مەرگی شەکرلی

Loading

مەرگی شەکرلی

نووسینی: شیروان مەحموود محەممەد

نزیکەی شەست ساڵێک دوای کوشتنەکەی، وێنەکەی لە فەیسبووکدا دەبینمەوە…

کوڕێکی قۆزی، مووکاڵی قژ جوانشانەکراو و شیکپۆش، هەر وەک ئەو کاتانەی هێشتا مابوو، جاروبار لە کۆڵانەکەی خۆیان و دەوروبەرەکەیدا دەمبینی و بە سەرسامییەوە، ڕەنگە بە کەمێک ئیرەییشەوە، سەیریم دەکرد، چونکە ئەوساش و، ئێستاش، لە وێنەی فەیسبوکەکەدا، شێوەی ئەکتەری ئەمەریکی، “جەیمس دیین” م تێیدا بەدی دەکرد.

لە پڕ، لە ڕۆژێکی پاییزەدا هەواڵی ناخهەژێنی کوشتنەکەی لە ناو کۆڵان، پاشتریش بە ناو هەموو شاردا بڵاو بووەوە. یەک دوو سەعاتێک پاشتر، لە ڕێپێوانێکی شایستەدا، تەرمەکەیان گەیاندە گۆڕستانەکە. ئێمە، کە کەمێک منداڵتر و تەواو هاو تەمەنی نەبووین، لە دوورەوە مەراسیمەکەمان دەبینی و تەنانەت دەنگی ئەو فیشەکانەش دەگەیشتە لامان کە هەڤاڵەکانی، وەک ڕێزلێنانێک، بە سەر تەرمە تازە بە خاک سپێردراوەکەیدا تەقاندیان، زیاتر لە زرمەی مستەکۆڵە دەچوو کە لە نیوەی شەودا بە دەرگایەکدا دەکێشرێت. دوکەڵی فیشەکەکان وەک چەند پەڵە هەورێکی بچکۆلانەی شین، کەمێک بەرزتر لە سەری چەکدارەکان، بۆ چەند ساتێکی کەم لە هەواکەدا مانەوە، پێش ئەوەی بە تەواوەتی بڕەوێنەوە و لە چاو دیار نەمێنن. من فرمێسک زایە چاوانم. ڕەنگە بەشێکی زۆری دڵتەنگییەکەشم، هەر وەک لەو تەمەنەدا ڕوودەدا، بە هۆی بیرکردنەوەم بووبێت لەوەی کە ئاخۆ چ جیاوازییەک دەبوو گەر ئەوە تەرمی من بووایە بیانناشتایە، ئەوە ژیانی من بووایە وا خێرا و پڕ بە سوێ کۆتایی بهاتایە، ئەوە خزموکەسوکاری من بوونایە وا شان داکەوتوو و کۆستکەوتووانە لەو گوڕستانەدا لە تەرمەکەم کۆ ببوونایەوە…

دووەم جارم بوو لە ماوەیەکی کەمدا فرمێسک، بۆ ژیانێکی لە ناکاو پچراو، بە چاوانمدا بێتە خوارەوە. جاری یەکەم گریانێکی بە کوڵ گریام. ئەوەی کوژرابوو هاوڕێی قوتابخانە و هاوپۆلێکی خۆم بوو. ئەمیان کوڕێکی باریکەلەی لاواز و ئەسمەر و کەمێک خێلیش بوو، لە هیچ ئەکتەرێکی ئەمەریکی نەدەچوو، بەڵام خۆ تەنیا لە بەر هۆیەکی وا، کوشتنەکەی بە هیچ جۆرێک کەمتر جەرگبڕ وناخهەژێن نەبوو، هیچ نەبێت بۆ من، یان بۆ دایک و باوک و خێزانەکەی. ئاخر ئەو کوڕێکی بێ وەی و قسە خۆش بوو. تەنیا ڕۆژێک پێش کوشتنەکەی لە کۆڵانێکی نزیک خۆیاندا لووتمان بوو بە لووتی یەکەوە، وەک هەر دوو مێرمنداڵ کەوتینە باس و خواسی قوتابخانە و ئەرکی خۆ ئامادەکردن بۆ ئیملای کوردی لە هەفتەی داهاتوودا. وەک ئەوەی نهێنییەکی گەورەم لا بدرکێنێ، بۆی باس کردم کە ئەو بەردەوام ڕاهێنانی نووسین بەوە دەکات کە وشەکان بە پەنجە، جار لە دوای جار لە هەواکەدا دەنووسێتەوە. ئەو نهێنییە، وەک بڵێیت، زیاتر لە یەکی نزیک کردینەوە، چونکە منیش بە هەمان شێوە هەوڵم دەدا ئیملاکەی خۆم باشتر بکەم. جگە لەوەش، پێش ئەوەی لێک جیا ببینەوە خوڵقی کردم دانەیەک لەو پسکیتە شەکرلییانەی لێ وەرگرم کە لە گیرفانیدا بوون. باش بیرم نایەت لێم وەرگرت یان نا؟.                                   بۆ ڕۆژی دوایی گەڕەک شڵەقا. هەواڵ هات کە بەیانی زوو، لە کاتێکدا هاوڕێکەم بە ڕێوەبووە بچێت سەموون بۆ خوانی بەیانیی خێزانەکەی بکڕێت، کەسێک چەند فیشەکێکی پێوەناوە و کوشتوویەتی.

لەو سەردەمەدا شار، چەندساڵێک بوو، شێرپەنجەی حیزبایەتی لێی دابوو، نەک هەر گەڕەک و کوچەو کۆڵانەکانی لێک دابڕیبوو، بگرە ئەندامانی یەک خێزان و خزموکەسوکاریشی لێک کردبوو، کردبوونییە دوژمنی باوەکوشتەی یەکتری. هیچ کێشەیەک، هیچ دەمەقاڵێ و ناکۆکییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی زۆرانبازی حزبەکان لێکنەدەدرایەوە و پاساوی بۆ نەدەدۆزرایەوە. بۆیە زۆری نەخەیاند دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هاوڕێ ئەسمەرەکەی من، گوایە لە سەر ئەوە کوژراوە کە بەو بەیانییە زووە، بە دەم ڕێگاوە بۆ سەموون کڕین یان لە کاتی گەڕانەوەیدا، چووە بەیاننامەی حزبێکی لێکردۆتەوە و دڕاندوویەتی. هەر خێراش پەنجەی تۆمەتبارکردن ئاڕاستەی ئەو کوڕە قۆزە کرا، کە لە جێمس دیین دەچوو. گوایە ئەو هاوڕێکەمی بینیوە بەیاننامەکەی لێکردۆتەوە، بۆیە چووە لە ماڵەوە دەمانچەیەکی هێناوە و دوو فیشەکی پێوە ناوە، تەنانەت چیرۆکی ئەوەش بڵاوبووەوە کە  لە حەژمەتا بووراوەتەوە، گوایە خوشکەکانیشی بە پەلە ڕایانکێشاوەتە ماڵەوە، ئاخر خۆ ئەو پیاوکوژێکی قاڵبووی تاوان نەبووە، تەنیا گەنجێکی خوێن گەرمی دڵسۆزی حزبەکەی بووە. بەڵام کەسێک نییە بە دڵنیاییەوە هیچ کام لەو چیرۆکانە بسەلمێنێ یان بیانداتە دواوە.

ئیتر ئاشی قسەو قسەڵۆک و چیرۆکهەڵبەستن و تاوانبارکردنی یەکتر دەستی پێکرد، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە خزمێکی کوڕە ئەسمەرەکە، کە سەر بە حزبێکی نەیاری حزبی کوڕەقۆزەکە بووە، هەڕەشەی  لێکردووە کە تۆڵەی ئەو پورزایەی لێدەکەتاوە. هەر بەڕاستیش، زۆری پێ نەچوو، کوڕە قۆزەکە بەو شێوەیەی باسکرا، کوژرا.

چەند ساڵێک دواتر وێنەی هاوڕێ کۆژراوەکەمم لە پۆستەری شەهیدانی حزبێکدا بینییەوە، بە دنیایەک وشەی جوانەوە، لەپاڵ چەندین کەسی تردا، یادیان کردبووە. وا ئێستاش وێنەی کوڕە قۆزەکە لە فەیسبووکدا دەبینم بە زیاتر لە ٩٠٠ لایک و دووسەدوپەنجا ئیمۆجی گریاناوی و  نزیکەی ٦٠٠ کۆمێنتەوە. بەڵام نازانم بۆچی ئەو هەستە بەرم نادات کە چ وشەکانی ناو پۆستەرەکە،  چ ئەوانەی فەیسبووکەکە، لە شەکری سەر ڕووی پسکیتەکە دەچن کە هاوڕێ بە ناهەق کوژراوەکەم خوڵقی کردم، بەڵام ئەمجارە کراوە بە سەر ڕووی مەرگەوە، بۆ ئەوەی شەکرلی دەرچێت…

ناردن: