هەناسە فەلسەفییەکان…ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(١٥)

میسۆس و لۆگۆس

هەرکاتێك ئەم دوو وشەیەم گوێ لێ دەبێت، یەکسەر بیر لەو گوێزانەوەیە دەکەمەوە کە لە مێژووی فەلسەفەدا و بە تایبەتی لە هزری یۆنانیدا ڕوویداوە: گوێزانەوە لە هەوڵدان بۆ شیکردنەوەو تێگەیشتن لە جیهان لەتوێی چیرۆکی خواکان و پاڵەوانەکانەوە بۆ کایەیەکی دیکەی تێڕامان و وردبوونەوە کە لەسەر بناغەی بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی دامەزراوە، بە مەبەستی تێگەیشتنێکی جیاواز و نوێ لەم جیهانەی تێیدا دەژین. ئەمە یانی چی؟ یانی دەسبەرداربوونی ئەو لێکدانەوەیەی هەموو شتەکان دەباتەوە بۆ سەر خواوەندەکان، لەپێناو لێکدانەوەیەکی دیکەدا کە بەدوای هۆیە ماتریاڵی و سروشتییەکاندا دەگەڕێت. زۆرجار لە نوسیندا وشەکەم بە (میتۆس) تۆمار کردووە، ئەمەش وەک هەموو کەموکورتییەکانی دیکە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی ناچارین هەموو ئیشەکان خۆمان بیکەین و لە پشتمانەوە دامەزراوەیەک نیە بۆی بگەڕێینەوە.

با شتێک دەربارەی ئەم دوو وشەیە بڵێم!

هەردووکیان یۆنانین و ئەگەر بەدوای مانایەکی نزیکدا بگەڕێین بۆیان (دەڵێم مانایەکی نزیک، چونکە هەریەکەیان جۆرەها ماناو بەکارهێنانیان هەیە)، دەڵێم: میسۆس لەبەرامبەر ‘چیرۆک’دا ڕادەوەستێت و لۆگۆسیش مانای ‘زانین’ دەگەیەنێت. یانی میتۆس واتە گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانەو خورافەکان کە لە ئەندێشە و هەستوسۆزەکانی مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووە؛ بەڵام لۆگۆسیش هەوڵە زانستییەکانمانە و ئەقڵ بکەری سەرەکییەتی (ئەگەر تاکە بکەری نەبێت). کەواتە! میسۆس و لۆگۆس هەردووکیان هەوڵدان بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنی دیاردەکانی ناو جیهانی دەوروبەرمان، وەڵامدانەوەی پرسیارە گەورەکان، لە نموونەی: ئایا گەردوون هەر هەبووە، یان پەیدا بووە؟

کەواتە!

میتۆس: ئاماژەیە بۆ ئەو چیرۆک و گێڕانەوانەی بەهۆیانەوە هەوڵ دەدەین جیهانی دەوروپشتمان لێکبدەینەوە، وەک چیرۆکی ئادەم و حەوا وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری پەیدابوونی مرۆڤ. میتۆس پڕێتی لە بوونەوەری ئەندێشەیی ژوور سرووشت (دەرەوەی ئەم جیهانەی تییدا دەژین) لە نموونەی خواکان، فریشتەکان، شەیتان و تارمایی و جنۆکە و خێو و … هتد. ئەمانە خەریکی کۆمەڵێک کردەوەن کە لە تواناکانی مرۆڤ بەدەرن و بە شێوەیەکی هێمایی وەڵامی پرسیارە گەورەکان دەدەنەوە، بۆ نموونە لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە کە ‘خوا لە ماوەی شەش ڕۆژدا گەردوونی دروست کردووە و لە ڕۆژی حەوتەمدا حەساوەتەوە.’

لۆگۆس: بەکارهێنانی لۆجیک و گوتار و ئەقڵە، گرتنەبەری ڕێگای سیستماتیکییانە و ڕێکخراوە بۆ تێگەیشتن لەم واقیعەی تێیداین. سەرەکیترین بنەمای کارکردنی لۆگۆس گومانکردنە.

سەرنج: وێنەکە ئەوەندەش ڕوون نیە، چونکە زۆرجار وەک تۆڕێکی ئاڵۆسکاو هەردووکیان پێکەوە کاردەکەن. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بوونەوەرێک نیە کە تەنها ئەندێشە و هەستوسۆزەکان بەڕێوەی ببەن، هاوکات تەنها ئەقڵ و لۆجیکیش بەدەردی ناخوات.

***

گومان لەوەدا نیە کە باشترین جێگا لێوەی بۆ سەرەتاکان و ڕەگو ڕیشەکانی ئەم دوو جۆرە بیرکردنەوەیەو ڕەوتەکانی پەرەسەندنی بگەڕێین، یۆنانی دێرینە. نوێنەری دیارو بەرچاوی بیرکردنەوەی میسۆسییانەش (ئەوەندەی لەبەردەستماندا بێت) هەریەکە لە هۆمیرۆس و هیسییەد (هیزیۆد)ن. کە هەردووکیان خەڵکی ناوچەی ئایۆنیان و لەماوەی نێوان (٧٥٠ – ٦٥٠ پ.س) دا ژیاون. نوێنەرانی لۆگۆسیش ئەو بیرمەندانەن کە بە پێش سۆکراتییەکان ناسراون و یەکەمینیان تێلیسی مایلیتۆسییە (٦٢٤ – ٥٤٦ پ.س) دا ژیاوەو بەناو سۆکرات و ئەفلاتون و پاشانیش ئەرەستۆدا تێدەپەڕێت.

لە قۆناغی میسۆسدا، مرۆڤەکان وەها سەیری ڕوداو و دیاردەکانی ناو جیهانیان کردووە، کە لەلایەن کۆمەڵێک خواوەندی بەتواناوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان کاری خواوەندیکە وەک ئەرکی ئاسایی خۆی، هەندێکی دیکەیان کێشە و ململانێی نێوان چەند خواوەندێکە لەسەر بابەتێک لێیان بووە بە شەڕ. ئەوان خواوەندی جۆراوجۆریان بۆ زۆرێک لەدیاردەکانی ناو سروشت هەبوو، وەک:

١. دیاردە سروشتییەکان، لە وێنەی کاروباری دەریاکان، هەڵهێنان و ئاواکردنی هەتاو، باران و هەورەبروسکەو… هتد.

٢. کارو چالاکییە مرۆییەکان، لە نمونەی دروستکردنی شەراب، شەڕو ناکۆکییەکان، خۆشەویستی، جوانی… هتد.

لەبارەی ئەم چالاکییانەوە کۆمەڵێک چیرۆک و لێکدانەوەی ئەندێشەییانەی زۆر قەشەنگ لەبەردەستدان، کە کارو کردەوەکانی ئەو خواوەندانەمان بۆ دەگێڕنەوە، هەر لە بەڕێوەبردنی گەردونەوە تا دەگاتە ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان مرۆڤەکان و کارو پیشەکانیان.

لەگەڵ تێپەڕینی کات و پەیدابوونی کەسانی گومانگەراو پڕ لە پرسیار، یۆنانەکان کەوتنە گەڕان بەدوای لێکدانەوەی جیاوازتردا، دەستیاندایە چاودێریکردن و لێوردبوونەوەو هەڵسەنگاندنی جیهانی دەوروپشتیان، بەهیوای دۆزینەوەی کۆمەڵێک یاساو بنەما لەناو خودی سروشتدا کە ببن بە بناغە بۆ لێکدانەوەو تێگەیشتن لە دیاردەکان، بەدەر لە وەڵامە ئاسانەکە: خودا ئەمەی کردووە. ئیتر وردە وردە دەستێوەردانی ئەو خواوەندە نەبینراوانە ڕووی لە کزی کردو لەبری ئەوە لێکدانەوەی لۆجیکییانەو ئەقڵانییانە سەریانهەڵدا.

***

ئێستا ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە: میسۆس و لۆگۆس دوو زاراوەن، لە هەردوو کایەی فەلسەفی و کەلتورییدا بەکاردەهێنرێن و گوزارشت لە دوو شێوازی جیاوازی تیگەیشتن و لێکدانەوەی جیهان دەکەن. میسۆس هەر لە ناوەکەیەوە دیارە کە ئاماژەیە بۆ جیهانی ئەفسانە (میس)، ئەمە یانی چی؟ جیهانی ئەفسانە، جیهانی گیڕانەوەی چیرۆکە ئەندێشەییەکانە. کۆمەڵگاکان لە ڕێگای ئەم چیرۆکانەوە ئەسڵ و فەسڵی بوون و باوەڕەکان و بەهاکان بدۆزنەوە. هەمیشە لە چاوی ئەفسانەکانەوە دەتوانین تێڕوانینێک و لێکدانەوەیەک بۆ جیهان بدۆزینەوە؛ پێویستیش ناکات لۆجیکێک یان بیرکردنەوەیەکی ڕێکخراو لە پشتیانەوە هەبێت، ئەوەی گرنگە ئەفسانەکان دەبنە هۆی دروستبوونی شوناسی دەستەجەمیی مرۆڤەکان. بەڵام ئەمەیان باسێکی دیکەیە. تەنها ئەوەندە بەسە کە بڵێم، ئەو ساتەی دیاردە سروشتییەکان مرۆڤەکانیان سەرسام کرد، ساتی لەدایکبوونی میسۆس بوو، لەوێوە بۆ یەکەمینجار پرسیارە گەورەکان لە مێشکی مرۆڤدا دروست بوون و هەوڵی گەڕان بەدوای وەڵامەکاندا دەستی پێکرد. سەرەتاکەشی بە خواکان و پاڵەوانەکان و ڕووداوە هێماییەکان دەستیپێکرد، بۆچی؟ بۆ بەخشینی مانایەک بە بوون.

لە میسۆسدا خوایەک هەیە گۆی زەوی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە، پاڵەوانێک هەیە سواری ئێسترێکی باڵدار دەبێت و بە ئاسماندا دەگەڕێت، ڕووبارێک هەیە شیر و هەنگوینی پێدا دەڕوات و تێکەڵێ یەکتریش نابن. هەموو خواست و ترس و ئامانجەکانی مرۆڤ، لەناو میسۆستدا بەرجەستە دەبن. کاتێک تینوویان دەبێت پاڵەوانەکە عەساکەی دەدات بە زەویدا و دوازدە کانی دەتەقن و هەر کانییەکیش دەبن بە موڵکی بەرەبابێک، بە ماسییەک و پارچە نانێک هەزاران کەس تێردەخۆن، لە نێوانی پەنجەکانی پاڵەوانەوە کانییەک دەتەقێت و نزیکەی دەهەزار کەس لێی دەخۆنەوەو دەستنوێژی پێدەگرن و حوشتر و ئەسپەکانیانی پێ ئاودەدەن. ئەمانە هەمووی هەوڵن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی بوون و جەختکردن لەسەر ئەوەی ‘ئێمە لێرە بە تەنها نین’. میسۆس سەرچاوەی ئەدەبییات و نوسین و بیرکردنەوەی ئەندیشەییە.

لۆگۆس بە پێچەوانەوە، قاچەکانی لەسەر لۆجیک و ئەرگومێنت و ئەقڵانی بوونی گوتار داناوە. لێرەدا ڕێگە بە ئەندێشە نادرێت لە شەقەی باڵ بدات و بە ئارەزووی خۆی چیرۆکەکانی بهۆنێتەوە. لۆگۆس نوێنەری لێکدانەوە و شیکردنەوە ئەقڵانییەکانە، تێگەیشتنی جیهانە لە توێی ئەقڵەوە نەک سۆزەکان. لۆگۆس لەگەڵ ڕیکخراویی، ئەقڵانییەت، ئەرگومێنتسازییدا کاردەکات و لەوێوە هەوڵی خۆی دەدات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. لۆگۆس لەبری ئەندێشە وەگەڕخستن، خەریکی چاودێریکردن و لێکدانەوەو ئەزموونکردن و دووبارەکردنەوە و بیرکردنەوەی ئەقڵانی دەبێت. تەرکیزی لەسەر تێگەیشتنی بابەتییانەی سیستماتیکییانەی واقیعە. لۆگۆس بناغەی دامەزراندن و کارکردنی زانس و فەلسەفە و بیرکردنەوەی لۆجیکییانەیە. بەدوای بنەما و پرەنسیپە ڕاستەقینەکانی واقیعدا دەگەڕێت.

***

لە یۆنان، بەڵکو پرۆسەکە بەردەوام و درێژخایەن بووە؛ بیرکردنەوە لە میسۆسەوە بەرەو لۆگۆس گوێزاویەتەوە و هەتا ئەم ساتەش لۆگۆس بنەما سەرەکییەکانی ئەوەی پێش خۆی لەخۆیدا پاراستووە. سەرەکیترینی ئەو بنەمایانە بریتییە لە پرسیاری ئەوەی شتەکان لەکوێوە پەیدا بوون! گەرچی دوو وەڵامدانەوەی جیاوازمان لەهەردوکیاندا هەیە، بەڵام ئەگەر بە دیدێکی هایدگەرییانە بڕوانین، دەبینین هەردوکیان هەمان پرسیاریان بەرزکردۆتەوە: بۆچی شتەکان هەن لەبری ئەوەی نەبن؟ یان شتەکان چۆن هەن و پێش ئەوەی هەبن چۆن نەبوون!

لەمەشدا جگە لەوەی پێیان سەرسام بین، چارێکی ترمان نیە، لە یۆنان جۆرەها تیۆر و گریمانە لەبارەی پەیدابوونی گەردوونەوە خراوەتە ڕوو کە تەنانەت تیۆری تەقینەوە مەزنەکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لەوێدا جێی دەبێتەوە. پرسیارگەلی سەرەتاکان و فرەیی و هاتنە بوون لە نەبوونەوە، ئامادەیی نەبوون لە پێش/لەپاڵ هەبووندا، بە هەموو ڕەوایەتییەکەوە پرسیاری یۆنانەکانن. ئەو چەمکانەی ئیمڕۆ لەو کایەیەدا کاریان پێ دەکەین، لە بنەڕەتدا ئەوان دایانڕشتووە. لەم دیدەشەوە زێدەڕۆیی نیە کە دەوترێت “کۆی بیرکردنەوەی ئێمە جگە لە هەوڵدان بۆ پێکەوە سازاندنی هێراکلیتۆس و پارمێنیدیس، شتێکی دیکە نیە.”

بێویژدانییەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین ئەفسانەکانی یۆنان هەموویان هەڵەن، یاخود دوورن لە ڕاستییەوە. ئەگەر واز لە گرفتی ئەوە بهێنین کە زاراوەی (ڕاستی) خۆی هەڵگری چەندین گرفت و ئیشکالی قورسە، هێشتا هەر دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە ئەو ئەفسانانە جۆرەها خاڵ و گۆشەنیگای فەلسەفییانە دەخەنە ڕوو، چیرۆکەکانی ئەوان پڕن لە ئەنالۆگی و میتافۆری وەها کە تا ئەم ساتەش دەتوانین لەناویاندا بیر بکەینەوە. گوێزانەوەکە هەروا ئاسان نەبووە، بگرە دەتوانین بڵێین  ئەو گوێزانەوەیە بە شێوەیەکی یەکجارەکی و یەکلاییکراوە، هەتا ئەم ساتەی ئێمەش، هێشتا هەر ڕووی نەداوە. بە واتایەکی تر، هێشتا ئەفسانە لەناوماندا دەژی، هێشتاش بۆ ئەوەی هەست بە مرۆڤبوونی خۆمان بکەین، پێویستیمان بە ئاستێکی میسۆس هەر هەیە.

لەکوێ بۆ میسۆس بگەڕێین؟ کوێ لە سۆکرات و ئەفلاتون بۆ ئەم گەڕانە گونجاوترە؟ خۆ ئێمە (لانیکەم گروپێک لە ئێمە) تا ئیستاش هەر لە سێبەری ئەفلاتوندا بیردەکەینەوە. بەسەرکردنەوەیەکی خێرای دایالۆگەکانی ئەفلاتون پێماندەڵێت، کە ئەفسانەکانی  یۆنان لەوێشدا هەر درێژەیان هەیە، زۆرێک لە تێزە فەلسەفییەکان لەتوێی ئەفسانە (میسۆس)وە گوزارشتیان لێدەکرێت. بەرچاوترینی ئەوانە چیرۆکی ئەشکەوتەکەیە، کتێبی حەوتەمی کۆمار. لەوێدا ئەفلاتون بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مرۆڤی پەروەردەبوو، چاوکراوەی دەربازبوو لە وەهمەکان، دەتوانێت لە پشتی هەست و نەزکە ڕووکەشییەکانەوە، واقیعی ڕاستەقینە ببینێت. لەوێدا ئەفلاتون کاریگەریی پەروەردە (پایدیا)مان بۆ ڕوون دەکاتەوە، بەهەمانشێوە ئەو کارەساتەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لەکاتی بزریی یاخود شێوان یان نەبوونی پەروەردەدا بەسەر نەوەکانمان دێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەفلاتون دەیتوانی ئەم کارە بکات، ئەم بیرۆکەیە بۆ ئێمە ڕوون بکاتەوە، بێ ئەوەی چیرۆکێکمان بۆ بگێڕێتەوە کە لەڕێگایەوە لە زەینی خۆماندا ئەو ئەنالۆگییە ئەنجام بدەین کە ئەو داوامان لێ دەکات؟

ئەفسانەکان دەروازەی گەیشتن بە ڕاستییەکان بوون (لانیکەم لای یۆنانییەکان) میسۆس هەروا گێڕانەوەی چیرۆکی ئەندێشەیی بێ بنەما نەبوو، بەڵکو ئەو ڕێچکەیە بوو لێوەی ئەرگومێنتەکان ساز دەکران و تاقیدەکرانەوەو هەڵدەسەنگێنران تا لە ئاکامدا بە دەرەنجامە دروستەکان، یاخود نزیکترین دەرەنجام لە دروستییەوە، دەگەیشتن. ئەگەر کارەکە بەوجۆرە بەڕێنەخرایە، بێشک دەرەنجامی هەر لێدەکەوتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەوەندە کاریگەر یان کارا و قابیلی پەیوەندیکردن و گوێزانەوە نەبووایە.

کاتێک لەبارەی دروستی و بگرە هەندێجاریش (هەقیقەت!) لە پەیوەندیدا بە ئەفسانەوە دەکەین مەبەستمان چیە؟ بێشک نابێت خەیاڵمان بۆ ئەوە بچێت کە مەسەلەکە هەقیقەتی پەتی یان ڕەهای وەک ئەوانەی لە ماتماتیک و فیزیادا دەیبینین. ئەمجۆرە هەقیقەتە زۆرجار لەناو ئەو کایانەشدا گومان دەچێتە سەریان. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە، بەها ئاکارییەکانە، ژیانی تاقیکراوەو وەرگرتنی هەڵوێستی دروستە لە ڕوداو و پێشهاتەکانی ژیان، تێگەیشتن لە چارەنوس و خوێندنەوەی ژیانی پێکەوەیی ناو کۆمەڵگایە. میسۆس لەبارەی ئەمانەوە دەدوێت، واتە هەرگیز پرسەکە بریتی نیە لە (١ + ١ = ؟) بەڵکو پرسیاری لەمجۆرەیە: چ جۆرە ژیانێک شایستەی ئەوەیە بیگوزەرێنین؟ جوامێری و شکۆداریی تا چ ڕادەیەک شایستەی ئەوەن کە بەهۆیانەوە گوزەران بکەین، چی ئەوە دەهێنێت لە پێناویدا دەسبەرداری ژیان ببین….

ئەمانە کۆمەڵە بەهایەکن، کە دەتوانین لە دروستی و نادروستییان تێبگەین، لەناو ئەفسانەکاندا زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاویی دەتوانین دروستیی ئەم بەهایانە هەڵبسەنگێنین، کە ئەمەش دەکەین، ئیتر گرنگ نیە ئەو چێرۆکانەی لەناویاندا تەوزیف کراون هەڵەن یان نا. وردبوونەوە لە بڕیارەکەی ئەکلیس بۆ ئەوەی بە جوامێریی بمرێت و دەسبەرداری ژیانێکی ترسنۆکانە ببێت، بەهایەکی ئاکاریی گەورەمان بۆ کەشف دەکات، جا جەنگی ترۆی ڕوویدابێت یان نا! گێڕانەوەکەی هۆمیرۆس چیرۆکێکی خەیاڵی بێت  یان نا، بگرە خودی ئەکیلیس کاراکتەرێکی ناو ئەفسانەکە بێت یاخود کەسایەتییەکی مێژوویی، هیچ لە پرسەکە ناگۆڕێت.

ئەمە هیچمان بیردەخاتەوە؟ بێگومان! یەکسەر خەیاڵمان بۆ چیرۆکە ئاینییەکانی ناو کتێبە پیرۆزەکان دەچێت. ئایا دەتوانین حوکمی دروستی و نادروستی بەسەر ئەو چیرۆکانەدا بدەین؟ یاخود لێیانەوە بەر کۆمەڵێک بەهای ئاکاریی دەکەوین؟ ئەمە ڕێک ئەوەیە کە لەبەرامبەری ئەفسانەشدا درکی پێدەکەین. بێشک مەبەستم لەوە نیە ئەفسانەکانی یۆنانیش وەک چیرۆکی پیرۆز وەربگرین! بۆچی؟ لەبەر یەک خاڵی زۆر گرنگ: چونکە ئەوان گوزارشت لە هەقیقەتی ڕەها ناکەن، بەو مانایەی لە دەرەوەی خۆیان هەموو شتێکی دیکە ناهەقیقەت بن.

ناردن: