هەناسە فەلسەفییەکان ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(١٧)
پەیژەکەی دایۆتیما
سەرکەوتن پلە بە پلە بەرەو لای جوانی
دەمەوێت سەرەتا دیمەنەکە وێنا بکەم:
لە ساڵی ٤١٦ ی پێش زاییندا، ئاگاسۆنی لاو (٣٢ ساڵ) بە یەکەمین تراجیدیای خۆی بەشداریی فێستیڤاڵی لێنیای ئەسینا دەکات و خەڵاتی یەکەم دەباتەوە، بەو بۆنەیەشەوە لە ماڵەکەی خۆی ئاهەنگێکی شەرابنۆشین و تارژەنین بۆ هاوەڵانی خۆی سازدەکات و سۆکرات و ئەریستۆفان و چەند کەسێکی دیکە داوەت دەکات. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئاگاسۆن لە ساڵی ٤٠٠ داو دەمرێت و ساڵی دواتریش (٣٩٩) سۆکرات ژەهرخوارد دەکرێت.
نزیکەی بیست ساڵێک دوای مردنی سۆکرات و ئاگاسۆن، ئەفلاتون دایالۆگی سیمپۆزیەم دەنوسێت و تێیدا ڕووداوەکانی ئەو شەوە دەگێڕێتەوەو پێمان دەڵێت لە دوا ساتدا، ئاهەنگی مەینۆشین و گۆرانیوتنەکە گۆڕاوە بۆ پێشکەشکردنی وتە لە ستایشی خواوەندی خۆشەویسستیدا؛ سۆکرات شەشەمین کەس بووە قسەی کردووە و لەزاری ئافرەتێکەوە کە ناوی دایۆتیمایە، باسی خۆشەویستی کردووە.
***
دایۆتیما خاتوونێکی بیرمەندی خەڵکی مانتینیایە، زانیارییەکی ئەوتۆمان لەبارەیەوە نیە، ڕەنگە ئەفلاتون تاکە کەس بێت کە ئاماژەی بۆ بوونی ئەم خاتوونە کردبێت، بەشی هەرە زۆری ئاماژەکانی دیکە، دەچنەوە سەر ئەفلاتون، هەربۆیە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە و تا ئیمڕۆش مشتومڕێک هەیە ئایا ئەم کەسێتییە ڕاستەقینە بووە، یاخود دەسکردی ئەفلاتون خۆیەتی و بۆ مەبەستە درامییەکەی ناو دایالۆگەکە بەکاریهێناوە. هەرچۆنێک بێت، لە دایالۆگی سیمپۆزیەمدا (کردوومانە بە کوردی) سۆکرات ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی لەکاتێکی پێشووتردا، ئەو خاتوونە باسی خۆشەویستی بۆ کردووە و دابەشی کردووە بۆ چەند قۆناغێک، کە لەفەلسەفەی خۆراواییدا بەشێوەیەکی میتافۆرییانە، بەناوی “پەیژەکەی دایۆتیما” یاخود “پەیژەی ئەفلاتون بۆ خۆشەویستی”، یان یان پێوەری خۆشەویستییەوە ناسراوە.
ئەم پەیژەیە قۆناغەکانی پەرەسەندنی هەستکردن بە جوانی و خۆشویستنی نمایش دەکات، لەپلەی یەکەمیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی جوانیی جەستەییەو لە کۆتا پلەشدا بە فۆرمی جوانی سەرسام دەبێت. ئەم پەیژەیە قۆناغەکانی خۆشەویستی ئەفلاتونییانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە خۆشەویستیی ئەفلاوتنی کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە دایالۆگی سیمپۆزیەمدا نمایشکراوە، لە دوور و نزیکەوە پەیوەندیی بە پێوەست و ئارەزووی سێكسییەوە نیە، واتە پەیوەندی نێوان خۆشەویستان لای ئەفلاتون، پەیوەندییەکە بەدەر لە لە چالاکیی سێکسیی ڕاستەوخۆ، بە تەنها لەسەر بناغەی حەزکردن لە جوانی دامەزراوە.
دایۆتیما دەڵێت مرۆڤی ئاسایی سەرەتا ئالودەی جەستەیەکی دیاریکراو دەبێت، دواتر کە لێکچوون و هاوشێوەیی جەستەکانی بۆ دەردەکەوێت دەبێتە ئاشقی هەموویان، پاشان بۆی دەردەکەوێت ئاشقبوونی ڕۆح زۆر بڵندترەو جەستە لەچاویدا مانایەکی نیە، لەوێوە دەگوازێتەوە بۆ سەر ڕۆحە جوانەکان کە ئەوانیش لای خۆیانەوە دامەزرێنەری و دروستکەری دامەزراوەو یاسا جوانەکان و ئامانجی ئەوانیش بەدەستهێنانی زانین و لە کۆتاییشدا فۆرمی جوانیی دەدۆزێتەوەو دەگاتە لوتکەی پەیژەکە.
مشتومڕێکی فەلسەفییانەی زۆر لەمبارەیەوە هەیە، بابەتەکە زۆر ئاڵۆزەو کێشە لەسەر لێکدانەوەکانی هەیە، هەرچۆنێک بێت، دەتوانین قۆناغەکان (پلەکان) ی خۆشویستنی جوانی، لەسەر پەیژەکەی دایۆتیما بەمجۆرەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:
- جوانیی جەستە: لێرەدا ئاشقی جوانی ئالودەی جەستەیەکی دیاریکراو (جەستەی لاوێک) دەبێت، ئەمەیان قۆناغی ئارەزووە، حەزلێکەر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی جوانیی جەستەوە. ئەمە خاڵی دەسپێکەو لە جوانیی تاکەکەسییدا بەرجەستە دەبێت. لێرەدا ئاشق دەیەوێت ئەوەی لەخۆیدا شکی نابات لای حەزلێکراوەکەی بیدۆزێتەوە. لێرەدا لەسەر پلەی یەکەمی پەیژەکە ڕاوەستاوە. زۆری پێناچێت درک بەوە دەکات کە کۆمەڵێک هاوشێوەیی لەنێوان جەستەکاندا هەیە و مەسەلەکە بەتەنها جەستەی لاوێک نیە، بەڵکو دەشێت جەستەکان جوان بن. تا ئێرە هەمووی ئالوودە بوونە بە جوانیی ڕووکەشییەوە، بەڵام کە دەگاتە ئەم قەناعەتە ئیتر درک بەوە دەکات کە دەبێت لە جێگایەکی دیکەدا بۆ جوانی بگەڕێت و دەسبەرداری سیما دەرەکییەکان ببێت. لێرەدا سەردەکەوێت بۆ پلەی دووهەم. دەبێت ئاماژە بکەم بۆ ئەوەی لە یۆنانی دێرین، خۆشەویستی بە ئاڕاستەی لاوە جوانەکان بوو، نەک ژنەکان؛ ژنان نە هاوڵاتی بوون و نە خودیش بوون، واتە نە مافیان هەبوو نە بەرپرسیارێتی، ئەمە بابەتێکە لێرەدا بواری قسەکردنم لەبارەیەوە نیە. ڕەنگە لە ئایندەدا بگەڕێمەوە سەری.
- ڕۆحی جوان (یان جوانیی ڕۆح): لەم قۆناغەدا چیتر گرنگی بە جەستەکان (ڕووکەشەکان) نادات، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە جوانیی ڕۆحە، بۆی دەردەکەوێت جوانی ئاکارییانەی ڕۆحی مرۆڤ زۆر لە سەرووی جوانیی جەستەوەیە. لێرەوە ئالودەی ڕۆح دەبێت و سەرەتاکانی مەشقکردن بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤێکی چاک، خاوەنی ڕۆحێکی چاک دەستپێدەکات.
- یاساو دامەزراوە جوانەکان: ئەمانەش لەلایەن ڕۆحە جوانەکانەوە دادەمەزرێنرێن و بەڕێوە دەبرێن، بوونی ڕۆحە جوانەکان مەرجن بۆ ئەوەی دامەزراوەو یاسای ئاکارییانە بکەونە گەڕو تاکەکان لەسایەیاندا بژین. بەهەمانشێوە لەم پلەیەدا جوانی لە هونەر و فەلسەفەشدا دەدۆزێتەوە. هەروەها دەشتوانێت سەرنج لە دادپەروەریی و نیکی بدات و وەک سەرچاوەی زانین بۆیان بڕوانێت.
- جوانیی زانین: لێرەدا ئیتر خۆی تەرخان دەکات بۆ وردبوونەوەو گەڕان بەدوای زانیندا، بەهەموو جۆرەکانییەوەو بەشێوەیەکی تایبەتیش زانینی فەلسەفییانەو هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی خودی خۆی و دەوروبەرەکەی لە ڕێگای لێکۆڵینەوەو ئەرگومێنتی فەلسەفییانەوە، ئامانجی باڵاشی گەیشتن دەبێت بە دانایی کە بەرهەمی ڕۆحی جوان و یاسای جوان و دامەزروەی جوان و زانینی جوانە.
- فۆرمی جوانی: واتە جوانی خۆی لەخۆیدا، ئەمە ترۆپکی پەیژەکەیەو تێیدا خۆشەویستی دەچێتە حاڵەتێکی سەقامگیری ئەبەدیەوە، کە بریتییە لە تێڕامان لە جوانیی لە خۆیداو بەدەر لە هەر شتێکی دیکە. ئەمە گەیشتنە بە جەوهەری خوانی لەخۆیدا، ئیتر ئاشق خۆبەخۆ لە یەکێتییەکی ئەبەدیدا دەمێنێتەوەو لێرە بەدواوە هیچ گۆڕانێک ڕوونادات. جوانیی لەم پلەیەدا جوانییەکی پێوانەییەو دەبێت بە پێوەر بۆ هەموو ئاستە نزمترەکانی جوانی لەخوار خۆیەوە. ڕاستییەکەی لەهەموو پلەکاندا پێوەرێک هەیە بۆ خوار خۆیان، بەڵام پێوەرە ڕەهاکەی جوانی لەکۆتا پلەو لە ترۆپکدایە.
کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەم پلەیە، ئیتر چاوەکانی بەسەر فۆرمی جوانیدا دەکرێنەوە، بینینی جوانی بۆ ئەو دەبێتە جۆرێک لە سروش یاخود دیدەڕۆشنیی، کە بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت بە وشەکان یان بەڕێگایەکی تری گوزارشتکردن بگوێزرێتەوە. ئەمە جوانییە لەخۆیدا.
دایۆتیما بە سۆکرات دەڵێت، ئەگەر توانیت بگەیتە بەرزترین پلەی جوانی، ئیتر هیچ جۆرە جوانییەکی ڕووکەشی (جوانیی جەستەی لاوان بۆ نمونە) ناتوانێت بۆ لای خۆی کێشت بکات، ئیتر هیچ شتێک لە ژیانتدا هاوتای چێژوەرگرتن لەو جوانییە ئایدیاڵ و پەتییە نابێت، کە نیکی و ئاکارێتی دەبەخشێت بەوانەی دەتوانن بە چاوی ڕۆحیان بیبینن و چێژی لێ وەربگرن.
بۆ ئەوەی بە باشی لە تێڕوانینی سۆکرات بۆ خۆشەویستی و چۆنێتی دابەشبوونی بەسەر قۆناغەکاندا (یان پلەکان) تێبگەین، پێویستە ئەوە لە یادی خۆماندا بپارێزین کە لای ئەو خۆشەویستی بریتییە لە ئارەزووکردنی شتێک کە لای خۆت دەست ناکەوێت، واتە ئاشق هەمیشە ئالودەی ئەو شتە دەبێت کە خۆی نیەتی؛ چونکە ئەوە هەرگیز شتێکی لۆژیکی نیە کە بەدوای شتێکدا وێڵ بیت کە خۆت خاوەنی هەیت.
دواجار دەبێت لەوەش تێبگەین کە پەیژەکەی دایۆتیما بە تەنها تیۆرێک نیە دەربارەی کێشبوونی ڕۆمانسییانە بەرەو جوانی، بەڵکو زیاتر وەک میتافۆرێک بەکارهاتووە بۆ ئەو گەشتە فەلسەفییەی مرۆڤەکان لە وێنەکان و ڕووکەشەکان و لاساییکراوەکانەوە دەستیپێدکات تا دەگاتە دانایی و وردبوونە لە هەقیقەتە ڕەهاکان، واتە لە فۆرمەکان. ئەم وێناکردنە بە شێوەیەکی زۆر ماقووڵ باوەڕی ئەفلاتون بە گرنگیی تێپەڕاندن و بەزاندنی سنوورەکانی جیهانی ماتریاڵی بۆ گەشیشتن بە زانین و تێگەیشتنێکی باڵاتر، ڕووندەکاتەوە.
***
ئێستا ئەگەر واز لە دایۆتیما بهێنم و بێمەوە بۆ سەردەمی خۆمان؛ هەوڵ بدەم بزانم تا چ ڕادەیەک ئەم پەیژەیە دەتوانێت یاریدەدەرم بێت لە تێگەیشتن لە چەمکی جوانییدا. لێرەدا یەکەمین گرفت کە دێتە ڕێگامان ئەمەیە: لە کۆمەڵگای خۆمان و دەوروبەرماندا گرفتێکی گەورە لەسەر پەیوەندیی نێوان نێرینەکان هەیە. ئەمە ڕاستە، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دین؛ بەڵام با پەلە نەکەین و هێواش هێواش لەگەڵ بابەتەکەدا بڕۆین. کۆمەڵگای ئێمە و تەواوی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان لە خاسییەتێکی زۆر سەرەکیدا لەگەڵ یۆنانییەکانی سەردەمی کلاسیکدا هاوبەشن: کۆمەڵگای نێرینەکان، پیاوەکان! واتە تێڕوانینی ئەم کۆمەڵگا هاوچەرخانە بۆ ژن، شتێکی ئەوتۆی جیاواز نیە لە دیدی یۆنانییەکانی چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر. کۆمەڵگاکە کۆمەڵگای پیاوانە، هەر قسەیەکی دیکە و هەر ڕایەکی دیکە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا، هیچ نیە جگە لە هەوڵێک بۆ پینەکردن.
با دەسبەرداری ئەم بەشەی بابەتەکە ببین و ئاواهی دەستپێبکەین: سەرەتا پیاو ئاشقی جوانیی ژن دەبێت، جوانیی جەستەیی، هەرخۆی کۆمەڵگاکە کۆمەڵگای فرەژنییەو هەر لە سەرەتاوە ژنەکان کۆمەڵێک جەستەی جوانن. بەشی هەرە زۆری ئەندامە نێرینەکانی کۆمەڵگا لێرەدا دەچەقن و هەرگیز سەرناکەون بۆ پلەی دووهەم.
کاتێک کەسێک دەگاتە ئەو قەناعەتەی جوانیی جەستەیی ڕووکەشە و لەو بەهادارتر و ڕەسەنتر جوانیی ڕۆحە؛ ئەمە لە ژنەکاندا نادۆزێتەوە، چونکە ڕۆحی ژن هەمیشە لەگەڵ ناشرینی و خیانەت و نزمیی ئاکارییدا پۆلێنکراوە، زۆر زەحمەتە جوانیی لە ڕۆحیدا بدۆزرێتەوە. (بێگومان تۆ لەوە تێدەگەیت کە ئەمە ڕای من نیە، بگرە ئەگەر ڕای منت دەوێت ڕێک بە پێچەوانەوە بیردەکەمەوە، من گەرچی کێشەی نێر و مێ بە دروستکراو دەزانم؛ بەڵام لە پەیوەندیدا بە ڕۆح و مانا فەلسەفییەکانەوە، هەست بەوە ناکەم رەگەزی هەبیت.)
باشە، کەواتە هەر ئەوەندەی تێگەیشت جوانی جەستە ڕەسەن نیە، یەکسەر لە پلەی دووهەمدا بادەداتەوە بەلای پیاودا و لەودا ڕۆحی جوان دەبینێت. سەرنجی شتێکت داوە: پەیامبەرەکانی خوا هەموویان پیاون، هەمووشیان کە وەسفی جوانیی جەستە و هەڵسوکەوتیان دەکرێت، بەشێوەیەک نمایش دەکرێن کە لە ژن نزیک دەبنەوە، یان بە شێوەیەکی دیکە بدوێم، لایەنە جوانەکانی ژن دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو پیاوانەی خۆشیان دەوێن. لێرەدا خۆشەویستییەکە ڕۆحییە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا، تەواوکاریی جەستەییشی بۆ کراوە. ئەمە جیاوازییەی زۆر زەقە لەنێوان دوو میزاجی جوانناسیدا: یۆنانەکان لەگەڵ موسوڵمانەکاندا. ئەمە چیتان بیردەخاتەوە؟ سۆکرات لە ڕووی جەستەییەوە زۆر بەدفەساڵ بوو، تەنانەت لە جێگایەکدا بە (سەتایەر) دەیشوبهێنن، کە تێکەڵەیەکە لە مرۆڤ و بزن.
باشە توانیمان بچینە سەرەوە بۆ پلەی دووهەم و جوانی لە ڕۆحدا ببینین، واتە دەسبەرداری ڕووکەشەکان بووین و توانیمان هەنگاویک لە چەمکەکە بچینە پێشەوە. من هەرچەند ورد دەبمەوە نابینم هەنگاوی سێهەم بەرەو جوانیی لە یاسا و ڕێساو دامەزراوەکاندا هەبێت، تا لەوێوە بەرەو زانین بەرەوژوور ببینەوە. هەندێک هەوڵی کەموکورت هەیە بۆ تیۆریزەکردن بۆ ئەم دوو پلەیەش، بەڵام زۆر قایلکەر نین. هەرخۆی نەبوونی دامەزراوەی جوان و ڕێزنەگرتن لە زانین بەڵگەن بۆ ئەم بۆچوونەی من. بەڵام نامەوێت لێرەدا زیاتر قووڵ ببمەوە.
ئەی چی ڕوودەدات؟ لە پلەی دووهەمەوە یەکسەر قەڵەمبازێک دەدرێت بۆ ترۆپکی پەیژەکە و دەگەنە لای جوانی خوایی کە هاوتای جیهانی فۆرمە ئەفلاتونییەکانە. دەشتوانم بڵێم پەیژەی دایۆتیمای ئیسلامی بۆ نموونە؛ تەنها سێ پلەی هەیە. ئیتر کرۆکی جوانی، چەمکی جوانی، جوانی ڕاستەقینە و ڕەسەن و نەگۆڕ لە خوادا دەبینن. فەرموودەیەکی پەیامبەری ئیسلام لێرەدا زۆر خزمەتمان دەکات: خوا جوانە و جوانیی خۆشدەوێت.
لەم مێنتاڵێتییەدا هەردوو پلەی سێهەم (جوانیی دامەزراوەیی) و چوارەم (جوانیی زانین) بزرن. کە ئەمەمان بینی لەوە تێدەگەین بۆچی لەم کەلتورەدا ئەم جیهانە ئەوەندە قێزەون و ناشرینە، جیهانی بەڵا و نەهامەتی و گوناحەو خراپەکارییەکانە، پێویستە ئامادەکاریی بکەین بۆ جیهانێکی دیکە، کە جوانی خالیسە و ڕەها لەوێیە.