خۆشەویستی پیرۆز و ناپاک لە گفتوگۆیەکدا

خۆشەویستی پیرۆز و ناپاک

لە گفتوگۆیەکدا

سازکردنی: سەردەم

لە ماوەی ڕابردوودا کتێبی (خۆشەوسیتی پیرۆز و ناپاک لە ژیانی فرێدا کالۆ) چاپ و بڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە (کلۆدیا شیفەر) نووسیویەتی و لە لایەن وەرگێڕ و شێوەکار (شارا ڕەشید) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، خاتوو شارا لەم دیدارەدا باس لە گرنگی و ڕەهەندەکانی کتێبەکە دەکات.

سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی کتێبی (خۆشەویستی پیرۆز و ناپاک لە ژیانی فریدا)کالۆ کردەوە؟

شارا ڕەشید: ئەزموونی (فریدا کالۆ) ئەزموونێکە ئەستەمە چاوپۆشی لێ بکرێت، ئەم خانمە هونەرمەندە کە بوو بە ئایکۆنێکی جیهانی لە دونیای هونەر و ڕۆشنبیریدا، هەر یەک لە ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەری  دەکەوین، پێم وایە چانسێکی باشم هەبوو ئەو ڕۆژەی لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزم نووسەر و وەرگێڕ کاک (ئازاد بەرزنجی) لە دانیشتنێکدا بۆ مژارکردنی هەندێک بابەتی ئەدەبی و هونەری ئاگاداری  کردمەوە کە ئەم کتێبە (موحەمەد فەشتەکی) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، بەوەی کە من شێوەکارم و لەپاڵ شیوەکاریدا  کاری وەرگێڕان دەکەم، پێی باش بوو پڕۆژەی وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ زمانی کوردی بگرمە ئەستۆ، پاش خوێندنەوەی کتێبەکە سەرمەست بووم بە دەوڵەمەندیی کتێبەکە، هەم لە ڕووی فرە زانیاری و هەم وەک ئەوەی ئەزموونێکی مرۆڤایەتی جیاواز و ڕاستەقینە دەکەوێتە بەردەست خوێنەران و هەوادارانی ئەم خانمە هونەرمەندە، کە هەتا مرد، لە پشت کارە هونەرییەکانیەوە بوو،  لێرەوە  دووبارە سوپاسی کاک ئازاد دەکەم بۆ ئەو متمانەیە.

سەردەم: گرنگی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر و شێوەکارانی کورد لە چیدایە؟

 شارا ڕەشید: ئەم کتێبە جگە لەوەی ئەزموونێکی ناباو و جیاواز لە هونەردا دەخاتە بەردەست خوێنەران و شێوەکاران، ئاشنایان دەکات بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ یەک بە یەکی تابلۆکانی ئەم خانمە و هەر تابلۆیەک گرێ دەداتەوە  بە قۆناغ و ڕووداوێکی جیاواز لە  ژیانیدا، نووسەری کتێبەکە کە خانمێکی ئەمەریکییە بە ناوی (کلۆدیا شیفەر) و پاش گەڕان و لێکۆڵێنەوەیەکی دوورودرێژ، کە زیاد لە بیست ساڵی خایاند،  ئەم کتێبەی بەرهەمهێناوە و پشتبەست بە قوتابخانەی هێماگەری، زۆر هەستیارانە دەست بۆ خوێندنەوەی تابلۆکانی فریدا دەبات، کە ئەمەش وانەیەکی گرینگە بۆ هەر خوێندکارێک، یان شێوەکارێک، هەر وەها تیشک دەخاتە سەر نووسینە گرنگەکانی فریدا، کە بەشێکی تەواوکەری ئەو ژیانە ئەفسوناویەیە کە فریدا هەیبوو، هەر وردەکارییەکانی ژیان و هونەری ئەم خانمە وانەیەکە لە وانەکانی  خۆڕاگری  و کۆڵنەدان، خەونبینین و خۆبوون و یاخیبوون، ئەوەندە بەسە بزانین کە ئەوە فریدایە کە دەڵێت ” بۆ خۆت بژی” ئەو ڕستەیە کە پۆزەتیڤترین بانگەشەی گەشبینی تێدایە .

سەردەم: گرنگترین خاڵ و لایەنی جێی سەرنجی ئەم کتێبە لە چییدا دەبینیتەوە؟

 شارا ڕەشید: ئەم کتێبە کە لە لایەن دەزگای (ئەلکا) بۆ وەرگێڕان و پەخش چاپ دراوە کە پرۆژەیەکە گرنگی دەدات بە بزاوتە ڕۆشنبیریی و کلتووریەکان  لە هەموو جیهاندا، بە جیاواز لە هەموو ئەو کتێبانەی سەبارەت بە فریدا چاپکراون شیکارییەکی ورد و درشت دەکات بۆ ژیان و هونەری ئەم خانمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە گەشتێکی فراوانە بە نێو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و ڕۆشنبیری سەردەمی دوای جەنگی جیهانی لە وڵاتانی ئۆروپا و ئەمریکای لاتینی و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەو گۆڕانکاریانە کە شۆڕشی پیشەسازی بە دوای خۆیدا هێنای و بوو بە هەوێنی لەدایکبوونی چەندین بزاوتی هونەری و ڕۆشنبیری، فریدا کالۆشی بە ئێمە ناساند، وەک یەکەمین ژنە شۆڕشگێڕ و فیمینیست لە مەکسیکدا، پێم وایە هەموو ئەمانە خاڵی گرنگن کە دەبنە مایەی سەرنجدانی هەر هونەرمەندێک و هەر خوێنەرێک بۆ کتێبەکە، جگە لەوەیش بوونی نزیکەی بیست تابلۆ لە تابلۆکانی خانمە هونەرمەند فریدا کالۆ وەک پاشکۆیەکی کتێبەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ خوێنەر کە دەتوانێت بە ئاسانی لە کاتی خوێندنەوە و هەڵدانەوەی ڕووداوەکان، وردبێتەوە لە تابلۆکانیشی، وێڕای دەقیقی تۆمارکردنی بەروار و زانیارییەکان کە هەندێکیان  ڕووداوی مێژوویی گرنگن.

سەردەم: سەرەتا خۆت چۆن ئاشنا بوویت بە ئەزموونی فریدا کالۆ؟

شارا ڕەشید: من شێوەکارم، هەر وەها ژنم، کەوابوو ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو جیهانی هونە و سوریالیستێکی ناودار و فیمینیستێکی ڕادیکاڵ و بوێر و کۆڵنەدەرەی وەک فریدا بۆ هەر هونەرمەندێک جێگەی بایەخە، ئاشنابوون بە دونیای هونەر دەتخاتە بەردەم تابلۆکانی فریدا، کە بە تەنها ئێش و ئازاری تایبەتی فرێدا بەرجەستە ناکەن، بەڵکو گوزارشت لە ئێش و ئازاری هەموو ژنان دەکەن لە هەموو جیهاندا.

سەردەم: خەسلەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم ژنە هونەرمەندە چین؟

شارا ڕەشید: من لێرەدا ناتوانم خەسڵەتەکانی فرێدا کۆبکەمەوە، یان لە چەند خاڵێکدا کورتیان بکەمەوە، چونکە مرۆڤێکی وەها مەزن و ژنێکی پڕ ئەزموون هەرچەند هەوڵب دەین بۆمان کورت ناکرێتەوە، وەلێ دەتوانم بڵێم فریدا هونەرمەندێکی سوریالیست بوو، ئەگەرچی خۆی پێی خۆش نەبوو لەگەڵ سوریالیستەکاندا پۆلێن بکرێت، کاتێک ئەندریە بریتۆنی نووسەر و ڕەخنەگر وەک سوریالیستێک ناوی دەبات، فرێدا لە وەڵامدا دەڵێت” من وێنەی خەونەکان ناکێشم بەڵکو تابلۆکانم ژیانی ڕاستەقینەی خۆمن” ئەمەش دیارترین خەسڵەتی فریدایە، جگە لە وێنەکێشان، فریدا نووسەرێکی دەوڵەمەند بووە و چەندین دەفتەر و لاپەڕەی نووسراوی لە پاش خۆی جێهێشتووە کە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانن، وتەکانی فرێدا ئیلهامبەخش بوون، پەند و حیکمەتی زۆریان تێدا بووە، لە شوێنێکدا دەڵێت” قاچەکانم بۆچییە کە دوو باڵم هەبێت بۆ فڕین!” بێشک ئەم ڕستەیە لە دوای بڕینەوەی قاچی نووسیویەتی کە ئەمەیش دیسانەوە وانەیەکە لە وانەکانی کۆڵنەدان و هیوا، فریدا زیرەک بوو و هەمیشە خۆی بە کەسانی گرینگ دەوردەدا، هاوڕێیەتی  هونەرمەندان و فۆتۆگرافەران و سیاسەتمەداران و ڕەخنەگرانی دەکرد، وەک وێنەکێش، بابلۆ بیکاسۆ و هەردوو  فۆتۆگرافەر ئیسامۆ نۆگۆتشی و تینا مۆدۆتی، نووسەر و ڕەخنەگر ئەندریە بریتۆن و نوسەر و سیاسەتمەداری ڕووسی ترۆتسکی، هەر وەها ڕێڤێرا کە بوو بە هاوسەری و دەیانی دیکە، هەر کاتێکیش دەردەکەوت دەیتوانی هەموان سەرمەست بکات بە خۆیەوە.

سەرەدەم: گرنگترین ئەو کێشە و گرفتانە چی بوون لە پرۆسەی وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا تووشت بوون و چۆن چارەسەرت کرد؟

شارا ڕەشید:  وەرگێڕان کارێکی ئاسان نییە، دووبارە خوڵقاندنی تێکستە، خۆتەرخانکردنی دەوێت، کاتی باشی دەوێت، لێ من وەک زۆرینەی  وەرگێڕەکانی کوردستان پیشەیەکم هەیە، مامۆستام، واتا ئەرکێکی ترم هەیە،  کات و وزەی زۆرم لێ دەبات، چی دەبوو گەر بژاردەی ئەوەمان هەبوایە لە کاتی گرتنەئەستۆی پڕۆژەیەکی نووسین، یان وەرگێران،  ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت یاسا بمانبەخشێت لە کارە فەرمییەکانمان، یاخود موڵەتمان پێ بدرێت تاوەکو بتوانین بەبێ فشاری جەستەیی و دەروونی، لەم بوارە پیرۆزە کە  داهێنان و ئەفراندنی تێدایە، کار بکەین! ئەمە بەڕاستی کێشەیە، ململانێیەکی گەورەیە کە من تووشی بووم، بەڵام ئیرادەی خزمەتکردن و خۆشەویستیی تێکستەکان، هەموو جارێک هێز و توانایەکی لە ڕادەبەدەرم دەداتێ بۆ بەردەوام بوون، چ  بۆ وەرگێڕانی کتێبێک، یان هەر جۆرە تێکستێکی دیکە، هەر کات  تەواوی دەکەم  پشوویەکی باشی بۆ دەدەم و دووبارە وزە دەدەمە بەر خۆم و دەست دەبەم بۆ کتێبێکی نوێ.

سەردەم: بەگشتی سەرنج و پێشنیارەکانت لەسەر کتێبەکانی دەزگای سەردەم چییە؟

شارا ڕەشید: ڕاستییەک هەیە پێویست دەکات بیڵێن، خوێنەری کورد قەرزاری ئەم دەزگایەیە کە کتێبخانەی کوردی لە هەژارییەوە گواستەوە بۆ دۆخێکی تر، یەکەم دەزگا بوو کە دەیان کتێبی لە زمانەکانی ترەوە دەکرد بە کوردی، ئەوەیشی کە دڵخۆشکەرە ئەوەیە کە بژاردەکانی  دەزگای سەردەم هەمیشە جۆرێتییان پێوە دیارە، وێڕای کوالێتی بەرزی چاپ و ڕاگەیاندن و بازاڕیکردنی باش. پێشنیار دەکەم دەزگاکە بەشداربێت لە هەندێک چالاکی ڕۆشنبیری و کولتووری، ڕەنگە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک ڕێکخراو و دەزگای دیکە باش بێت بۆ ئەم دۆخەی ئێستا.