بە درەخت ئەڵێم درەخت

Loading

بە درەخت ئەڵێم درەخت

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی خانمە شاعیری ناوداری پۆڵەندی (هالینا پۆشڤیاتۆڤسکا) و لە لایەن نووسەر  وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی)یەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هەر بە کوردی نووسرا بێت، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا پێش ئەوەی قسە لەسەر بەهای ئیستاتیکی و گرنگیی ئەم ئەزموونە شیعرییە بکەین کە ئێمەی خوێنەر تازە بە ئەزموونەکەی ئاشنا دەبین، پێویستە قسە لەسەر خودی وەرگێڕەکە و زمانی وەرگێڕانەکەی بکەین، بێگومان هەموو تێکستێکی وەرگێڕدراوە لە بنەڕەتدا خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی زمانی یەکەمی خۆیەتی، واتە ئەو زمانەی پێی نووسراوە و پێی هۆنراوەتە شووناسی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەستەمە کەسێک توانای لێسەندنەوەی ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە زمانییە هەبێت و لایەنی ئیستاتیکی و مانا و وێنە شیعرییەکان بگوازێتەوە بۆ سەر زمانێکی دیکە، ئەگەر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان نەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەوەی ئەم وەرگێڕە ( ئازاد بەرزنجی) جیا دەکاتەوە لەوانی دیکە، تێگەیشتنی ورد و قووڵیەتی لە خودی دنیای تێکستەکان، بوونی باکگراوەندە ئیستاتیکی و ڕۆشنبیری و فیکرییەکەیەتی بۆ دیتن و تێگەیشتن لە تیێکستەکان، خوێندنەوەی بەردەوام و کەشفکردنە تازەکانییەتی لە ئەدبیاتی دنیادا، هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم وەرگێرە (ئازاد بەرزنجی) کە لە زۆربەی کایەکانی وەک ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و فیکردا کاری وەرگێڕانی کردووە و ئەزموونێکی زۆر گەورەی جیهانیی بۆ کردووین بە کوردی، باڵادەستی خۆیمان پیشان بدات و بەشێک لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە بە شاکار و ئەزموونە جیهانییەکان، کە تازەترینیان ئەم هەڵبژاردە شیعرییەی ئەم خانمە پۆڵەندییە، لەم کتێبەدا خوێنەر بە ئەزموون و دونیابینییەکی شاعیرانەی جیاواز دەکەوێت، ئەزموونێک قووڵ و جوان، گوزارشت لە عیشق و ژیان و مەرگ و مێیەتی دەکات، ئەزموونیک لە هەوڵی ئەوەدایە دنیایەکی سەربەخۆ چێ بکات، دنیایەک کە مۆرکی شاعیرانەی تایبەت بە خۆی پێوە دیار بێت:

هاوار ئەکەم

ئەو دەمەی ئەمەوێ زیندوو بم

ئەو دەمەی ئەمەوێ ژیان جێ بێڵم

پێوەی ئەنووسێم

ئەڵێم ژیان

جارێ زووە بۆ جێهێشتن

دەستە گەرمەکەی ئەخەمە ناو دەستم و

لێو ئەنێم بە بناگوێیەوە و

ئەچرپێنم

ئەی ژیان

ژیان لەو مەعشووقە دەچێ کە جێت دێڵێ…

لەم پەڕەگرافە شیعرییەدا ئێمە بەهای بەرز و بەنرخی ژیان دەبینین، کەسێک دەبینین کە تەواو هەست بە پوچێتی و ئازار و نەهامەتییەکانی ژیان دەکات، بەڵام درکی بەوەش کردووە مادام مەحکوومە بە ژیان و ژیانکردن، ئەوا دەبێت بە دڵێکی فراوانەوە باوەش بە ژیاندا بکات، گەمەی لەتەکدا بکات و نەوازشی بکات، داوای لێ بکات وەک مەعشووقێک جێی نەهێڵێت، ئاخر جێهێشتنی مەعشووق کە خودی ژیانە، واتە مەرگی بەرامبەر، ژیان بڕوات ئەم دەمرێت، ئەمیش بە هەموو هێز و بوونیەوە نایەوێت ژیانی لەدەست بچێت.

ئەم شیعرە هەڵبژێردراوانە خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، گرنگترینیان ئەوەیە کە شیعرەکان کورتن و دوورن لە درێژدادڕی، چڕن و بە کەمترین وشە و دەستەواژە و دێڕ، زۆرترین مانا و وێنە و پەیام و شیعرییەتمان پێشکەش دەکەن، ئەم هونەری چڕ نووسینە کاری هەموو شاعیرێک نییە و هەموو شاعیرێک ناتوانێت بەم تایبەتمەندییەوە بنووسێت، بەڵام دەبینین لای ئەم خانمە شاعیرە جیهانێکی فراوان دروست کراوە، جیهانێک کە جێی هەموومان دەبێتەوە تیایدا، جێی ئازار و خەم و خەون و ئەوین و گیانبازی، دەبینین بەو زمانە چڕە، ڕێگاگەلێکی بۆ واڵا کردووین کە دەشێ هەر کاممان لە ڕێگەیەکەوە بڕۆین تا دەگەین بە کەمالی شیعرییەت:

ئەی باڵندەکەی دڵم

خەم مەخۆ

وردەدانی شادمانیت بۆ ڕۆئەکەم

ئەگەشێیتەوە

ئەی باڵندەکەی دڵم

مەگری

وردەدانی خۆشەویستیت بۆ ڕۆئەکەم

بۆ خۆت ئەفڕی

ئەی باڵندەکەی دڵم

بە باڵە کۆکراوەکانتەوە.

یەکێکی تر لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە شیعرییەکانی ئەم هەڵبژاردە شیعرییە، بریتییە لە سادە نووسین، خۆ دوور گرتن لە وشە و دەستەواژەی ئالۆز، بگرە هەر بەو زمانەی ڕۆژانی ئاسایی پێی دەدوێین، ئەم شیعری باڵای پێ نووسیوە، سادەنووسییش دیسان هونەرێکە و کاری هەر شاعیرێک نییە، ئاخر خۆ هەندێک جار سادەنووسین لە لاوازی و ناهۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت و تێکستی مردوو و نیوەگیانی لێ دەبێت، بەڵام هەندێک سادەنووسین، کە بە زمانێکی سادەیە، مانای زۆر گەورە و قووڵی لێ بەرهەم دێت، ئەم شاعیرە ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری ئەم زمانە سادە و شیرینەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە وەک ژنێک و هەم وەک ئینسانێک پەیامێکی گەورەی هەیە و دەیەوێت بیگەیەنێت، ئەو دەزانێت لە جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ کێشە و بریندا دەژی، بۆیە دەیەوێت بە چەکی شیعر و بە زمانێکی سادە گوزارشت لە پەیامە ئینسانیی و گەورەکەی خۆی بکات:

پێویستیمان بە زۆر شتی سادە هەیە

چەشنی:

نان

خۆشەویستی،

تا نابیناکان ڕێیان لێ وێڵ نەبێ.

پێویستیمان بە بڕێکی زۆر لە بێدەنگی هەیە

هەم لە کەش و.. هەم لە هزرا

تا بتوانین گوێمان لە دەنگی خامۆش بێ

دەنگی شەرمنی کۆترەکان.

هەر وەک ئازاد بەرزنجی وەرگێڕ لە پێشەکیی کتێبەکدا ئاماژەی پێ کردووە، بەشێک لە ڕەخنەنووسان هەم لە ڕووی ئەزموونی شیعرییەوە و هەم لە ڕووی ژیانی کورتیی تەمەنیەوە، بە فروغ فەروخزادی دەشوبهێنن، یەکێکە لە ژنە شاعیرە ناودار و داهێنەر و نوێخوازەکانی شیعری پۆڵەندی و بگرە بە ڕابەری شیعری نوێی ژنانە و یەکەمین ڕچەشکێن لە قەڵەم دەدەرێ لەو بوارەدا: ئێمە کاتێک شیعرەکانی هالینا پوشڤیاتۆڤسکا دەخوێنینەوە، ڕووبەڕووی دوو تێمای سەرەکی دەبینەوە، تێمای عیشق و تێمای مەرگ، زۆربەی کاتیش وەک دوانەیەک پێکەوە دەردەکەون، وەک  ئەوەی عیشق قەڵغانێک بێت بۆ خۆپاراستن لە مەرگ، ئەو مەرگەی دواجار لە تەمەنێکی زۆر کەمدا و لە سی و دوو ساڵیدا شاڵاوی بۆ دەهێنێت و ژیانی لێ دەسێنێتەوە.

چوار دیوارەکەی ژیان وێران بوون

توێکڵی دانەی تاریکی لێ ئەکەمەوە

هێدی هێدی پایز بەسەر درەختەکانەوە ڕۆئەنیشێ

تا دانەکانی تاریکی لەسەر لەپی دەستم بخوا

پاسارییەکان بێدەنگ ئەبن

لەژێر باڵی سووری پایزدا

خوێن بەدەم سوڕانەوەی باوە ئەبارێ و

لەسەر زەوی ئەتوێتەوە

لە مەودایەکی دوورەوە

ڕوومەتم ناوە بە خاکەوە و هەست ئەکەم

لاسکەکانی گیان خێرا بەرەو بەهار ئەڕوێن.

 

ناردن: