دەربارەی کۆچی سولەیمان

Loading

کۆچی سولەیمان

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە خزمەتە بەرچاوەکانی لە بواری چاپکردنی کتێبدا، کتێبەکان هەمەچەشن و فرەبوارن، ئەدەب و هونەر، فکر و فەلسەفە، مێژوو و ئەفسانە و بوارەکانی دیکەی ڕۆشنبیری، لە ئێستادا دەزگای ناوبراو، گەورەترین بۆشایی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ کردووەتەوە و سەدان سەرچاوەی جۆراوجۆری پێشکەش بە خوێنەر کردووە، بێگومان کتێبەکان لە لایەن نووسەرانی داهێنەر و ڕۆشنبیرەوە نووسراون، یاخود زمان زانە بەتوانا و خاوەن ئەزموونەکان کاری وەرگێڕانیان بۆ کردووە.

کتێبی (کۆچی سولەیمان) یەکێکە لە بەرهەمە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی ئەم کتیبە ئەدەبییە و لە سێ چیرۆکی چیرۆکنووس و ڕۆمانووسی ناوداری ئیرانی پێک هاتووە لەگەڵ چاوپێکەوتنێک و ژیاننامەی نووسەردا(مەحموود دەوڵەت ئابادی)نووسەری ئەم کتێبەیە و نووسەر و وەرگێری زمانپاراو (خالید فاتیحی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە (کۆچی سولەیمان، پیاو، دەشتەکی) هەر کام لە چیرۆکەکان بە سروشتی خۆیان درێژن و دەتوانین بڵێین بە نەفەسی ڕۆمان نووسراون، یاخود دەشێت هەر کام لە ڕووداو و بابەتەکانی ناو هەر کام لە چیرۆکەکان درێژەیان هەبێت و ببنە کورتە ڕۆمان، یاخود ڕۆمانێکی درێژ، بێگومان ئەوە ڕاستە تەکنیک و شێواز، زمان و گرێچن، ڕووداو و شووناسی کارەکتەر لە چیرۆک و ڕۆماندا زۆر دوور و جیاوازن لە یەکتر، بەڵام ئەم سێ چیرۆکە درێژەی وا لە دووتوێی ئەم کتێبەدان، چ لە ڕووی فۆڕم و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، بۆ ئەوە دەشێن بە نەفەسی ڕۆمان بخوێنرێنەوە.

ئەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەیە ئەوەیە کە یەک جۆر فەزای دەشتەکی و گوندی و ململانێی ژیانی کشتوکاڵییان هەیە، دەربارەی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئاستی وشیاریی خەڵکانێک دەدوێت، کە نەخوێنەدوارن و بە دەست ناهۆشیاریی و نالەباریی باری ئابوورییەوە دەناڵێنن، خێزان و کێشەکانی خێزان، گیرۆدەبوون بە دەست جۆرەها نەخۆشیی کۆمەڵایەتییەوە، دەرک نەکردن بە سەرچاوەی نەهامەتی و ئازارەکان، نەبوونی فەرهەنگ و دونیابینییەکی فراوان، دزی و شەڕی ڕەشەخەڵک، هەژاری و زاڵبوونی بیروباوەڕی دواکەوتوانە، زوڵمی ئاغا و پرسە چینایەتییەکان، لە جۆری ئەو بابەتانەن لە کۆی چیرۆکەکاندا ڕەنگدانەوەی خۆیان هەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خوێنەر دادەنێن.

چیرۆکەکان زمان و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەیان سادەیە، بێ گرێ و بە ڕوونی خوێنەر ڕۆ دەبەنە نێو قوڵایی ڕووداو و پانتایی چیرۆکەکانەوە، خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەدا بە قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگای ئێران ئاشنا دەبێت، قۆناغێک هێشتا پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی کار و وەبەرهێنان و پیشەسازی سەری هەڵنەداوە، ئەمەش بەو مانایە دێت هێشتا ژیانی شار و تایبەتمەندییە شارییەکان لە کۆت و بەندی پەیوەندییە فیوداڵییەکان و پاشماوە خێڵەکی و ئایینییەکان ڕزگاری نەبووە، هۆشیاریی چینایەتی سەری هەڵنەداوە و داڕێژەری سیستمە ئابووری و سیاسییەکە هێشتا لە کەللەی ئاغا و سەرانی دەوڵتدارانەوە، بە سوود و قازانجی چینایەتی خۆیان دادەڕێژن، کەڵک لە بێ فەرهەنگی و بێدەنگی و دواکەوتوویی خەڵک دەبینن بۆ خۆدەوڵەمەند کردن و ڕەتاندنەوەی هێزی کاری جوتیار و ئەو بەدبەختانەی وا لە زەویی ئاغاکاندا کار دەکەن، ئەمە ڕێک لە بەرامبەر بە کرێیەکی کەمدا لە دەستی ئاغاکان دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر یەکێک لەو جوتیار و کرێکارانە لەسەر ماف و داوکاریی بەرهەقی خۆی دەنگ هەڵبڕێت، ئەوا یاسا و دەوڵەتیش دەچنە پشت ئاغاکان و هەر بەو یاسا گاڵتەجاڕییەی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دایانڕشتووە، خاوەن ماف بەپێی یاسا تاوانبار دەکەن، ئەم حاڵەتە کتومت لە چیرۆکی (دەشتەکی)دا بەری دەکەوین و هەستی پێ دەکەین.

زوڵفەقار، شاپاڵەوانی چیرۆکی (دەشتەکی)یە، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، یەکێک لە منداڵەکانی فەلەجە، ماوەی چەند ساڵێک ئیش بۆ ئاغایەک دەکات لە گوندەکەیان، بەڵام ساڵێک حاسڵات باش نابێت و نەخۆشی دەیدات لە بەرهەمەکان، ئاغا زەرەی حاسڵاتی ئەو ساڵە بە کرێکارەکان دەبژێرێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە کرێی ئیشکردنەکەیان پێ نادات، بەڵام زوڵفەقار بەم بڕیارەی ئاغا قایل نابێت و یاخی دەبێت، بە تەنیا دەچێتە جەنگ و داوای مافی خۆی لە ئاغا دەکات، ئاغاش سوورە لەسەر ئەوەی کرێکەی پێ نەدات، ناچار زولفەقار دەچێتە شار و پەنا بۆ دادگا دەبات و سکاڵا دژی ئاغاکەی تۆمار دەکات، تا مافی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام لەوێدا دەردەکەوێت کە دادگاش لەگەڵ ئاغاکەدایە، هەرچەندە زولفەقار بەڵگەی واژۆکراوی پێیە کە لەسەر حەقە، بەڵام دادگا بەرپەرچی دەداتەوە و مافەکەی بۆ ناگەڕێنێتەوە، لێرەوە مەحموود دەوڵتەئابادی، ئەو ڕاستییە بەیان دەکات کە دەسەڵاتداران لە ڕووی سروشتی چینایەتیی خۆیانەوە، پشتی یەکتر دەگرن و بەرگریی لە سامان و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن، ئەمە لە کاتیکدایە کە بە هۆی نەبوونی هۆشیاریی چینایەتییەوە، هیچ کام لەو کرێکارانەی کە وەک زولفەقار مافیان خوراوە، نایەن پشتگیری لێ بکەن و ببنە هێزێکی گەورەی فشار بۆ سەر ئاغا و دەسەڵات و یاسا، بە پێچەوانەوە بە بەردەوامی سەرزەنشتی زولفەقار دەکەن و داوای لێ دەکەن ملکەچی ئاغاکەی بێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دوان لە کرێکارەکان کە خزمی نزیکی زولفەقاریشن، دەچنە دادگا و بە بەڵگەی ساختەکراو، بەرگریی لە ئاغاکەیان دەکەن دژ بە زولفەقار.

بێگومان مەحموود دەوڵەتئابادی، نووسەریکی گەورەی ئێرانییە و خاوەنی کۆمەڵێک شاکاری بێوێنەیە کە بەشێکی زۆریان لە لایەن وەرگێڕە باشەکانی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، کەلیدەر، جێگای بەتاڵی سلوج، کۆلۆنێل، ئەفسانەی باوەسوبحان، ڕۆژانی بەسەرچووی خەڵکانی بەساڵاچوو، لە بەرهەمە دیارەکانی ئەم گەورە نووسەرەن لە بواری ڕۆماننووسیندا، هاوکات لە بواری شانۆنامەشدا ئەم بەرهەمانەی نووسیون، تەنگانە، باشبیرۆ و قەقنەس، ئەمە جگە لە چەندین وتار و سەفەرنامە و چیرۆکی کورت و درێژ، بەڵام شاکارە مەزنەکەی (کەلیدەر) لەو بەرهەمانەیە کە هەمیشە لە یادەوەریی خوێنەردا دەمێنیتەوە.

مەحمووددەوڵتەئابادی، ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی دەوڵەتئابادی سەبزەواری خوراسان لەدایک بووە، دەورانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەسعوود سەعدی سەلمانی دەوڵەتئابادی) بەسەر بردووە، بنەماڵەیەکی هەژار بوون، بۆیە هەم دەیخوێند و هەم کاری دەکرد، کارەکانی بریتیی بوون لە: شوانی، پینەدۆزی، شاگردی پاسکیلسازی، کرێکاری لە کارگەی پەمۆ، سەرتاشی، کرێکاری چاپخانە و هتد…

ئەم نووسەرە مەزنە لە ساڵانی شەستەکاندا، ئاشنا دەبێت بە دنیای شانۆ و بۆ ماوەی ساڵێک لەو بوارەدا دەخوێنێت و پلەی یەکەم بەدەست دێنی، دواتر لە چەندین بەرهەمی شانۆیی و فیلمدا ڕۆڵ دەبینێت وەک ئەکتەر، ساڵی ١٩٧٤ دەوڵتەئابادی دنیای شانۆ بەجێ دێڵێ: ساڵی ١٩٦٦ مەحموود ەوڵتەئابادی، لەگەڵ گەورە شاعیری ئێرانی ئەحمەد شاملوو یەکتری دەناسن، لەپاڵ کاری نواندندا دەست دەکات بە نووسین و یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری ئاناهیتادا بڵاو دەکاتەوە:

شێوازی بەرچاوی دەوڵەت ئابادی ڕیالیستییە، یانی دەربڕینی تەواو و ڕاستیی ڕووداوێک، وەسفی کەسایەتییەک، یان جێگەیەک، ئەو بە سوود وەرگرتن لەو شێوازە، بە جوانی چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە، تا ئە جێگەیەی لە هەندێک جێگەدا وا هەست دەکەین کە فیلمێک دەبینی، کاتێک وەسفی کەسایەتییەک دەکات، هێندە بە وردی و سەرنجەوە باسی دەکات، کە دەڵێی پێشتر ئەو کەسایەتیەم لە جێگەیەک بینیوە، بەرهەمەکانی مەحموود دەەوڵتئابادی زیندوون، گیانیان بە بەردا کراوە و لە خێراترین کاتدا دەچنە ناو هەستی خوێنەرەوە.

ئەم نووسینە هەوڵێکی سادە و خاکەڕایە بۆ ناساندنی ئەم کتێبە و ئاشنابوونی خوێنەر بەم چیرۆکانە، لەم کتێبەدا جگە لە چیرۆک، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە دنیابینی، شێوازی نووسین، ئەندێشە، ژیاننامە و قۆناغەکانی ژیانی دەوڵەت ئابادی، بۆیە ئازایەتیی نییە گەر بڵێین کتێبی کۆچی سولەیمان، دەکرێت شوناسنامەی مەحموود دەوڵەت ئابادی بێت بۆ کەسانێک کە بە هەر هۆیەک بێت پێشتر هیچ کتێب و بەرهەمێکی ئەم نووسەرە مەزنەیان نەخوێندۆتەوە، بێگومان بە خوێنندوەی ئەم کتێبە، خوێنەر تووشی کونجکوڵی دەبێت تا بە دوای بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرەدا بگەڕێت، پەیدایان بکات و بیانخوێنیتەوە.

ناردن: