یادەوەریی شاعیرێک لە پێنج شار

Loading

یادەوەریی شاعیرێک لە پێنج شار

خوێندنەوەی “پێنج شار و دوو یادگە”؛ وتووێژ لەگەڵ سەلاح فایەقدا

بەختیار حەمەسوور

ژیانی شاعیران هەمیشە بۆم جێگەی سەرنج بووە، مەبەستم ڕێک لەو ژیانەیە کە بە ژیانی ڕۆژانە دەیناسین، ئەو ژیانەی دەبێت بە هەوێن و دواتر بە ڕێگە و شێوازی جیا جیا دەڕژێتە پانتایی ئەزموونی نووسینی ئەو شاعیرەوە، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر دیقەت لەو شاعیرانە بدەین کە توانیویانە و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە ژیاننامە و یادەوەریی خۆیان بنووسنەوە، ئەوا خوێنەرانی خۆیان دەخەنە بەردەم دنیایەکی ڕەنگاڵەیی، دنیایەک کە دەتوانێت لە زۆر ڕەهەندەوە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی داهێنانەکانیان، ڕەنگە درەوەشاوەترین یادەوەری لە شاعیران ـ لانی کەم بۆ من ـ یادداشتەکانی پابلۆ نیرۆدا بێت، کە لەژێر ناوی “ددانی پێدا دەنێم ژیام” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

سەلاح فایەق شاعیرێکی عێراقییە، لە کەرکووک لەدایک بووە، لە دایکێکی کورد و باوکێکی تورکمان، ئەو سەر بە نەوە و دەستەیەک لە نووسەرە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە نوێکردنەوەی ئەدەبی عەرەبی بە گشتی و بە دیاریکراویش لە شیعردا، ئەو بەرەیە کە پاشتر بە “جەماعەتی کەرکووک ـ گرووپی کەرکووک” ناویان دەبرێت، پێک هاتوون لە کۆمەڵێک نووسەر، ئەگەرچی لە سەرەتاوە هەمەچەشن نووسیویانە، بەڵام چارەنووسی زۆرینەیان وەک شاعیر لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا درەوشاوەتەوە، دەستپێکی ئەم نەوەیە، کە بە نەوەی یەکەم دەناسێرن،  بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا دەگەڕێتەوە و لە شەستەکان نەوەی دووەم دێن و هەردووکیان وەک ئەستێرە بە ئاسمانی ئەدەبیاتەوە دەردەکەون. هەندێ لە ناوە دیارەکانی ئەو گرووپە ئەمانەن: فازڵ عەزاوی، سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ، موئەیەد ڕاوی، جەلیل قەیسی، محێدین زەنگەنە، فاروق مستەفا و… بێگومان یەکێکی تر لە ناوە بەرجەستەکانی ئەو نەوەیە، سەلاح فایەقە.

بەداخەوە ئەگەرچی ئەو نەوەیە و خودی سەلاح فایەقیش لە دەستەی ئەو نووسەرانە بوون کە نزیک بوون لێمانەوە و لە شارێکی وەک کەرکووکەوە هەڵقووڵاون، بەڵام لە چەند هەوڵی لێرە و لەوێ بترازێ، هیچ کارێکی ئەوتۆ بۆ وەرگێڕان و ناساندنی ئەو گرووپە داهێنەرە، بە تایبەت لە ڕێی وەرگێڕانەوە، لە زمانی کوردیدا جێبەجێ نەکراوە. شیاوی ئاماژە بۆ کردنە کە لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا چەند هەوڵێکی گرنگ بۆ وەرگێڕانی کاری ئەو دەستە نووسەرە دراوە لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆنامەگەلێک بە زمانی کوردی لێیان وەرگێڕدرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کراوە لەچاو ئەو بەرهەمە زۆرەی ئەو نەوەیە پێشکەشیان کردووە، هێجگار کەمە، بۆیە خوێنەرانی کورد تامەرزۆ و چاوەڕوانی پتریان لە وەرگێڕەکان هەیە، تاکو لە داهاتوودا زۆرترین کاری داهێنەرانەی ئەو نووسەرانە بە زمانی کوردی بخرێنە بەردەست.

شاعیر و وەرگێڕی بە سەلیقە دلاوەر قەرەداغی کتێبێکی دانسقەی سەبارەت بە سەلاح فایەق کردووە بە کوردی، دلاوەر قەرەداغی وەک شتێک درکی بەو کەلێنە کردووە کە لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە لەمەڕ نووسەرێکی وەک سەلاح فایەق، کە دەبێت جێیەکی شایستە بەم نووسەرە هەبێت لە ڕەفەدا، وەک دەستپێک و سەرەتاش ڕەنگە ناسینی ئەو شاعیرە و ژیان و دنیابینی، ئەم کتێبەی بێت، کتێبەکە تایبەتە بە “وتووێژ”، ڕێیەک کە دەتوانێت بێ هیچ نێوەندگیرییەک بمانگەیەنێت بە بیرکردنەوەی نووسەران، “وتووێژ” دەرفەت بە نووسەر دەدات بێ ڕتووش دەربارەی ژیانی خۆی و ئەزموونی لە وێستگە جیاوازەکاندا بدوێ، هاوکات ئەو دەرفەتەش بە خوێنەران دەدات کە چی زووترە بگەن بە هەندێ وردەکاری و باسی لێرە و لەوێ، کە ئەگەرچی وەک پەراوێز بە دەقەوە دەردەکەون، بەڵام ڕۆڵی کارایان دەبێت لە خوێندنەوە و نزیکبونەوەی جددی لە نووسەرەکەی و بەرهەمەکانی.

دەمەوێت لەسەر دوو تەوەرە و زۆر بە کورتی چەند پەیڤێک دەربارەی کتێبی “پێنج شار و دوو یادگە” بنووسم، تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە باسێک کە دەتوانێت لەژێر ئەم ناونیشانەدا ئاراستە بکرێت: “هونەری پرسیارکردن”، تەوەرەی دووەمیان تایبەتە بە ناوەڕۆکی وەڵامی پرسیارەکان و دەتوانێت بەم ناونیشانە دەرببڕدرێت: “ناسین لە ڕێی وتووێژەوە”. بێگومان هەر کتێبێکی لەم چەشنە، بە واتای کتێبێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕۆ نرابێت، دەتوانێت لە بەردەم ئەو دوو تەوەرەیەدا بخوێنرێتەوە، یانی ئەوەی کە تا چەند توانراوە بە هەر دوو سەوڵی پرسیارساز و وەڵامدەرەوە ڕەوتی تەندروستی وتووێژ سەرپی بخرێت و بمانگەیەنێت بە شوێنان و نەزانراوانێک کە ئەوانیش ببنە کۆکلیل و دەرچە و دەلاقە بۆ کردنەوەی دەرگایەکی گەورەتر، بۆ پەیبردن بە قووڵاییە دوورەکان و ڕازە پەنهانەکان، کە وایە بەم دوو باسەوە با بزانین چەند توانراوە ئەم کتێبە لە ئاست ئەو بەڵێنەدا، بەڵێنێک کە هەموو وتووێژێکی جددی دەیدات، سەرڕاست بێت.

ئیسکەندەر حەبەش، نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان، بزوێنەری ئەم کتێبەیە، پێشتر ئەزمونی لەم چەشنەی هەبووە و لە کارنامەکەیدا، دەتوانین ئەو کارانەی ببینینەوە. ئیسکەندەر حەبەش وەک لەو پێشەکییە بە بڕشتەدا نووسیویەتی، قەت ڕووبەڕوو سەلاح فایەقی نەدیتووە، ئەم بەرهەمە بە قەوارەیەش (٣٥٤ لاپەڕە) لە ڕێی سۆسیال میدیاوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەوە چییە کە وای کردووە ئەم وتووێژە هێندە زیندوو و بەچێژ و خەیاڵبزوێن بێت؟ دوو خاڵ لێرەدا هەیە کە من ڕاستەوخۆ دەیبەستمەوە بە وەڵامی ئەو پرسەوە، یەکەمیان: ناسینی نووسەر، لە ڕووی بەرهەم و بیرکردنەوە و بەشێکی زۆر لە پێچەڵپێچەکانی ژیانی، دووەمیان: هونەری پرسیارکردن.

لە خاڵی یەکەمدا، ئیسکەندەر حەبەش وەک خۆی باسی لێوە دەکات ساڵانێکە ئەوداڵی بەرهەم و کتێب و نووسراوەکانی سەڵاح فایەقە، پەیجۆری حەبەش بۆ نووسینی سەلاح و دنیاکەی، کارئاسانییەکی بەرینی بۆ ئەم وتووێژە ڕەخساندووە، هاوکات ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لەوەی کە بزانێت لە کوێوە پرسیارەکانی ئاراستە بکات و لە کوێشدا درێژە یان داخران، بە باسەکان بدات. لە پاڵ ئەوەدا ئیسکەندەر حەبەش ئاگاییەکی تەواوی بایۆگرافیای سەلاح فایەقە، لە کوێوە هاتووە و بە کوێدا تێپەڕیوە و ئێستا ڕێک لە کوێدایە کە وەستاوە، ئەمانە هەموو خاڵی درەوشاوەی ئیسکەندەر حەبەشی پرسیارسازن، کە وایان کردووە وتووێژەکە بە ڕیتمێک بەردەوامی هەبێت خوێنەر وێڕای چێژ و جوانی، هاوکات پارانۆمایەک لەسەر چەند دەیە و سەدان نووسەر و هونەرمەند بدات بە دەستەوە.

سەبارەت بە خاڵی دووەم کە هونەری پرسیارکردنە، دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە وەک فێرگەیەک دەتوانێت بخوێنرێتەوە، بە تایبەت بۆ ڕۆژنامەوانێک کە لەو کایەدا “وتووێژ” کار دەکەن، پرسیارکردن هونەرێکی بەرز و تایبەتە، سەرەتا و بەر لە هەرشت دەبێت پرسیارساز پرسیاری دیاریکراو ئاراستە بکات، پرسیارێک کە بتوانێت پرسیارلێکراو هان بدات بۆ گفتوگۆ، بۆ درکان و خستنەڕووی ئەو باسانەی کە تاکو ئێستا بە تاریکی لە زەیندا ماونەتەوە، پرسیارساز دەتوانێت بەرانبەر بورووژێنێت تا دەرگای یادگەی واڵا بکات، لە قوژبن و سووچە داخراوەکاندا ئەو کەس و یادەوەرییانە بێنێتە دەرەوە کە خەریکن فەرامۆش دەبن و بۆ هەمیشە لە بیر دەکرێن، خودی ئەو وەڵامانەن کە دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئێمە تاکو تێگەیشتنێکی بەرینمان لە پێشدەمدا بکرێتەوە، بەوەش نەک پەیوەندی و پردی ئێمە بە نووسەرەوە وەک جاران بمێنێتەوە، بەڵکو پتەوتر و خۆشدەستتر بێت. پرسیارکردن دەتوانێت یاریدەی نووسەر بدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کردوویەتی، نەک بە مانا سادەکردنەوە، بەڵکو بەو مانایەی کە ئەو جومگانە چین کە نووسەر تێیدا هەوڵی داوە دەستکاریان بکات، ئەو چیرۆکانە چین کە لەپشت تێکستەکانەوە وەستاون، ئەو خشتانە کام و چۆن چنراون و هۆنراونەتەوە، پرسیارکردن دەتوانێت دێڕ و سپییایەکانی دەق بەقسە بێنێت، وا بکات تێڕوانێکی ترمان بخاتە بەردەست، تێڕوانینێک کە چیدی ئەو تێڕوانینە نەبێت کە پێشتر هەمانبووە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشای پرسیارەکانی ئیسکەندەر حەبەش بکەین، ئەوا دەتوانین بە زیادەوە سەرجەم ئەو خەسڵەتانە ببینینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەتەکێتی پرسیارەکان بە جۆرێکن دەتوانن ببنە وانە، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە بێ هیچ زانیاری و پاشخانێک لەسەر نووسەر، دەچنە بەردەمی و بە چەند پرسیاری کڵێشەیی، دەیانەوێت لاپەڕەی ڕۆژنامە و کتێب پڕ بکەنەوە، ئەنجامەکەشی ڕوونە وەک دەیبینین، نە پرسیار شتێک دەردەخات نەزانراو، نە وەڵامیش دەتوانێت هانمان بدات بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ دنیای تێکستدا.

سەبارەت بە تەوەرەی دووەم کە بە “ناسین لە ڕێی وتووێژەوە” دامانناوە، دەتوانین بڵێین لە ناوەڕۆکی وەڵامنامەکانی سەلاح فایەقدا وێنەیەکی پارانۆمایی گیراوە، کە تێیدا ژیانی خۆی، خێزانەکەی، شارەکەی، هاوڕێیانی، سەفەرەکانی و ئەزموونە شیعرییەکەی بە ڕوونی و لە گێڕانەوەیەکی دراماتیکدا پێشکەش کراوە، گەشتی ئەم وتووێژە بە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، منداڵییەک کە هەموو ئاماژەکانی پێت دەڵێن لە بەردەم کەسێکی جیادایت، کەسێک کە داهاتووەکەی لە کەسانی تر ناچێت، ئەوەش لەو دیمەن و بینینانەدا خۆیا دەبێت کە دەیانسازێنێت و دەیانگێڕێتەوە، وەک ئەوەی فریشتەیەک هەر لە سەرەتاوە دەستی لێوەشاندبێت، دەستێک کە ئاشنایە بە شیعر، بە خەیاڵ و جۆرێک وڕێنەی بەرزەفڕ.

کتێبەکە بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم لکەکانی ژیانی سەلاح فایەق بەرباس دەدات، لە باری کۆمەڵایەتییەوە بۆ سیاسەت، بۆ خوێندن و ئەدەب و بینینی شار و دابەشبوونی یادگە و یادەوەری بەسەر هەموو کەس و شوێنە لێک جوداکاندا. ئەم وتووێژە دەتوانێت بەشدارییەکی ئینسایکلۆپیدیایی پێک بهێنێت سەبارەت بە ناسینی زۆر نووسەر و هونەرمەند، من بۆ خۆم، سەروەختی خوێندنەوەی کتێبەکە، بە شوێن ئەو ناوانەدا دەگەڕام کە سەلاح فایەق وەک پێگەیەکی گرنگ لە ژیانی خۆیدا باسی لێوە کردوون، بە تایبەت هونەرمەندانی شێوەکار، کە هیچ پێویست بە زانینی زمانی تر ناکات بۆ تێگەیشتن لە بەرهەکانیان، کاری چەند هونەرمەندم بینی، ئاشنای هەندێ ڕووداو و یادەوەری بووم، کە پارچەی تر و بڕگەی تریم لە کات و ساتی تردا خوێندبووەوە، بەوەش لە زەینمدا بەردەوام لەحیمکارییەک پێک دەهات و وێنایەک دروست دەبوو، کە بۆ من، چێژی خوێندنەوە، لە پلەی یەکەمدا، خستنەوەپاڵ یەکی ئەو وێنە پژوبڵاوانەیە کە لە ڕووبەری زەین و یادەوەریدا جەمسەرەکانیان گرتووە.

کتێبەکە بۆ کەسانێک کە بیانەوێت بە تایبەت لەسەر گرووپی کەرکووک بخوێننەوە و بزانن، دەتوانێت زۆر پڕزانیاری بێت، هاوڕێیەتیی سەلاح فایەق بە هەریەک لەو نووسەرانەوە، سەرنج و تێبینی سەلاح فایەق لەسەر گرووپەکە و ڕۆڵیان لە دەیەی شەستەکاندا، گەشانەوەی یادەوەریی ئەو هاوڕێیانەی، کە ئەگەرچی بەشێکیان کۆچیان کردووە، بەڵام هەست بە زیندووبوونیان دەکەیت لە یادگەی نووسەردا، کتێبەکە وەفا و سۆزێکی خەمگینە بۆ هاوڕێیەتی، بۆ دایک، بۆ باوک و خۆشەویست، بۆ کەرکووک، بۆ میزۆپۆتامیا، بۆ بنەچە سۆمەرییەکەی، لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە بۆ ئەدەبیات و بە تایبەت شیعر.

ئەم وتووێژە بۆ ئێمەی کورد، کە سەلاح لە دایکەوە سەر بە زمانی کوردییە، گەلێک یادەوەریی دەگێڕێتەوە، تێبینییەکانی لەسەر کوردان، داوای مافیان، ئەو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، بە وردی و لە چەند جێدا بەسەر دەکاتەوە، دایکی سەلاح وێڕای کردنەوەی ئەو دەرچە گەورەیە بەسەر زمانی کوردیدا، کە سەلاح سەرەتای منداڵی بە هەمان زمان دواوە، هاوکات دایکی چاوگەی ڕوونیی شیعری سەلاح فایەقیشە.

لە پاشکۆی کتێبەکەدا، دلاوەر قەرەداغی چەند تێکستێکی سەلاح فایەقی کردووە بە کوردی، ئەو تێکستانە لە کتێبە عەرەبییەکەدا نین، بەڵام لەو کارە باشانەیە کە ئاشناییەکی ئەگەرچی سەرەتاییش بێت، لەگەڵ دنیای شیعری سەلاح فایەقدا پێک دەهێنێت.

ناردن: