرنگ نیە بزانێت تەمەنت چەندە یان باڵات چەند سانتیمەترە. ئەو دەڵێت یەکەمین سەرکەوتن لە جەنگەکانی ژیانتدا ئەوەیە بەسەر خۆتدا زاڵ ببیت. کاتێک خۆت دەناسیت، دەتوانیت بە ڕاستی خۆت بیت. ئەمە کلیلی نهێنییەکەیە: سەیری دەوروپشتی خۆتت کردووە؟ نابینیت مرۆڤەکان بەردەوام دەگۆڕێن و هەرجارەی شتێکن و زۆرجاریش ناکۆکن لەگەڵ ئەوەدا کە پێشتر هەبوون! لەبنی هەمانەکە بدەم و نموونەت بۆ بهێنمەوە؟ با لێرەدا بوەستم و بچمەوە بۆ لای دایالۆگەکە.
ئەپۆڵۆجی یەکێکە لە گرنگترین تێکستەکانی مێژووی فەلسەفە و زۆرجار وەک دەروازەیەک بۆ فەلسەفاندن لە قەڵەم دەدرێت و ئامۆژگاریی خوێندکارانی فەلسەفە دەکرێت لەوێوە دەستپێبکەن.. ئەم دایالۆگە وتاری داکۆکیکردنی سۆکراتە لە خۆی، لەبەردەمی دادگای ئەسیناییەکاندا کە تۆمەتی گەندەڵکردنی لاوان و خوانەناسییان دابووە پاڵی. لە کۆتایی دادگاییەکەدا و لە ڕێگای دەنگدانی ئەوانەوە کە لەدادگا ئامادە بوون، تۆمەتەکان بەسەریدا ساغکرانەوە و ژەهرخوارد کرا، کە لەو سەردەمەدا سزای باوی بەمەرگ سپاردن بوو. پێش سۆکراتیش پرۆتاگۆراس هەمان سزای بەسەردا دراوە، بەڵام لەکاتی هەڵاتندا لە دەریادا خنکاوە. دواتریش هەمان سزا ڕووبەڕووی ئەرەستۆ کرایەوە، ئەو ئەسینای جێهێشت و قسە نێودارەکەی کرد: “لێناگەڕێم ئەسیناییەکان گەوجێتیەکی دیکە بەرامبەری فەلسەفە بکەن.” بەر لە ژەهرخواردکردنی سۆکرات، هاوڕێکانی هەوڵیان دا قایلی بکەن لەزیندان هەڵبێت و هەموو ڕێوشوێنێکیان بۆ ئامادە کرد، بەڵام ئەو یەکێک لە قسە ناودارەکانی کرد: “دادپەروەر کەسێکە ڕێز لە یاسا بگرێت.” ئەرگومێنتێکی درێژیش (بڕوانە دایالۆگی کریتۆن) سازدەکات بۆ داکۆکیکردن لە گوزارشتەکەی.
سۆکرات بە دەستەی دادگایی دەڵێت، ئەو ناتوانێت واز لە بیزارکردن و ناڕەحەتکردنی هاوشارییەکانی ببێت، بکەوێتە مشتومڕەوە لەگەڵیان دەربارەی بیروباوەڕەکانیان. لێرەدا یەکێک لە هەرە نێودارترین قسەکانی خۆی دەکات و لەبەردەمی دەستەی دادگادا ڕاشکاوانە دەڵێت من ناتوانم دەسبەرداری تاقیکردنەوەی ژیانی خۆم ببم، چونکە ژیانێکی تاقینەکراوە، شایستەی گوزەرانکردن نیە. ئەم ڕستەیە بە باشترین شێوە گوزارشت دەکات لەوەی سۆکرات چۆن لە ژیانی چاک تێگەیشتووە، بەلای ئەوەوە ژیانی چاک دەبێت هەمیشە تاقیبکرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت، هەر خۆی ژیان بەلای سۆکراتەوە هەر ئەمەیە. بەڕاستی ئەم بۆچوونەی سۆکرات لە هەموو کاتێک زیاتر بۆ ئێمە گرنگە. ئەو زۆر ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت تاقیکردنەوەی ژیان، سەرانسەری ئەو ماوەیە دەخایەنێت کە لێرەین و هێشتا زیندووین. ژیان پرۆسەی ناسینی خودە، واتە گوزەرانکردنە بەپێی بەهاکانی ناخی خۆت، نەک شوێنکەوتنی قەرەباڵەغی. مێگەل و ئاپۆرای خەڵک، ئەوانەی چەپڵە بۆ هەموو کەسێک لێدەدەن، بەدەردی فەیلەسوف ناخوات. بژاردەکە هی خۆتە: ئەگەر ناتەوێت ببیت بە یەکێک لە ئاژەڵەکانی ناو مێگەل، ئەوە بەخێربێیت بۆ جیهانی فەلسەفە.
سۆکرات سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی کە ژیانی ئێمە ناتەواویی زۆری هەیە: سەرنج بدە، کەسێک هەموو بەیانییەک لە خەو هەڵبستێت و بچێت بۆ سەر کارەکەی و پاشان بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو لەسەر قەنەفەکە پاڵ بداتەوە خەریکی ئینتەرنێت و یاریکردن بە مۆبایل بێت، هاوسەرەکەی و منداڵەکانیشی هەریەکەیان لای خۆیانەوە وابکەن. پاشانیش بچنە ناو جێگای خەوتنەوە بۆ ئەوەی بۆ ڕۆژی دوایی هەمان شت دەستپێبکەنەوە، ئەمە پرۆسەی سەرانسەری ژیانی بێت بێ ئەوەی بۆ ساتێکیش ڕابوەستێت و لەخۆی بپرسێت: بە ڕاست ئەوە من خەریکی چیم؟ ئەمە بەلای سۆکراتەوە کەسێکە زۆر شایستەی گازاندەلێکردن و ڕەخنەلێگرتنە. کاتێکیش ئەم ستایڵە دەبێت بە باو و مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا تێکڕا خەریکی ئەمە دەبن، ئیتر چۆن؟ دەبینیت مێگەل چۆن دەژی؟ قسەکردن لەسەر ماف، یان ئازادی، یاخود دادپەروەریی لەگەڵ ئەمانەدا بە کوێمان دەگەیەنێت؟ خۆت بیری لێبکەرەوە.
ئەندێشە بکە، لەناکاو سۆکرات دێت و ئێخەت دەگرێت و بە پرسیار دات دەگرێتەوە: تۆ خەریکی چیت؟ کامانەن ئەو بەهایانەی بەهۆیانەوە دەژیت، بۆچی ئەمانەت پەسەند کردووە؟ ئەمە چ جۆرە ژیانێکە تۆ بەسەری دەبەیت؟ لە کۆتاییشدا بڵێت “بەڕاستی ئەم ژیانەی تۆ قابیلی گوزەرانکردن نیە.” هەست بە چی دەکەیت؟ وەڵامێکت بۆ سۆکرات هەیە؟ بەڕاست ئەگەر سۆکرات خەڵکی شارەکەی تۆ بووایە، دەیتوانی حەفتا ساڵ بژی؟
بەڕاستی ئەم ژیانە، بەهیچ جۆرێک جێگای سەرنجی سۆکرات نیە، ئەو دەیەوێت بانگهێشتمان بکات بۆ بیرکردنەوەو بەکارهێنانی ئاوەزمان، تا بزانین ئەو بەهایانەی پەسەندمان کردوون چین، بیروباوەڕەکانمان تا چەند شایستەی ئەوەن داکۆکییان لێ بکەین. ئەگەر ئەمە نەکەین، ئەوە ژیانێک دەگوزەرێنین کە شایستەی ئەوە نیە بیگوزەرێنین.
ئەوەی سۆکرات لە هاوشارییەکانی خۆی دەویست، کە لە ڕێی دایالۆگەکانی ئەفلاتونەوە، لە ئێمەشی دەوێت، ببین بە سەروەری ژیانی خۆمان، بۆ ئەمەش دەبێت ئاوەزمان بەکاربهێنین، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەستوسۆزەکانمان. بە باشی بیر لەوە بکەینەوە کە دەتوانین چی بکەین بۆ پێشخشتن و ڕاگرتنی بارودۆخی ئارامی کۆمەڵگاکانی خۆمان. ئەم بابەتانە هەموویان بە وردیی لە دایالۆگی کۆماردا قسەیان لەبارەوە کراوە.
زۆرکەس وادەزانن دایالۆگی کۆمار گرنگی بە پرسی سیاسەت دەدات، تەرکیزی لەسەر لێکۆڵینەوەی سروشتی دادپەروەرییە. بەڵام کە بە باشیی لێی ورد دەبینەوە دەبینین ئەوەی زیاتر پێوەی سەرقاڵە پرسی نیکییە، لەپاڵ ڕۆشنایی خستنە سەر ڕۆڵی فەلسەفە، کۆمەڵ، شار لە خوڵقاندنی کەشێکدا کە بتوانین ژیانێکی چاکی تێدا بگوزەرێنین، یان لانیکەم گوزەراندنی ژیانی چاک تێیدا هەتا ئەوپەڕی شیاو بێت. کۆمار کتێبێکی پەروەردەییە بە مانای وشەکە.
ئەفلاتون دابەشکردنێکی سێسەرە بۆ ڕۆحی مرۆڤ دەکات: ئەقڵ، جوامێریی، ئارەزوو. ئەم سێ جەمسەرە لە پەیوەندییەکی بەردەوامی پڕ لە کێشمەکێشدان.
بەمجۆرە، بەلای ئەفلاتونەوە ئەقڵ لەگەڵ پرۆسە لۆجیکییەکان خەریکە، جوامێرییش پەیوەندیی بە هەست و سۆزەکان و هەڵچوون و هەژانەکانەوە هەیە، ئارەزووش پێوەستە بە حەزەکان و پێداویستییەکانی جەستە. ئەم سێ پێکهێنەرە بە شێوەیەکی بەردەوام لە کێشمەکێش و ململانێدان، هەریەکەیان دەیەوێت خۆی کۆنترۆڵی ژیانمان بکات و ئەو ببێت بە سەروەری ڕەفتارەکانمان. بە شێوەیەکی تایبەتییش شەڕی نێوان ئەقڵ و ئارەزوو زۆر سەختە، ئەم دووانە هەتا بڵێی نەیاری یەکتریین و دانوویان پێکەوە ناکوڵێت. لە دایالۆگی فایدروستدا، کە لەسەروە ئاماژەم پێدا، ئەمە بە باشی ڕوون دەکاتەوە:
سۆکرات، ڕۆحی مرۆڤ بەراورد دەکات بە گالیسکەیەک کە دوو ئەسپ ڕایدەکێشن. ئەسپێکیان ئاماژەیە بۆ حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ، ئەم ئەسپە بەردەوام جۆشاوە، هەژاوە، پیویست دەکات کۆنترۆڵ بکرێت. ئەسپەکەی تریشیان ئاماژەیە بۆ ڕۆحییەت و جوامێریی، ئەمیان خانەدانە، ملکەچە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوەی لۆجیکییانە، گالیسکەوانەکە دەتوانێت لەڕێگای ئەمیانەوە کۆنترۆڵی ئەسپە پڕ جۆش و خرۆشەکەی تریان بکات.
گالیسکەوانەکە (تاکی مرۆڤ) بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئەرکە بە باشیی ڕابپەڕێنێت، دەبیت مەشق و ڕاهێنان بکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەقڵ و جوامێریی، بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر حەزو سۆزەکانیدا زاڵ ببێت و ئەقڵ و ئاوەزی بهێنێتە پێشەوەی وێنەکەوە. ئەگەر ئەمەی ئەنجام دا، ئەوە کەسێکی دادپەروەرە. بە پێچەوانەوە، ئەسپە سەرکێشەکە جڵەوەکەی لەدەست وەردەگرێت و بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا، واتە بەرەو ستەمکاریی و زوڵم و زۆر دەیبات.
لە سەرەتای کتێبی دووهەمی کۆماردا، گلاوکۆن چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە وەک کێبڕکێکیەکی سەخت بۆ بۆچوونەکانی سۆکرات لەبارەی دادپەروەرییەوە وەهایە: ئەو باسی ئەنگوستیلەکەی گایجیس دەکات. ئەم ئەنگوستیلەیە خاسییەتی ئەوەی هەیە کە مرۆڤەکان وا لێدەکات نەبینرێن، ئەوەی بیکاتە پەنجەی، هەرچییەکی بوێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. جا ئیتر سامان بێت، دەسەڵات یاخود سێکس بێت. بگرە تەنانەت دەتوانێت شۆرەتیش پەیدا بکات، ئەوەی کە ئیمڕۆ بابەتی سەرەکیی مرۆڤەکانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، واتە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی لایک بۆ وێنە و نوسینەکان.
مانای ئاکارییانەی ئەم چیرۆکە لەم پرسیارەدایە: ئایا ئەگەر مرۆڤ توانی لە سزا دەرباز ببێت، ئیتر چ پێویست دەکات دادپەروەرانە ڕەفتار بکات. بە واتایەکی دیکە: ئایا باشتر وانیە کە مرۆڤ وەک کەسێکی دادپەروەر دەربکەوێت، نەک بەڕاستی دادپەروەر بێت، هەر ڕێک وەک ئەوانەی ئیمڕۆ خۆیان بە سەرکردەکانی کۆمەڵگا دەنوێنن و وا پیشان دەدەن کە دادپەروەرانە ڕەفتار دەکەن؟ کێبڕکێ فەلسەفییەکەی جیجیس بۆ سۆکرات ئەمەیە:
بۆچی دەبێت پیاو دادپەروەر بێت تا بتوانێت ژیانێکی چاک بگوزەرێنیت؟ دادپەروەریی تا چ ڕادەیەک بۆ گوزەراندنی ژیانی چاک پێویستە؟ لەبری ئەوە باشتر وا نیە کە بە ڕووکەش وادیار بم کە دادپەروەرانە ڕەفتار دەکەم، بۆ ئەوەی خەڵک وا بزانن من کەسیكی دادپەروەرم؟ گلاوکۆن ئاواهی کێبڕکێی سۆکرات دەکات، سۆکراتیش هەتا کۆتایی کۆمار خەریکی وەڵامدانەوەی ئەم کێبڕکێیە دەبێت. وەڵامەکەی نیوەی دووهەمی کتێبی دووهەم و هەشت کتێبەکەی دواتر دەخایەنێت.
یانی، ئەگەر تۆ ئەنگوستیلەکەی جیجێست دەستکەوت، واتە بوویت بە خزمەتکاری سەرکردەیەک لەوانەی خۆیان بە فیرعەونی کۆمەڵگا دادەنێن، ئیتر دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؟ کاتی خۆی بۆ ئەوەی کەسێکی کورد متمانەی دەسەڵاتداران بەدەستبهێنێت، دەبوو کارتی هاوسەرەکەی خۆی بەکاربهێنێت! یانی ئەوە قسەیەکی ناخۆش بوو کردم، خۆشم بێزم لێی دێتەوە. بەڵام فەلسەفە وات لێدەکات بیربکەیتەوەو لەخۆت بپرسیت: ئایا پیاوە (گەورە) کانی کۆمەڵگاکەت، ئەمانەن؟ بە ڕاست، ئەوانە پیاوی گەورەن، یان تۆ زۆر بچووکیت؟
سۆکرات دادپەروەریی وەها نابینێت کە بە تەنها ڕەوشێکی سیاسیی یاخود یاسایی بێت، بەڵکو ئەو وەک هارمۆنی و هاوسەنگیی لەناو ڕۆحدا لەقەڵەمی دەدات. لە دیدی سۆکراتدا، تێگەیشتن لە دادپەروەریی لە ڕووی سیاسییەوە، ئەوەیە کە لە شاردا هەرکەس خەریکی کاری خۆی بێت، پیشەیەکی دیاریکراوی هەبێت کە خۆی بۆ ئەوە پەروەردەکراوە، بە باشترین شێوە و بەوپەڕی توانایەوە ڕایبپەڕێنێت. لەمبارەیەوە سۆکرات لافی ئەوە لێدەدات کە ئەگەر شار بەمجۆرە ڕێکبخرێت، ئەوە لە قازانجی هەمووان دەبێت و بەرژەوەندیی یەکە یەکەی هاوشارییەکان دێتە دی. ئەمە خاڵێکە بۆ بیرلێکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی. ئەم کارە دەبێت خۆت بیکەیت.
سۆکرات بەردەوام جەخت دەکات کە گرنگیی نادات بە کامەرانیی تاکێکی دیاریکراو، یاخود گروپێکی دیاریکراوی تاکەکان، بەڵکو ئەوەی لای ئەو گرنگە، کامەرانیی شارە وەک گشت. شار کامەران بێت، ئیتر هیچی دیکە گرنگ نیە. بەمەش سۆکرات و دوای ئەویش ئەفلاتون نەیارێکی سەرەکیی لیبراڵیزم و تاکگەرایین، ئەوان گوێ نادەنە ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە ئازادییەکانی تاک، بگرە تەنانەت لە چوارچێوەی ئازادییە مەدەنییەکانیشدا قبووڵیان نیە، بەواتای ئەوەی کامەرانیی کۆمەڵگا بریتی بێت لە کۆی کامەرانیی تاکەکانی.
سۆکرات پێمان دەڵێت ئەوە ڕاستە کە دادپەروەریی چەمکێکی سیاسییە، بەڵام حاڵەتێکی تایبەتیشە لە ڕۆحی تاکدا. سۆکرات ئاواهی لە پرسەکە تێدەگات، ئەمەش خۆی هیچ نیە جگە لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفییانە لە پێناوی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی ژیان و گوزەراندنی ژیانێکی چاکدا. کەسی دادپەروەر تەنها لەپناو سەقامگیریی و ئارامیی کۆمەڵگاکەیدا ئەرکی خۆی ڕاناپەڕێنێت، بەڵکو لەپێشەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی خودی خۆی دەبێت و لێناگەڕێت ئارەزووەکان بەڕێوەی ببەن.
بەڕاست! ئایا ئەمە هەڵوێستێکی ماقووڵە، دەتوانین لە سۆکراتی وەربگرین؟ ئێمە لەم سەردەمەی خۆمانەوە، کە دەڕوانینە سۆکرات و شێوازی بیرکردنەوەی لە پەیوەندییدا بە کۆمەڵگا ئەسیناییەکەی خۆیەوە، بڕێک هەست بە نامۆیی و ناهەمواریی دەکەین، شتێکی زۆر سازگار نایەتە بەرچاومان کە ژیانی چاک تا ئەم سنورە پەیوەندیی بە خۆکۆنترۆڵکردن و ئەقڵانیبوونەوە هەبێت، ترسی ئەوە دامان دەگرێت کە ئەمە بەرەو زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەس بمانبات. ئەگەر ئەم پرسیارە ئاوا بە ڕاستەوخۆیی لە سۆکرات بکەین، چیمان وەڵام دەداتەوە؟
لەوانەیە هەندێک پێیان قووت نەچێت کە دەشێت ڕاستەوخۆ وەڵاممان بداتەوە بەوەی هەموو ئازادییەک لە دەرەوەی کۆمەڵگای باش ڕێکخراو، یاخود ڕۆحی باش کۆنترۆڵکراو، هیچ نیە جگە لە یاساشکێنی، سەرپێچیکردنی یاسا، بەواتایەکی دیکە بزریی یاسا یان نەبوونی؛ بە دڵنیاییش یاساشکێنیی لەگەڵ چەمکی ژیانی چاک و حاڵەتی نایابیی ژیانی کۆمەڵگا بە گشتی و تاکەکان بە تایبەتی نایەتەوە. ئەنجامی نەبوونی یاسا، هەمیشە حاڵەتێکە کە زۆر لەگەڵ ژیانی چاکدا ناکۆکە.
چۆن دەتوانین سۆکرات بە درۆبخەینەوە، بەواتای ئەوەی ناڕەزایی لە بۆچوونەکەی بگرین و بۆی بسەلمێنین نەیپێکاوە؟ تاکە ڕێگایەک بۆ ئەمە ئەوەیە بیسەلمێنین ئازادیی تاک سەرەنجامی بە یاساشکێنیی یان بێیاسایی ناگات. بە واتایەکی دیکە هارمۆنی و سازانی ناو ڕۆح تێکنادات. ئەگەر سەیرێكی دەوروپشتی خۆت بکەیت، بۆت دەردەکەوێت ئەم وەڵامە تا چ ڕادەیەک مەبەستی پێکاوە!
سۆکرات تەنها یەک ئامانجی هەیە: نایابیی ژیانی مرۆڤ، ژیانی چاک! ئەوەش لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەقڵەوە دەبێت، لەپاڵیشدا کۆنترۆڵکردنی حەزەکان، بۆ بەشدارییکردن لە سەقامگیریی و ئارامیی کۆمەڵگادا.
دەمەوێت کۆتایی ئەم وتارە بە ڕستەیەک بهێنم: زۆرجار لە یوتیوب سەیری فیلمێک یان وانەیەک، یاخود دیبەیتێک دەکەم، لەناکاو، دیمەنەکە دەپچڕێت و کەسێکی گەمژە دەڵێت: تەراشێکی تایبەتت دەوێت…..؟ هەموو جارەکان لەبەر خۆمەوە دەڵێم ‘نەخێر گەوجە، من کارم بە تۆ نیە.’