ژیان لەسەر هێڵە پێچاوپێچەکانی قەتار

Loading

ژیان لەسەر هێڵە پێچاوپێچەکانی قەتار

خوێندنەوەی: ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”

بەختیار حەمەسوور

ئەدەبیاتی گەنجان لە ڕووی گرنگی و بایەخپێدانەوە، هیچی کەمتر نییە لە ئەدەبیاتی گەوران، ئەم ئەدەبیاتە لەگەڵ ئەوەی بڕیارە توێژێک بدوێنێت و لەگەڵ ئەوان بپەیڤێت، بەڵام هاوکات دەتوانێت ئەدەبیاتێکی گشتیش بێت و بۆ سەرجەم تەمەنەکان دەست بدات. ئەم ئەدەبیاتە، مەبەست لە ئەدەبیاتی گەنجانە، لە دنیادا خانەیەکی تایبەت و شایستەی بۆ دابین کراوە، لەو خانەیەدا نووسەرانێکی گەورەی دنیا تێیدا بەرهەمیان پێشکەش کردووە و بە کارەکانیان وەک خانەیەکی دیاریکراو، ناساندوویانە و چەسپاندوویانە. لێرەدا قسە لەسەر ئەو ئەدەبیاتەیە، کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک گەیشتووەتە نووسەر و خوێنەرانی کوردزمان، ئایا نووسەرانی ئێمە کامانەن کە لەو بوارەدا بەرهەمیان نووسیوە و کارەکانیان بووە بە شایستە لای ئەو تەمەن و توێژە؟ هاوکات پرسیارێکیشە بۆ وەرگێڕەکان، کە تا چەند بە خەمەوە بوون دەست بۆ ئەو چەشنە ئەدەبیاتە ببەن و بەرچاوڕوونییەکی هەمەلایەن لای خوێنەرانی ئەو شێوە ئەدەبیاتە بچەسپێنن؟ خوێنەرانیش مافی خۆیانە ـ بە تایبەت ئەو توێژ و تەمەنە ـ بپرسن: ئێمە چی بخوێنینەوە و کامانەن ئەو کتێبە نووسراو و وەرگێڕاوانەی لە کتێبخانەی کوردیدا هەن و ڕوویان لە ئێمەیە؟

لەم نووسینەدا، بە وەستان لەسەر ئەو پرسە (پرسی ئەدەبیاتی گەنجان) وەک گرفتێک و لێدوانێک، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانێکی چکۆلەی وەرگێڕاوەوە، کە ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”ە، لە نووسینی ئەی نزبیت و وەرگێڕانی هەڵمەت عوسمان، کەمێک زیاتر لەو پرسە گرنگە نزیک ببینەوە و بتوانین وەک گرفتێکی ئەدەبی دەربارەی بدوێین.

بێگومان هیچ دوودڵییەک لەوەدا نییە کە تەمەنی گەنج تەمەنێکی هێجگار بە بایەخە، سەرچاوەی هەر وزەیەکە کە بتوانێت بە ئاراستە جیاوازەکاندا ئاراستە ببێت، گەنجان داینەمۆی نوێکردنەوەن، بزوێنەری داهێنان و هەر چەشنە کارێکی گرنگ و گۆڕانکارین لە کۆمەڵگەدا، ئەم وزە و ڕۆحیەتە هەراوە، کە پڕە لە سەرچڵی و بزێوی، دەتوانێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە ئاراستەی باشە و خێر، ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت، بەو مەرجەی بتوانرێت کۆی ئەو وزە ناوەکی و دەرەکییەی بە ئاراستەیەکدا ببرێت کە چاوی لە ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بڕی بێت. دیارە ئەوەش لە ڕێی کۆمەڵێک کەناڵ و دامەزراوەوە دەکرێت، کە ڕەنگە سەرەتایترینیان خێزان بێت و دواتر قوتابخانە و کۆی ئەو سیستەمەی کۆمەڵگە پێکی دەهێنێت، بێگومان ئەگەر هەریەک لەوانە بتوانن بە ڕێڕەوی دروست و گونجاوی خۆیاندا گوزەر بکەن، ئەوا دەتوانرێت تاکێکی گەنج بەرهەم بێت، تاکێک کە هەم بە خەونی خۆیەوە بەرەو ژیان هەنگاوەکانی بنێ، هەم بە خەونی چاکەوە بۆ دەوروبەری، کە دەکاتە کۆی کۆمەڵگە و ژیان، وزەکانی خەرج بکات. بەڵام لە هەر حاڵدا کە نەتوانرا جڵەوگیری ئەم تاکە و وزەکەی بکرێ و بوارێکی وای بۆ نەڕەخسێنرا  کە بتوانێت خۆی بناسێت و بزانێت چی لە خۆی و ژیان و دەوربەرەکەی دەوێت و ئەوانیش چییان لەو دەوێت، ئەوا دەبینین لەسەر دەستی چکۆلەی ئەو تاکە گەنجە، ژیان دەتوانێت چەند ترسناک بێت، چەند بکوژ بێت، هەروەها چۆن ڕووبەڕووی پێشهاتە وێرانە و کارەساتاوییەکان ببێتەوە، لێرەوەیە ئێمە دەتوانین باس لە دۆخێک بکەین کە بە “هەستیار” ناوی لێ بنێین و بیناسێنین.

هەستیاری گەنجان و پلەی بڕیاردان و ئامادەییان بۆ دۆخە ساتەوەختییەکان و وەڵامی یەکاویەکیان بۆ ئەو پرسانەی دێنە بەردەمیان، لەو کەڵکەڵانەن کە لە “ئەدەبیاتی گەنجان”دا بە تۆخی و بەوپەڕی وردەکارییەوە کاریان لەسەر دەکرێت، ئەم ئەدەبیاتە کۆمەڵێک خەسڵەتی دیاری هەیە، کە لە پلەی یەکەمدا کارکردنیەتی لەسەر هەستەوەرەکان و هەستیاری گەنج، نوختەیەکی تر زمانە، کە کارکردێکی سادە و ڕەوان بەخۆوە دەگرێت، دوور لە ئاڵۆزی تەکنیک و شێوەی دەربڕینی داهێنەرانە، خاڵێکی تر دامەزراندنی جۆرێک دنیابینییە، کە وا لە تاکی گەنج دەکات لە ساتی مامەڵەکردن لەتەک ڕووداو و کەسەکانی دەوروبەریدا ڕۆڵ بگێڕێت، ئەمەش هاوکاتی جۆرێک لە ئەتەکێت و ڕەفتاری دروست، گفتوگۆیەکی نەرم لە ئاستی تێگەیشتنێکی کراوەدا. ئەم ئەدەبیاتە لە ڕووکەشدا وەک ئەدەبیاتێکی ئامۆژگاریکار دەر دەکەوێت، بەڵام پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، ئەم ئەدەبیاتە بە هیچ جۆرێک ناچێتە بازنەی ئامۆژگارییەوە، بەڵکو لە دەرەوەی ئەو بازنە کار دەکات و گوتار و ئاماژەکانی دەنێرێت، ئەویش لە ڕێی ئەو ئیمکانە هونەرییانەی کە دەبێت هەریەک لە ژانرەکان هەیانبێت، بۆ وێنە ڕۆمان، بە هەمان شێوەی ڕۆمانە گرنگەکانی دنیا، لە ئەدەبیاتی گەنجانیشدا دەبێت بێ ڕەچاوکردنی ئەو باردوخانەی کە ئەو تەمەنە هەیەتی، دەبێت لە پلەی ئەوەڵیندا نووسەر خەیاڵی لەسەر ئاستەکانی هونەرییبوونی ڕۆمانەکەی چڕ و کۆ بکاتەوە، پاشتر بپەرژێتە سەر ئەو ئایدیا و ناوەرۆکەی قەرارە وەک تێمایەک نیشانگری بکات و بینووسێت. بۆیە لە ئەدەبیاتی گەنجاندا، قسە لەسەر ڕۆمانە، نووسەر دەبێت لە ڕێی هونەری ڕۆماننووسینەوە، ڕۆمانێک بخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، کە لە ئاستێکی بەرزدا بێت، هەر ئەوەش ببێتە پردێک بۆ ئەوەی وا بکات وزەی زۆری گەنج لەو چوارچێوە هونەرییەدا پێشان بدرێ و ئاراستەیەکی دروستی بۆ بدۆزرێتەوە، نەک ئەوەی کە بڵێت وا بکە و وا مەکە، لەوێوە بڕۆ و لێرەوە هەڵەیە، ئەوە هێڵی سوورە و ئەمەیان پەمەیی و…

لە دەرەوەی ئەم ئەدەبیاتە، دەتوانین ئەدەبیاتێکی تر بدۆزینەوە، کە زۆرجار لە بازنەی حیزب یان ئایینەوە ئاراستە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت لە ڕێی ئەدەبیاتێکی حیزبی یان دینییەوە تاکێکی حیزبی یان دینی بەرهەم بێت، ئەم ئەدەبیاتە ڕاستەوخۆ هانا بۆ زمانی ئامۆژگاری دەبات و بە خاڵ و وەک پێڕەونامەیەک مامەڵە دەکات، بۆیە ئەو ئەدەبیاتە هەرچی بێت ناتوانین لەناو ڕووبەری ئەدەبیاتی جددیدا جێی بۆ بکەینەوە و سەر بە ئەدەبیاتی ئایدۆلۆژییە، جا ئەو ئایدۆلۆژیایە ئایین بێت یان حیزب و ناوەندێکی دیاریکراو. کە واتە ئێمە قسە لەسەر ئەدەبیاتێک دەکەین کە لە دەرەوەی ئەو بازنە ئایدۆلۆژییەوە دێت و دەتوانێت بۆ دەستە و تاقمێکی دیاریکراو نا، بۆ هەمووان و هەموانەکی بێت.

***

ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن” سەر بەو ئەدەبیاتەیە کە ناوی ئەدەبیاتی گەنجانە، دوورە لە ئایدۆلۆژیا و هەر پەیامێکی حیزبی یان ئایینی، ڕاستەوخۆ و بێ هیچ ڕایەڵ و نێوەندگیرییەک لەگەڵ چینی گەنجان دەپەیڤێ و ڕازی قووڵیان بەخەبەر دێنێتەوە. ئەم ڕۆمانە کورت و پوختە، بە شێوەیەکی زۆر ساکار چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە پڕە لە هاندان و پێشاندان، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە، سوود لە ئیمکانێک وەر نەگیراوە دەرەهونەریی بێت، هیچ هەوڵێکی ئایدۆلۆژی، یان ئایینی و حیزبی نەگیراوەتە بەر، بەڵکو بە تێکڕای ڕۆمانەکە، کە هەر حەفتا لاپەڕەیەکە، بەردەوام ئاستی گێڕانەوەکەی لە ئاستێکی بەرزی هونەریدا ڕاگرتووە، ئاستێک کە تێیدا جومگەکانی گێڕانەوە هیچ کامیان نەدیو نەگیراون و بە هێزێکی بەرزی ئەدەبی خراونەتە گەڕ، چ دیالۆگ، چ کەسێتی داڕشتن، چ ڕووداو، چ چینین و کرۆنۆلۆژی و بەیەکدواهاتنی زەمەن و ڕووداو و پێشهاتەکان، چ کات و شوێن و بەش بەشکردنی پاژەکان، ئەمەش وای کردووە کە لە خانەی هەڵسەنگێنەرانەی ڕۆمانەکەدا، بتوانین هونەرییانە لێی بپێچینەوە و دڵنیا بین کە لە بەردەم ڕۆمانێکداین کە بەوپەڕی وردەکارییەوە چنراوە.

“منداڵانی هێڵی ئاسن” چیرۆکی خێزانێک دەگێڕێتەوە، دایک و باوکێک و سێ منداڵ؛ دوو کچ و کوڕێک. یەکەم دەرکەوتنی ئەم خێزانە لەناو ماڵەکەیاندا، لە ساتەوەختێکی بەختەوەریدایە، بەڵام ئەوان، هیچ کام لەوان، نازانن ئەوە ساتەوەختی ئاڵتوونی ئەوانە، هەمیشە دەبێت بەدبەختییەک بێتە پێشەوە و بەرت پێ بگرێ تا بزانیت کە تۆ ساتەوەختێکت هەبووە بە مانای وشەکە تێیدا بەختەوەربوویت، ئەوەش ئەو کاتەیە کە ئیدی درەنگ بووە و بەختەوەری زۆر زۆر لێت دوور کەوتووەتەوە. ئەم خێزانە لەو دۆخەدان، نوقمی بەختەوەرین، هێندە بەختەوەرن و ماڵەکەیان پڕ پڕە لە گەرمیی خۆشەویستی و سۆزی کامەرانی، مەستن، مەستی ئەو دنیایەن کە ناوماڵ و ڕۆحیانی تەنیوە.

چیرۆک لەو بەختەوەرییە گەورەیەدا ڕوو نادات، ئەگەر ڕووش بدات، بێ خوێ و بێتامە، تاکو دۆخەکە هەڵنەگڕێتەوە، بەختەوەری نەبێت بە بەدبەختی و ئەم دۆخگۆڕکێیە سەر نەگرێت، چیرۆک ناقەومێت، دواتریش کە قەوما و ڕێزبەندی ئەو دۆخە تێک چوو، هەموو ئیمکان و هەلی چیرۆک، بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو دنیایەی سەرەتایە، ڕێک ئەمە گرێچنی ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”ە.

ئەمە ڕوو دەدات: لەپڕ هێڵکاری ئەم بەختەوەرییە دەشێوێت، هەموو شتت دەچێتە دۆخێکی گرژ و دژوارە؛ دوو میوان لە بەردەرگان، لە بەرگێکی فەرمی حکوومیدا، هاتوون لەگەڵ باوک بدوێن و دیاریشە کە نیازیان هیچ باش نییە، پاشان دێنە ژوورەوە، دەنگیان دەگاتە ئەو ژوورەی دایک و منداڵەکان لێی دانیشتوون، ئەگەرچی تۆنەکان بەرز و توندن، بەڵام لێڵ و ناڕوونن، دواتر دایک بانگ دەکرێتە هەمان ژوور و تێدەگات کە چ کارەساتێک بەر بینی گرتوون. باوک دەبرێت و ئیدی چارەنووسی دەبەسترێت بە خاڵێکی نادیارەوە، بە تۆمەتێک زیندانی دەکرێت، سوور و خەتەر: سیخوڕی!

ئیدی شیرازە دەپچڕیت، ماڵ دەکەوێتە قەیران و بارێکی ئاڵۆزەوە، ئەم چیرۆکە لە چەقی شارێکی زەبەلاحدا ڕوو دەدات: لەندەن، لە ماڵێکدا کە تێیدا هەمووان بەختەوەر و دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا دەبێت لەندەن و ئەو خانوو و ماڵەش بەجێ بهێڵن و بەرەو کەنارێکی دوور لە شار، لە خانوویەکی تەریکدا، کە نوقمی تاریکی و ترسە، نیشتەجێ بن. ماڵ بار دەکرێ، کەلوپەل دەپێچرێتەوە، بەرەو کەنار مل دەنێن، ژیانێک لەوێ چاوەڕێی دایکە و سێ منداڵەکەیەتی، خوێنەر دەزانێت کە چیدی ئەو ژیانەی پێشوو نییە، بەڵام ناشزانێت چۆنە، دەزانێت پڕە لە ململانێ، دەزانێت چیرۆک لەوێدایە و دەبێت لەوێشدا مانای خۆی وەر بگرێت، وایە، لەوێدا ئێمە چیرۆک دەبیستین، دڵمان تەنگ دەبێت و جارجاریش بزەیەک لەسەر لێومان هێلانە دەکات.

لەوێ، بوونی شتێک کە هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، هێڵی ئاسنی شەمەندەفەرە، هێڵێکی بێکۆتا و پێچاوپێچ، ڕێک وەک ژیان و هەڵکەوتەی هەریەک لە ئێمە لە ژیاندا، ئەم هێڵە نەک منداڵەکان، بەڵکو چیرۆکیش بەسەریدا بازبازێن دەکات، چۆن قەتارەکان بە خێرایی و فیشکە و زریکەوە، توند دەئاژوون، چیرۆکیش بە هەمان ڕیتم بەسەر ئەو هێڵی ئاسنەدا تێپەڕ دەبێت، هەروەک ئەوەی ئێمە بەناو ژیاندا دەگوزەرێین و ڕەنگە هیچێکی ئەوتۆش جێ نەهێڵێن.

منداڵەکان دەچنە نزیک هێڵی ئاسنەکە و بە یادی باوکیان، سڵاو و دەست بۆ سەرنشنیانی قەتار دەشەکێنن، بەو نیازەی ئەوان دەچنە لەندەن و سڵاوی ئەمان بگەیەننە باوک! چیرۆکەکە خەمگینە، جوانە، وەک جوانیی ئێواران، لەو ساتەدا کە خەریکە دوایین تیشکەکانی خۆر ئاوا دەبن و دڵ دەخەنە دۆخێک و دۆزێکەوە.

لەسەر هێڵی ئاسن، کارمەندێکی دڵاوا هەیە، منداڵەکانی خۆشدەوێت و ئەوانیش ئەو کارمەندەیان خۆش دەوێت، هاوکات پیرەپیاوێک هەیە، کە هەموو ڕۆژ بە قەتار سەفەر دەکات و کارەکەی لە لەندەنە، ئەمانە هاوڕێ نزیکەکانی منداڵەکانن، زمانێکی هاوبەش لە نێوانیان دروست دەبێت، کە چەقەکەی میهرەبانییە. بۆ وێنە، دایک نەخۆش دەکەوێت، بێ پارەن و دکتۆر دنیایەک دەوای نووسیوە، منداڵەکان نامە بۆ پیرەپیاو دەنووسن کە دەواکانیان لە لەندەنەوە بۆ بێنێت، بۆیان دێنێت. یادی لەدایکبوونی کارمەندی وێستگەی قەتار منداڵەکان دەیکەنەوە، سوپرازێک کە هەرگیز بۆی نەکراوە! بە گونددا دەگەڕێن، دیارییەکان دەچننەوە و گردی دەکەنەوە و دەیبەنە بەردەم ماڵی کارمەندەکە، ژیانێک لە لێواردایە، بەڵام هیوا دژ بە هیوا نییە، هەمیشە ژیان لە پێشدایە، دەبێت هەنگاوەکان نەوەستن، هەر وەستا کەوتوویت، هەر کەوتوویت مردوویت.

لێرەدا ناکرێت و نالوێت چیرۆکەکە بگێڕدرێتەوە، چیرۆکەکە لەوە ڕوونترە بخرێتە چوارچێوەی گێڕانەوەوە، دەبێت بخوێنرێتەوە، چێژی لێ ببینرێت، وەک هەر ساتێکی جوان کە دێتە بەردەممان و نابێت بهێڵێن بڕوات، کە ڕۆیشت نایەتەوە.

ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن” لە پشتینەیدا (باکگراوند) زەمەنێک هەیە، کە زەمەنی جەنگ و ماڵوێرانییە، ئەم زەمەنە زۆر کاڵ و پەراوێزیی ئاماژەی پێ دراوە، پێم وایە ئەمە خاڵی هەرە سەرکەوتووی ئەم ڕۆمانەیە، ئەگەر بهاتبایە و جەنگ و لێکەوتەکانی زەق بوایەن، بێگومان ئەوکات ڕۆمانەکە خانەی ئەدەبیاتی گەنجانی تێدەپەڕاند و دەبوو بە ئەدەبیاتی گەوران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێڵە کاڵە هێندە دەبەخشێت کە خوێنەر پەی بە قورسایی زەمەنەکەی بکات.

ناونیشانی ڕۆمانەکە زۆر هەستبزوێن و سەرنجڕاکێشە، منداڵانێک لەسەر هێڵی ئاسن گەمە دەکەن و بەدیار دەرکەوتنەوەی باوکیانن لە یەکێک لەو قەتارانەدا کە ڕۆژانە دێن، خودی ئەو ڕۆژانە وەک ئاسن ڕەقن، ئەگەرچی دنیای منداڵەکان ناسک و نەرمە، بەڵام کەوتوونەتە ناو ڕۆژگارێکی وەک ئاسنەوە، ئەوان دەیانەوێت هەستی منداڵانەی خۆیان بژین، دیناکەیان پڕ بێت لەو شتانەی کە تایبەتن بەوان، بەڵام ئەمە قورسە، لە زەمەنێکی هەڵەدا هاتوون، بۆیە ڕەنگە هەندێ جاریش هەڵە بکەن، هەڵەیەک کە هەڵەی ئاگایانەی ئەوان نییە، هەڵەی زەمەنەکەیە کە تێی کەوتوون.

“ئەدەبیاتی گەنجان” لە ئەدەبیاتی نووسراوی کوردیدا دەتوانین بڵێین لە ئاستی زۆر کەمدایە، کەم تا ئاستی سفر، هەندێ هەوڵ هەن لە کایەی وەرگێڕاندا، بەڵام زۆر کەمن، پێویستمان زۆر بە زیادترە. وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، هەڵمەت عوسمان، لە فارسییەوە ئەم کارەی کردووە بە کوردی، وەرگێڕانی بێ گرێ و دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزی و لێڵییەک، ئەو خەسڵەتەی کە ئەدەبیاتی گەنجان هەڵگریەتی، بە تایبەت لە ئاستی گێڕانەوە و سادەیی چینیندا، لە دەقە وەرگێڕاوە کوردییەکەدا مسۆگەر کراوە، خوێنەر چێژ لە سادەیی زمان و سووکەڵەیی گێڕانەوە دەبات، لەو ڕووەوە، جێی دەست خۆش و پێزانینە.

“منداڵانی هێڵی ئاسن” دەتوانێت ڕۆمانی هەموومان بێت، بە تایبەت بۆ ئێمە، کە زۆرینەمان منداڵییەکی هاوشێوەی منداڵانی نێو ئەم ڕۆمانەمان تێپەڕ کردووە، منداڵیمان بە دەیان کارەسات و جەنگ و مەینەتیدا گوزەراوە، بۆیە ڕۆمانە دەتوانێت لە ئاستی گشتیدا بیرەوەریی کۆیی پێک بهێنێت، بیرەوەرییەک ئەگەرچی تاڵ و تفتیش بێت، بەڵام بەیادهێنانەوەی هیوایەکە بۆ تێپەڕاندن، بۆ دووبارە نەبوونەوە.

ناردن: