دەربارەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە و نووسەر و تویژەری بواری فەلسەفە (فارووق ڕەفیق) نووسیویەتی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

نووسەری ئەم کتێبە کەسێکی دیارە و توێژەرێکە کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە، خوێندنەوە، لێکدانەوەی فەلسەفە و چەمکە فەلسەفییەکان تەرخان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە چەندین کتێب، خاوەنی چەندین کۆرس و وانەگوتنەوە و کۆڕ و سیمیناراتە سەبارەت بە بابەتە فەلسەفییەکان، بێگومان ئەم کتێبەش کۆکراوەی یەکێک لەو سیمینارانەیە کە بە شێوەی وانەگوتنەوە بە زنجیرەیی و هەفتانە، پێشکەشی فێرخوازان و ئارەزوومەندانی بواری فەلسەفەی کردووە، کە خۆی لە چواردە وانە دەدات.

هەر وەک خودی دانەری ئەم کتیبە (فارووق ڕەفیق) خۆی ئاماژەی پێ داوە، ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وانە پێک هاتووە، کە لە ماوەی چواردە هەفتەدا گوتراونەتەوە، وانەگەلێک لەمەڕ لۆژیک و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، پڕۆژەی هاوبەشی خانەی حیکمەت و ماڵی سوهرەوەردی بووە: سەرەتا بڕیار بوو کە خودی پڕۆژەکە لە دوو بەش پێک بێت، بەشی تیۆری کە بەندە ئەو بەشە تیۆرییە ئامادە بکات و بیڵێتەوە، بەشێکی دیکەی کە بریتی بێت لە فۆرمێک لە کارگەی ڕەخنەیی، واتە بەشداران نووسینی کوردی تاقی بکەنەوە، واتە چەسپاندنی کارە تیۆرییەکەی کلاس بەسەر نووسینی کوردیدا، کردنی نووسینی کوردی بە کێڵگەی تاقیکردنەوەی مەیدانی- فیکری.

لە یەکێک لە وانەکاندا بە ناوی (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و شیکردنەوەی گوتار)دا، فارووق ڕەفیق بە پرسیارێک دەست پێ دەکات سەبارەت بە چییەتی لۆژیک، لۆژیک چییە؟ لەو بابەتەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، بە هۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی لۆژیکەوە، لێبوونەوەی پەلووپۆیەکی زۆر لەو کایەیە، چیدی کارێکی سانا نییە بڵێین لۆژیک بریتییە لە: پێش ئەوەی هەنگاوی زیاتر بنێین، با دوو خاڵی جەوهەری لە یاد نەکەین، یەکەم لەتەک فەلسەفەی مۆدێرندا و دوای شۆڕشە زانستییەکان، چیدی ئێمە قسە لەسەر یەک لۆژیک ناکەین، بە تایبەت لۆژیکی ئەرستۆیی، بەڵکو دەستوپەنجە لەتەک چەندین فۆرمی لۆژیکدا نەرم دەکەین.

لە هەمان وانەدا فارووق ڕەفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لۆژیک زمانی فەلسەفەیە، لە دەرەوەی لۆژیک، یا شتێک نییە بە ناوی فەلسەفەوە، یاخود فەلسەفە جگە لەوەی ببێتە پەخشانێک، هیچی دیکە نابێت، لۆژیک زمانی بیرکردنەوە یا تیۆری فەلسەفییە، ئەوەی لۆژیکی نەخوێندەوە و باس لە فەلسەفە دەکات، جگە لە وڕێنە هیچی دیکە ناڵێت و جگە لەوەی پەخشاننووس بێت، هیچی دیکەی نییە: وەک دەروازەیەک بۆ بابەتەکەمان، لە سەرەتاوە دەتوانین بڵێین دەشێت لۆژیک وەک زانست ببینرێت، وەک هونەرێکی پراکتیکی و هونەرێکی لیبراڵ، ئاخۆ لۆژیک زانستە یاخوود هونەرە؟ بابەتەکەی بریتییە لە وەسفی سروشت و فێرمان دەکات کە بە دروستی بیر بکەینەوە و بە دروستی ئەنجامگیری بکەین، ئەشێ ئەو ئەرگومێنتە سەر ڕێگە بخەین کە لۆژیک جگە لەوەی ئامرازی بیرکردنەوەی فەلسەفییە، ئامرازی بیکردنەوەی دروستە، خۆشی فۆرمێکە لە زانستەوە نزیکە.

لە یەکێکی تر لە وانەکاندا بە ناوی (زمان وەک ئامرازی بیرکردنەوە)دا باسی لەوە کردووە کە ئەو کاتەی ئێمە ڕووبەڕووی ئەرگومێنیت دەکرێینەوە، دەبێت لەسەر ماناکانی گشت وشەکان و دەستەواژەکان ڕێک بکەوین، بە تەنها و پێکەوە، لەبەر ئەوەی زمان ئامرازی گەیاندن و بیرکردنەوەیە، لێکۆڵینەوەی لۆژیک بە ناچاری سەرقاڵی بونیاد و کار و وەزیفەی زمان دەبێت: پەیوەندیی نێوان زمان و بیرکردنەوە پرسیارێکی کۆنە، لە ڕابردوودا دوو بۆچوون باڵادەست بوون یەکێکیان ئەو بۆچوونە بوو کە پێداگریی دەکرد لەسەر ئەوەی زمان تەنها ئامرازێکە، یاخود بەرگێکی بیرکردنەوەیە، ئەوی دیکەیان جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە شەپۆلی زمان و شەپۆلی بیرکردنەوە یەک شتن، ئەوەی کە بیرکردنەوە وتەیەکی بێدەنگە، لێکۆڵینەوە نوێکان مەبەستیانە ئەو بۆچوونە تۆخ بکەنەوە کە زمان و بیرکردنەوە ناوەکییانە هاوپەیوەستن، ئەوە کە زمان بە تەنها دەنگ نییە، بەڵکو یەکێتییەکی دەنگ و مانایە، یەکێتییەک کە یەک پشت بە ئەوی دیکە دەبەستێت.

لە هەمان وانەدا ئەوەشی خستوەتە ڕوو کە لە نێو خاسییەتەکانی زمان، ئەوانەی پێکهێنەری دەسەڵاتی زمانن وەک ئامرازێک، خاسییەتێک زۆر دیارە، ئەویش خاسییەتی نوێنەرایەتی کردنە: لە نیوان ئەنجامگیری و زماندا پەیوەندییەکی نزیک هەیە، کەواتە گرنگە لە سروشتی زمان تێ بگەین گەر بمانەوێ بە دروستی ئەنجامگیری بکەین و وشەکان کاریگەرانە بەکار بهێنین، ئێمە دەتوانین بەبێ زمان ئەنجامگیری بکەین، وەک ئەوەی ماتماتیکزانەکان دەیکەن، بەڵام گەر زمان بەکار بهێنین ئەوسا باش بیر دەکەینەوە.

هەر وەک ئاراس سەعید لە وتایرێکدا باسی کردووە: فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە، (یۆنان)ی بوونی فەلسەفە ئەو مەفهوومە ناگەیەنێت کە فەلسەفە، موڵکی یۆنانییەکانە، بەڵکو گوزارشتە لە هاوتەریبوونی فەلسەفە لەگەڵ شاردا. نیشتمانی فەلسەفە شارە، چونکە شار شوێنی بەیەک گەشتن و پێکدادانی کلتوور و ترادسیۆن و بیرکردنەوە جیاوازەکانە، بەڵام جگە لە یۆنان شارستانیەتی( نیل و میزۆپۆتامیا و هێندستان و چین) لانکەی سەرهەڵدانی پرسی فەلسەفیانە بوون

فەلسەفە( philosophy) زاراوەیەکی لێکدراوی یۆنانییە، لە دوو بەش پێک هاتووە(فیلۆ) بە واتای خۆشەویشتی و (سۆفیا)بە واتای دانایی دێت. هەردوو زاراوەکە بە واتای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت.  یەکەمین کەس ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە (فیساگۆرس) بووە، ئەمەش لە کاتێکدا لێ دەپرسن تۆ کەسێکی دانایت دەڵێت:( نەخێر من کەسێکی دانا دۆستم.) کەواتە: فەلسەفە خۆشەویستییە بۆ دانایی. ئەگەر فەلسەفە خۆشەویستی بێت بۆ دانایی. فەیلەسووف یان فەلسەفەکار ئەوکەسەیە کە تینوی زانینە. فەیلەسووف ئەوکەسەیە کە زانایە بە نەزانین و تینوی زانینە. وەکو سوکرات دەڵێت: من دەزانم، کە نازانم. هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بە گشتی( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت: ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتای ژیانی نییە. واتە ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقی بکرێتەوە و لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شی بکرێتەوە. فەلسەفە فرەڕەهەندە و پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی ژیانی مرۆڤەوە کە تێدا ژیاون و بیرکردنەوەیان پەیوەستە بەو فاکتە کۆمەڵایەتیانەوە. هەرکات بەر چەمکی مێژووی فەلسەفە دەکەوین، ڕاستەوخۆ ئاوەز و بیرکردنەوەمان دەچێتەوە بۆلای مێژووی (گریک) شارستانییەتی یۆنان. ئەویش بە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمین جار ئەرستۆ لە کتێبی میتافیزیک ئاماژەی بۆ “تاڵیسی ماڵتایی” کردووە، کە وەکو یەکەمین فەیلەسووف لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت و زۆربەی فەیلەسووفان کۆکن لەسەر ئەوەی فەلسەفە لە تاڵیسەوە دەست پێ دەکات. بەڵام ئێمە ناکەوێنە ژێر جەبر و کاریگەری دۆگمانەی مێژووەوە. (تاڵیسی ماڵتایی) جەختکردنەوە نییە، لەسەر بە یۆنانی کردنی (تاڵیس) بەڵکو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیتر بە شێوەیەکی نوێ بیری لە سروشت کردۆتەوە جیاواز لە بیرکردنەوەی (میتۆلۆژیا و میتۆس)بەبێ سەرچاوە مێژووییەکان تاڵیس (585) زاینی ژیاوە. بە مانایەکی دی لەو ساڵەدا بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە لە یۆنان سەری هەڵداوە. بەڵام شتێکی ئاشکرایە و ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن فەلسەفە لە پێش تاڵیسەوە، لە ناوچەکانی تری جیهاندا دەبینرێت، بۆ ئەمەش گەلێک ئارگۆمێنت لە ئاردان، کە ڕوونی دەکەنەوە ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیانەی لە یۆناندا باو بوون، لە ناوچەکانی تردا هەبوون. یاخود هاوشانی یۆنانیەکان سەری هەڵداوە، وەکو مەڵبەندەکانی خۆرهەڵاتی لە (هیند و چین و میسر و بابل و ئێرانیەکان) ئەگەر (تاڵیس ساڵی 585 پ ز) ژیا بێت، ئەوا بوودا ساڵی ( 500 پ ز) و کۆنفۆشویس (550پ ز) و زەردەشت ساڵی (550) ژیاون. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، بۆچی “فەلسەفە” لە شارستانیەتەکانی تردا لە گەشەکردن وەستا و لە یۆناندا گەشتە لووتکە. بە هۆی بوونی چەمکی ڕەخنەوە لە یۆناندا، چونکە ڕەخنە یارمەتی هەڵوەشاندنەوە و ئاشکراکردنی کەموکورتیەکانمان دەدات لە بیرکردنەوەماندا. هۆکارێکی تر بوونی ئازادییە، فەلسەفە هاوتەریبە لەگەڵ ئازادی و هەر نیشتمانێک ئازادی تێدا نەبێت، فەلسەفە تێیدا ناژێت، ئاشکراشە کە یۆنان شوێنی لەدایکبوونی دیموکراسییە. هۆکارێکی تر، بە هۆی تێنەپەڕاندنی دۆگماکانی ئایین و نەبوونی ئازادی لەناو گەلانی تردا، بەراورد بە شارستانیەتی یۆنان. شتێکی ئاشکراشە، فەلسەفە هەمیشە یەکانگیرە لەگەڵ ئازادی و لە ژینگەیەک نامێنتەوە، ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە فەراهەم نەکات.