هەناسە فەلسەفییەکان ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(١٤)
هیکتۆر و مەرگی پاڵەوانانە
لە قووڵایی دڵ و ڕۆحمەوە بە باشی دەزانم
ئەو ڕۆژە دێت کە دەبێت ترۆی پیرۆز بمرێت
بەڵام ئەمە لەبەرامبەر ژانی تۆدا شتێک نیە
کاتێک بێشەرمێک بەدەم فرمێسکەوە دەتبات و
لە ڕۆژی ڕۆشن و ئازادی دوورت دەخاتەوە
(هیکتۆر بۆ ئەندرۆماخی هاوسەری)
لە کتێبی پێنجەمی ئیلیادی هۆمیرۆس بە دواوە، ڕۆشنایی دەخرێتە سەر هیکتۆر وەک پاڵەوان، وەک هێمای خۆڕاگریی و داکۆکیکەر لە شارو هاوشارییەکانی ترۆی. لەبەرامبەریشدا دەبێتە مایەی بێزاری و تووڕەیی هێزە هێرشبەرەکان کە ئاگامەمنون سەرۆکایەتییان دەکات. هیکتۆر پاڵەوانێکە لەناو سوپاکەی ئاگامەمنوندا تەنها ئەکیلیس دەتوانێت ڕووبەڕووی بەوەستێتەوە. دوای تووڕەبوونی ئەکیلیس (لە وتارێکی پێشووتردا باسی ئەو تووڕەییەمان کرد)، ئیتر هیکتۆر دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆ ئاگامەمنون و هێزە هێرشبەرەکان.
هۆمیرۆس پێمان دەڵێت هیکتۆری کوڕەگەورەی پادشا پریامۆس، دژی ئەوە بوو کە نێوانی شارەکەیان لەگەڵ شارەکانی تردا تێک بچێت، کە هۆیە سەرەکییەکەی (پاریس)ی برای بوو، کە بە پیلانی ئەفرۆدایتی خوداوەند، هێلینی هاوسەری مینلاوسی هەڵگرت و بردییەوە بۆ شارەکەی خۆیان… بەڵام تازە شەڕەکە قەوماوە و بواری بیرکردنەوە لە چارەسەری دیکە نەماوە.
هۆمیرۆس بەجۆرێک باسی پاڵەوانێتی هیکتۆر دەکات، کە خوێنەر هەست دەکات مانەوەی ترۆی بەوەوە بەستراوە. هەربۆیەشە لەگەڵ کوژرانی هیکتۆردا، دڵمان دادەخورپێت و واهەستدەکەین ڕووخانی شارەکە نزیک بۆتەوە. واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان نەمانی هیکتۆر یەکسان دەکرێت بە هەرەسهێنانی ترۆی. جۆرێک لە هاوسۆزیی بۆ هیکتۆر لە ناخماندا دروست دەبێت، بەتایبەتی کە ئەو داکۆکیکەرە لە شارەکەی خۆی دژی هێرشبەرە داگیرکەرەکان، کەیسێکی هەیە بۆ ئەوەی لە پێناویدا بمرێت.
لە دیمەنێکی قەشەنگدا، هۆمیرۆس باسی یەکێک لە شەڕەکانمان بۆ دەکات، تێیدا جەنگاوەرەکانی ترۆی لەبەردەمی یۆنانییەکاندا پاشەکشە دەکەن. هیکتۆر بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکان دەیەوێت بێتە دەرەوە و سەرۆکایەتی دژە هێرشێک بکات. بەڵام ئەندرۆماخی هاوسەری، بە خۆی و ئەستیاناکسی کوڕییەوە ناو دەرگای لێدەگرن، ئەندرۆماخ تکا دەکات نەچێتە ئەو شەڕە، بەڵام ئەو دڵنیای دەکاتەوە کە ئەگەر وادەی مردنی نەهاتبێت، ئەوە دەگەڕێتەوە لایان. ئەم دیمەنە هاوشێوەی ئەوەیە کە دایکی ئەکیلیس لەگەڵ کوڕەکەیدا دەیکات، کە دواتر باسی دەکەین. هیکتۆر مەرگێکی پاڵەوانانەی بەلاوە باشترە لە ژیانی زەلیلی و کۆیلایەتی، بۆیە کاتێک نزا بۆ زیۆس دەکات، داوای پاراستنی خۆی ناکات، بەڵکو دەخوازێت کوڕەکەی دوای خۆی ببێتە پاڵەوانێکی گەورە.
هۆمیرۆس بۆ ئەوەی هیکتۆر بەرەو چارەنوسی خۆی ببات، پێویستی بەوەیە ئامادەکاریی بۆ بکات… ئەمە ئەگەر وەها بڕوانینە داستانی ئیلییاد کە دەقێکی ئەدەبییە و نوسەرەکەی هۆمیرۆس یان چەند هۆمیرۆسێکە (ناوەکە وشەیەکی یۆنانییەو مانای پیاوە نابیناکە دەگەیەنێت)، واتە نەک وەک ڕووداوێکی مێژوویی.
لە لوتکەی یەکێک لە گرێ سەرەکیەکانی داستانەکەدا ئەکیلیسی پاڵەوانی یۆنانییەکان لەگەڵ ئاگامەمنون نێوانی تێکچووە؛ ئەستێرەی هیکتۆریش بەتەواوەتی گەشاوەتەوە و هێزە داگیرکەرەکانی پەرێشان کردووە. بۆیە دەبێت ڕووداوێک بقەومێت بۆ وەرچەرخاندنی ئەم ئاڕاستەیە. ئەو ڕووداوەش کوژرانی پاترۆکلوسی هاوڕێی نزیکی ئەکیلیسە، دوای ئەوەی لە ڕازیکردنی ئەکیلیس بۆ گەڕانەوە بۆ ناو شەڕەکان نائومێد دەبێت، بە نهێنی پۆشاکەکانی ئەو لەبەردەکات و دەچێتە شەڕەوە. هیکتۆریش وادەزانێت ئەوە ئەکیلیسەو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا دەیکوژێت.
یەکێک لەدیمەنە تراژیدییەکانی داستانەکە ئەوەیە گەرچی هیکتۆر بە دەستی ئەکیلیس دەکوژرێت، بەڵام پادشا پریامۆس کە باوکی هیکتۆرە، شەو بەدزی خۆی دەگەیەنێتە لای و لێی دەپاڕێتەوە کە تەرمی کوڕەکەی پێ بداتەوە تا بتوانن بەشێوەیەکی شایستە تەسلیمی خاکی بکەن. لەبەرامبەری ئەوەشدا دیاریی دەبەخشێتە ئەکیلیس، ئەویش دیاریی وەردەگرێت و ڕێگەی دەدات تەرمی کوڕەکەی بباتەوە. لەپاڵ ئەوەشدا بەڵێنێکی پێ دەدات کە هەتا بۆنەو کاروباری بەخاکسپاردنی تەرمی هیکتۆر تەواو نەبێت، ئەو نەچێتەوە بۆ جەنگی ترۆییەکان.
پریامۆس تەرمی کوڕەکەی دەباتەوەو ماتەمی بۆ دەگێڕێت. لە دیمەنێکی پڕ نەهامەتیی جگەر سوتاوییدا، دایکە پیرەکەی هیکتۆر بانگی گریانی لێ هەڵدەبڕێت: “ئای مخابن کوڕی خۆم، تۆ کە نەمایت، ئیتر من چیم بۆ ماوەتەوە تا بۆی بژیم؟ من جاران بەشەو و بەڕۆژ لە سەرانسەری شاردا خەریکی پیاهەڵدانی تۆ بووم، تۆ پایەی بەهێزیی ترۆی بوویت، ژنان و پیاوانی شار وەک خواوەندێک سەیری تۆیان دەکرد.”
هیکتۆر وەک پاڵەوان و بەشێوەیەکی شکۆدارانەو دوای شەڕێکی درێژ دەکوژرێت و دەبێتە هێمای پاڵەوانێک کە پارێزگاریی لە بەها باڵاکانی خۆی دەکات… بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسبەرداری قەڵغانەکەی ئەکیلیس دەبێت کە لەدوای کوشتنی پاترۆکلوس دەستی کەوتبوو. هۆمیرۆس ئەمەش لە کێبڕکێیەکی زۆر زرنگانەدا دەکات، چونکە ئەو قەڵغانە لە چیای ئۆلیمپ و لەلایەن هێفایستۆسی خواوەندەوە دروست کرابوو، پارێزەرێکی گەورەی هیکتۆر بوو.
هیکتۆر دەکوژرێت و ئەندرۆماخی کۆست کەوتوو، هاوسەرە بێوەژن کەوتووەکەی، هەنسک دەدات و فرمێسک دەڕێژێت “وای لە خۆم، ئەوە هیکتۆرەکەم ڕۆی، ئای چەندە پێکەوە بووین.. وای لەخۆم وای لە هیکتۆرەکەم هەموو شتێکمان هاوبەش بوو، هەر پێکەوە لەدایک بووین…هیکتۆرەکەم بە ڕووتی ڕادەکشێیت، گەرچی ئەو هەموو پۆشاکە نایابە لەناو ماڵەکەت هەن کە ژنانی ترۆی بۆیان چنیویت… من هەمووی دەسوتێنم، چیتر بەکەڵکی تۆ نایەن، چیتر ناتوانیت جارێكی تر بیانپۆشیت، پیاوان و ژنانی ترۆی، شکۆدارت دەکەن”.
بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکانی ئیلیادە، ئاماژەی ئەوە دەبینین کە مەرگی هیکتۆر، بەشێوەیەک لەشێوەکان وێنای مەرگی ترۆی دەکات. هەرواش دەبێت، وێنەیەکی دراماتیکی پڕ لە پەژارە باڵ بەسەر داستانەکەدا دەکێشێت و ئەو شارە خۆڕاگرە بەتەواویی وێران دەبێت، ئیتر خۆری پرشنگداری شارەکە ئاوا دەبێت. هیکتۆر لە دیوی ترۆی و ئەکیلیس لەدیوی هێزی یۆنانییەکانی دیکەوە، دوو جەمسەری ڕاگیرکردنی هاوسەنگیی جەنگەکەن، کاتێک یەکێکیان نەما ئیتر جەنگەکە لاسەنگ بوو، سەرەتای کۆتایی کەوتە ڕوو. لە ڕووداوەکانیشەوە دەردەکەوێت کە خەڵکانی دەوری هیکتۆر دەیانزانی بە کەوتنی کوڕەکەیان شارەکەش دەکەوێت. هۆمیرۆس لەزاری پادشا پریامۆسەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن دایکی هیکتۆر قژی خۆی ڕنیوەتەوەو سەرپۆشەکەی فڕێداوەو سەیری کوڕەکەی کردووەو داویەتە پڕمەی گریان. باوکیشی دەیناڵاند، خەڵکی شار هەموو فرمێسکیان دەڕشت و خۆیان لە خۆڵدا دەگەوزاند. حاڵێکی ناخۆش بوو، لەوە دەچوو کە عەباکەی شانی ئیلیۆس ئاگری تێبەر بووبێت.
بە هەمانشێوە، دیمەنی ئەسپەردەکردنی هیکتۆر لە کۆتایی داستانەکەدا، تا ڕادەی دڵنیاکردنەوە ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە ئیتر کارەکە تەواو بوو، کارەساتە تراژیدییەکە بەڕێوەیە بەرەو شارەکە. کردەی پاڵەوانانەی هیکتۆر کە گوزارشت لە سروشتی ئەزمونییانەی ژیانی مرۆڤ دەکات، ئەمە خاسییەتێکە کە تایبەتە بە کۆتاییهێنان یان تەواوکردنی کارێک کە پێشتر دەستی پێکراوە.
خوێنەر لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا کە بەسەر هیکتۆر دێن، هەستێکی تایبەتی لادروست دەبێت، تەنانەت ئەگەر لایەنگیری نەیارەکانیشی بێت. جۆرە هاوسۆزییو خۆشەویستییەکی بۆ ڕەوشت و هەڵسوکەوتی پاڵەوان لا دروست دەبێت. هۆی ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بیرۆکەی مەرگی پاڵەوانانە، خۆی لەناخی مرۆڤەوە دێت: وەکچۆن لە سەرەتای داستانەکەدا ئەکیلیس دەبینین فەزڵی ئەو جۆرە مەرگە شکۆدارە کە لەتەمەنێکی زوودا ڕوودەدات، دەدات بەسەر ژیانێکی بێکێشەی دوورو درێژدا کە هیچ شکۆیەکی تێدا نیە. هەر ئەمەشە وادەکات لەم وتە نێودارەی ژنانی یۆنان تێبگەین کە لەکاتی چوونە شەڕدا بە کوڕەکانیان دەووت: “بە قەڵغانەکەتەوە، یان لەسەر قەڵغانەکەت، وەرەوە.”
ژیانی ئەزمونیی مرۆڤ، کە دەڵێم ئەزمونی مەبەستم لەوەیە کاروانێکی تاقیکردنەوەیە، ڕێک وەک ئەوەی دواتر سۆکرات داوا دەکات کە دەبێت ژیانی خۆمان تاقی بکەینەوە، ئەزمونی بکەین…. چونکە ئەم ژیانە سەرەتاو کۆتاییەکی هەیە کە هیچیان لە ئیختیاری خۆماندا نیە، بەڵام خۆ دەکرێت ئەوەی لەناوەڕاستدایە بژارەی خۆمان بێت. مادام ژیان کۆتایی هەیە، با کۆتاییەکەی مەرگێکی پاڵەوانانە بێت، چونکە ئەمە گەیشتنە بە کەماڵ. ئەمە یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکەییەکانی داستانی ئیلیادە. مەرگی هیکتۆر ژمارەیەک ئاماژە و بابەتی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە شایستەی ئەوەن بە قووڵی بیریان لێبکەینەوە، وەک: چارەنووس، مانای مرۆڤبوون، هەروەها سروشتی پاڵەوانێتی و ئاکارەکانیش.
مەرگی هیکتۆر ئاماژەیەکە بۆ بوونی حەتمییەتێکی سەپێنراو بەسەر مرۆڤەکاندا، واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەوەی ڕوودەدات، دەبێت ڕووبدات. لەبەردەمی مەرگی ئەم پاڵەوانەدا پرسیارێکمان لا دروست دەبێت: ئایا شتێک هەیە ناوی ئیرادەی ئازاد بێت، ئەمە پرسیارێکی گرنگی فەلسەفەیەو تا ئیمڕۆش مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت. جگە لەوەش هیکتۆر لەبەردەمی بژاردەیەکی سەختدایە: بەرەنگاری چارەنووسی خۆی ببێتەوە و ئەوەی دەبێت با ببێت، یاخود وەک لە ناو قەڵاکەدا داوای لێدەکەن، ئەو کارە نەکات و ژیانی خۆی قوتار بکات و وەڵامی کێبڕکێکەی ئەکیلیس نەداتەوە.
هێکتۆر کە بڕیاردەدات بەرەنگاری ئەکیلیس ببێتەوە ئەوە تێکەڵەیەک لە تراجیدیا و پاڵەوانێتیمان پێشکەش دەکات کە هۆمیرۆس زۆر بە جوانی دایڕشتووە. ئەگەر سەرنج بدەین بە بەردەوامی فەیلەسوفان خەریکی پشکنینی پەیوەندییە پڕ لە کرژی و ئاڵۆزییەکانی نیوان نیکی و خاسییەتە پێکهێنەرەکانی پاڵەوانیان داوە: دلێریی، شەرەف، خوۆشویستنی خێزانەکەی، لەگەڵ کۆتاییهاتنی تراجیدییانەی ژیانی. دەتوانین لێرەوە بیر لە سروشتی جەنگ و هۆیەکانی هەڵگیرسانی و ئاکامەکانیشی بکەینەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، ئەم مەرگە، هەروەها مەرگی دواتری ئەکلیسیش، وامان لێدەکەینەوە بیر لە کاریگەریی تاکەکان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بکەینەوە، بژاردەکانی ئەوان چۆن ڕێچکەکانی مێژووی تایبەتی خۆیان و بەپێی کاریگەرییان، مێژووی دەوروبەریشیان دەگۆڕن.
دوای خوێندنەوەی ئیلیادە، لەوە تێدەگەین، مرۆڤ گەرچی وەکو جەستە لەناودەچێت و چیتر نامێنێت، بەڵام ئەگەر بوو بە خاوەنی شکۆداریی، ئەوە دەتوانێت هەتا هەتایە بە شکۆداریی بمێنێتەوە، ڕێک وەک ئامادەیی پیاوە گەورەکان لە هزرو بوونی ئێمەدا، ئەوانە ئەو پاڵەوانانەن کە توانیویانە دژی مەرگ بوەستنەوە، کە نەمرییان بەدەستهێناوە. هیکتۆر وانەیەکی لەم جۆرەی بۆ ئێمە تۆمار کرد: مەرگ لەناو جەنگێكی شەریفانەدا، خۆی جۆرێکە لە درێژکردنەوەی ژیان. هەربۆیەشە داوا لە ئەکیلیس دەکات کە هەرکامیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا مردن، ئەوەی تریان لێبگەڕێت بەشێوەیەکی شایستە بە خاک بسپێردرێت. بەڵام ئەکیلیسی تووڕە، ئەکیلیسی پڕ لە خەمۆکی لەلایەک و پڕ لە هەستی ستەملێکران لەلایەکی ترەوە؛ کە بەوپەڕی بوونیەوە هەستی دەکرد کە سووکایەتی پێکراوە، دوای ئەوەی پاترۆکلیسی هاوڕێی نزیکیشی دوای مردن سوکایەتی زۆر بە لاشەکەی کرابوو…. ڕۆحی تۆڵە سەندنەوە بەسەریدا زاڵ دەبێت و ئەوە پەسەند ناکات.
مەرگی شکۆدارانەیە کە پاڵ بە پادشا پریامۆسەوە دەنێت ئەو دەستە ماچ بکات کە کوڕەکەی ئەوی کوشتووە، بۆ ئەوەی بواری پێ بدات تەرمەکەی بباتەوە. چونکە دڵنیایە لەوەی کە یادەوەریی هیکتۆر لە زەینی نەوەکاندا دەمێنێتەوە، بەئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە ئەو مافە پیرۆزەی بۆ دابین بکات (مافی ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ بە خاک سپاردنی)… لەسەروو هەمووشیانەوە باوەڕی ئەوەی کە “هەرکەس بەشێوەیەکی شایستە ڕادەستی خاک نەکرێت، ئەوە ڕۆحەکەی لەنێوان جیهانی سەر زەوی و جیهانی ژێرەوەدا گیر دەخوات.”
کاتێک ئەمانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئینجا لە پرسی پاڵەوانێتی و شکۆداریی کوژران لە جەنگەکاندا تێدەگەین، دیاردەی قوربانیدان بە خود خۆی نمایش دەکات. پاڵەوانەکان لاسایی خواوەندەکان دەکەنەوە، گەرچی لەسەر حیسابی ژیانی خۆشیان بێت. ئاکاری جەنگاوەرانەی یۆنانەکان، لەسەر بناغەی بەدەستهێنانی شکۆداریی دامەزراوە، پاڵەوانان چاویان بڕیوەتە ئەوەی چۆن شکۆداریی بەدەست بهێنن. خۆدزینەوە، خۆلادان لە جەنگ کارێکی زۆر پڕ شورەییە. ئەکیلیس خۆشی ئەوەی دەزانی، بۆیە هەموو تووڕەیی خۆی بەسەر هیکتۆردا ڕشت. هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە جەنگاوەری خانەدان، هەموو هەوڵی بۆ پاراستنی شۆرەت و ناوبانگی خۆیەتی، دەبێت لە پێشی پێشەوە، لەهێڵی یەکەمی جەنگەکاندا ببینرێت. هیکتۆری ماوەی دە ساڵی تەواو لە پێشەوەی بەرەی جەنگ بوو، کۆتاییەکەشی هەر ئەوە بوو کە خۆی دەیخواست.