له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك دا چ مانایه‌كی هه‌یه موسڵمان بیت؟
له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك دا چ مانایه‌كی هه‌یه موسڵمان بیت؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
من سوپاسی خودا ده‌كه‌م، كاتێك به‌ر له چه‌ندین ساڵ، فه‌ره‌نسام به‌جێهێشت، جگه له مه‌غریب، نه‌ڕۆشتم بۆ هیچ وڵاتێكی دیكه. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌غریب جوانترین وڵاتی جیهانه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو شارستانییه‌ته گه‌وره‌كه له‌خۆده‌گرێت: شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی له لایه‌ك، شارستانییه‌تی ئه‌وروپی فه‌ره‌نسی له لایه‌كی دی. مه‌غریب شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی شارستانییه‌ته‌كانه. به‌ڵێ به ته‌واوی شوێنێكی گوجاو بوو بۆ تاراوگه/مه‌نفا نوێیه‌كه‌م. به‌ڵام ئایا به‌ڕاست من دوورخراوهم (من نهفیكراوم)؟ بۆچی ئه‌م قسانه ده‌ڵێم؟ بۆچی ئه‌وه‌نده ستایشی مه‌غریب ده‌كه‌م؟
چونكه تۆ له مه‌غریب ئازادی بیركردنه‌وه ده‌دۆزیته‌وه، به تایبه‌تی تێیدا هه‌ردوو كتێبخانه‌كه ده‌دۆزیته‌وه: كتێبخانه‌ی عه‌ره‌بی و كتێبخانه‌ی فه‌ره‌نسی. له ڕاستیدا منیش هه‌ر ئه‌وه‌م ده‌وێت. سه‌روه‌ختێك جارجاره، له مه‌غریب، به نێو ڕێڕه‌وه‌كانی كتێبخانه‌ی هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا ده‌گه‌ڕێم (واته كتێبخانه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك) كه ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری پایته‌خت و به‌رامبه‌ر به په‌رله‌مان و وێستگه گه‌وره‌كه‌یه، هه‌ست ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه وایه، من به نێو یه‌كێك له كتێبخانه‌كانی گه‌ڕه‌كی لاتینی یان كتێبخانه‌كانی شه‌قامی سان میشێل یان سان جێرمان له دڵی پایته‌ختی فه‌ره‌نسادا ده‌گه‌ڕێم. بگره وا هه‌ست ده‌كه‌م كتێبخانه‌كه‌ی هه‌زاره‌ی سێیه‌م، جوانتر و راقیتره. هه‌مان قسه بۆ كتێبخانه‌ی (كلیله و دیمه‌نه) ڕاسته، ئه‌مه با كتێبخانه زه‌به‌لاحه‌كانی دار ئه‌لبه‌یزا له‌ولاوه بووه‌ستێت.
كاتێك له مه‌غریب، به‌و په‌ڕی تامه‌زرۆییه‌وه، له‌و برا به‌ڕێزه‌م پرسی كه سه‌رپه‌رشتیاری فرۆشتنی كتێبه‌كان ده‌كات و پێم وت: ئایا لای ئێوه كتێبی “مێژوویه‌كی نوێ بۆ ئیسلام” هه‌یه؟ ده‌موده‌ست وه‌ڵامی دامه‌وه: “یه‌ك چركه بووه‌سته با بزانم هه‌یه”. دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك كتێبه‌كه له ناو ده‌ستمدا بوو. هه‌ستم به دڵخۆشییه‌كی ڕاسته‌قینه كرد. ئه‌مه تازه‌گه‌رییه، ئه‌مه شارستانییه‌ته. هه‌روه‌ها ده‌توانیت كتێبه عه‌ره‌بییه‌كان، له كتێبخانه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی “دار ئه‌لئه‌مان” بدۆزیته‌وه كه ده‌كه‌وێته پشت وه‌زاره‌تی داد. له‌م وڵاته ئه‌مین و سه‌لامه‌ته، هه‌مو شتێك به‌رده‌سته: كتێبی عه‌ره‌بی و كتێبی فه‌ره‌نسی لێیه. ئه‌ی مرۆڤ له‌مه زیاتر، چی دیكه‌ت ده‌وێ؟
ئێستا با بزانین كتێبی “مێژوویه‌كی نوێ بۆ ئیسلام” له سه‌ده‌ی حه‌وته‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، باسی چی ده‌كات؟ چۆن باسی كۆی مێژووی ئیسلام ده‌كات له سه‌ره‌تاكه‌یه‌وه بۆ كۆتاییه‌كه‌ی؟ به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و توێژه‌ره شاره‌زاییه كێیه كه توانیویه‌تی ئه‌م كاره بكات؟ ئه‌و توێژه‌ره جگه له پرۆفیسۆری ئه‌مریكی- فه‌ره‌نسی “جۆن تۆلان” كه‌سی دیكه نییه، ئه‌و هه‌م شاره‌زای كه‌له‌پوری ئیسلامه و هه‌م تێیدا قاڵبووه‌ته‌وه. ئه‌م توێژه‌ره گه‌وره‌یه، به كه‌متر له 350 لاپه‌ڕه، مێژووی كه‌لتوری ئیسلام، له ساته‌وه‌ختی ده‌ركه‌وتنی ئیسلام له سه‌ده‌ی حه‌وتی زاینییه‌وه، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆمان، ده‌خاته‌ڕوو.
كتێبه‌كه له 3 به‌ش پێكهاتووه، به‌شی یه‌كه‌م ته‌رخانكراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له قۆناغی دامه‌زراندن و به‌سه‌ر 4 به‌ندا دابه‌شكراوه. به‌ندی یه‌كه‌م باس له قورئانی پیرۆز و له‌دایكبوونی یه‌كه‌م گروپی ئیمانداران ده‌كات. به‌ندی دووه‌م باسی قۆناغی ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌مه‌وی و له‌دایكبوونی ئاینێكی ئیمپراتۆریی گه‌وره‌مان بۆ ده‌كات كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌وییه‌كان له دیمه‌شق هاتووه‌ته ئاراوه. به‌ندی سێیه‌م باس له به‌غدا-ی عه‌باسییه‌كان ده‌كات كه تێیدا ئاینێكی ئیمپراتۆریی گه‌وره‌تر و شارستانیتر و مه‌زنتر له‌وه‌ی پێشوو، دروست ده‌بێت، ئه‌ویش بریتییه له شارستانیه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی كه سه‌رجه‌م قه‌وم و گه‌لان و شارستانییه‌ته‌كانی له‌خۆگرتبوو و تێیدا هه‌ر هه‌مویان له یه‌ك بۆتهقهدا توابوونه‌وه. به‌ندی چواره‌م باس له سێ سیستمه‌كه‌ی خه‌لافه‌ت ده‌كات كه نزیكه‌ی 1000 ساڵ هه‌ژمونی به‌سه‌ر جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌بووه: واته خه‌لافه‌تی فاتیمییه‌كان له قاهیره، خه‌لافه‌تی ئهمهویییهكان له قورتوبه، خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌كان له به‌غداد.
هه‌رچی به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یه، ئه‌وا باس له فراوانبوونی قۆناغی شارستانیییهتی عه‌ره‌بی ئیسلامی ده‌كات. ئه‌م به‌شه به‌سه‌ر 3 به‌ندا دابه‌شكراوه و به‌نده‌كان باس له فتوحات و فراوانخوازییه‌كان و پێكهاته نوێیه‌كانی جیهانی ئیسلامی ده‌كات، له نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌م و سیانزه‌هه‌م. پاشان به‌م ناونیشانه به‌ندێكی ته‌واوه‌تی زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێش دێت: جیهانی ئیبن به‌توته! ئینجا نووسه‌ر له ڕێگه‌ی به‌ندێكی دیكه و له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه‌دا: ئیمپراتۆریه‌ته ئیسلامییه‌كانی سه‌ره‌تای مۆدێرنه، له نێوان سه‌ده‌ی چوارده و حه‌ڤده‌هه‌مدا، كۆتایی به‌م به‌شی دووه‌مه‌ی كتێبه‌كه ده‌هێنێت.
به‌شی سێیه‌م و كۆتایی ئه‌م كتێبه زۆر نایابه، ته‌رخانكراوه بۆ سه‌رده‌می مۆدێرنه یان ته‌نانه‌ت ته‌رخانكراوه بۆ سه‌رده‌می مۆدێرنه‌كان به شێوه‌ی كۆ. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا، به درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده تا ده‌گاته سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و بێگومان به تێپه‌ڕین به سه‌ده‌ی بیست دا، لێكۆڵینه‌وه له شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی-مان ده‌كات. ئه‌م به‌شه‌ش به‌سه‌ر 3 به‌نددا دابه‌شكراوه. به‌ندی یه‌كه‌م به‌م ناونیشانه‌یه: كۆڵۆنیاڵیزم و به‌رخودان له نێوان هه‌ڵمه‌تی ناپلیۆن پۆناپارت بۆ سه‌ر میسر له ساڵی 1798 تا كه‌وتنی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له ساڵی 1918. هه‌رچی به‌ندی دووه‌مه، ئه‌وا ته‌رخانكراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ركه‌وتنی ئیسلامی سیاسی له سه‌ده‌ی بیست. به‌ندی سێیه‌م و كۆتایی كتێبه‌كه، ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌م بابه‌ته: ئیسلام له نێوان چاكسازی و رادیكاڵیزمی توندڕهوودا، له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك چ مانایه‌كی هه‌یه موسڵمان بیت؟ پاشان نووسه‌ر به‌م ناونیشانه كۆتایی به كتێبه‌كه‌ی ده‌هێنێت: موسڵمانه‌كان و ئیسلام له خۆرئاوا.
ئا به‌م شێوه‌یه، وه‌ك ده‌بینن ئه‌و پیاوه ده‌زانێت به دروستی و دیاریكراوی باس له چ شتێك ده‌كات. من خه‌ریكه ده‌ڵێم ئه‌و له هه‌ر ڕۆشنبیرێكی عه‌ره‌ب، باشتر شاره‌زای بارودۆخی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌یه. هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه “جۆن تۆلان” توێژه‌رێكی گه‌وره‌یه و هه‌مو ژیانی بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژووی ئیسلام ته‌رخانكردووه. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه ئه‌و له زانكۆكانی فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا مامۆستایه و وانه ده‌ڵێته‌وه، پسپۆڕه له توێژینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه كه‌لتوری و ئاینییه‌كانی نێوان جیهانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا، به درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست. پێشتر چه‌ند كتێبێكی سه‌رنجڕاكێشی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌وانه كتێبێك به ناونیشانی: “ئه‌وروپا و ئیسلام: چیرۆكی ژیانی پانزه سه‌ده”، ئه‌م كتێبه‌ی به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ توێژه‌ری دیكه‌دا نووسیوه. هه‌روه‌ها به‌م دوایانه كتێبێكی گرنگ و زۆر نایابی به‌م ناونیشانه بڵاوكرده‌وه: “محه‌مه‌دی ئه‌وروپی. گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانینانه‌ی له خۆرئاوا له‌سه‌ر مه‌زنترین پێغه‌مه‌به‌ر دروست بووه”. ئه‌مه جگه له چه‌ندین كتێبی دیكه.
ئێستا با بڕۆینه نێو ورده‌كاریی زیاتره‌وه
نووسه‌ر له نووسینی ئه‌م كتێبه چی ده‌وێت؟ ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه بداته‌وه: له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك چ مانایه‌كی هه‌یه موسڵمان بیت؟ (یان موسڵمانبوون له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ و.ك)، به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه، جه‌وهه‌ری ئیسلام بریتییه له ده‌مارگیری و توندڕه‌وی و ته‌كفیركردنی ئه‌وانی دیكه، بگره ته‌نانه‌ت سه‌ربڕینیان و ئه‌گه‌ر بكرێت له ڕه‌گوڕیشه ده‌رهێنانیان له‌سه‌ر شێوازی ئیخوانییه داعشییه‌كان. به‌ڵام به‌لای موسڵمانه‌كانی دیكه‌وه (خۆشبه‌ختانه ئه‌مانه‌یان زۆرینه‌ن) ئیسلام واته كه‌لتورێكی ڕۆحانی ئیمانداری كراوه به‌سه‌ر جیهاندا. ئیسلام كه‌لتورێكی ڕۆحانی ئه‌خلاقییه، حه‌زی له ئاشتی و لێبورده‌یی و بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه له نێوان گه‌لان و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا، به گوێره‌ی ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه: ” یا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوباً وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم”. مه‌زنی قورئان و حه‌قیقه‌تی ئیسلام ئا لێره‌دایه. ئیسلام كه‌لتورێكی ئیلاهی ڕۆحانییه، دان به فره‌یی ئاینه‌كان له جیهاندا و به شه‌رعییه‌تی ئه‌م فره‌ییه‌دا ده‌نێت، بگره پێشوازیشی لێده‌كات.
به‌ڵام ئایا ئیخوان موسلمین و هه‌مو ئه‌و بزووتنه‌وه توندڕه و تۆقێنه‌رانه‌ی كه له‌وانه‌وه دروستبوون، دان به‌وه‌دا ده‌نێن؟ نه‌خێر هه‌رگیز. ئێ له حاڵی حازردا، ئه‌مه‌یه كێشه‌ی ئیسلام له‌گه‌ڵ جیهان و كێشه‌ی جیهان له‌گه‌ڵ ئیسلام. به دروستی و دیاریكراوی جیاوازی سه‌ره‌كی نێوان ئیسلامییه‌كی مۆدێرنیستی ڕۆشنگه‌ر و ئیسلامییه‌كی ئیخوانی توندڕه‌و، ئا لێره‌دایه. به‌ڵام ئه‌م ناكۆكییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی دانه‌ری كتێبه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، نوێ نییه. به‌ڵكو ڕه‌گ و ڕیشه‌ی به قووڵی به نێو مێژووی ئیسلامدا ڕۆچووه‌ته خواره‌وه. به درێژایی مێژوو، ململانێ له نێوان ڕه‌وتی عه‌قڵانی و مرۆیی و كرانه‌وه بۆ ئیسلام، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی توندڕه‌وی داخراو كه ڕه‌قی له‌وانی دیكه‌یه، هه‌ر هه‌بووه. تاوێك ئه‌م ڕه‌وته‌یان و تاوێكی دی ئه‌و ڕه‌وته‌ی دیكه‌یان، سه‌ركه‌وتوو بووه. جارێك سه‌رده‌می زێڕین سه‌ركه‌وتوو بووه و جارێكی دی سه‌رده‌می داڕمان سه‌ركه‌وتوو بووه. به‌ڵام ئێمه پێشبینی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد، سه‌رده‌می داڕمان و تاریكی، له ناوجه‌رگه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، سه‌ركه‌وتووبێت! ئه‌مه شتێك بوو هه‌رگیز به خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات. ئێمه پێشبینی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد، بكه‌وینه دوای دواوه‌ی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، له كاتێكدا سه‌رده‌مانێك ئێمه له پێشی پێشه‌وه بووین.
نووسه‌ر له كۆتاییه‌كانی كتێبه‌كه‌یدا، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: له 19 ئه‌یلولی ساڵی 2014، له سه‌رجه‌م وڵاتانی جۆراوجۆره‌وه، 126 زانای گه‌وره و ناوداری موسڵمان، نامه‌یه‌كی زۆر تووندیان ئاراسته‌ی خه‌لیفه‌كه‌ی داعش و هه‌مو ئه‌وانه كرد كه هاوسۆزی ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی بوون و له نامه‌كه‌دا ده‌ڵێن: ڕه‌فتار و تاوانكارییهكانتان دژی جه‌وهه‌ری ئیسلام و قورئانه و وێنه‌ی ئێمه‌تان له‌سه‌رتاپای جیهاندا ناشرین و له‌كه‌دار كرد. ئه‌نجامدانی كاری توندوتیژی كوێرانه و ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی دژ به هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی موسڵمان (موسڵمان یان غه‌یره موسڵمان)، كارێكه پێچه‌وانه‌ی یاساكانی شه‌رع و ئاینه. هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی دڕندانه و حه‌ڵاڵكردنی ژنان و به‌كۆیله‌كردنیان و بێبه‌شكردنی مه‌سیحییه‌كان و ئێزیدییه‌كان له مافه‌كانیان، دیسانه‌وه پێچه‌وانه‌ی شه‌رع و ئاینه. ئه‌و زانایانه داوایان له خه‌لیفه‌كه‌ی داعش و گروپه‌كه‌ی كرد، چیتر كاری وا ئه‌نجام نه‌ده‌ن و تۆبه بكه‌ن له‌وه‌ی جارێكی دی ئه‌نجامی ناده‌ن.
به‌ڵام لێره‌دا دانه‌ری كتێبه‌كه تێبینی ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌كات:
ئه‌و زانا به‌ڕێز و پایه به‌رزانه، سهركۆنهكردنهكهیان بۆ داعش، ناگاته ئاستی ته‌كفیركردنی، بگره ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌زهه‌ر، رازینه‌بوون ته‌كفیری داعش بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ڕه‌فتار و كاره‌كانیان ئه‌و هه‌مو كاره‌ساته‌ی لێكهوتهوه. كه‌چی له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، ده‌سه‌ڵاتداره ئاینییه‌كان، زۆر به‌خێرایی هه‌مو موسڵمانه ڕۆشنگه‌ر و مۆدێرنخوازهكان یان ڕۆشنبیره لیبراله عه‌ره‌به‌كان، له‌سه‌ر ئازادی نووسین و ئازادی داهێنان، ته‌كفیر ده‌كه‌ن. ئه‌مه شتێكه شۆكت ده‌كات و جێگای سه‌رسوڕمانه. ئه‌مه شتێكه هه‌رگیز لێی تێناگه‌یت. بگره شتێكی زۆر ترسناكه. ئاخر چۆن ده‌بێت ته‌كفیری ڕۆشنبیرێكی عه‌ره‌ب بكه‌ین، له‌سه‌ر ڕۆمانێك كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه‌چی بوێری و غیره‌تی ئه‌وه‌مان نییه ته‌كفیری داعش بكه‌ین؟
باشه چۆن نه‌جیب مه‌حفوز كه شكۆی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بییه، له‌سه‌ر ڕۆمانه نایابه‌كه‌ی “منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان” ته‌كفیر بكه‌ین، كه‌چی ناتوانین ته‌كفیری ئه‌و دڕنده به‌ربه‌ریانه بكه‌ین كه له شاخی شه‌نگال، خوێنی برا ئێزیدییه به‌شه‌ره‌فه‌كان، به ژن و كچ و سه‌روماڵ و ناموسیانهوه حهڵاڵكرد؟ له ئێستادا ئه‌وه قه‌یرانی كه‌لتووری ئاینی ئێمه‌یه. ئه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلامی تاریكبین، تاحاڵی حازر، به‌سه‌ر ئیسلامی ڕۆشنگهردا سه‌ركه‌وتووه. هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا تیۆلۆژیای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، حوكمان به‌سه‌ردا ده‌كات، نه‌ك تیۆلۆژیای سه‌ده‌كانی مۆدێرنه. به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه باڵاده‌ستی هێشتا هه‌ر بۆ وته‌كانی تیۆلۆژیای ته‌كفیركردنه نه‌ك تیۆلۆژیای ڕۆشنگه‌ریی ڕزگاریخواز. وه‌لێ دوای تاریكی ڕووناكی دێت. جارێ مێژوو دواهه‌مین قسه‌ی خۆی نه‌كردووه، جیهانی عه‌ره‌بی سیخناخه به ڕه‌وتی فیكری داهێنه‌رانه‌ی تازه‌گه‌ر كه دواتر نه‌خشه‌كه ده‌گۆرێت و هاوسه‌نگییه‌كان قڵپدهكاتهوه.