نزا شیعری ڤالێری یاکەڤلیڤیچ بروسەڤ
نزا
شیعری ڤالێری یاکەڤلیڤیچ بروسەڤ(١)
لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد
ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر!
با دەستی پڕ توانات ڕێ لە هاواری گەرووم بگرێت،
ساتێک دڵ بە ئازارەوە، لە سینەمدا ڕادەچڵەکێت.
ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر!
بێرە هانام، تا دڵم سەرکەش بێت و شادمان،
کاتێک دوژمن هەڵای خۆشیی دەباتە کەشکەڵان.
ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر!
شانازیی لە قوژبنە زەبوونەکانی ڕۆحمدا ببوژێنەوە
ساتێک، کڵپەی ئارەزوو بەخووڕ دەڕژێتە خوێنمەوە.
ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر!
فەرمان بدە، با چرپەی لێوان بسرەوێ و بێدەنگ بێت
کاتێک جوانیی، ئەم زەمینە نازدارە لە ئامێزدەگرێت.
ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر!
با ڕۆحم لە ژێر ڕکێف و ویستی تۆدا بێت
ئەو کاتەی سپێدەی، لە ئەزەلەوە خوازراو،
ڕۆشنایی دەپرژێنێت.
ئاگرە پیرۆزەکان،
لە قوڵاییە کپەکانی هۆشداریمدا،
ڕووناکییان پەخش دەکەن،
سا ئەی فریشتەی بێدەنگیی بەخێر،
مەهێڵە وشەکان ئازاری ڕۆحم بدەن!
٧ی ئایاری ١٩٠٨
- بروسەڤ ڤالێری یاکەڤلەڤیچ (١٨٧٣-١٩٢٤) شاعیر، چیرۆکنووس، وەرگێڕ و شانۆنووسێکی ڕووس و داڕێژەری تیۆریی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی سیمبولێزم بووە لە ئەدەبی ڕووسیدا.