مانگی نیوەڕۆ، مانگی شایەتحاڵ

Loading

خستنەڕووی: “مانگی نیوەڕۆ”

بەختیار حەمەسوور

لەم ساڵانەی دوایدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم گرنگییەکی بەرچاویان داوە بە چاپکردنی چیرۆک، ئەمە جێگەی دەست خۆشی و سوپاسە، چونکە لەم هەرێمەدا و بە تایبەت لەو بازنەیەی بە بازنەی چاپ و بڵاوکردنەوە ناسراوە، زۆر کەم هەڵدەکەوێ گرنگی بەو ژانرە بدەن، بە داخەوە ئەم پشتێکردنە هەر ئێمەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە دنیادا ئەم دۆخە قەیراناوییە بۆ چیرۆک بەرساز بووە و هەر ئەمەشە وای کردووە کە خوێنەران کەمتر مەیلیان لە خوێندنەوەی چیرۆک هەبێت. لێرەدا نامانەوێت چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە، ئەوە باسێکە لە دەرەوەی ئەم وتارە و وەها باسێک دەبێت هەوڵێکی بەرینی فەرهەنگی بۆ بدرێت، بە شوێن چییەتی و چۆنییەتییەکانیدا پشکنین بکرێت و بنجوبناوانی گرفتەکە ئاشکرا ببێت، ئەوجا دەتوانرێت چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین چاپ و بڵاوبوونەوەی هەر کتێبێکی چیرۆک، بەو مەرجەی کتێبێک بێت بتوانێت بەشدارییەکی کارا لە جددیبوونی ئەو ژانرەدا بێنێتە کایەوە، بۆ خۆی دەبێتە چارەسەرێک، بەو واتایەی بەشێک لە دۆخی قەیرانەکە دەتوانرێت لەو سۆنگەیەوە بخوێنرێتەوە کە کتێبی باشی چیرۆک چاپ و بڵاو نابێتەوە، یان بە ڕێژەیەکی هێندە کەمە کە مەیل و تاسەی خوێنەر پڕ ناکات، بێگومان لێرەدا مەبەست بە هەردوو بارەکەیدایە، چ چیرۆکی نووسراو لە لایەن نووسەرانی کوردەوە، چ چیرۆکی وەرگێڕاو لە تەواوی زمانەکانی دنیا و نووسەرانی نزیک و دوورەوە. ئەم پرسە پرسی کراوەی بەردەم هەر چیرۆکنووسێکە، پرسی کراوەی بەردەم هەر وەرگێرێکە، پاشان پرسێکی گرنگیشە لە بەردەم تۆی خوێنەردا کە بۆچی ژانری چیرۆک نەبووەتە جێسەرنج و کاتێکی تایبەتی خوێندنەوەتی بۆ تەرخان بکەیت؟ پێویستە هەر یەک لەو دەستانە ئەگەر لە گفتوگۆی کراوەشدا نەبێت، بتوانن وەها باسێک سەبارەت بە ژانری چیرۆک، لەگەڵ خۆیاندا تاوتووێی بکەن، ڕەنگە ئەو کاتە بینینەوەی گرفتەکە ئاسانتر ببێت و هاوکات بتوانرێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو دۆخەش کە زۆر بەرچاوە، بێتە دۆزینەوە.

کتێبی “مانگی نیوەڕۆ” لە نووسینی نووسەری فارس شەهریار مەندەنی پوور و وەرگێڕانی وەرگێڕی کارساز و بە سەلیقە هیوا عەزیزی، لەو چەشنە کتێبانەیە کە دەچنە خانەی چیرۆکی زۆر باشەوە، هەر چیرۆکێک لەم چیرۆکانەی دووتوێی ئەم کتێبە، دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر نەست و یادگەی خوێنەر بەجێ بهێڵن، بە جۆرێک بە یادەوەریدا چەسپ ببن، کە مەحاڵ بێت لە بیرکردنیان. دیارە وەها کارێک هەروا بە سانا و لەخۆوە دروست نابێت و نەبووە، بەڵکو ئەوە ئاستی هونەریی چیرۆکەکانە کە وای کردووە، شارەزایی نووسەرەکەیەتی لە هونەری گێڕانەوە و هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە هەر چیرۆکێکی جددی هەڵگریەتی. بێگومان بێ کەسێتی وەرگێڕ، ئەویش وەرگێڕێک کە بە توانابێت لە هەردوو زمانەکەدا، وەرگێڕێک جیا لەوەی کە بۆ خۆی عاشقی چیرۆکە، چیرۆکناسیش بێت، مەحاڵە ئەو پردە دروستت ببێت، پردێک کە بەسەریدا هەموو جوانی و داهێنانەکان لە زمانی سەرەکیدا بگوازرێتەوە بۆ زمانی دووەم، واتە زمانی بۆوەرگێڕدراو. لەم ڕووەوە هیوا عەزیزی، کە پێشتر چەندان کتێبی تری هەر لە زمانی فارسییەوە چاپ بوون و لەنێویشیاندا کۆمەڵەچیرۆکێکی تری شەهریار مەندەنی پوور هەیە بە ناوی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” و دیسان لە دەزگای سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، لەو وەرگێڕانەیە کە وردەکارانە کار دەکات، دیارە کە وەرگێڕان بۆی پڕۆژەیە نەک پڕۆسە، بۆ نموونە، هەر لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا وەها ڕازێک دەدرکێنێت کە بە نیازە بەپێی توانا سەرجەم کارەکانی ئەم نووسەرە بکات بە کوردی، لێرەدا خوێنەر دەکەوێتە بەردەم پرسیارێک: لەناو ئەو هەموو نووسەرەی فارسدا بۆ ئەم خۆی بۆ شەهریار مەندەنی پوور تەرخان دەکات و دەیەوێ کارەکانی وەربگێڕێت؟ ئەگەر خوێنەر بە وردی هەردوو کتێبەکەی ئەم نووسەرە بخوێنێتەوە بە وەرگێڕانی عەزیزی، لەو بڕوایەداین کە بۆ خۆی بگات بە وەڵامێکی بنجبڕ و شایستە، هەر لای خۆیشییەوە پاڵپشتی ئەو نیازەی وەرگێڕ جەخت بکاتەوە، کە بەڵێ، تکایە هەرچی زووترە کارەکانی ئەم نووسەرە وەربگێڕێت. لەپاڵ چێژ و جوانی داهێنەرانەی چیرۆکەکاندا، پێمان وایە خاڵێکی زۆر جەوهەریتر هەبێت، ئەویش بەهێزی ئەم چیرۆکانەیە لە ئاستی هونەریدا، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەر یەک لەم چیرۆکانە بۆ چیرۆکنووسانی کورد، دەتوانن وانەیەک بن، وانەیەک کە لێیەوە چییەتی و چۆنییەتی چیرۆکنووسین درک بکەن و بەوەش هان بدرێن بۆ ڕوانینێکی تر سەبارەت بە نووسین لەو ژانرە سەختەدا. چیرۆکانەی نێو “مانگی نیوەڕۆ” نموونەی بەرزی چنین و گێڕانەوەن، سەرچەشنن لە کارەکتەرسازی و ڕووداوسازیدا، بە جۆرێک تێکەڵ بە فەزای خۆیانت دەکەن کە وا هەست دەکەیت تۆیش لەوێی، لەناو جەرگەی ئەو دۆخە ناهەموار و نالەبارانەدا کە لە تێکڕای چیرۆکەکاندا دێنە پێشەوە و هەمیشە توێژاڵێک خەم و نیگەرانی بە شوێن خۆیاندا، لەسەر دڵ جێ دەهێڵن. چیرۆکەکان زیندوون، نموونەی ئەو بەسەرهاتانەن کە ئەگەرن لە بەردەم هەر یەک لە ئیمەیشدا، باسی ئێمەیە، باسی حاڵەتی دەروونیمان، بەدەنگهێنانی خەمە قووڵ و قورسەکانمانە، ئەوانەی کە ناتوانین بە زاردا بیانهێنین، چون خۆمان و بەرانبەرەکانیشمان دەسووتێنن. ئەم چیرۆکانە دەتوانن هەر زوو بگەن بە تۆ، بگەن بە جێیەکت کە ئیدی هەمیشەیی بمێننەوە، هەر ئەوەندە بەسە لە کەشێکی ئامادەدا دانیشیت و خۆت و زەینت بدەیتە دەست وشە و دێڕەکان، ڕستەکان شەپۆلاوشەپۆل دەتبەن و تاکو قووڵایی و پانتایی زەریای گێڕانەوە دەستبەردارت نابن. کارەکتەرەکانی ئەم کتێبە ڕۆحن، گۆشتن، گوێت لە شکان و قرچەی ئێسک و دڵیان دەبێت، دەتوانیت ڕوومەتیان ببینیت کە تەڕ بووە بە فرمێسک، دەتوانێت هاواری کپیان ببیستیت، ئەو وردەدڵخۆشییانەش کە هێندە کەم و کورتن، ناگەن بە کەنار. هەر ئەوەشە کارێک دەکات بچینە ناو ئەو ڕووبەرەی چیرۆکەکان تێیدا دەقەومێن، ئەو جێیەی کەسێتییەکان تێیدا ماخۆلانیان پێ دەکەوێت و عەوداڵن بە شوێن فریادڕەسێکدا، بە شوێن پەرجوویەکدا، بە شوێن خودادا کە تەنیا و تەکباڵ جێی هێشتوون.

با پێکەوە ئەو چەند وشە گرنگەی وەرگێڕ بخوێنینەوە، کە دەتوانێت دیوێکی تر لە تاریکیی کتێبە ڕووناک بکاتەوە:

“مانگی نیوەڕۆ لە هەشت چیرۆک پێک دێت، کە هەر چیرۆکە سەربوردێک دەگێڕێتەوە. لەنێو ئاسمانی دەمی نیوەڕۆدا، مانگێکی پاک دەبینرێت. دەڵێی شۆخێکی ڕۆژهەڵاتییە لەپاڵ هەوای واقیعەوە. هەر یەک لە چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکە، تێکڕا نهێنییەکی وەک مانگی دەمی نیوەڕۆیان لە هەناودایە: مۆڕی نێو چاوی ئەو پڵنگەی خوێنی منداڵی ساوای لە دەماردایە؛ ئەکسیر و ئەوین لەنێو تەمتومانی دارستانەکانی بەڕوودا؛ دەرکەوتنی کتوپڕی سێ سەرنشین لەنێو فڕۆکەیەکی هەڵفڕیوی کەشکەشانی ئاسماندا؛ دوان و دەمودوی پاڵ بیرێکی بێبن؛ بۆ قرشەکان و ڕێچکەی خوێنی پەرشی سەربازێک بەنێو دەریادا. هەر یەک لەم چیرۆکانە بە شێوەیەکی ڕەمزی و میتافۆری، هەروەها بە زمانێکی شاعیرانە بەسەرهاتێک دەگێڕنەوە، کە خوێنەری پەرۆشی دنیای چیرۆک سەرسام دەکات. شەهریاری مەندەنی پوور ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی، خاوەنی چەند ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێکی بەهێز و گرنگی دیکەیە و وەرگێڕیش هەوڵ دەدات بەپێی کات و دەرفەت هەموویان وەربگێڕێت، کە بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی نەوەی سێیەمی چیرۆکنووسانی ئێرانی لەقەڵەم دەردێت، کە چیرۆکەکانی لە ڕووی فۆرم و زمانەوە بایەخێکی زۆریان هەیە.”

چیرۆکەکانی نێو “مانگی نیوەڕۆ” تا ڕادەیەک درێژ، بەشێک لە چیرۆکەکان پێشکەش و یادن بۆ کەسێک، کە بێگومان دەبێت ڕایەڵێکی بەهێز و هاوکات گرێدراو بە ناوەرۆکەوە، ئەو ناوانەی بە یاد نووسەرەکەی هێنابێتەوە و پێشکەشی کردبن، ناوی چیرۆک و پێشکەشکراوان بەم شێوەیە: “ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان/ بۆ شەهرزاد، بارانی خەزەڵوەر”، “مانگی نیوەڕۆ/ بۆ شوهرە. ئاگری سەرماوەرز”، “مژی دارستانەکانی بەڕوو”، “ئەگەر دارەمەیتی نەبێت”، “ئاسکی کوێر، لە پێدەشتان چۆن باز دەدات”، “ئاگر و گڵەسوورە/ بۆ عەباسی ناموەر، دەستێکی ئاو و دەستێکی ئاوەدانی”، “شوێنێک، شیوێک…” و “بەحری سرەوتن”. کتێبەکە هەڵگری نەریتێکی خوێندنەوەیە، کە پێمان وایە ئەم نەریتە بۆ هەموو کتێبێک نییە و نابێت، ئەویش ئەوەیە کە تۆ کاتێک چیرۆکێک لە چیرۆکەکان دەخوێنیتەوە، زەحمەتە بتوانیت ڕاستەوخۆ بە دوایدا دەست بە خوێندنەوەی چیرۆکی پاشتر بکەیت، ئەمەش ڕێک لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیرۆکەکە کۆمەڵێک حاڵەت لە تۆدا بەجێ دەهێڵێت، کە هەم هەناسەیەکی قووڵت دەوێ تا هەڵیمژی، هەم پیاسە و هەڵهاتنێکیش لە کتێبەکە، کاتێکت پێویست دەبێت تا بیر لە ڕووداوەکانی بکەیتەوە، لەگەڵیاندا بژیت، ئەو ڕێکەوتانە بخەیتەوە تەنیشت یەک کە بوونەتە هۆی خولقاندنی ئەو ڕووداوە، ئەو کارەساتە، ئەو جەرگبڕانە، ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژەپێدانی خوێندنەوەیە، پڕۆسەکە دەباتە ناو زەین و لەوێدا تەتەڵەی وردەکارییەکان دەکرێت، تاریکی و زوڵمەت دەخرێتە بەر ڕۆشنایی لێکدانەوە، بێ دوودڵی ئەم نەریتە بۆ سەرجەم چیرۆکەکان ڕاستە و خوێنەر دەبێت دەرفەت بە خۆی بدات چیرۆکەکە هەرس بێت لە زەینیدا ئنجا دەست بە خوێندنەوەی چیرۆکی دواتر بکات.

لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوە بۆ یەکەم چیرۆکی کتێبی “مانگی نیوەڕۆ” بکەین، کە پێمان وایە یەکێکە لەو چیرۆکە زۆر بەهێزانەی کە زۆر بە توندی دەتوانێت بەر خوێنەر بکەوێت و بۆ هەمیشە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە. چیرۆکەکە ناوی “ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان”ە و شەهریار مەندەنی پوور یادی “شەهرزاد” ناوێکی پێ کردووەتەوە، لە “بارانی خەزەڵوەر”دا. چیرۆکەکە نەفەسێکی تەواو شیعری هەیە، بە زمانێک نووسراوە کە هەر دەڵێیت پەخشانەشیعرێکی سان جۆن پێرس دەخوێنیتەوە، وەسفەکان قورس و حاڵەتە درامییەکان قورستر باز دەدەن و دروست دەبن، بەڵام لە گشتیدا ڕەنگدانەوەی تێمای سەرەکین، کە بارێکی قورسە لەسەر شانی کەسیتییەکی نێو چیرۆکەکە، ئەویش “نەقیب”ە، واتا کابرایەکی سەربازیی، کە ژیانی لە جەنگ و شەڕەکاندا تێپەڕ کردووە.

نەقیب هاوڕێیەکی هەیە لە گوند، هاوڕێیەکی قەدیمی و دڵسۆز، هاموشۆی بەردەوام هەیە لە نێوانیان، ئەگەرچی شەڕ و جەنگ مەودای خستووەتە ئەم نێوانەوە، بەڵام دڵیان وابەستەی یەکترە و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش ئاگاداری یەکتر هەبوون و هەن. سەروەختی چیرۆکەکە، ئەو کاتەیە کە نەقیب لەگەڵ ژن و کچە تاقانەکەی دێنە لای هاوڕێکەی، مەبەستەکە هەم سەردانە و هەم بەسەرکردنەوە و ڕابواردنی کاتێکی خۆش لەو دەشت و شاخ و سروشتەدا. بەڵام کەس نازانێت چارەنووس چی بۆ ئەو خێزانە سێ کەسییە هەڵگرتووە لەو ڕووبەرە بەرینەدا، ئەوان بە چ نیازێکەوە ڕوو دەکەنە ئەوێ و چ شتێک لێیان ڕوو دەدات. هەموو ئەوانە لە تانوپۆی چیرۆکەکەدا ورد ورد چنراون و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا برینەکە زیادتر دەم دەکاتەوە و تاکو ئیدی هەموو ست هەڵدەلووشێت لە خۆیدا.

سروشت و بوونی شاخ و دارستان لەم چیرۆکەدا، هەر لە سەرەتاوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی ئەوەی لێ بکەین کە ئاماژەن بۆ نادادپەروەری و مانەوە بۆ بەهێزترین، دڕ و دڕندەیی سروشت کە کەمتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، زیادتر دیوە جوان و سەفابەخشەکەی دەرخراوە، بەڵام لەم چیرۆکەدا پێچەوانەی ئەو دیدە باوە، دیوێکی زۆر ترسناکی سروشت وەدیار دەخرێت، دیوێک کە دەتوانێت بکوژ و خوێنمژ بێت، ئەو دیوەی کە ئینسان لە بەردەمیدا چۆک دادەدات و ناتوانێت بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەم ململانێیە ئەزەلییە و بەردەوانیش دەبێت، خەڵکانێک کە بۆ ساتێک لە ساتەکان بەرەو ڕووی ئەم تەنگەژەیە بوونەتەوە لەگەڵ سروشت، دەزانن کە دەستەوسانبوون چ ئازارێکی قووڵ و چ برینێکی هەمیشە تەڕ لە ناخدا دروست و هەرمان دەکات. ئەم چیرۆکە ڕێک لەو نێوانەدا، لەو دۆخە دژوارەدا بەرهەم هاتووە، پێشاندانەوەی دەسەڵاتی سروشتە بەسەر ئینساندا و شکستی ئینسانە بەرانبەر ئەو هێزە کێوییانەی لە هەناوی سروشتەوە خۆیان مەڵاس داوە. چیرۆکەکە لە ڕستە بە ڕستەیدا خەریکی ئەم توێکارییە دەبێت، دەیەوێ لە هێزی گێڕانەوە خۆیەوە ئەوە بەیان بکات، هانا بۆ هەرزانکردنی هونەرەکە نابات، چڕی و تۆکمەیی لە زمان و گێڕانەوە و وەسفدا ئەو تەقسە جوان هاوکات نامیهرەبانە پێک دەهێنن، بۆیە دەبینین لە ساتی خوێندنەوەدا دڵەتەپە و هەڵچوونەکان لەژێر دەستی ئێمەدا نامێنن و سەر دەکەن، هاوخەمی یان هاوسۆزی، دەگەنە ترۆپک و ئێمەیش بەشدار دەبین لەوەی کە خەریکە بەبەر چاومانەوە ڕوو دەدات.

“ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان” بەسەرهاتی تراژیکی نەقیبە، پیاوێک کە جەنگزەدەیە و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە نەترساوە و ملی بەرەو پێشەوە ناوە، دیلەکان لە چاوەکانی تۆقیون و دوژمنانی یەک یەک بە گوللەی نیشان پێکاون، ئەم پیاوێکە لەو چەشنانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵی نەلەزیوە، هەیبەت و شکۆی بووەتە هۆی ناوبانگی، ناوبانگی زارەزار ڕۆیشتووە و هەر لەگەڵ ناوهێنانی، کەسانێک چۆکیان شل بووە، تا ئەوەی کچێکەی لەدایک دەبێت، ئیدی لەو ساتەوە هەست دەکات شتێکی تری هەیە ناوی دڵە، سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستییە، بە هاتنی کچەکەی درکی ئەو ئەندامەی دەکات، پێشتر نەیزانیوە کە ئەندامێکی وەها هەبێت ئینسان لەو کێوێتییە دابەزێنێت و لەگەڵ منداڵێکدا منداڵ ببێتەوە، هەر ئەوەندەی کچەکەی لەدایک دەبێت، ئیدی مۆڵەتەکانی نەقیب زیاد دەبن و دڕییەکەی کەمتر دەبێتەوە، ئێستاش کە هاتوون بۆ لای ئەم هاوڕێ قەدیمییەی، بۆ هەڵدانەوەی هەندێک لاپەڕەی یادەوەرییانە لە ڕابردوودا و بۆ ئەوەشە کچەکەی، کە ئێستا کەمێک گەورەتر بووە، لەناو ئەو دەشت و شاخە هەراوەدا دڵخۆش و بەپێکەنین بێت. بۆیە سێ قۆڵی، نەقیب و کچەکەی و هاوڕێکەی، دەچنە دەشت و شاخی نزیک گوندەکە، لە پێچێکدا، لە سەرقاڵییەکدا، کچەکە لێیان تەنیا دەکەوێت و ڕێک لەو ساتەدا دەیبیننەوە کە تاقە پڵنگی ئەو شاخ و هەردە، خەریکە دوایین ئەندامی جەستەی دەخوات، جلەکانی، جلە ونجڕ ونچرەکانی، تەنیا جێماوی ئەو کچەن.

بێگومان ئەو حاڵەتە پرسەیە تەنیا دەبێت لە چیرۆکەکەدا بخوێنرێتەوە، ئەگینا بە گێڕانەوە هیچ نایەتە باسکردن. نەقیب لەوەی کە هەق بکاتەوە، وەک کەسێک کە دەبێت بیکات، دەکەوێتە دۆخێکەوە ڕەنگە ئیدی هیچ لەوە قورستر نەبێت. هاوڕێکەی و تێکڕای دانیشتووانی ئاوایی، چاوەڕێن نەقیب بە فیشەکی تاپڕی پێنجخۆر کۆتایی بە ژیانی ئەو پڵنگە بهێنێت، بەوەش هەم هەقی خۆی بکاتەوە و هەم ئەوانیش لەو ترسە ڕزگار بکات. لەگەڵ هاوڕێکەی چەند جار بە شاخدا سەر دەکەون و بە شکستەوە دێنەوە خوارەوە، هەر جارەو بە هۆکارێک ئەو کارە ئەنجام نادرێت، لە دواجاردا پڵنگەکە دەکەوێتە بۆسەوە، بێ هیج دەربازبوونیک، ئەو لە شوێنکدا مۆڵ بووە، هەموو شت ساز و ئامادەیە بۆ ئەوەی فیشەکەکان لە جەستەیدا خاڵی ببنەوە و تەپ بکەوێت و کۆتایی بەو چاوەڕوانییەی دایکە و تێکڕای خەڵکەکە بێت. هاوڕێکەی پێی دەڵێت، سەرەتا بە نەرمی، پاشان بە تۆنێکی توند و زبر، تووڕە و سەرزەنشتکارانە: بیتەقێنە، کۆتایی پێ بهێنە، بەسە ئەم وەستانە، چاوەڕوانی تەواو، بیتەقێنە تا نەڕۆیشتووە. ناکاو گوێمان لە چەند تەقە دەبێت، لەو شاخ و دۆڵانەدا دەنگ دەدەنەوە، بەڵام کاتێک لە چاوی هاوڕێکەیەوە دەبینین، بۆ ئاسمان تەقێنراون نەک بۆ پڵنگەکە! بۆ، بۆ بەوتەوە نەنان؟ بۆ نەتکوشت؟ “نەکرا… ناکرێت. گۆشتی منداڵەکەمی لە لەشدایە… ناکرێت… خوێنی منداڵەکەمی لە دەماردایە…”

ناردن: