وەرزێک لە هەکاری؛ وەرزێک لە دۆزەخ

Loading

وەرزێک لە هەکاری؛ وەرزێک لە دۆزەخ

خوێندنەوەی: سەردەم

١/ «تورکە چیاییەکان» ناوێکە بۆ کوردەکانی باکوور، واتە کوردانی تورکیا. کۆماری نوێی تورکیا، لەسەر دەستی کەمالیستەکان بنیاد دەنرێت، کۆمارێکە بە میتۆدی ترساندن و سڕینەوە کاری کردووە و دەکات. پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، تورکیا کەوتە بەردەم ترسی نەمان و پارچە پارچە بوون، بۆیە تورکیای نوێ دەبوو کارێک بکات ڕێگر بێت لە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون، ئەمەیش لە ڕێی تۆخکردنەوەی هەستی ناسیۆنالستی و زاڵکردنی زمان و نەریتی تورکیا بەسەر کەمایەتی و ئیتنیکییەکاندا دابین کرا. پڕۆژەی بەتورککردن و خوێندن بە زمانی تورکی و نەرێکردن و نەفیکردنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامەی ئەوانی تر، لە سەردەمی هاتنە سەر دەسەڵاتی کەمالیستەکان، واتە خودی مستەفا کەمال ئەتاتوورک، دەستی پێ کرد، پڕۆژەیەک تاکو ئێستایش لە فۆرمێکی وەک ئەردۆغاندا درێژەی هەیە و بە دڵنیاییشەوە لە ئایندەیشدا دەیبێت.

٢/ ڕۆمانی «وەرزێک لە هەکاری»ـی فەرید ئەدگۆ، ڕۆمانێکە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکە ئەم ڕەوتە مێژووییە لە سیاق و پنتێکی تایبەتدا بەرجەستە دەکات؛ ئەدگۆ بە فۆکەس و هەڵبژاردنی گوندێکی پەراوێز و دوورەدەست، گوندێکی نوقمبوو لە بەفر و سەرمادا، دەیەوێت ڕەوشی بارودۆخی ئەو خەڵکانەمان بۆ بەیان بکات، کە هەموو هەوڵ و ململانێییەکیان بۆ مانەوە و لەپێناو درێژەدان بە ژیانێکی غەرق بوو لە نەهامەتی و دژواریدا کورت بووەتەوە. گوندێک بەسەر چیایەکەوە «نزیک لە ئاسمان»، وەک شتێک خودایش نەیەوێت ئازاریان ببینێت و بێتە دەنگ، بە پێشاندانی منداڵانێکی جلشڕ، کراسەکانیان جێی پینەیەکی تری نەماوە و دیاریش نییە چ ڕەنگ بووە، چڵمی شۆڕەوەبوو، لە تایەی ئوتومبێل پێڵاویان بۆ بڕادراوە، وەک شتێک خوادا ئەم خەڵکەی سپاردبێتە دەست خۆیان و فەرامۆشی کردبن.

٣/ ڕۆمانەکە بە گەیشتنی کارەکتەری سەرەکی بە گوندەکە دەست پێ دەکات، کەسێک کە ئێمە بە شوناسی فێرکار یان مامۆستا دەیناسین، کە دەگاتە گوند، موختار و خەڵکەکە بەس تەماشای دەکەن، ئەمە کەسێکە کە لە زەریاوە هاتووە، یان ڕاستترە بڵێین زەریا هێناویەتی. ڕۆمانەکە بەم دەستپێک و کارەکتەرە شیعرییەوە دەست پێ دەکات و تاکو کۆتاییش درێژە بەم ڕەوتە دەدات؛ ڕەوتێک کە لە نێوان خەون و واقیعێکی تاڵدا بەردەوام لە هاتوچۆدایە و هەدا نادات بۆ ساتێک. تەنانەت ئەم شێوازە وەک فۆڕمێک لە ڕستەسازی و جۆری داڕشتنی ڕستەکان بە شێوەی نیوەدێڕ و ستوونی و کورتەوە دیارە و ڕەنگی داوەتەوە، لە هەندێک بەشدا خوێنەر جیا لەوەی خەریکە ڕەوایەتێک دەخوێنێتەوە، لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین خەریکە کورتەشیعرێکیش دەخوێنێتەوە و فەزایەکی شیعریش ئەزموون دەکات. دەبێت ئەوە بڵێین کە خودی هەڵبژاردنی ئەم شوێنە عاسی و پێچەڵپێچە، هەروەها بوونی ئەو کەشە بەفراویی و کپە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئامادەیی ئەو خەڵکە سەیروسەمەرە، کە  ناتوانین بە هیچیان بڵێین مەخلوقی ئاسایی و نۆرماڵ، ئامادەساز و ئیمکانی ئەو فەزا شیعرییەن. خاڵێک پەیوەند بەم باسەوە گرنگە و نابێت لێی تێپەڕین ئەوەیە، ئەم فەزا شیعرییە کارێکی نەکردووە کە ئەو ئازار و نەهامەتییەی ئەم خەڵکە هەڵیانگرتووە، داشارێت، نەهاتووە ئەو ژیانە تژی لە ناعەدالەتی و نەخۆشی و دەردە جوان و خۆشەویست بکات، بەڵکو لێرەدا شیعرییەت دەگاتە ئاستێک لە دەرخستن و نواندنەوە، کارێک کە پۆل سیلان و شێرکۆ بێکەس کردوویانە.

٤/ زمان لەم ڕۆمانەدا لە حاڵەتی بڤە و هێڵی سووردایە، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە چپەئاسا بدوێن، زمان لێرەدا مەبەست لە زمانی کوردییە، زمانێک کە کەتووەتە ژێر هەژموونی زمانێکی سەردەستە و داگیرکارەوە، کە زمانی تورکییە، هەموو شتێک بە کوردی و تەنانەت ئاماژەکانیش دەکەونە خانەی خەتای گەورە و لەو بازنەیەدان کە مەرگێک بۆ بگۆکەی مسۆگەر دەکەن. لەو ڕووبەرەدا، کە گوندێکی عاسی و دوورەدەستە، لە بازنەی ئەو مەترسییە دەگەین کە داگیرکەر لە بەرانبەر زمانی کوردیدا هەیەتی، گوندەکە کوردن و تێکڕا لەگەڵ ترسێکدا دەستلەملانن، ترسێک کە هەڕەشەیە بۆ سەر بوونیان، دەیەوێت نەبن، لە ژێڵاوە بیانسڕێتەوە، گەر ئەوەش نەتوانێت بکات، لانیکەم لەناو زمان و مێژوویەیەکدا بیانتوێنێتەوە، بیانتورکێنیت، ڕۆمانی “وەرزێک لە هەکاری” ئەگەرچی وێنای وەرزێک لە ساڵێکدا دەکێشێ، بەڵام ئەم وێنایە بۆ هەمیشەیە، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووە، ئاماژەیەکی دوور دەدات، مەترسییەک دەچنێت کە سەرەتاکانی بە ژانەوە دەستیان پێ کردووە و کۆتاییەکەی بێ بن و بەردەوامە.

قەدەغەکردنی زمان نەک بە تەنیا لە ئاستە ئاخێوەرەکەیدا، بەڵام قووڵتر لەوەیە، دیوێکی تەواو سیاسییە و پەیوەست دەبێتەوە بە شوناسی نەتەوەیەک، زمان بەو جۆرەی فەرید ئەدگۆ لە سادەترین دیالۆگەکاندا بەیانی دەکات، هاوئاستی شوناسی نەتەوەیی کوردە لەو بەشەدا، لێسەندنەوە و لەکارخستنی بۆ دەربڕینی هەرڕۆژە، هاوکاتی کەوتنی شوناسی زمانەکەشە.

٥/ خوێنەر کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە ڕەنگە یەکێک لەو پرسیارە زۆر چاوەڕوانکراوانەی بەردەوام وەک خۆرە مێشکی بکرۆژێت ئەمە بێت: دەوڵەتی تورکیا چون ڕێ بە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی لەم چەشنە دەدات لە کات و سەردەمێکدا کە دۆزی کورد لە تورکیا، سوورترین و بڤەترین دۆزە؟ بەڕاستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قورسە و ڕەنگە نەتوانرێت وەڵامێکی قەناعەتپێکەر بدرێتەوە، بەڵام فەرید ئەدگۆ کارەکەی هێندە بەرز و تایبەتە، دۆزەکە لەنێو ئەو کارەدا وەها هونەرێنراوە، کە وەک دژێکی نەرم و هاوکات پڕ وزە، ئاراستە ببێت، هەر ئەمەشە وای کردووە “وەرزێک لە هەکاری” ببێتە پاسپۆرت و بازگەکانی دەوڵەت و ڕەقابە و چاوە نەیارەکان ببەزێنێت.

لە خۆڕا نییە لە “وەرزێک لە هەکاری”دا بەردەوام سوود لەو ئیمکانە وەردەگیرێ کە بە مەنەلۆگ (لەگەڵخۆدوان) ناسراوە؛ بە چپە و بێدەنگ و لەخۆدا لەگەڵ خۆت بدوێ، بەو زمانەی کە هێڵی سوورە، ئاگادار بە لە خەونەکانیشدا بە کوردی مەدوێ، بەڵام لە خەوبینین بە ڕزگارییەوە قەت نائومێد مەبە.

ئەم ڕۆمانە لە زمانی یەکەم و تورکییەوە، لە لایەن ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلەوە کراوە بە کوردی.

ناردن: