سپینۆزا و ته‌كفیركردنی
سپینۆزا و ته‌كفیركردنی
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
400 ساڵه و تا ئه‌مڕۆ، به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “گه‌لی هه‌ڵبژێردراوی یه‌زدان” فه‌توای ته‌كفیركردن به دوای سپینۆزاوه‌یه. ئه‌نجومه‌نی ئاینی جوله‌كه له شاری ئه‌مستردامی هۆڵه‌نده، له ڕێكه‌وتی 27 ته‌موزی ساڵی 1656، فه‌توایه‌كی لاهوتی دژ به سپینۆزا ده‌ركرد، تێیدا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سپینۆزا به تۆمه‌تی كوفر و بیدعه و دووركه‌وتنه‌وه له عه‌قیده و مه‌زهه‌بی تائیفه‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌ی، تۆمه‌تبار ده‌كرێت.
له فه‌توای ته‌كفیركردنه‌دا به دروستی ئه‌مه هاتووه: “ئێمه ماوه‌یه‌كه ئاگاداری بیدعه‌یه‌كی ترسناك و كاره قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ین ناوی سپینۆزایه، چه‌ندینجار هه‌وڵماندا، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا خراپ و لاده‌ره‌ی رایوه‌ستێنین و بیهێنینه‌وه سه‌ر ڕێگای ڕاست، به‌ڵام سودی نه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه، بڕیارماندا له ئۆمه‌تی ئیسرائیل ده‌ریبكه‌ین و به ده‌ركردنی ئه‌م فه‌توایه، له‌عنه‌تی ئاینی و تیۆلۆژیای بۆ هه‌تاهه‌تایه لێبێت. له شه‌ودا نه‌فره‌تی خودای لێبێت، له رۆژدا نه‌فره‌تی خودای لێبێت، بۆ هه‌تاهه‌تایه نه‌فره‌تی خودای لێبێت، تا ڕۆژی قیامه‌ت به‌ر نه‌فره‌تی خودا بكه‌وێت”.
باشه ئاخۆ ده‌بێت هۆكاری ئه‌م هه‌مو تووڕه‌ییه زۆره له سپینۆزای داماو چی بێت؟ چی كردووه؟ چ تاوانێكی ئه‌نجامداوه؟ ئێمه بۆیه ئه‌وه ده‌ڵێین، چونكه سه‌رجه‌م هه‌واڵه‌كان و باس و خواسه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره له‌سه‌ر سپینۆزا، باس له‌وه ده‌كه‌ن سپینۆزا، هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زووی منداڵییه‌وه، كه‌سێكی ئیماندار و خواپه‌رست بووه، له كه‌نیسه‌ی جوله‌كه‌كاندا، نوێژه‌كانی كردووه و سه‌رقاڵی خواپه‌رستی بووه، بگره باوكی له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی بۆ كه‌نیسه، تاكو ببێت به حاخام، واته ببیت به پیاوی ئاینی.
له‌وانه‌یه هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی سپینۆزا له ئاینداری ته‌قلیدی نه‌ریتخواز، بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری فه‌له‌سه‌فه‌ی مۆدرێن بووه، واته فه‌لسه‌فه‌ی دیكارت كه له‌و ڕۆژگاره‌دا، ڕه‌واجێكی زۆری هه‌بوو. هه‌روه‌ها ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێكه‌ڵاوبوونی سپینۆزا به ناوه‌نده مه‌سیحییه لیبراڵییه ڕۆشنگه‌ره‌كه، ناوه‌ندێك له ده‌ره‌وه‌ی عه‌قیده‌ی تیۆلۆژیای پیاوانی ئاینی بوو، چ پیاوانی جووله یان مه‌سیحی.
له‌به‌ر ئه‌وه، له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵییه‌وه، چیتر سه‌ردانی كه‌نیسه‌ی جوله‌كه‌كانی نه‌ده‌كرد و سروت و په‌رستنه‌كانی ئه‌نجام نه‌ده‌دا. له دواجاردا بیر و فیكری مۆدرێن، قه‌ناعه‌تیان پێكرد پاشه‌كشه له ئاینداری ته‌قلیدی نه‌ر‌یتخوازی دووباره و جووینه‌وه بكات. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر سپینۆزه‌دا هات، ئه‌وه‌یه كه ئێستا به‌سه‌ر زۆرێك له گه‌نجانی عه‌ره‌ب دا دێت، ئه‌وانه‌یان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ڕێكه‌وتووه ئاگاداری فیكری مۆدرێن و زمانه بیانییه‌كان بن.
جێبه‌جێكردنی سروت و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان، بۆ گه‌نجه تازه پێگه‌یشتووه‌كان، قورس و تاقه‌تپڕووكێن بوو، ئه‌وان به شوێن هاتنه‌ده‌ره‌وه له كه‌ش و هه‌وای خنكێنه‌ری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌گه‌ڕان، هه‌مو كێشه‌ی سپینۆزا به‌و په‌ڕی ساده‌ییه‌وه، هه‌ر ئه‌وه بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به دروستی ڕوویدا. فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانی وایلێكرد له یه‌ككاتدا، هه‌م له ئاینداری ته‌قلیدی و هه‌م له پیاوانی ئاینی دووربكه‌وێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه سپینۆزا له ئه‌مستردام، چیتر بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌ریزه‌كان و سروت و رێوڕه‌سم و نزا و پاڕانه‌وه‌كان، سه‌ردانی كه‌نیسه‌ی جوله‌كه‌كانی نه‌كرد. ئا لێره‌دا و له‌م دابڕانه‌دا، كرۆك و جه‌وهه‌ری مۆدێرنه ده‌رده‌كه‌وێت. وه‌لێ ئه‌مه به‌و مانایه نییه سپینۆزا، بووه‌ته كه‌سێكی كافر وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و چیتر توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو پابه‌ندی ئه‌و هه‌مو ئه‌شێ و ناشێ و كۆت و به‌ندانه ببێت كه پیاوانی ئاینی سه‌پاندبوویان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، مه‌سیحییه لیبراڵه‌كان، ئه‌وانه‌یان كه سپینۆزا ورده ورده تێكه‌ڵیان ببوو و له‌گه‌ڵیان ده‌ژیا، ئه‌وانیش چیتر سروشته‌كانی ئاینی مه‌سیحییان له كڵێساكاندا ئه‌نجام نه‌ده‌دا و دروست وه‌ك سپینۆزا بڕوایان وابوو ئیمانی ڕاسته‌قینه، بریتییه له ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌ی باش له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه و گرتنه‌به‌ری به‌هاكانی دادپه‌روه‌ریی و چاكه‌كاریی و ده‌ستپاكیی و راستگۆیی. ئاین له دیدی و تێڕوانینی ئه‌واندا ئه‌وه بووه، كرۆك و جه‌وهه‌ری ئاینیش هه‌ر ئه‌وه‌یه. هه‌رچی ده‌مارگیری تائیفی و مه‌زهه‌بییه كه له‌سه‌رده‌می سپینۆزادا، خه‌ریك بوو هۆڵه‌نده و هه‌مو ئه‌وروپا وێران بكات، به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه دوژمنی ئاینه، دوژمنی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانییه، دوژمنی مرۆڤایه‌تییه.
دین هه‌یه و تائیفه‌گه‌ریش هه‌یه، ئه‌و دووانه، دوو شتی ته‌واو جیاوازن له یه‌كتر، ئه‌مه‌یه نه فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان و نه عامه‌ی خه‌ڵك لێیتێده‌گات. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو، سپینۆزا به ڕووی كه‌نیسه‌ی جوله‌كه‌دا ڕاپه‌ڕی و یاخیبوونی خۆی دژ به حاخامه گه‌وره‌كان ڕاگه‌یاند. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی فه‌توا لاهوتییه‌كانه‌وه و دانانی به كافر و گومڕا، ته‌واو شه‌كه‌ت و ماندوویان كرد.
به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا نییه، چونكه ئه‌وه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بووه، له‌و ڕۆژگاره‌دا تائیفه‌گه‌ری ئاسۆیه‌ك بوو هه‌رگیز نه‌ده‌كرا تێپه‌ڕێنرێت، وه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی هه‌نووكه له جیهانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه. كێشه‌كه ئه‌وه بوو، ئه‌م فه‌توایانه كه له كتێبه‌كانی مێژوودا به نه‌مری ماونه‌ته‌وه، تا ئێستاش له‌سه‌ر سپینۆزا هه‌ڵنه‌گیراون، واته دوای تێپه‌ڕبوونی چوار سه‌ده به‌سه‌ر ده‌رچونیان، هێشتا وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه و لانه‌براون. سه‌روه‌ختێك دێڤد بن گۆریۆن له ساڵی 1953، هه‌وڵیدا ئه‌و فه‌توایانه لاببات و ناوبانگی سپینۆزا وه‌ك یه‌كێك له بلیمه‌ته گه‌وره‌كانی جوله‌كه، به درێژایی مێژوو وه‌سف بكات، حاخامه‌كانی ئیسرائیل، به ته‌واوه‌تی داواكارییه‌كه‌یان ڕه‌تكرده‌وه و پێی ڕازینه‌بوون، بگره ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له فه‌یله‌سوفه‌كانی جوله‌كه و ڕۆشنبیره گه‌وره‌كانیان، ڕازی نه‌بوون ڕێز و شكۆ بۆ سپینۆزا بگه‌ڕێننه‌وه.
بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه، نموونه‌ی فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ ئه‌میل لیڤیناس ده‌هێنینه‌وه كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می كه‌م و سنورداره، ئه‌و به بن گۆریۆن-ی وتووه: ئه‌م پیاوه- سپینۆزا- دوژمنی جوله‌كه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باو و باپیرانیشی جوله‌كه بن، ئه‌و خائینی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی، خائینی ئاین و كه‌لتوره‌كه‌یه‌تی، وایكرد جوله‌كه ملكه‌چی دوژمنه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی بێت، واته ئاینی مه‌سیحی. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌میل لیڤیناس وا بڵێت، ئاخۆ كه‌سێكی سه‌ر شه‌قام ده‌بێت چی بڵێ؟
ساڵی 2012، واته پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی رێز و شكۆ بۆ سپینۆزا و لابردن و سڕینه‌وه‌ی فه‌توای ته‌كفیركردنه‌كه‌ی، هه‌وڵێكی دیكه درا. له شاری ئه‌مستردام، ژماره‌یه‌ك له عاقڵمه‌نده‌كانی تائیفه‌ی جوله‌كه كۆبوونه‌وه، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوایان له ده‌سه‌ڵاتی حاخامه‌كان كرد، ئه‌و فه‌توایه لاببن و وتیان: “وه‌ڵا شوره‌ییه، نزیكه‌ی چوار سه‌د ساڵ، به‌سه‌ر ئه‌و چیرۆكه‌دا تێپه‌ڕیوه، ئایا هه‌نووكه كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئه‌و نه‌فره‌ته‌ی سه‌ر سپینۆزا هه‌ڵگیرێت؟”.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، حاخامه گه‌وره‌كان له هۆڵه‌نده كۆبوونه‌وه، نزیكه‌ی یه‌ك ساڵی ڕه‌به‌ق، گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كرد، ئه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی چی بوو؟ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی و وتیان: “نه‌خێر، نه‌خێر ناتوانین ئه‌و فه‌توایه‌ی سه‌ر سپینۆزا لاببه‌ین و بیسڕینه‌وه، ناتوانین ئه‌و به جوله‌كه‌ی ڕاسته‌قینه دابنێین، چونكه ئه‌و گومڕا و زه‌ندیق و كافر بوو، باوه‌ڕی به سه‌وابته‌كانی عه‌قیده و ئاین نه‌بووه. گه‌وره‌ترین به‌ڵگه بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌یه ئه‌و پیاوه خودی خۆی و به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خسی، داوای له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی نه‌كردووه، فه‌تواكه‌ی سه‌ری لاببه‌ن و ڕێز و شكۆی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه و هه‌رگیز گوێی به‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌داوه و له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه كردوویه‌تی تۆبه‌ی نه‌كردووه و داوای لێخۆشبوو‌ن و به‌خشینی له كه‌نیسه‌ی جوله‌كه نه‌كردووه. بگره ڕه‌نگه پێیوابووبێت فه‌توای ته‌كفیركردنه‌كه‌ی، وه‌ك مه‌دالیایه‌ك وابووبێت به‌سه‌ر سینگییه‌وه و شانازییه‌كی گه‌وره‌بێت بۆ ئه‌و. لێره‌وه ئێمه ناتوانین هیچ شتێكی بۆ بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه فه‌توای ته‌كفیركردنه‌كه‌ی سه‌ر ئه‌ومان لابرد، مانای وایه ئێمه ڕازین به گومڕاییه‌كه‌ی و كوفره‌كانی سه‌باره‌ت به عه‌قیده‌ی گه‌له‌كه‌ی”.
ئێمه له پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، چۆن بتوانین كۆی هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌م پرسه شیبكه‌ینه‌وه كه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌یه، جوله‌كه‌كانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، چۆن ده‌توانین له قووڵایدا، هه‌ڵوێستی سپینۆزا لێكبده‌ینه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین؟
له ڕاستیدا ده‌كرێت ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سپینۆزا سه‌ر به كه‌مینه‌یه‌ك بووه، ئه‌و كه‌مینه‌یه به درێژایی مێژوو، چه‌وسێنراوه‌ته‌وه و مافه‌كانی پێشێلكراوه، ئه‌وا تاقه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و، بریتی بوو له توانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له ناو كۆمه‌ڵگای مه‌سیحیدا، واته زۆرینه‌ی گه‌ل. ئێمه بۆیه وا ده‌ڵێین، چونكه ده‌زانین له‌و ڕۆژگاره‌دا فیكری نوێی ڕۆشنگه‌ریی، له هۆڵه‌نده به خێرایی ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه كردبوو. له‌به‌ر ئه‌وه مانه‌وه و داخران له نێو دیواری تائیفییه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌بووه. تاقه چاره‌سه‌ر بۆ سپینۆزا، بریتی بوو له هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له داخرانه تائیفییه‌كان، تاقه چاره‌سه‌ر بریتی بووه له ئامێزگرتنی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانییه‌تی دیكارت كه مژده‌ی ئاینده‌ی هه‌ڵگرتبوو.
ئێمه له ئێستادا ده‌ڵێین: سپینۆزا به ئاراسته‌ی جووڵه‌ی مێژوو هه‌نگاوی ناوه، به مانایه‌كی دیكه، تاقه چاره‌سه‌ر به‌لای سپینۆزاوه، ئه‌وه بووه به ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری ئاینداره تائیفییه باوه‌كه ببێت. هه‌روه‌ها ئێمه به تایبه‌ت باس له‌وه ده‌كه‌ین، چونكه جه‌نگی كاسۆلیك-پرۆتستانت كه ئه‌وروپای وێران‌كرد و هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌هێشت، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاینداره تائیفییه باوه‌كه. له‌م باره‌یه‌وه سپینۆزا شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئاینداری ڕاسته‌قینه، ئه‌وه‌یه یه‌زدانمان له ڕووی فیكریی و فه‌له‌سه‌فی و عه‌قڵانییه‌وه خۆش‌بووێت، بێ هیچ سۆز و هه‌ڵچوونێكی تائیفی یان ده‌مارگیرییه‌كی كوێرانه. ئاینداری ڕاسته‌قینه بریتییه له په‌یڕه‌وكردنی ئه‌خلاقی باشه، واته پیاده‌كردنی فه‌زیله‌ت و ده‌ستپاكی و ڕاستگۆیی و دادپه‌روه‌ریی و كاری چاكه، ئه‌ڵبه‌ته به پێی توانا، ئێمه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته خه‌یاڵپڵاویی ناكه‌ین، ئاخر خۆ خه‌ڵك فریشته نییه، مرۆڤ له‌به‌رده‌م شه‌هوه‌ت و ئاره‌زووه‌كان و لادانه‌كاندا لاوازه.
سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وانه، هۆكاری تووڕه‌بوونی حاخامه‌كانی ئه‌مستردام له سپینۆزا، ئه‌وه‌یه سپینۆزا ڕاستی و دروستی هه‌ندێك له عه‌قیده سه‌ره‌كییه‌كانی جوله‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه، له پێشه‌وه‌ی هه‌موان ده‌سته‌واژه‌ی “گه‌لی هه‌ڵبژێردراوی یه‌زدان”، ئه‌و وته‌یه‌ی به ته‌واوه‌تی ڕه‌تكرده‌وه و به ڕوون و ئاشكرایی ئاوا ده‌ڵێت: “كاتێك ته‌ماشای خودی كه‌سیكی جوله‌كه ده‌كه‌ین، هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی وا نادۆزینه‌وه، بیخاته سه‌رو مرۆڤه‌كانی دیكه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان جوله‌كه و كه‌سانی دیكه‌دا نییه، هه‌موان هه‌ر مرۆڤن و له مرۆڤبوون و ئینسانیبووندا یه‌كسانن”.
واته له جوله‌كه‌دا، كه‌سانی باش و كه‌سانی خراپ هه‌یه، كه‌سانی ده‌ستپاك و كه‌سانی گه‌نده‌ڵ هه‌یه، دروست وه‌ك هه‌مو مرۆڤه‌كانی دیكه، كه‌واته به چ مافێك، جوله‌كه به گه‌لی هه‌ڵبژێردراوی یه‌زدان دابنێین؟ ئه‌وه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لاهوتی فێنده‌مێنیتاڵیزمه، نه‌ك وته‌یه‌كی عه‌قلانی لۆژیكی. دواتر سپینۆزا له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م وته‌یه ده‌ڵێت كه حاخامه‌كانی هۆڵه‌نده، شێت و هار ده‌كات: “جوله‌كه‌كان نه به زانست، نه به ده‌ستپاكی، نه به خواپه‌رستی، بۆڕی هیچ میلله‌تێكی دیكه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه!”. هه‌مو ئه‌وه مانای چییه و چی ده‌گه‌یه‌نێت؟، مانای ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌یه‌نێت: سپینۆزا له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا، بووه نموونه‌ی باڵا بۆ ڕۆشنبیری مۆدرینی نا تائیفی، واته ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی سه‌ر به هیچ تائیفه‌یه‌ك نییه، ته‌نها تائیفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆشنگه‌ریی و عاشقی حه‌قیقه‌ت نه‌بێت.
ئێستا با یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه هاوچه‌رخه‌كانی فه‌ره‌نسا “ئالان بادیۆ” بدوێنین و له‌باره‌ی سپینۆزاوه پرسیاری لێبكه‌ین و بزانین سه‌رنجی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م فه‌یله‌سوفه گومڕاو لاده‌ره چییه؟ بادیۆ زۆر سه‌رسامه به سپینۆزا و له باره‌یه‌وه‌ی ده‌ڵێت: سپینۆزا جوله‌كه‌یه‌كی ئازادیخواز بوو، خۆی له هه‌مو كۆت و به‌ندێكی ئاینی و لاهوتی و تائیفی رزگاركردبوو، سپینۆزا جوله‌كه‌یه‌كی ئازاد بوو. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و ڕۆشنبیره تائیفییانه‌ی خۆیان له ناو دیواری تائیفه‌كه‌یان و مه‌زهه‌به‌كه‌یان به‌ندكردووه، ناتوانن لێی تێبگه‌ن، له نێوان سپینۆزا و ئه‌وان، چه‌ندین ساڵی ڕووناكی هه‌یه، سپینۆزا جوله‌كه‌یه‌كی ئازاد بوو یان ڕاستتر مرۆڤێكی ئازاد بوو، نوقته سه‌ری دێڕ.
به‌ڵام هه‌ندێك له ڕۆشنبیره‌كانی ئێستای فه‌ره‌نسا، له نمونه‌ی ژان كلۆد میلنه‌ر، پێیانوایه سپینۆزا دوژمنی خۆی بووه، واته دوژمنی جوله‌كه بووه، سه‌رنجی تۆ له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟ بادیۆ ئاوا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: به‌و مانایه، كه‌واته منیش دوژمنی خودی خۆمم و دوژمنی فه‌ره‌نساشم، ئه‌گه‌رچی من هه‌زاران ساڵه له باوباپیرانمه‌وه فه‌ره‌نسیم، چونكه من به تووندی ڕه‌خنه له ڕه‌گه‌زپه‌رستی فه‌ره‌نسییه‌كان، به‌رامبه‌ر به كۆچبه‌ران و به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رامبه‌ر به كرێكارانی تاراوگه‌نشین ده‌گرم. ئه‌وانه‌ی سپینۆزا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌كی دڕندانه كه‌وتوونه‌ته دوای، خه‌ڵكانی كه‌م عه‌قڵ و بیرته‌سكن، چونكه له‌وه تێناگه‌ن كۆمه‌ڵێك به‌های گه‌ردوونی هه‌یه، به ته‌واوه‌تی له‌سه‌ره‌وه‌ی تائیفییه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه.
ئه‌م به‌ها گه‌ردونییه ڕۆشنگه‌رییانه، ئه‌و به‌هایانه‌ن كه سپینۆزا له سه‌ده‌ی حه‌ڤده بڵاویكرده‌وه، پاشان سه‌رجه‌م فه‌یله‌سوفه ڕۆشنگه‌ره‌كانی دیكه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده و بیست، له ڤۆڵتێره‌وه بۆ كانت و هیگڵ و … هتد، هه‌مان شوێنپێی ئه‌ویان هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازی ئه‌و ڕۆشتن. دواتر ئه‌م به‌ها گه‌ردونییانه كه دژ به تائیفییه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه، له جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون به‌رجه‌سته بوو كه شۆڕشی ساڵی 1789ی فه‌ره‌نسا ڕایگه‌یاند.
له كۆتایدا فه‌یله‌سوفی گه‌وره بادیۆ ئه‌م قسه‌یه ده‌كات: ئه‌و خه‌ڵكه داخراو و ده‌مارگیرانه، ده‌یانه‌وێت بیرۆكه‌ی جوله‌كه‌ی ئازاد و ڕۆشنگه‌ر له‌ناوبه‌رن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له جیهانی ئه‌مڕۆماندا، ژماره‌یه‌كی هێند زۆر له جوله‌كه‌ی ئازاد و ڕۆشنگه‌ر هه‌یه كه له ژماردن نایه‌ن.
سه‌رچاوه
به‌شی ڕۆشنبیری و هونه‌ر له ڕۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 14ی ته‌موزی 2024