هەناسە فەلسەفییەکان ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(١٩)
بیرکردنەوە بێ هانابردن بۆ زمان؟
ئایا شتێکی شیاوە بیربکەینەوە بێ ئەوەی ڕستەو دەستەواژە و وشەکانی زمان بەکاربهێنین؟ ئەمە دەشێت؟ مەبەستم ئەوەیە بپرسم، ئایا بیرکردنەوە دیوێکی دیکەی ئاخاوتنە، یاخود لەگەڵ ئاخاوتندا دوو پرۆسەی لێک جیاوازن و میکانیزمی جیاوازیان هەیە؟ ئایا بیرکردنەوە جۆرێکە لە قسەکردن، یاخود قسەکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە؟
زمان کۆی ئەو ئاماژەو هێمایانەیە کە بەهۆیانەوە گوزارشت لە هزرمان دەکەین! بەشێوەیەکی ئاسایی ئەم قسانە دەکەین و وەک بەڵگەنەویست وەریان دەگرین، بێ ئەوەی پرسیار بکەین: بەڕاست! ئایا زمان هەر ئەوەندەیە، هیچی دیکە نیە؟ هیچ پانتاییەکمان لەناو زماندا نیە کە پەیوەندیی بە هزرەوە نەبێت؟ کاتێک قسە بۆ بەرامبەرەکەم دەکەم، ئەوە کۆمەڵێک وشەو زاراوە بەجۆرێک بەکاردەهێنم کە مانا ببەخشن، واتە ڕیزکردن و پاش و پێشکردنی وشەکان بەجۆرێکن کە گوزارشت لەو مانایە، یان ئەو هزرە بکەن کە من مەبەستمە.
بەڵام ئەمە دیوێکی پرسەکەیە! چونکە کاتێک لە ناخی خۆمدا بیردەکەمەوە، ئایا شتێکی لۆجیکییە ئەو قسانە بۆ خۆم بکەم کە دەیانزانم؟ ئایا من کە بیردەکەمەوە زمان بەکاردەهێنم، یان شتێکی دیکە دەکەم؟ بێگومان لەکاتی بیرکردنەوەدا قسە ناکەم؛ واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانم بڵێم، ئەوەی لە مێشکی مندا دەکەوێتە گەڕ، ماناکانە، نەک وشەکان. بەڵام ماناکان لە دەرەوەی وشەکان چی دەکەن؟
هەرچۆنێک لەم پرسیارە بڕوانین لەوە زیاتر نیە کە ماناکان لە دەوری ئەو وێنە گشتییە کۆدەبنەوە کە بیرکردنەوە لە زەینمدا دروستی دەکات. ئەگەر وا بێت، ئەوە هەموو جارێک کە بیردەکەمەوە پێویستیم بە گوزارشتکردنە، بە پێچەوانەشەوە ئەوەی گوزارشتی لێدەکرێت، بیرکردنەوەیەک لە پشتییەوە هەیە. منیش دەزانم، ئەم بابەتە زۆر جێگای مشتومڕە، زانستە ئیدراکییەکان و زمانەوانی و فەلسەفە ئەو کایانەن کە زۆر خۆیان لەم باسەوە ئاڵاندووە.
هەرچۆنێک بێت، بیرکردنەوە لەم گرفتە، دوو ئاڕاستەی جیاواز وەردەگرێت: زمان و بیرکردنەوە دوو دیوی یەک پرۆسەن، یاخود دوو پرۆسەی لە یەکتریی جیاوازن، گەرچی پێوەستی بەتینیش لە نێوانیاندا هەیە. هەوڵ دەدەم کەمێک بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بڕوانم.
زمان و هزر جیاوازن
مرۆڤ لە سەرەتادا بیردەکاتەوە، پاشان دەدوێت، ئاخاوتنی بێ بیرکردنەوە (وڕێنە بۆ نمونە)، ناتوانێت مانامان پێ ببەخشێت، بەوەش ناتوانێت هزرەکانمان بۆ بگوێزێتەوە. ئەگەر ئاواهی بڕوانین، دەبینین بیرکردنەوە دەکەوێتە پێش زمانەوە (لێرەدا زمان و ئاخاوتن وەک هاومانای یەک بەکاردەهێنم، گەرچی جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئەمە بۆ بابەتەکە گرنگییەکی ئەوتۆی نیە). بێگومان، هەمیشە سکاڵا دەکەین لەوەی زمان ناتوانێت بە باشی هزرەکان بگوێزێتەوە؛ بۆچی؟ چونکە بیرکردنەوە پانتاییەکی فراوانتری هەیە، وەک زەریایەکی گەورە وایەو لەناو دەفری بچووکی زماندا جێی نابێتەوە، بۆیە دەبێت دڵۆپ دڵۆپ بیڕێژینە ناوی.
هزرەکان زۆرن، لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیدا کۆدەبنەوە، بەجۆرێک کە زمان ناتوانێت بەسەریەکەوە گوزارشت لەهەموویان بکات، بەناچاریی هەرجارەی بیرۆکەیەک وەردەگرێتو لەناو بەستێن (کۆنتێکست) ێکدا دای دەڕێژێت.
ئەم ناتواناییەی زمان، وایکردووە کە بیر لە ڕێگای دیکە، بکەینەوە بۆ گوزارشتکردن، کە بەناو وشەکان و دەستەواژەکانی زماندا تێناپەڕن؛ نمونەی ئەمانە مۆزیک یان تابلۆکانە. هەروەک دەڵێن وێنەیەک جێگەی هەزار وشە دەگرێتەوە؛ بۆیە ڕەنگە زۆرجار وێنەکان باشتر بتوانن گوازرشت لە هزرەکان بکەن، واتە پەیوەندییەکە لە نێوان هزر و ئاخاوتنەوە دەگوێزرێتەوە بۆ هزر و بینین. لە موزیکیشدا پەیوەندییەکە لە نێوان هزر و بیستندا دروست دەبێت.
گریمانەی باو ئەوەیە کە زمان ناتوانێت ببێت بە هاوتای بیرکردنەوە، یاخود هاوشانی هزر، بە واتای ئەوەی ماناکان زۆر بە خێرایی پەرە دەسێنن و فراوان دەبنەوە، بەڵام وشەکان، یان زمان بە گشتی بە هەمان خێرایی گەشە ناکەن، بەڵکو زۆر لەوە هێواشترن. هۆی ئەمە چیە؟ ماناکان زۆر سادەن، بەڵام زاراوە و دەستەواژەکان هەم ئاڵۆزن هەم ئاوێتەی یەکتریش دەکرێن و بەناو یەکدا دەچن.
گۆران لە هۆنراوەیەکیدا، قسەی دڵی من دەکات و دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
گۆران مەبەستی لەوەیە زمان توانای گوزارشتکردن لە هەموو هزرەکانی نیە، ناتوانیت ئەوەی لەناخی مرۆڤدایە، دەریببڕێت. ئەمە ئەگەر مانایەکی هەبێت ئەوەیە کە ناتوانین بێ بیرکردنەوە قسە بکەین، هەموو بیرکردنەوەکانیشمان بۆ وەرناگێڕدرێنە سەر زمان. لێرەدا پرسیارێکی سەراسیمەکەر بە مێشکمدا گوزەر دەکات: ئایا دەتوانم قسە بکەم بێ ئەوەی هیچ بیرکردنەوەیەک لە پشتییەوە هەبێت، ئەگەر قسەکردنێک یان نوسینێک یاخود هەر بەکارهێنانێکی دیکەی زمان هەبێت، بێ ئەوەی پێشتر بیری لێکرابێتەوە، چۆن دەبێت؟
هەر لێرەشەوەیە کە ڕینە دێکارت جەخت دەکات لەسەر ئەوەی کە زمان و هزر دوو سروشتی جیاوازیان هەیە، یەکەمیان، واتە زمان مۆرکێکی هەستییانەی ماترییاڵانەی هەیە، بەڵام هزر مۆرکێکی ڕۆحییانەی هەیە. لەم تێڕوانینەدا، زمان و هزر نەک هەر لێک جیاوازن، بەڵکو ناشتوانن چالاکانە پێکەوە کاربکەن. جوانترین گوزارشت بۆ ئەم نامۆییەی زمان و هزر لەیەکتریی، قسەکەی شۆپینهاوەرە کە دەڵێت لەساتی بەرجەستەکردنی هزرەکان لەناو زماندا، یەکسەر ئەو هزرانە دەمرن.
یانی! ئایا بیرکردنەوە شتێکی دیکەیە غەیری زمان؟ واتە ئەگەر ئەوەمان سەلماند کە مرۆڤ دەتوانێت بێ بەکارهێنانی زمان بیربکاتەوە، ئەو بیرکردنەوەیە چۆن دەبێت؟
دەمەوێت لێرەدا شتێک بڵێم: ئەوە ڕاستە کە زمان ئامڕازێکی زۆر بەهێزە و دەتوانین بیری پێ بکەینەوە، بەڵام خۆ دەتوانم بیر لە ڕێگای دیکەش بکەمەوە، بۆ نموونە:
بیرکردنەوە بە چاو! مەبەستم لەبیرکردنەوەیە لە توێی شتە بینراوەکانەوە، واتە، وێنەکان. ئەمە چۆن؟ قەت ڕوویداوە چووبێتە جێگایەک و ناونیشانێکت پێ بووبێت و لێت تێکچووبێت؟ لێرەدا کە بۆ ناونیشانەکە دەگەڕێیت، چاودەگێڕیت و دیمەنەکان هەڵدەسەنگێنیت، ئایا لێرەدا پێویست دەکات ئەو هزرانەی بە مێشکتدا تێدەپەڕن، لە وشەدا گوزارشتیان لێبکرێت؟ لەناکاو درەختە واشینتۆنە گەورەکە دەبینیت کە لەناونیشانەکەدا بۆت باسکراوە، یاخود ژمارەی خانوویەک دەبینیت و دەزانیت ئەو ماڵەی بۆی دەگەڕێت پێنج ژمارە ئەولاترە. لەم پرۆسەیەدا زمان بەکارهات؟
لەوە زیاتر قووڵی ناکەمەوە، چونکە شێوازی دیکەی بیرکردنەوەش هەن، وەک بیرکردنەوەی هێمایی، یان بیرکردنەوەی پەتی (ئەبستراکت)، بۆ نموونە لە ماتماتیکدا هێماکان زیاتر ئامڕازی بیرکردنەوەن، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا هێماکان بۆ خۆیان جۆرێک نین لە زمان؟ هەروەها بیر لەمەش بکەرەوە: ئەگەر بیرکردنەوە بەهۆی زمانەوە ئەنجام بدرێت، ئەوە نابێت زمان بەرهەمی بیرکردنەوە بێت، چونکە ناشێت مرۆڤەکان بیریان کردبێتەوە تا زمانێک بەرهەم بهێنن، چونکە خودی بیرکردنەوەکە لە ڕێگای زمانەوە نەبێت ئەنجام نادرێت!
زمان و هزر دوو دیوی هەمان شتن
لەلایەکی تریشەوە، دەتوانین وەها سەیری زمان و هزر بکەین کە لەیەکتریی جیاناکرێنەوە، بەواتای ئەوەی ناتوانین قسە لەبارەی بوونی هزرەوە بکەین، بەبێ بوونی زمان. بێگومان لێرەدا زمان بە مانایەکی فراوانتر دێت لەوەی کە بەتەنها ژمارەیەک )وشە / وتە( ی لە سیاقێکدا ڕیزکراو بێت، چونکە ئەگەر وانەبێت کارێکی قورسترمان دەبێت: دەبێت بیسەلمێنین کە یان ئەوەتا مرۆڤەکان هەر لە سەرەتاوە خاوەنی زمان بوون، یاخود ئەو کاتەی زمانیان نەبوو، توانای بیرکردنەوەیان نەبوو.
کاتێک بیر لە یەکێتی زمان و هزر دەکەینەوە، دەبێ جەخت بکەین کە زمان خۆی بناغەی ڕوودانی کردەوەی بیرکردنەوەیە، واتە بەتەنها ئامڕازی گوزارشتکردن و ڕاگەیاندن نیە، بەڵکو یەکێتییەکی ئۆرگانیی تۆکمە لەنێوانیاندا هەیە. لێرەدا یەکسەر بۆچوونەکەی هێگڵ دێتەوە ناو یادەوەرییم کە پێیوایە وشە خۆی هۆی بوونی هزرە، ئەو بوونی هزرو خواستی بیرکردنەوە وەدیدەهێنێت؛ بەلای هێگڵەوە هەوڵدان بۆ بیرکردنەوە بۆ بەبێ بەکارهێنانی وشەکان، هیچ مانایەک و هیچ ئاکامێکی نیە. بەلای جۆن لۆکیشەوە، زمان کۆمەڵێک ئاماژەی هەستییە کە دێنە ناو مێشکی مرۆڤەوە، بێ ئەو ئاماژە هەستییانە، هزر ناتوانیت هەبێت، ئەمیش دەچێتەوە بۆ وتەکەی ئەرەستۆ کە وتبووی “بێ هێماو ئاماژە زمانییەکان، شتێک نیە ناوی هزر بێت.”
بەمجۆرە هزرو زمان ئاوێزانی یەکتریین ناتوانین لەیەکترییان جیابکەینەوە، کاتێک ناتوانین گوزارشت لەبیرکردنەوەمان بکەین، ئەوە دەستەواژەو ڕستەی گونجاومان بۆ نادۆزرێتەوە. بەڵام خۆ زۆرجار نوسەرە گەورەکانیش کێشەی گوزارشتکردنیان هەیە، لەکاتێکدا فەرهەنگی فراوان و شارەزایی زمانیی زۆریان هەیە.
هەربۆیە زۆرێك لە فەیلەسوفان هەوڵیان داوە ڕێگایەکی ناوەند بدۆزنەوە بۆ سازاندنی ئەم دوانە پێکەوە: هەردوکیان پێکەوە هەن، بەڵام یەک شت نین. لەمبارەیەوە مێرلۆپۆنتی دەڵێت “هزر لە دەرەوەی وشەکاندا بوونی نیە. واتە بیرکردنەوە لە (بیرکردنەوە) پرۆسەیەکە کە هیچ چارێکی نیە جگە لەوەی بەناو زماندا تێبپەڕێت، بێ بوونی زمان ناتوانین قسە لەبارەی هزرەوە بکەین و بە پێچەوانەشەوە. بۆ ئەوەی خاوەنی هزری باش بین، دەبێت زمانەکەمان پێش بخەین. چونکە لە زماندا هزر دەگەشێتەوە، وەک هاملتۆن دەڵێت “ماناکان وەک چزیسکی ئاگر وان، تەنها بۆ ئەوە دەدرەشێنەوە کە بزر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بیانهێڵێنەوە، پێویستیمان بە لەفزەکان هەیە.”
ئێمە کارلێک لەگەڵ جیهانی دەرەکیدا دەکەین، زمان سەرەکیترین ئامڕازمانە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، زۆر زەحمەتە بتوانین ئەندێشە بکەین کە ئەگەر خاوەنی زمان نەبووینایە، ئەم جیهانەمان چۆن دەبینی! ئەگەر شتەکانی ناو جیهان (ناو)یان نەبێت؟ ئەگەر نەتوانین گوزارشت بکەین، پرسیار ئاڕاستە بکەین، باسی ئەو شتانە بکەین کە هێشتا ڕوویان نەداوە؟ ئایا دەتوانین بیربکەینەوە، ئەگەر دەتوانین ئەوە هزرەکانمان چۆن دەبن؟ جیهانێکی بێ زمان دەبێت چۆن بێت؟ چۆن دەتوانین ئەزمونی هەستەکان، درککردنەکان، سۆزەکان بکەین، ئەگەر زمانمان نەبێت؟
بەڵام خۆ جیاوازیی زۆر لە نێوان ئەزمونکردنی هەستەکان و چەمکی هەستکردندا، بۆ نمونە چەمکی (ئازار) زۆر جیاوازە لە پرۆسەی ئازارچەشتن. ئەگەر ئازار چەشتن پێوەست بێت بە دەمارە سیستم و شیکردنەوەی لەلایەن خانەکانی مێشکەوە. ئەوە چەمکی ئازار خۆی لەناو زماندا دەدۆزێتەوە کە ئەویش دیسان لەلایەن خانەکانی مێشکەوە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت.
گومان لەوەدا نیە کە بیرکردنەوەو ئاخاوتن، زمان و هزر چەند لەیەک نزیک بن، چەند پێویستییان بە یەکتریی هەبێت؛ لە پێناسەی کۆتاییدا دوو شتی لەیەکتریی جیاوازن، بەڵام چۆن جیاوازییەک؟ جیاوازی لەوپەڕی پێکەوەییدا، لەکاتێکدا کە ناتوانن بێ یەکتریی هەبن. کامەیە ئەو ئاخاوتنەی کە ناتوانین هیچ هزرێک و هیچ مانایەکی تێدا ببینینەوە؟ یاخود چۆن دەزانین کە بیرکردنەوەیەک لەوێیە ئەگەر لەنێوەندی زمانەوە پێمان نەگات.