هەناسە فەلسەفییەکان-فرۆشیارانی دانایی

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینووسێت

١٣

فرۆشیارانی دانایی

سەرنجێکی خێرا لە سۆفیستەکانی یۆنان

سەیری وشەی سۆفیستت کردووە؟ ئەم وشەیە بەدحاڵیبوونێکی زۆری تێدایە؛ ئەگەر بە کەسێک بڵێیت “تۆ سۆفیستیت!” واتە تۆ مەبەستت لەوەیە، کەسێکی فریودەرە، بە ئەنقەست ئەرگومێنتەکان بەجۆرێک بەکاردەهێنێت کە بگەنە دەرەنجامی ناکۆک لەگەڵ پێشەکییەکانداو وەهاشیان نمایش دەکات کە هیچ ناکۆکییەک لەئارادانیە. لەم ڕووەوە سۆفیست هاومانایەکی تری (ساختەچی، فێڵباز)ە، کە مەبەستی دیکەی هەیەو کارێکی ئەوتۆی بە گەڕان بەدوای (ڕاستی)دا نیە. یاری بە وشەکان دەکات و وادەکات لەپشتی مانا بەرچاوەکانیانەوە، مانای دیکەشیان هەبێت. بڕوانە، ئەگەر سەیرێکی دەوروپشتی خۆت بکەیت، لەم سۆفیستانە دەبینیت؟

لەلایەکی تریشەوە، زاراوەکە لە وشەی (سۆفییا)وە هاتووە کە مانای دانایی دەگەیەنێت. بەرلەوەی ئەم مانا دزێوە وەربگرێت، خەڵک هەرکەسێکیان بە دانا و زرنگ بزانییایە، پێیاندەووت سۆفیست. ئەم وەرچەرخانە چۆن ڕوویدا؟ ئەویش بە شانازییەوە ئەو نازناوەی پەسەند دەکرد. سۆفیستەکان پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و هزریی بەرچاویان هەبوو، لە هەر جێگایەک دەردەکەوتن خەڵ لێیان کۆدەبوونەوە داوایان لێدەکردن وانەیان پێ بڵێنەوە. چۆن ماناکە (١٨٠) پلە پێچەوانە بۆوەو بوو بە دژ یان نەیاری دانایی،  یاخود لە باشترین حاڵدا لافلێدەری دانایی، یاخود دانایی ساختە؟ یاخود لە پێناسە سۆکراتییەکەدا ‘ئەوکەسەی پێێوایە شتێک دەزانێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نازانێت.’

ئەگەر ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، دەڵێم: سۆکرات ئەم مامۆستا گەڕۆکانەی بە فرۆشیارانی دانایی لەقەڵەم دەدا و کاتێکی زۆری خۆی بۆ دژایەتیکردنیان تەرخان کردبوو، بەدواشیدا ئەفلاتون و ئەرەستۆ کارەکەیان وەئەستۆ گرت. ئەم سێ کەسە کە هەرخۆیان دامەزرێنەری فەلسەفەی خۆراوایین؛ تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ سۆفیستەکان کە هانا دەبەن بۆ ڕەوانبێژیی بە مەبەستی قایلکردن نەک گوێزانەوە یان ڕوونکردنەوەی هەقیقەت. ئەفلاتون چوار دایالۆگی خۆی تەرخانکردووە بۆ چوار سۆفیستی دەرکەوتوو: پرۆتاگۆراس، گۆرگیاس، هیپیاس، یوسیدایمۆس، بەمەشەوە نەوەستاوە، دایالۆگێکی بە ناونیشانی سۆفیست نوسیوە. هەموو ئەم کارانە دژایەتیکردنی سۆفیستەکانن وەک کەسانی فریودەری بێ زانین کە خەریکی مامەڵەکردن بە شتێکەوە خۆیان نیانە. (هەموویانمان کردووە بە کوردی و جگە لە یوسیدایموس، ئەوانیتر چاپکراون.)

سۆفیستەکان لە چەند دایالۆگێکی دیکەشدا، بە تایبەتی کۆمارو تیماوسدا (ئەم دوو دایالۆگەشمان کردووە بە کوردی، بەڵام هێشتا جاپنەکراون)، ڕۆڵی بەرچاویان هەیەو وەک جەمسەری نەرێنی بیرکردنەوە نمایش دەکرێن. دەتوانین بڵێین ئەفلاتون بەردەوام لە بیری سۆفیستەکاندا بووەو جار لەدوای جار گەڕاوەتەوە سەریان و هێرشی سەختی کردۆتە سەر بیرکردنەوەو ڕەفتارەکانیان. بە بەردەوامی وەها مامەڵەیان لەگەڵ دەکات کە تێکەڵەیەک بن لە ڕۆحی قۆشمەیی و گاڵتەجاڕی و ڕەزاگرانی.

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم ئاماژانە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی لە ئەفلاتون تێبگەین، دەبێت سەرەتا لە سۆفیستەکان تێبگەین. بەڵام چۆن لە سۆفیستەکان بکۆڵینەوە، لەکاتێکدا کە تێکست و بەرهەمەکانیان لەناوچوون و شتێكی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نازانین، جگە لە چەند پڕیشکێک کە لێرەو لەوێ لە نوسینی خەڵکانی تردا (بە زۆری نەیارەکانیان) تۆمارکراون؟ یانی! بیر لەوە بکەرەوە کە ئەفلاتون وتەیەک یان گوزارشتێک دەخاتە سەردەمی سۆفیستێک بۆ ئەوەی دواتر لە ڕیگای سۆکراتەوە هێرش بکاتە سەری. ڕەنگە مەسەلەکە بەم ئاسانییە نەبێت، بەڵام ناتوانین فەرامۆشی بکەین.

ڕێگایەکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین لە سۆفیستەکان تێبگەین: وردبوونەوە لە ژیانی هزری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی ئەسینای سەدەی پێنجەمی (پ. س). واتە بیرکردنەوە لەو فاکتەرانەی بوونە هۆی پەیدابوونی ئەو مامۆستا گەڕۆکانەی لە شارەکانی دیکەوە دەهاتن و لە ئەسینا نیشتەجێ دەبوون و کۆرسی فێربوونیان بۆ نەوەی خانەدان و دەوڵەمەندەکان سازدەکرد و پارەی زۆریشیان لێ وەردەگرتن. سەرنجێکیشت پێ بڵێم: زۆرێک لە تۆژەرە خۆراواییەکان ئێستا دەستەواژەی پێش زایین (پ.ز) بەکارناهێنن، چونکە جۆرە بەکارهێنانەکە جۆرە لایەنگیرییەکی تێدایە؛ منیش بۆچوونەکەم بەدڵە و مەبەستم لە (پ.س) پێش ساڵی سفر، یان ساڵی یەکەمی زاینییە، ئەگەر دوای زایین بوو، ئەوە دەنوسم ساڵی (س).

ئەسینا لە سەردەمێکی زووتردا پادشای هەبووە، پاشان ئەوان نەماون و ژمارەیەک لە ئەریستۆکراتە خانەدانەکان فەرمانڕەوایی شارەکەیان کردووە، بەڵام ئەو ماوەیەی من مەبەستمە، ئەریستۆکراتەکانیش نەماون و ژمارەیەک لە ئۆلیگارکەکان بوونەتە فەرمانڕەوا. ئۆلیگارکەکان کێن؟ وشەکە مانای (فەرمانڕەوایی ژمارەیەکی کەمینە) ئەمانە گروپی بچووکن و کۆنترۆڵی شار یان ناوچەیەک لەشار دەکەن، خەڵکی چەکدار لەخۆیان کۆدەکەنەوەو سامانی شار بۆ خۆیان دەبەن.

یانی، بە ئەندێشەی خۆت بگەڕێرەوە بۆ ئەو سەردەمە: جەماوەرێکی زۆر مافی دەنگدانیان هەیە، دەبێت قایلبکرێن، بەهۆی بازرگانییەوە سامان کەوتۆتە دەستی خەڵکانێک کە بە نەژاد لە خێزانی فەرمانڕەوا و دەوڵەمەندەوە نەهاتوون. دەبێت کێبڕکێ بکەن لەگەڵ فەرمانڕەوا باوەکاندا، بۆ ئەمەش دەبێت خەڵک قایل بکەن، قایلکردنی خەڵکیش بە دواندنی هەستوسۆزەکانیان دەبێت، نەک ئەقڵیان، زمانی دواندنی هەستوسۆز ڕەوانبێژیی و قسەی بریقەدار و هەستبزوێنە. سۆفیسەکانیش گەیشتوونەتە جێ بۆ فێرکردنی ئەوانەی پێویستییان پێیەتی، ئەوانەی سامانیان دەسکەوتووە، پێویستیشیان بە دەسەڵاتە بۆ پاراستنی سامانەکانیان! ئەم قسانە سیاسییەکانی لای خۆمانت بیرناخاتەوە؟ لەم دیدەوە سەیرێکی سێ دەهەی ڕابردووی لای خۆمان بکە، با من هیچت پێ نەڵێم!

ئەم سەدەیە، زێڕینترین ماوەی یۆنانە، لەکۆی بوارەکاندا پیاوانی گەورەی بەرهەمهێناوە، مێژوونووسی مەزنی وەک هیرۆدۆت توسیدیدێس، شانۆنامەنوسی وەک سۆفۆکلێس و یۆرپیدێس و ئەریستۆفان، پەیکەرسازی وەک فیدیاس، سیاسەتمەداری وەک پێریکلێس، پزیشکی وەک هیپۆکراتێس… بێشک سۆکرات و ئەفلاتونیش. گەشانەوەو تەقینەوەیەکی زۆر لە ئەسینا ڕوویدا، کە ئێستا سەرکردەی هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی ژمارەیەک لە شارەکانی دیکەیەو کێبڕکێی سپارتا و هاوپەیمانەکانی دەکەن. یانی تا ڕادەیەک (بەڵام زۆر جوانتر) هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی ئێستای ئێمە بوون، بۆیە دەتوانیت بە ئاسانی لەوە تێبگەیت. یەک جیاوازیی گەورە لەنێوان سەردەمی زێڕین و سەردەمی نازێڕینی ئێمەدا هەیە: لێرە لەبوارە هزری و ئەدەبی و هونەرەکاندا نەک گەشانەوە ڕووی نەداوە، بەڵکو ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم بەرەو دواوەش گەڕاونەتەوە، جگە لەوەی ململانێکە لەوێ زۆر ئەقڵانییانەتر بوو لەم ململانێ خێڵەکییەی لێرە هەیە.

لەو ماوەیەدا، فارسەکان بەزین و مەترسییان لەسەر یۆنان نەما، لە چارەکی کۆتایی سەدەکەدا، ئەسینا وەک هێزێکی سیاسی و سەربازیی گەورە دەرکەوت و سامانێکی زۆر ڕژایە ناو شارەکەوە، هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەکانی یۆناندا پێکهێنابوو کە خۆی سەرۆکایەتی دەکرد، لەهەمان کاتیشدا، خاوەنی هێزێکی دەریایی گرنگ و ستراتیجی بوو، زۆربەی ئاوەکانی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. کۆڵۆنییەکانی بەدەوروبەری کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستدا بڵاو ببوونەوە. بەکورتی لەهەموو ڕوویەکەوە ئەسینا گەشابۆوەو شایستەی ئەوە بوو کە سەرکردایەتی شارەکانی تر بکات، بەرچاوترین خاڵیش لەو شارەدا، بوونی سیستمی دیموکراسی بوو لە بەڕێوەبردندا، دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ، کە کۆی هاوشارییەکان بەشدارییان تێدا دەکرد (بێشک جگە لە ژنان و کۆیلەو بیانییەکان).

بێشک، تۆش دەزانیت کە لایەنێکی گرنگ لە دیموکراسیدا، جەماوەرە. کارکردنە سەر جەماوەریش پێویستیی بە شارەزایی لە وتاربێژی و توانای قایلکردن هەیە. لەگەڵ جەماوەردا، یاخود ئەگەر زاراوەیەکی بواری کۆمەڵناسی بەکاربهێنم، لەگەڵ مێگەلدا، ئاخاوتنی ئەقڵانی و ئەرگومێنتی هزری زۆر سوودی نیە. بۆچی؟ ئێرە شوێنی ڕوونکردنەوەی ئەمە نیە، بەڵام یەک قسەی گۆستاڤ لۆبۆنت پێ دەڵێم: “مرۆڤەکان وەک تاک هەموویان ژیرن، بەڵام کە کۆدەبنەوە و دەبن بە گرووپ، بە هەموویان یەک تاکە گەمژە پێکدەهێنن.” بۆ ئەم بارودۆخە، کەس لەو مامۆستا گەڕۆکانە باشتر نەبوو کە لەشارەکانی ترەوە هاتبوون و بە پارە لەوجۆرە خولانەیان دەکردەوە. ئەم مامۆستا سۆفیستانە حاڵیان باش بوو تا ئەو کاتەی سۆکرات و دواتریش ئەفلاتون هاتنە وێزەیان و ڕایان گەیاند کە ئەوانە لافی فرۆشتنی شتێک لێدەدەن کە خۆیان خاوەنی نین. ئەمانە دانا نین، بەڵکو ڕەوانبێژن، ئەوان تەنها تەکنیکەکانی قایلکردنی بیستەران فێری خەڵک دەکەن، بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ هەقیقەت و بەها ئاکارییەکان بکەن. ڕاستییەکەی، ئەو چینە تازەیەی بەهۆی جەنگەوە دەوڵەمەند ببوون و کێبڕکێی ئەریستۆکراسییەکانیان دەکرد، ڕێک هەر ئەمەیان دەویست، مامۆستای لەمجۆرە بۆ ئەوان گەنجینەیەکی بەهادار بوو، چونکە دەیانویست لە دادگا و شوێنەکانی فەرمانڕەواییکردنی شاردا وتار بدەن و دەنگدەران قایل بکەن و بەلای خۆیاندا کێشیان بکەن و پۆستە گرنگەکانی شار بەدەست بهێنن. ڕەنگە هەر ئەمەش وەڵامی پرسیاری “بۆچی سۆکرات و ئەفلاتون هیچ پۆستێكی فەرمیی شاریان وەرنەگرتووە؟” بێت. ئەمان سەرقاڵی دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی کەسەکان بوون، چاویان لە قایلکردن و فریودان نەبوو…. دەیانویست ئەرگومێنتەکان لەسەر بناغەی ئەقڵ و ڕاستیی دابمەزرێنن، نەک هەست و سۆز و فرت و فێڵ.

سۆکرات و ئەفلاتون سۆفیستەکانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی ئەرگومێنتە خراپەکان وەها نمایش دەکەن کە ئەرگومێنتی چاک و بەهێز بن، بێ ئەوەی هیچ هەقیقەتێک لەپشتیانەوە هەبێت. گاڵتەجاڕیی قەدەر لەوەدایە کە سۆکرات لە تەمەنی هەفتا ساڵیدا، تۆمەتبار دەکرێت و یەکێک لە تۆمەتەکانی ڕێک ئەوە بوو کە خۆی سۆفیستەکانی پێ تاوانبار دەکرد. سۆفیستەکان بە شانازییەوە دەیانووت کە دەتوانن هەموو مشتومڕێک ببەنەوە، تەنانەت ئەگەر شارەزاییان لە بابەتی مشتومڕەکەشدا نەبێت.

ئەفلاتون لە بڕگەیەکی پرۆتاگۆراسدا (337a-c) زۆر بەجوانی پەنجە دەخاتە سەر گرنگترین خاسییەتی سۆفیستەکان، ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی ئەگەر مرۆڤ بیەوێت شارستان و مەدەنی بێت، دەبێت سەرقاڵی وتووێژ بێت نەک مشتومڕکردن، مەبەستی سەرەکیشی سوودگەیاندن بێت بە بیستەران نەک خۆشحاڵکردنیان. واتە ڕێک پێچەوانەی ئەوەی سۆفیستەکان دەیانکرد!

ئایا سۆفیستەکان بە تەنها مامۆستای فریودان و کێشانەوەی پارە بوون، یاخود لە بەرامبەردا شتێکیان دەبەخشی بە کڕیارەکانیان کە سودیان لێ وەردەگرت؟ وەڵامی ڕاستگۆیانە و بەئینسافانە بۆ پرسیارەکە ئەوەیە کە بەڵێ شتێکی زۆر گرنگیشیان فێردەکردن: مامەڵەکردن لەگەڵ جەماوەر، ڕەشەخەڵکدا… واتە مامەڵەکردن لەگەڵ بوونەوەرێکی نائەقڵانیدا، ڕێک وەک ئەوەی زۆرجار دەوترێت: مرۆڤەکان وەک تاک ژیرو ئەقڵانیین، بەڵام کە دەبن بە گروپ، بەهەموویان گەمژەیەک بەرهەم دەهێنن. مێژوش پێمان دەڵێت کە دیموکراسی و سۆفیستەکان بەتەنها هەر سۆکراتیان لەناو نەبرد و ئەرەستۆیان شاربەدەر نەکرد، بەڵکو سەرەنجام سەری یۆنان و شارستانێتییەکەشیان خوارد.

جێگای سەرنجە، دیموکراسی و سۆفیستەکان، فاکتەری سەرەکی لەناوبردنی ئەو شارستانێتییە مەزنە بوون، بەڵام خۆیان مانەوە و هەتا ئیمڕۆش سیستمەکان لافی دیموکراسیبوون لێدەدەن و بەهەرلایەکیشدا بڕوانین جەماوەری گەوج و سیاسەتمەداری سۆفیست دەبینین، کە بەهەمان تەکنیک و شێواز و ڕەوانبێژیی سۆفیستەکانی ئەسینا کڵاو دەکەنە سەریان و جار لەدوای جار فریویان دەدەن. ئیمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین کە بە پێچەوانەی هەوڵەکانی سۆکرات و قوتابییەکانیەوە، سۆفیستەکان لەوپەڕی گەشانەوەدان و لێرەو لەوێش گوێمان لە گوتاری ‘مەرگی فەلسەفە’ دەبێت.

ناردن: