بۆچی ئارنست هیمنگوای خۆی كوشت؟
هه‌واڵگری ئه‌مریكا له هه‌مو شوێنێكدا، ته‌نانه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونیش، به دوایه‌وه‌بوون.
نووسینی هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
نووسه‌ری ئه‌مریكی ئێرنست هیمنگوای Ernest Hemingway (21ی ته‌موزی 1899- 2ی ته‌موزی 1961)، سێ یان چوار ڕۆمانی یه‌ك له دوای یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌وه به‌س بوو، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مریی ئه‌ده‌بیی، له هه‌مو ده‌رگاكانییه‌وه، به‌ده‌ستبێنێت.
یه‌كه‌م ڕۆمانی بریتی بوو له “خۆر دیسانه‌وه هه‌ڵدێت” ساڵی 1926 بڵاوكرایه‌وه و ناوبانگێكی گه‌وره و فراوانی به‌ده‌ستهێنا و پڕفرۆش‌ترین ڕۆمانیش بوو، به یه‌كێك له مه‌زنترین ڕۆمانه‌كانی زمانی ئینگلیزی، له سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت. نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا، به ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه، وێنه‌ی پاریسمان، له نێوان هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی، بۆ ده‌كێشێت و بۆ ده‌خاته‌ڕوو. دانه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا، قسه‌مان ده‌رباره‌ی نه‌وه‌یه‌كی ونبوو بۆ ده‌كات، نه‌وه‌ی سووتان و گواستنه‌وه، نه‌وه‌یه‌ك له نێو نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا ژیا و نه‌یتوانی له‌یادیان بكات.
پاشان هیمنگوای ساڵی 1929، واته سێ ساڵ دوای ڕۆمانی یه‌كه‌م، شاكاری دووه‌می به ناونیشانی “ماڵئاوا ئه‌ی چه‌ك” بڵاوده‌كاته‌وه و له ماوه‌ی ته‌نها چوار مانگدا، لانی كه‌م هه‌شتا هه‌زار دانه‌ی لێفرۆشرا. دواتر زۆر به‌خێرایی كرا به شانۆگه‌ریی و خرایه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و پاشان كرا به فیلمی سینه‌مایی، به‌م شێوه‌یه دانه‌ری ڕۆمانه‌كه، له هه‌مو لایه‌كه‌وه ناوبانگی په‌یداكرد و پاره و پولی به‌سه‌ردا داباری و بووه ئه‌ستێره‌یه‌ك له ئه‌ستێره‌كان و چاوپێكه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی، له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه ئه‌مریكی و جیهانییه‌كاندا ئه‌نجامده‌دا. له‌م باره‌یه‌وه، له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، به ڕۆژنامه‌نووسان راده‌گه‌یه‌نێت: لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ی 39 جار نووسیوه‌ته‌وه، هه‌مو جارێكیش ئه‌وه‌ی نووسیویه‌تی سڕیویه‌تییه‌وه، تا له چله‌مین جاردا ئه‌وه‌ی نووسیویه‌تی، پێی باش بووه.
ڕۆمانی ماڵئاوا ئه‌ی چه‌ك، له یاداشتنامه ده‌چێت و تێیدا نووسه‌ر قسه له خۆشه‌ویستی و جه‌نگ و په‌رستاره ئیتالییه‌كه ده‌كات كه له برینه مه‌ترسیداره‌كه‌ی چاكیده‌كاته‌وه، برینێك له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و له ده‌وروبه‌ری شاری میلان و له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌كه‌دا تووشی ببوو. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه بوو، په‌رستاره‌كه برینێكی قوڵتر و مه‌ترسیدارتری له جۆرێكی دی، بۆ هیمنگوای دروستكردبوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو هیمنگوای شێت و شه‌یدای په‌رستاره‌كه ببوو، ئه‌م برینه‌ی دووه‌م، نه چاره‌سه‌ری هه‌یه و نه ساڕێژده‌بێت و نه چاكده‌بێته‌وه.
ساڵی 1940 سێیه‌م شاكاری نایابی به ناونیشانی “زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن؟” بڵاوده‌كاته‌وه، ڕۆمانه‌كه سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیایه، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی به‌ده‌ستهێنا، ته‌نها له ماوه‌ی ساڵی یه‌كه‌می بڵاوبوونه‌وه‌یدا، ملیۆنێك دانه‌ی لێفرۆشرا. یه‌ك ملیۆن دانه! پاشان له پای ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی كرا به فیلمێكی سیسنه‌مایی، هیمنگوای بڕی 150 هه‌زار دۆلاری وه‌رگرت، ئه‌مه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی بوو. پێشتر هیچ نووسه‌رێكی ئه‌مریكی یان غه‌یره ئه‌مریكی، پاره‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی وه‌رنه‌گرتبوو. نووسه‌ر خودی خۆی، هونه‌رمه‌ند گاری كۆپه‌ر و خاتو ئانگرید بێرگمانی هه‌ڵبژارد، تاكو ڕۆڵی پاڵه‌وانی پیاو و ژنه‌كه‌ی نێو ڕۆمانه‌كه بگێڕن.
ساڵی 1952 چواره‌م شاكاری به ناونیشانی “پیره‌مێرد و زه‌ریا” بڵاوكرده‌وه كه ده‌ستبه‌جێ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا. له‌وانه‌یه له گۆڕه‌پانی كاری ڕۆماندا، ئه‌وه دوا شاكار و گه‌وره‌ترین وه‌شاندن بێت كه هیمنگوای وه‌شاندبێتی. ئاخر دوو ساڵ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانی پیره‌مێرد و زه‌ریا، واته له ساڵی 1954، خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرێت. وه‌لێ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه، ماندووبوونی ڕۆشتنی بۆ سوید، نه‌خسته ئه‌ستۆی خۆی. وته‌یه‌كی زۆر كورتی بۆ لیژنه‌كه نارد و له‌وێ له‌بری ئه‌و خوێندرایه‌وه، له وته‌كه‌دا هاتووه: “ژیانی نووسه‌ر، ژیانێكی گۆشه‌گیریی یان ته‌نهاییه، نووسه‌ر له كه‌شوهه‌وایه‌ك له ته‌نهایی و گۆشه‌گیریی و بێده‌نگیدا كارده‌كات. ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست نووسه‌رێكی باش بێت، ئه‌وا له‌سه‌ریه‌تی هه‌مو ڕۆژێك ڕوبه‌ڕووی پرسی بوونی ئه‌به‌دی یان نه‌بوونی ئه‌به‌دی ببێته‌وه. به مانایه‌كی دی، پرسیاری مردن و دوای مردن، پرسیاری نه‌مریی یان فه‌نابوونی ته‌واوه‌تی، به‌رده‌وام به‌دوایه‌وه ده‌بێت”. ئا به‌م شێوه‌یه، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسی نهێنییه مه‌زنه‌كه یان ته‌لیسمه گه‌وره‌كه كه خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه، بۆ یه‌ك بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وی.
پرسیارێكی بێ وه‌ڵام
به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه و ده‌خرێته‌ڕوو: بۆچی نووسه‌رێك ئه‌م هه‌مو سه‌ركه‌وتنه ئه‌ده‌بییه بێ وێنه‌یه‌ی به‌ده‌ستهێنابێت، خۆی ده‌كوژێت؟ بۆچی دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرت و گه‌شته لوتكه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌مریكی و جیهانی، خۆی ده‌كوژێت؟ بۆچی دوای ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی فرۆشی خه‌یاڵییان به‌دیهێنا و له ڕێگه‌یه‌وه ملیۆنان دۆلاری ده‌ستكه‌وت، خۆی ده‌كوژێت؟ بۆچی له هه‌ڕه‌تی لاویه‌تیدا: شه‌ست ساڵ، خۆی ده‌كوژێت؟ ئه‌و ده‌یتوانی بیست یان بیست و پێنج ساڵی دیكه‌ش، له‌و په‌ڕی خۆشی و ڕه‌فاهییه‌تدا بژی، ئه‌وه ساڵه جوانه‌كانی ته‌مه‌نه، ساڵه‌كانی خانه‌نشینبوون، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له هه‌ژمارێكی بانكی، خاوه‌نی ئه‌و ملیۆنان دۆلاره كه‌ڵه‌كه‌بووه بێت، ئه‌وه خانه‌نشینبوونێكه له زێڕ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه زانرا سیحره‌كه پوچه‌ڵده‌بێته‌وه
له ساڵی 2011 و به‌دیاریكراوی له به‌رواری 2ی ته‌موز، واته دوای تێپه‌ڕبوونی په‌نجا ساڵی ڕه‌به‌ق، به‌سه‌ر خۆكوشتنه‌كه‌یدا، ڕۆژنامه‌ی “نیۆیۆرك تایمز”ی ئه‌مریكی، هه‌واڵێكی سه‌یر و كاریگه‌ری بڵاوكرده‌وه كه وه‌ك بۆمبێكی قوڕمیشكراو، ته‌قییه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه. ناوه‌رۆكی هه‌واڵه‌كه ئه‌مه‌یه: هیمنگوای به ویست و ئاره‌زوو خۆی نه‌كوشتووه، به‌ڵكو ناچاربووه خۆی بكوژێت. چونكه به‌رده‌وام سیخوڕه‌كانی هه‌واڵگری ئه‌مریكا (ئێف بی ئای) به‌دوایه‌وه بوون و به تۆمه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕژێمی كوبا، تۆمه‌تبار كرابوو.
ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌مریكا، وه‌ك به‌ڵگه و بۆ سه‌لماندنی هه‌واڵه‌كه‌ی، نامه‌یه‌كی هارۆن ئێدوارد هۆتچنه‌ری هاوڕێی هیمنگوای بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌و نامه‌یه ڕووناكییه‌كی نوێ ده‌خاته سه‌ر دوا قۆناغه‌كانی ژیانی هیمنگوای.
ئاخۆ هاوڕێكه‌ی ده‌بێت له‌م نامه‌یه‌دا چی نووسیبێت كه مه‌سه‌له‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی سه‌راوژێر كردووه، ئه‌و له نامه‌كه‌دا شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ڕۆژێكیان، هیمنگوای په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و له دۆخێكی شپرزه‌یی گه‌وره‌دا بوو كه وه‌سف ناكرێت، پێی وتم تا بڵێی له‌ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه ماندووه. من تێگه‌شتم ئه‌و له دۆخێكی ترس و تۆقیندا ده‌ژی و پێویستی به‌وه‌یه من ببینێت. ده‌ستبه‌جێ بۆ بینینی ڕۆشتم بۆ لای، له‌وێ نهێنییه ترسناكه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا كردم كه خه‌وی لێ زڕاندبوو، پێی وتم: ئێوه نازانن من چیم به‌سه‌ردێت؟ برایان من مه‌ترسیم له‌سه‌ره، هه‌واڵگری ئه‌مریكی، شه‌و و ڕۆژ به‌دوامه‌وه‌ن، ته‌له‌فۆنه‌كه‌م چاودێری ده‌كرێت، ئیمێڵه‌كه‌م چاودێری ده‌كرێت، سه‌رتاپای ژیانم له‌ژێر چاودێریدایه، خه‌ریكه شێت ده‌بم!
پاشان هاوڕێكه‌ی له نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: به‌ڵام كه‌سه نزیكه‌كانی هیمنگوای، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنراویان له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته نه‌بینیوه، له‌به‌ر ئه‌وه له‌و بڕوایه‌دابوون هیمنگوای تووشی نه‌خۆشی پارانۆیا بووه، واته وڕێنه‌ی هزری یان قسه‌ی هه‌له‌قومه‌له‌ق. نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كه نوقمی وه‌همێك بووه، به‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی هه‌واڵگرییه‌وه، دوایكه‌وتوون. كه‌واته هه‌قیقه‌ته‌كه له كوێدایه؟ ئایا به‌ڕاست ده‌زگای هه‌واڵگری به‌دوایه‌وه‌بوون، یان ته‌نها وه‌سوه‌سه‌یه‌كی ده‌رونی و وه‌همی هه‌بوو به‌وه‌ی به‌دوایه‌وه‌ن؟
ئاشكرایه یه‌كێك له ڕه‌خنه‌گره‌كان، پێشتر دوای ئه‌وه‌ی هیمنگوای ده‌ناسێت، باس له‌وه ده‌كات تووشی نه‌خۆشی هه‌لوه‌سه‌ی شێتی یان هێستریای كه‌سی بووه. ئه‌گه‌رنا ئه‌م هه‌مو ئه‌فراندن و داهێنانه بلیمه‌تیانه‌یه‌ی له‌كوێوه هێناوه. دواتر ئه‌رشیفی ده‌زگای هه‌واڵگیری، ئاشكرای ده‌كات ئه‌دگار هۆفه‌ر، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری كه ته‌نانه‌ت سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكاش لێده‌ترسان و زه‌نده‌قیان لێچبوو، به تۆمه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی بیانی نه‌یار، به ڕاستی و دروستی هیمنگوای خستووه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه، ده‌زگای هه‌واڵگری له هه‌مو شوێنێكدا به‌دوایه‌وه‌بوون، ته‌نانه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانیش، بگره ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاكانیش كه زۆر حه‌زی له پیاسه‌كردن بوو.
ئه‌وان به ڕاستی له ڕێگه‌ی ئه‌و چاودێری و كه‌وتنه‌دوایه‌وه، شه‌كه‌ت و ماندوویان كردووه و بڕستیان له‌به‌ربڕیوه، تا گه‌یاندیان به‌وه‌ی عه‌قڵی له‌ده‌ستبدات و ناچاریان كرد خۆی بكوژێت. له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌وه بوو، به كۆمه‌ڵێك شت تۆمه‌تباریان كرد، هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نه‌بوو. ئاخر ده‌توانیت چی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك سه‌ر بخاته سه‌رت، سته‌مت لێبكات و نه‌فره‌ت له باوباپیرانت بكات و تۆش له هه‌مو ئه‌و شتانه بێبه‌ری و بێ تاوانیت كه بۆت هه‌ڵبه‌ستراوه و بیری لێده‌كه‌نه‌وه؟ له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌توانێت چی بكه‌یت؟ پێده‌چێت ئه‌م حاڵه‌ته له‌گه‌ڵ هیمنگوای روویدابێت، لێره‌وه ئه‌و بووه‌ته قوربانی ده‌ستی چاره‌نووسێكی هه‌ڕه‌مه‌كی یان قوربانی ده‌ستی هه‌ڵه‌كانی بوون. به هه‌ڵه ئه‌ویان به كه‌سێكی دی زانیبوو، تاوانباری ڕاسته‌قینه وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچوو، بێ‌تاوانیش باجه‌كه‌یدا!
له هه‌مو ئه‌وانه به چ ئه‌نجامێك ده‌گه‌ین؟ ده‌گه‌ین به‌م ئه‌نجامه‌ی خواره‌وه: ببیت به بلیمه‌تێكی به‌ناوبانگ، واته تۆ یه‌كسه‌ر چوویته‌ته ناو بازنه‌ی سوری مه‌ترسییه‌وه و پێتخۆشبێت یان نا، چی به‌ڵا هه‌یه به‌سه‌رتا ده‌بارێت. له‌م باره‌یه‌وه میشێل سیر فه‌یله‌سوفی ناسراوی فه‌ره‌نسی ده‌ڵێت: به درێژایی 400 ساڵ، لێكۆڵینه‌وه‌م له ژیانی زانا و فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌كانی فه‌ره‌نسا كردووه، كه‌سیانم نه‌بینی به ئاسوده‌یی ژیابێت، هه‌ر هه‌مویان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، روبه‌ڕووی مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه، هه‌ندێكجار رووبه‌ڕووی مه‌ترسی تیرۆكردن بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی دیكه‌ش به‌ده‌ستده‌هێنین: باجی بلیمه‌تی و ناوبانگ، زۆر گرانه. زۆرێك له‌و زانا و فه‌یله‌سوفانه، یا ئه‌وه‌تا شێتبوون یان ئازاریان چه‌شت یا ملیان لێكرایه‌وه یاخود خۆیان كوشت، ئه‌وان خۆیان سوتاند، تا رێگاكه بۆ ئێمه ڕووناك بكه‌نه‌وه.
لێره‌وه ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به ئاسوده‌یی بژین، ئه‌وا باشتره، وه‌ك هه‌مو مرۆڤه‌كانی دیكه، كه‌سانی ساده و خاكی بین، نه‌زۆر و نه‌كه‌م. ئاخر ئێمه له‌و بڕوایه‌دابووین بلیمه‌تی یان ناوبانگ، نعیمه‌ته، كه‌چی ده‌بینین نه‌فره‌تێكی ڕاسته‌قینه‌یه.
ئه‌ڵبه‌ته به شێوه‌یه‌كی گشتی/ ته‌قریبه‌ن، تاقه یه‌ك بلیمه‌ت نییه، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، باجی ناوبانگبوونی نه‌دابێت. موته‌نه‌بی له ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵیدا كوژرا. ئیبن سینا له ته‌مه‌نی په‌نجاو حه‌وت ساڵیدا، پێده‌چێت ژه‌هراخوارد كرابێت. جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی، هێشتا ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبووه شه‌ست ساڵ، له قوسته‌نتنیه و لای باب ئه‌لعالی ژه‌هرخوارد كرا. عه‌بدولڕه‌حمانی كه‌واكبی، ئه‌ویش له ته‌مه‌نی چل و حه‌وت ساڵیدا، باب ئه‌لعالی له قاهیره، له رێگه‌ی كوپێكی بچووكی قاوه‌وه كوشتی. دیكارت له ته‌مه‌نی په‌نجاو چوار ساڵیدا، له سوید ژه‌هرخوارد كرا، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی كاهینێكی تووندڕه‌وی كاسۆلیك، ژه‌هری بۆ كردبووه ناو قوربانیی پیرۆز!
دكتۆر محه‌ممه‌د ئه‌لفازل سه‌رۆكی زانكۆی دیمه‌شق و یه‌كێك له پیاوه هه‌ره دیاره‌كانی یاسای سوری و جیهانی، له ته‌مه‌نی په‌نجاو هه‌شت ساڵیدا، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئیخوان موسلیمینه‌وه، درایه به‌ر ده‌سترێژی فیشه‌ك و خه‌ڵتانی خوێنكرا.
لیسته‌كه دوور و درێژه، سه‌روه‌ختێك هه‌مو ئه‌وانه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده هه‌ڵده‌مژین و هه‌زارجار سوپاسی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ین، به‌وه‌ی ئێمه بلیمه‌ت نه‌بووین!
سه‌رچاوه
به‌شی كه‌لتووری رۆژنامه‌ی شرق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 10 ئابی 2024.