خستنەڕووی کتێبی شانۆیی گیتارژەن

Loading

گیتارژەنی سەر شەقام

خستنەڕووی کتێبی شانۆیی “گیتارژەن”

خوێندنەوەی: سەردەم

یۆن فۆسە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ٢٠٢٣ بوو، پاش ئاشکراکردنی ناوەکەی، وەک نەریتی نۆبڵ، ناوی یۆن فۆسە بە تەواوی دنیادا بڵاو بووەوە، بە تایبەت لەنێو چینی ڕۆشنبیراندا، بێگومان یەکێکیش لە شوێنەکان کوردستان بوو، ئەوەی کە جێگەی دڵخۆشی بوو ئەوە بوو، کە بە چەند ساڵ پێشتر سێ لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەم نووسەرە کرابوون بە کوردی، لە لایەن هەمان وەرگێڕی “گیتارژەن”ەوە، کە هاودەم ساڵح جافە. کارە بەکوردیکراوەکانی یۆن فۆسە شانۆنامە بوون، کە هەریەک لە دەقەکانی “کەسێک هەر دێ” و “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێت” و “سێبەرەکان” بوو. بۆ خوێنەری کورد، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە خولیا و کەڵکەڵەی خوێندنەوەی دەقی شانۆییان هەیە، ئەو دڵخۆشییەیان ئەزموون کرد کە پێش نۆبڵوەرگرتنەکەی، یۆن فۆسەیان خوێندووەتەوە و ناسیویانە. دوا بە دوای ئەو سێ کارە و لە بۆکس و چاپێکی جواندا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە پاڵ ئەو سێ شانۆنامەدا، شانۆنامەیەکی تریش لە لایەن هەمان وەرگێڕەوە کرا بە کوردی و پێکەوە هەر چواریان چاپ و بڵاو بوونەوە، ئەو دەقە شانۆییەش دەقی “گیتارژەن” بوو.

شانۆنامەی “گیتارژەن” دەقێکی کورتە، تێیدا پیاوێکی گیتارژەن دەناسین بە ژیانێکی قەیرانلێدراوەوە، ئەم پیاوە بە توونی تاریکیی ژیاندا تێپەڕیوە، بە جۆرێک هەست دەکەی لە هەموو نەهامەتییەکان پشکی بەر کەوتووە و تاکو ئەم ساتەوەختە، کە ساتەوەختی ئێستایەتی و بەرانبەرمان ڕاوەستاوە، درێژە بە ژیانە کولەمەرگییەکەی خۆی دەدات و سەری خۆی داخستووە و دەیەوێت ئەو کەمەی کە لە ژیان ماویەتی، شتێکی جیاوازتر ئەزموون بکات، شتێک کە ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە و جۆرێکی تر لە باوەشکردنەوە بە ژیاندا، بەڵام ئەمە کارێکی هێندە ئاسان و سانا نییە، ژیان کە ڕەوتێکی وەرگرت، زۆر بە زەحمەت دەتوانرێت ئاراستەکەی بگۆڕدرێت، ئەم دەقە، مەبەست لە “گیتارژەن”ە، لەو نێوانەدا، واتە لەو ململانێیەدا هەڵدەسووڕێ، ڕەنگە سەرئەنجامەکەی دیسان شۆڕبوونەوەیەکی تر و شکستێکی تربێت بەو توونەدا، بەڵام گرنگە کە دەستبەردار نابێت.

دەقی “گیتارژەن” یەک دیالۆگی درێژە، هەندێ جار بۆ دەوروبەر و لەگەڵ ئەوانی تر، زۆرینەش بۆ خۆی و لەگەڵ خۆیەتی، ئەم پیاوە گیتارژەنە، کە کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکەیە، بژێوی ژیانی لەسەر موزیک ژەندن لەسەر شەقام دابین دەکات، بژێوییەکی کەم و پڕ لە ڕەزالەت، ئەو وەڕزە لەو ستایلەی ژیانی، ماندووی زەمەن و غەدرە بەردەوامەکانیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ مانایەک لەو بێماناییە هەڵگۆزێت، ئەگەرچی نزیکەو مەحاڵە، بەڵام خەریکە ئەو کارە بکات، بە دەستڕاگەیشتن بە یادگەی، بەو ژیانەی تێیدا گوزەراوە، بە بانگهێشتکردنەوەی ڕابردوویەک کە ترووسکایی هیوا تێیدا پرشنگدار بووە، هەموو ئەوانە دەکات، لەگەڵ دەوروبەر و کەسانی تێپەڕبوو بە بەردەمیدا دیالۆگ دادەمەزرێنێت، ئازاری ئەوان دەبینێت، گەرچی هیچ کەس ئازاری ئەم نابینێت.

دیالۆگ لەم تێکستە شانۆییەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە شێوەی ستوونی داڕێژراوە، هەر دەڵێیت تێکستی گۆرانییە، ئەمە ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ناوەڕۆکی دەقەکە کە پەیوەستە بە موزیک و گۆرانییەوە، دیالۆگەکان بەو شێوە ستوونییە هەر دەڵێیت تێکستێکی گۆرانین و ئەم پیاوە دەیانچڕێت، پاشان وەک وەرگێڕی ئەم شانۆنامەش ئاماژەی بۆ کردووە: “لەم وەرگێڕانەدا ڕەچاوی تایبەتمەندێتیی شێوازی نووسینی یۆن فۆسە کراوە. فۆسە لە نووسینی دیالۆگدا ڕەچاوی دانانی نیشانەکانی خاڵبەندی، بەگوێرەی دەستووری زمانەوانی ناکات. ڕەنگە لای فۆسە، هەناسەی ئاوازی چۆنێتیی گۆکردن و دەربڕینی وشەکان، بۆ گەیاندنی مەبەست هێماکانی خاڵبەندی بن.” وەک گوترا، دیالۆگەکان شێوەیەکی نائاساییان وەرگرتووە، تەنانەت لە دەربڕینیشدا لە دیالۆگی ڕۆژانەی سەر جادە و شەقام ناچن، بەڵکو لە پانتاییە گشتییەکەدا دەتوانرێت وەک جۆرێک لە پەخشان و شیعر وەر بگیرێن، ئەم شێوازە بۆ کەسانێک کە شانۆنامەکانی پێشتری یۆن فۆسەیان خوێندبێتەوە، ئاسانتر هەرس دەبێت و باشتر دەگات، واتە تێدەگەین کە ئەمە تایبەتمەندی یۆن فۆسەیە و ڕەنگە بە تەنیاش هەر بتوانرێت لای ئەم نووسەرە ببینرێتەوە.

خاڵێکی تر کە وەک دیاردەیەک دەکرێت لێی بڕوانین، ئەویش موزیکی سەر شەقامە، ئاشکرایە لەم ڕۆژەدا و لای خۆیشمان (مەبەست کوردستانە)، ئەم جۆرە موزیکە برەوی سەندووە و ڕۆژانە دەتوانین لە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا ئەو جۆرە کەسانە ببینینەوە، کە لە ڕێی ژەنینی موزیکەوە دەیانەوێت بژێوی و سەرچاوەی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن، بێگومان ئەمە کولتوورێکی جوانە و دەتوانێت هەستێکی تایبەت بە کەسانی تێپەڕبوو بەو شەقام و جادانە بدات، هاوکات گوێیان بە ئاواز بکاتەوە و دڵخۆشییەکی تایبەتییان پێ ببەخشێت، چونکە ئەم جۆرە موزیکە دەتوانێت تێکەڵ بە هەنگاوی ئاپۆرای خەڵک ببێت و فەزایەک بسازێنێت، کە تێیدا هەستێکی هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەوانی تر پێک دەهێنێت. ئەوە جێی داخە کە گوێگرتن لە موزیک لای ئێمە نەبووەتە کولتوور، موزیک لای ئێمە بەردەوام بە شوێن گۆرانی و تێکستەدا هاتووە، ئەوەش کە ئێمە تاکو ناوی موزیکزانێک دەزانین و دەیناسین، ناوی سەدان گۆرانیبێژمان لەبەرە و دەزانین فڵانگۆرانبیێژ تەنانەت حەزی لە چ جۆرە خواردنێکیشە. لە دەقی شانۆنامەی “گیتارژەن”دا ڕۆشنایی خراوەتە سەر کەسێتیی موزیکزانێک، پیاوێک کە وەک گوترا لەگەڵ بەدبەختییەکانی خۆیدا دەستی تێکەڵ کردووە و دەژی. لە شوێنێکدا ئایدیایەک ئاراستە دەکات، بەوەی کە موزیکی سەر شەقام هونەر نییە، چونکە موزیکێکە بۆ پارە هەرزان دەکرێت و ناتوانێت بچێتە خانەی هونەر و بە تایبەت هونەری جددی و داهێنەرانەوە، ئەم ئایدیایە پێم وایە قسەی زۆر هەڵبگرێت، بە تایبەت سەبارەت بە کەسێتیی نێو ئەم شانۆنامەیە، کە کەسێتییەکی گەڕۆکە و چەندان وڵات و شوێنی جودا جودای کردووە لەپێناو کارەکەیدا، چونکە کەسانی گەڕۆک دەتوانن جۆرێک لە بیرکردنەوە لەگەڵ خۆیاندا هاوپێچ بکەن، بە بینینی ژینگە و کەسانی جیا، بە بەرکەوتنی ئەو کولتوورانەی تر، کەسی گەڕۆک ژیانی پڕە لە سەرکێشی و ململانێ، ڕێک هاوشێوەی ئەم کەسێتییە، کە لەمیانی قسەکانیەوە دەزانین ژنی هێناوە و جیابووەتەوە و کوڕێکی هەیە، بەڵام ئێستا ئەوان نیین و بەتاقیتەنیا هەر خۆیەتی کە شانی داوەتە بەر ڕەنجەکان.

سەبارەت بە موزیکی سەر شەقامیش، کە لە دەقەدا چەقە، دەکرێت لەو جۆرە موزیکەش توانای داهێنان بدۆزرێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی موزیکێکی زیندووە، بەو هۆکارە دەتوانێت شەقام پڕ ئاواز بکات، گوێیەکان بە ئاراستەی خۆیدا بەکێش بکات، لە پاڵ ئەوانەشدا بەشدار بێت لە بونیادنانی کولتوورێک کە بایەخ بە موزیکی پاک بدات، موزیکی بێ وشە و پەیڤ. بێگومان ئەمە ئاسان نییە، لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی کە موزیک دەژەنن، ئایا تا چەند قوردەتی داهێنانی ژەندنیان تێدایە، دووەم هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەڵکانەی بە لێشاو دەڕژێنە شەقامەوە، ئایا تا چەند قابیلەتی وەرگرتن و گوێگرتنی ئەو هونەرە زیندووەیان هەیە.

کەسێتییەکەی “گیتارژەن” ماندووتر لەوەیە، ئەو لە دوایین دیمەندا، بە دەم خواردنەوەی دواچۆڕی پێکەکەیەوە، بڕیار دەدات گیتارەکەی جێبهێڵێت، بەڵام بۆ کوێ و بە نیازی چییە، هیچ ڕوون نییە، چونکە پەردە بەسەر بینەران و ئێمەی خوێنەری ئەو دەقە شانۆییەشدا دادەدرێتەوە.

***

لە پاش دەقە شانۆیی “گیتارژەن”، وەک پاشکۆ، دوو بابەتی دی هاتووە، یەکەمیان گفتوگۆیەکی ئەلیکترۆنی کورتە وەرگێڕ ڕاستەوخۆ خۆی لەگەڵ یۆن فۆسە کردوویەتی، مێژووی گفتوگۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠، لەوێدا یۆن فۆسە باس لە هەندێ ئەزموون و تەجرووبەی نووسینی خۆی دەکات، چەند شتی سەرنجڕاکێش دەڵێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا: “کام لەم سیانە خراپترین کاریگەرییان بۆ تێکدانی دید و ڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان هەیە: خێزان، ئایین یان ڕامیاری؟” یۆن فۆسە دەڵێت: “بە حەقیقەت من لەو باوەڕەدام خراپترینیان ڕامیارییە.” لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا: “پێشکەشکردنی شانۆنامەکانی خۆتت پێ چۆنە لە لایەن شانۆکارانی نەرویجی و بیانییەوە؟” یۆن فۆسە لە وەڵامدا دەڵێت: “تۆ پرسیارێکی زۆر گەورەم لێ دەکەیت! بەرهەمە پێشکەشکراوەکانم خۆیان لە هەزار بەرهەم دەدەن، من خۆیشم تەنیا چەند دانەیەکم لێ دیون، لەبەر ئەوە بیرکردنەوە لەوە زۆری دەوێت، بەڵام با بە گشتی بڵێم: من زۆر بەختەوەر بووم لەو بارەیەوە کە بەرهەمەکانم لە لایەن باشترین کەسانی شانۆکارەوە لە دنیادا دەخرێنە سەر شانۆ، لەبەر ئەوەی شتێکی سەیر دەبێت ئەگەر ئەو بەرهەمانە جاروبار شانۆی باشیان لێ دەرنەچێت.”

پاشکۆی دووەم و زیادکراو بۆ ئەم کتێبە، دەقی گوتاری یۆن فۆسەیە لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ٢٠٢٣دا، سەرناوی گوتارەکە بەم شێوەیە: “ترس زمانی لێ سەندمەوە”، لە پاش خوێندنەوەی ئەم وتارە بە چێژ و چڕە، خوێنەر دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک ڕوانینی ڕوون و هەمەلایەنی یۆن فۆسە بۆ نووسین، ژیان، تەنیایی، خۆکوشتن و بەردەوامیدان بەو خەونانەی کە هەمانن. یۆن فۆسە لە دەستپێکدا بۆ یادەوەرییەکی مێرمنداڵی خۆی دەگەڕێتەوە، باس لە دۆخێکی تەواو تایبەتی خۆی دەکات، ئەو دۆخە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر تێکڕای ژیان و بەرهەم و داهێنانەکانی دەبێت، با پێکەوە ئەو دەستپێکە بخوێنینەوە: “کاتێک لە قوتابخانەی ناوەندی بووم کتوپڕ ڕووی دا، مامۆستاکەمان داوای لێ کردم بە دەنگی بەرز بخوێنمەوە. لەپڕ لە ناشوێنێکەوە ترس دایگرتم و تەواو بەسەرمدا زاڵ بوو. چۆن بڵێیت لەنێو ترسەکەدا گوم بووم و بووم بە ئەو. هەستامە سەر پێ و بە ڕاکردن لە پۆل چوومە دەرەوە.

تێبینی چاوی زەقبوونەوەی قوتابییەکان و مامۆستام کرد، هەتا دەرەوەی پۆلەکە بە شوێنمەوە بوون. پاشان هەوڵم دا ئەو ڕەفتارە سەیرەم بەوە ڕوون بکەمەوە دەبوایە بچم بۆ ئاودەست، ئەوانەی گوێیان لەو قسەیەم بوو چاک ڕوخساریانم بینی، باوەڕیان پێ نەکردم و ئەوان زیاتر بیریان بۆ ئەوە دەچوو من تێک چووبێتم، بەڵێ بەرە بەرە بەرەو شێتبوونیش بچم.” بێگومان لەم ڕووداوەدا ترسێکی گەورە پەنهانە، ترسی مێرمنداڵێک لە دەنگێکی ناردیار، هێزێکی پەنهان و شەیتانی، کابووسێک کە لە تواناییدایە کەسەکە لە خۆیدا لوول بدا و بۆ هەمیشە لە گێژاودا نوقمی بکات، بەڵام یۆن فۆسە ئەم ترسە دەقۆزێتەوە، وەک ئەزموونێکی ناوازە دەگەڕێتەوە سەری، هەوڵ دەدات ڕامی بکات و وەک ماددەیەک بۆ ناو پانتایی نووسینەکانی بەکێشی بکات؛ بەڵێ، یۆن فۆسە ڕێک ئەوە دەکات، ڕەنگە کەمێک قورس بێت کۆی ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە (کە یەک لە پڕکارترین نووسەرانی جیهانە) پەیوەست بکەینەوە بەو ڕووداوەوە، بەڵام بێگومان ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە و لە چەندان دەقدا بووە بەو وزە ناوەکییەی کە هەر نووسینێک پێویستی پێیەتی.

پاشتر یۆن فۆسە لە هەمان گوتاردا باس لە سەرەتاکانی خۆی لە دنیای نووسیندا دەکات، لەوەی کە چۆن نووسینەکانی بەر ڕەخنەی توند دراون و هەستی بریندار بووە، لەو ڕووەوە دەنووسێت: “کتێبەکانی سەرەتام ئێجگار ڕەخنەی خراپیان لێ گیرا، منیش بڕیاری ئەوەم دا گوێ لە ڕەخنەگران نەگرم، دەبێت متمانەم بە خۆم بێت، بەڵێ جێگیر لەسەر ئەو شێوەیەی خۆم بەردەوام بم. ئەگەر ئاوهام نەکردایە، بەڵێ، ئەوا لە دوای ڕۆمانی یەکەممەوە (سوور، ڕەش)، کە ئێجگار خراپ لەسەری نووسرا، چل ساڵ لەمەوبەر، دەستم لە نووسین هەڵدەگرت.” ئەو بەردەوامییەیە کە وای کردووە بگات بە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی، کە خەڵاتی نۆبڵە.

ڕەنگە جوانترین بڕگەی ئەو گوتارە، ئەو پاژە بێت کە لە کۆتاییدا دەیدرکێنێت، کە هاوکات دەبێت بە پەیامێکی بەرز و ئینسانیی، تێیدا ئایدیای پشتی نووسراوەکان دەخوێنینەوە: “ژمارەکی زۆر لە خۆکوژی لە بەرهەمەکانی مندا هەن. زیاتر لەوەی خۆم پێم خۆش بێت بیری لێ بکەمەوە. من هەر لەوە دەترسام بەو شێوەیە کار بکەم بۆ بەڕەواناساندنی خۆکوژی، وەلێ ئەوەی ناخی جووڵاندم لە هەمووی زیاتر، ئەوانە بوون کە بە وشەی ڕەوان نووسیبوویان: بەرهەمەکانم نەخت و پوخت ژیانیانی ڕزگار کردووە.

تا ڕادەیەک من دەمزانی نووسین دەتوانێت ژیان ڕازگار بکات، ڕەنگە ئەوە ژیانی خۆیشمی ڕزگار کردبێت، بەڵام ئەوەی نووسینی منیش بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانی دیکە، بەڵێ ئەوە ئیدی هیچ شتێک ناتوانێت لەوە زیاتر دڵخۆشم بکات.

سوپاس بۆ ئەکادیمیای سویدی کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی خەڵات کردم.

سوپاس بۆ خوا.”

خوێندنەوەی ئەم کتێبە و سێ کتێبەکەی تر، یارمەتیدەرێکی باشن بۆ ئاشنابوون بە نووسەرێکی مۆدێرن و هاوچەرخی ئەمڕۆمان، ئایدیاکانی ئەم نووسەرە دەتوانێت کۆمەکمان بکات لەو بازنەیەی تێیدا دەژین، زۆر بە دیاریکراویش، بازنەی خێزان، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی یۆن فۆسە “خێزان” وەک تێمایەک وەردەگرێت، هەوڵ دەدات لەوێوە، لە ئاریشە و گرفتەکانی خێزانەوە، قسەکانی خۆی بکات، هەڵبەت بێ ئەوەی دابەشکاری بکات بەسەر دوو لایەنەدا.

سوپاس و دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی بە سەلیقە و کارجوان؛ هاودەم ساڵح جاف، کە بە وەرگێڕانی ئەم کتێبانەی یۆن فۆسە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەنتر کرد.

ناردن: