بۆدلێر: شێتبوونی شیعر و شیعری شێتبوون
بۆدلێر: شێتبوونی شیعر و شیعری شێتبوون
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا، له نزیكه‌وه ناسیویانه، ده‌ڵێن به شێوه‌یه‌كی گشتی جلوبه‌رگی پاكوخاوێنی له‌به‌رده‌كرد، به‌ڵام كۆن و نیمچه پوارتكاو بوو. دیمه‌نی ده‌ره‌وه‌ی نیشانه‌ی پشتگوێخستن و ده‌ستله‌خۆبه‌ردانی پێوه‌دیار بوو، (له ڕاستیدا وێنه‌كانیشی ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن).
بۆدلێر له خانوونه‌یه‌كی كۆنی په‌ڕپووت و درزبردوو ده‌چوو كه عه‌یامێكه كه‌س تێیدا نیشه‌جی نه‌بووه. ئه‌و وا ده‌رده‌كه‌وت وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه وێران بووبێت. به‌ڵێ ئه‌و به ڕاستی وێران ببوو. بۆدلێر خۆی ته‌سلیمی قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی ژیان كردبوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چه‌ك و تفاقی خۆی فڕێدابوو. شۆكه‌كه له‌و گه‌وره‌تر بوو، ئاخر بۆچی دوای مردنی باوكی، دایكی شوویه‌كی دیكه‌ی كرده‌وه؟ بۆچی به ته‌نها بۆ ئه‌و نه‌مایه‌وه؟ هه‌ر بۆیه هه‌میشه به‌و په‌ڕی ناسۆری و تاڵییه‌وه، گله‌یی لێده‌كرد: كه‌سێك كوڕێكی وه‌ك منی هه‌بێت، شووناكاتهوه! دروست ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، جیهان له چاوی شارل بۆدلێردا، بووه‌ته جیهانێكی گوماناوی، جیهان بووه‌ته جیهانیكی بۆمبڕێژكراو یان نیمچه بۆمبڕێژكراو. له‌و چركه‌ساته‌وه زانی خراپه‌كاری له هه‌ناوی جیهاندایه، وه‌ك چۆن كرم له دڵی میوهكاندایه.
به‌ڵام ئه‌زموونی تاڵی له‌گه‌ڵ جیهان، ئه‌و گورزه توند و كه‌مه‌رشكێنه، له لایه‌نی شیعرییه‌وه، سودێكی زۆر و به‌رهه‌مێكی هێجگار گه‌وره‌ی هه‌بوو. لێره‌وه له‌وانه‌یه خراپه‌یه‌ك، باشه‌یه‌كی لێبكه‌وێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ته بۆدلێر به‌وه‌ی نه‌یتوانی له سلكی دیبلۆماسی فه‌ره‌نسی یان له بواری دادوه‌ریدا یا له بواره‌كانی دیكه‌دا، ببێت به فه‌رمانبه‌رێكی گه‌وره، به‌وه‌ش نه‌یتوانی دڵی دایكی رازیبكات. وه‌لێ لانی كه‌م توانی دڵی خواوه‌ندی شیعر و خواوه‌ندی جوانی رازیبكات. سه‌رباری ئه‌وه، شۆڕبوونه‌وه و دابه‌زین بۆ نێو خه‌ره‌نده‌كانی ژیان و بۆ بنی بنه‌وه‌ی زینده‌گی، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت، دیوه‌كه‌ی تری بوون بناسیت: پشته‌وه‌ی بوون. ده‌رفه‌تت پێده‌دات ڕووكاره نه‌رێنییه‌كه‌ی بوون له ئامێز بگریت، رووكاری زوڵمه‌ت و تاریكی شته‌كان.
دابه‌زین بۆ چینه‌كانی ژێره‌وه و كۆڵانه توناوتوون و تاریكه‌كان، شتێكی زۆر پێویست بوو، تا بۆدلێر ببێت به گه‌وره‌ترین شاعیری سه‌رده‌مه‌كه‌ی، بگره گه‌وره‌ترین شاعیری هه‌مو سه‌رده‌مه‌كان. ده‌وترێت دایكی به‌ها و نرخی كوڕه‌كه‌ی نه‌ده‌زانی، ته‌نها دوای مردنی بۆدلێر و ته‌قینه‌وه‌ی ناوبانگه ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی نه‌بێت. دایكی له‌و كاته‌دا ده‌ست به‌گریان ده‌كات و ئاخ و حه‌سره‌ت هه‌ڵده‌كێشێت، وه‌لێ له‌و كاته‌دا، چیتر ئاخ و حه‌سره‌ت هه‌ڵكێشان و په‌شیمانی، سودێكیان نامێنێت.
ڕاسته بۆدلێر، وه‌ك مرۆڤه‌كانی دی، به هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیدا سه‌ركه‌وتووبێت و خۆشگوزه‌رانی ماددی و شكۆ و هه‌یبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستبێنێت. به‌ڵام هه‌مو جارێك له‌و هه‌وڵانه‌یدا، دووچاری دۆڕان و شكست ده‌بوو. ئه‌و ڕێك وه‌ك سیزیف وا بوو، به‌رده‌كه‌ی له خواره‌وه‌ی چیاكه هه‌ڵده‌گرت و به‌ره‌و لوتكه‌ی شاخه‌كه پاڵیپێوهدهنا، هه‌ر كه ده‌گه‌شته ترۆپكی شاخه‌كه، به‌رده‌كه به‌ره‌و خواره‌وه خلۆردهبوهوه، ئیدی به‌م جۆره هه‌میشه به‌رده‌كه‌ی ده‌گه‌یانده سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كه و پاشان خلۆردهبوهوه بۆ خواره‌وه… بۆدلێر ئا له‌و كات و ساته‌دا، ده‌ركی به‌وه كرد كه‌سێكی شكستخواردوی فاشیله و بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك كه‌سێكی فاشیل، وێڵگه‌رد كه له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا ده‌ژی، به‌رپرسیاره‌تی فاشیلبوونی خۆی گرته ئه‌ستۆ.
هه‌ر له‌و چركه‌ساته‌وه، بۆدلێر بووه شاعیری سه‌ره‌كی بۆ تازه‌گه‌ری فه‌ره‌نسی و له‌وانه‌یه بۆ تازهكهری جیهانیش. له‌و چركهسساتهوه بووه شاعیری ههلاههلابوونهكان و ناكۆكییه توونده‌كان كه هیچ چاره‌سه‌رێكی نییه مه‌گه‌ر (لانی كه‌م به شێوه‌یه‌كی كاتی)به نووسینی شیعرێكی نوێ نه‌بێت. ئاخر ئه‌و زیاد له جارێك هه‌وڵی خۆكوشتنی دا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. ته‌نانه‌ت له خۆكوشتنیشدا فه‌شه‌لی هێنا و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو! به‌م جۆره بووه شاعیری گوناهی یه‌كه‌م كه به دوای مرۆڤی مهسیحییهوهیه، له بێشكه‌وه بۆ گۆڕ. وه‌لێ له حاڵه‌تی ئه‌ودا، گوناهه‌كه نه لێی رزگارده‌بێت و نه لێخۆشبوونیشی هه‌یه. سه‌رتاپای دیوانی “گوڵه به‌ده‌كان” هیچ نییه جگه له ئاوێنه‌یه‌ك بۆ ڕۆحی خۆی، یان ژیاننامه‌یه‌كی ده‌مامكداری كه‌سایه‌تی خۆیه‌تی.
ته‌واوی ژیانی بۆدلێر، بریتی بوو له هه‌لاهه‌لابوون یان له‌رزینێك له نێوان ئاسمان و زه‌وی، له نێوان نمونه‌ی باڵا و چڵپاو، له نێوان یه‌زدان و شه‌یتان… په‌شێوی و نیگه‌رانی نێوان ئه‌و ناكۆكییه كوشندانه كه به هیچ جۆرێك ئارام نه‌ده‌بوه‌وه، ئه‌وانه بوون بۆدلێر-یان كرد به قووڵترین شاعیر له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسی. ده‌توانیت بۆدلێر به هه‌مو شتێك تۆمه‌تبار بكه‌یت، ته‌نها نا‌توانیت به شاعیرێكی ڕووكه‌ش و ساده تۆمه‌تباری بكه‌یت! ئه‌ڵبه‌ته شاعیری ڕووكه‌ش ئه‌و كه‌سه‌یه، له ژیاندا ته‌نها لایه‌نی خۆشی و شادی و پێكه‌نینی بینیوه. شاعیری ڕووكه‌ش ئه‌و كه‌سه‌یه به ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌بوو له دایكبووه و هاتووه‌ته دونیاوه. شاعیری ڕووكه‌ش ئه‌و كه‌سه‌یه له گێژاوی بووندا، ئه‌زموونی سه‌خت و بوومهلهرزهئاسای نه‌بینیوه: مه‌به‌ستم ئه‌زموونی زۆر سه‌خت كه ده‌تگه‌یه‌نێت به لێواری كۆتایی خه‌ره‌نده‌كه. به‌ڵام ئێمه له حزووری كه‌سانێكی دیكه‌ی جیاوازداین، ئێمه له حزووری موته‌نه‌بی یان مه‌عه‌ری یا دانتی یاخود شكسپیر داین…هتد.
شاعیری ڕووكه‌ش زۆردڵخۆشه، زۆر مورتاحه، له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر زۆر زۆر سه‌ركه‌وتووه. به‌خۆشی بێت و هه‌زارجار پیرۆزی بێت. وه‌لێ ئێمه له حزووری شاعیرێكی ڕووكه‌شدا نین: واته له حزووری كهسانێكداین له جۆری ئه‌دگار ئالان پۆ یان دیستۆفیسكی یا ڕیلكه یاخود هه‌ندێك له شێته‌كانی دیكه. شاعیری نا ڕووكه‌ش (بۆچی ناڵێین شاعیری قووڵ؟)، ئه‌و كه‌سه‌یه ساڵانێكی زۆر له پاڵ حوزن و حه‌نیندا ژیاوه، له‌وێ قووڵاییه‌كانی خواره‌وه هه‌یه، له‌وێ وێڵگه و تاریكی و زوڵمه‌ت هه‌یه. هه‌روه‌ها ته‌نهایی و گۆشه‌گیری و دهستلێكبهردان و هیجران هه‌یه. ئه‌و شاعیره‌ی ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمانه، كه‌سێكه بۆ هه‌تاهه‌تایه و تا ئه‌به‌دیه‌ت به‌جێهێڵراوه. دوای ئه‌وانه شیعر ده‌ته‌قێته‌وه، شیعر هه‌ڵده‌قوڵێت. هه‌مو شتێك باجی خۆی هه‌یه.
بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك شیعر بنووسیت و مانای هه‌بێت، پێویسته هه‌زارجار بمریت. شاعیری دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر و سه‌ركه‌وتوو، به مانای بۆدلێری بۆ وشه‌كه، شاعیر نییه: ئه‌و به‌س دڵی خه‌ڵك خۆشده‌كات یان ختووكه‌ی هه‌ست و سۆزی ڕووكه‌شیان ده‌دات و جه‌ماوه‌رێكی هێجگار به‌رفراوانیشی هه‌یه، كیژۆڵه و هه‌رزه‌كار و خانمه ئهرستۆكراتییهكان خۆشیان ده‌وێت…
وه‌لێ ئه‌مه به‌و مانایه نییه، ئه‌و شاعیره بێ به‌هایه، نا نه‌خێر، هه‌رگیز به‌و مانایه نییه. به‌ڵام ئێمه لێره‌دا بایه‌خی پێناده‌ین و مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه و هیچی تر. ئێمه قسه به كه‌س ناڵێین، ئێمه لێره‌دا ته‌نها بایه‌خ به شاعیره سیزیفییهكان ده‌ده‌ین: شاعیری قووڵاییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه بنی بنه‌وه‌ی خه‌ره‌نده‌كه. ئێمه ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان “شیعر و قووڵایی” دروست بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه گری فه‌ره‌نسی جان بییار ریشار، له كتێبێكی به‌ناوبانگدا باسیكردووه. هه‌مو ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت بیڵێین ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: ئه‌و شاعیره‌ی دانه‌به‌زێته نێو قووڵاییه‌كانی خواره‌وه و ژیانی خۆی نه‌خاته مه‌ترسییه و سه‌ركێشی نه‌كات و خۆی فڕێنه‌داته ناو ئامێزی نادیاره‌وه، شاعیر نییه به‌و مانایه‌ی مه‌به‌ستمانه.
بۆدلێر هه‌ستی به بێزاری و فه‌شه‌ل ده‌كرد و له پاریس وهرسببوو. هه‌ستی به بۆشی جیهان و بێهوده‌یی شته‌كان ده‌كرد. ئه‌و له‌و چركه ساته‌وه بوو به‌شاعیر. له‌و چركه‌ساته‌وه كه ناكۆكییه‌كی تووند له نێوان تۆ و جیهاندا دروست ده‌بێت، له‌و چركه‌ساته‌وه كه جیهان له دیدی تۆدا ده‌بێته جیهانێكی گرفتئامێز، ئه‌وه مانای وایه تۆ بوویت به شاعیر یان هونه‌رمه‌ند یا فه‌یله‌سوف یاخود شێت (دێوانه).
یه‌كه‌م مه‌رج له مه‌رجه‌كانی داهێنان، بریتییه له تێكچوونی متمانه‌ی نێوان خۆت و جیهان. بریتییه له دروستبوونی كه‌لێنێكی قووڵ له نێوان خۆت و سیستمی شته‌كان. بۆچی خراپه‌كاری له جیهاندا هه‌یه؟ بۆچی دایكی شوویكردهوه؟ بۆچی ته‌نها خێر و چاكه و به‌رائه‌ت و پاكیهتی و شه‌فافییه‌ت له جیهاندا نییه؟ بۆچی بۆ نه‌فسی خۆمان خه‌مبارده‌بین و بۆ ئه‌و ئازیزانه‌ش كه ڕۆشتوون و بهجێیانهێشتووین؟ بۆچی؟ بۆچی؟ بۆچی؟ له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بێت، له مێژوودا یه‌ك شاعیری گه‌وره نییه، له‌گه‌ڵ خودی خۆی یان كۆمه‌ڵگاكه‌ی یا سه‌رده‌م و رۆژگارهكهی، ئاشت بووبێته‌وه.
ڕۆژگار ھات و باسی گەنجبوونی ئەوانی کرد
بەمەش دڵی ئەوانی خۆش کرد
كه‌چی ئێمە باسی پیربوونمان وەبیر ھێنانەوه
ده‌كرێت هه‌مان ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ فه‌یله‌سوف و بیریاره گه‌وره‌كانیش بیڵێین. بێگومان له هه‌مو سه‌رده‌مێكدا، ده‌یان شاعیر و نووسه‌ر هه‌یه كه خۆشدهژین و خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامان و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تین و هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ هیچ شتێك‌دا نییه. ئێمه لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وانه ناكه‌ین و چ زۆر چ كه‌م گرنگی به كاره‌كانیان ناده‌ین. ئێمه لێره‌دا ته‌نها قسه له‌سه‌ر شاعیره گرفتئامێزهكان ده‌كه‌ین: واته ئه‌و شاعیرانه‌ی خۆیان خستووه‌ته تههلوكه، هه‌ر له منداڵییه‌وه ناخیان بریندار بووه. ئێمه قسه له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه ده‌كه‌ین له جۆری بۆدلێر یان رامبۆ یا ڤێرلین یان نیتچه یاخود هۆڵده‌رلین-ن… هتد.
ئه‌ڵبه‌ته ململانێی ناوخۆیی له‌گه‌ل خود، مه‌ترسییه‌كه‌ی هیچی له مه‌ترسی جه‌نگه جیهانییه‌كان یان جه‌نگه ده‌ره‌كییه‌كان كه‌متر نییه. جه‌نگی ناوه‌وه له جه‌نگی ده‌ره‌وه مه‌ترسیدارتره، چونكه دوژمنه‌كه خۆتیت و له خۆته‌وه‌یه. بۆدلێر له ناو ئه‌و ململانێ توونده‌دا ژیاوه و تا كۆتایش له‌گه‌ڵێ ڕۆشت. ئایا بۆدلێر كه‌سێكی شیزۆفیرینی بوو؟ بێگومان وابوو، وه‌ك زۆربه‌ی نووسه‌ره گه‌وره‌كان. سه‌رجه‌م گرێكانی زه‌وی، سه‌رجه‌م ئێش و ئازاره‌كانی زه‌وی، له‌ودا هه‌بوو. ئا له‌وانه‌وه شیعره بلیمه‌ته‌كان به‌رهه‌مهاتوون! هێنده به‌سه دیوانه‌كه‌ی له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كدا بێت بكه‌ینه‌وه، تاكو شوێنه‌واری ئه‌م جه‌نگه یان پاشماوه‌كانی ببینین:
من هه‌م چه‌قۆم و هه‌م برین
هه‌م شهپازلهم و هه‌م روومه‌ت
هه‌م قوربانیم و هه‌م جه‌لاد
هه‌م دڵم و هه‌م خوێنمژی دڵی خۆم
بۆدلێر جه‌لادی خۆی بوو، پێویستی به كه‌سێكی دی نه‌بوو تا بیداته به‌ر قامچی. با بڵێین به جۆرێك نیشته‌جێی شه‌ڕانگێزی ده‌ره‌كی ببوو: (قه‌ده‌ر/ چاره‌نوس، منداڵی، مێردی دایكی، غه‌در و ناپاكی) تا وایان لێهات بوون به كێشه‌یه‌كی ناوه‌كی. بۆدلێر چیتر پێویستی به دوژمنێكی ده‌ره‌كی نه‌بوو تا ئازاری بدات. ئه‌و خۆی ئازاری خۆی ده‌دا. مێردی دایكی، ئه‌م دوژمنه ره‌هایه، ببوه دێوه‌زمه‌یه‌كی ئه‌خته‌بووتی، ته‌نانه‌ت به مردنیش لێی ڕزگار نه‌ده‌بوو.
دیستۆفسكی بۆ ئه‌وه‌ی له خودی خۆی ڕزگاری ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشییه ناوه‌كییه‌كه‌ی ڕزگاری ببێت كه خه‌و و خۆراكی لێتێكدابوو، هه‌ندێكجار خوازیاری ئه‌وه بووه زه‌وی ببێت به دوو له‌ته‌وه و قووتی بدات. نیتچه هیواخواز بووه، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره ڕووبدات، زه‌وی وێران بكات و ئه‌میش له‌گه‌ڵ خۆیدا له‌ناوببات. ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به بۆدلێر، ده‌بینین حه‌زی كردووه زریانێكی گه‌وره هه‌ڵبكات و ئه‌میش له‌گه‌ڵ لافاوه‌كه‌ی ڕاماڵێت:
ئه‌ی زریان، بۆچی له‌گه‌ڵ لافاوهكانت ڕامناماڵیت؟ شاعیری ڕووكه‌ش كه‌سێكی زۆر دڵخۆشه، زۆر مورتاحه و له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر زۆر زۆر سه‌ركه‌وتووه.
تێبینی/ له شیعره عه‌ره‌بییه‌كه‌دا ئه‌م دێڕه هه‌یه، نه‌مزانی مه‌به‌ستی چییه و نه‌متوانی بیكه‌م به كوردی:
أنا العجلة والعضوان
سه‌رچاوه/ الشرق الاوسط، 15ی نیسانی 2024.