من و مەولانا سەرگوزەشتەی شەمسی تەبریزی
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و کاریگەرەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (من و مەولانا سەرگوزەشتەی شەمسی تەبریزی) بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیە و (ولیەم چیتک) نووسیویەتی، هاوکات نووسەر و وەرگێڕ(ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لە ئەمریکای باکوور مەولانا پڕفرۆشترین شاعیرە، زۆر گرنگی بە ژیان و سەردەمەکەی دەدرێت، هەر جارێ کۆمەڵە هۆنراوەیەکی بڵاو بکرێتەوە، سەرگوزەشتەی ژیانیشی لەگەڵدایە، بە تایبەتی گرنگیی بە دیداری مەولانا لەگەڵ شەمسی تەبریزیزدا، دەدەن، کە سۆفییەکی گەڕۆک بوو، دوای ئەو دیدارە بووە هاوڕێی ئازیزی مەولانا، مەولانا زانایەکی هەتا بلێی سەنگین بوو، شەریعەت و عەقیدەی بە گرووپێکی بچووکی موریدان دەگوتەوە، بەڵام هاتنی شەمس، مەولانای بە کەسێکی تر گۆڕی کە حەزی لە موزیک و سەما و هۆنراوە بوو، سێ ساڵ دوای پەیدا بوونی شەمس، کە کەس نەیدەزانی لە کوێوە هاتووە، لە ناکاو بزر بوو، هەرگیز جارێکی دیکە نەبینرایەوە، تاسەی مەولەوی بۆ خۆشەیستە دیارنەماوەکەی، کردی بە یەکێک لە مەزنترین شاعیرەکانی جیهان، مەولانا لە هۆنراوەکانیدا شەمسی وەک بەرجەستەبووی عیشقی یەزدانی دادەنا و پیایدا هەڵدەدا، بەوەش ناوی ئەوی بە نەمری هێشتەوە:
شتێکی زۆر کەم دەربارەی شەمسی ڕاستەقینە زانراوە، هەندێک گومان دەبەن کەسێکی ڕاستەقینە نەبێت، هەر کەسێک بایەخی بە غەزەلەکانی مەولانا دابێت، کێچ کەوتووەتە کەوڵی بۆ ناسینی شەمس، جا هەر لە کوڕەکەی مەولەوی خۆیەوە تا دەگات بە هەموو ئەوانەی تریش کە سەرگوزەشتەی شەمسیان نووسیوەتەوە، چیرۆک و ئەفسانەی زۆریان لە دەوری چنیوە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا شەمس بووە بە سیمبولی ناو ئەدەبیاتی فارسی، تورکی و ئوردوو، لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکانیش، گەرچی ژمارەیەکی زۆر دید و بۆچوونی جیاجیایان خستووەتە ڕوو، بەڵام تیشکی ئەوتۆیان دەربارەی ئەوەی شەمس کێ بووە و چۆن توانیویەتی ئەو ڕۆڵە گەورەیە لە ژیانی مەولانادا بگێڕێت، هەڵنەکڕاندووە.
کتێبی (من و مەولانا) بەردی بناغەی لێکۆڵینەوەی ئەم کەسێتییە ناڕوون و تەماویەیە، ئەمە یەکەمین جارە لە زمانێکی ئەوروپاییدا، لە سەرچاوەی یەکەمەوە باسێک دەربارەی شەمس ئامادە بکرێت، کە توێژەرانی خۆرئاوا دەستیان بۆ نەبردووە: ولیەم چیتیک، لە کتیبی من و مەولانادا، نزیکەی دوو لەسەر سێی مەقالاتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و بە جۆرێک ڕیزی کردوون کە ماناکانیان لە بەستێنی خۆیاندا روون بێتەوە، سەرنج و وشەدانیشی ئامادە کردووە، کە بۆ لێکدانەوەی بڕگە تەمومژاویەکان زۆر یاریدەدەری خوێنەرن، لە کۆتا ئەنجامدا ئەمە کتێبێکی زۆر خۆش و خوێنراوەیە و شەمسی زیندوو کردووەتەوە، ئەمە یەکەمجارە خۆرئاواییەکان دەستیان بە شەمس بگات، بێ ئەوەی هانا بەرنە بەر مەولانا و ئەفسانەسازان.
هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) لە پێشەکیی کتیبەکەدا ئاماژەی پێ داوە، مەولانا لە خۆرئاوا ناسراوە کە چیتر پێوسیتی بە ناساندنی ناکات، هەر کەس ئاگای لە مەولانا هەبێت، دەبێ ناوی شەمسی تەبریزی هاوڕێشی بیستبێت، پەیوەندیی نێوانیان ئەوەندە بەناوبانگە کە کەسێکی گرنگی وەک هیوستن سمیس، لە کتێبەکەیدا بە ناوی (بۆچی ئایین گرنگە؟) خۆشەویستی مەولانا بۆ شەمس، لەگەڵ خۆشەویستیی دانتێ بۆ بیاترس لە هەمان ڕستەدا بێت: ئەوە مەولانا بوو ئەو خەرمانە ئەفسانەییەی بە دەوری شەمسدا کێشا، بیرت نەچێت، درێژترین کاری مەولانا مەسنەوییە نێودارەکەی نییە، کە داستانێکی ڕۆحانییە لە شەش کتێب و ٢٥ هەزار دوو بەیتیدا کۆکراوە، بەڵکو ٤٠ هەزار شیعرە کورتە ئاشقانێتیەکانێتی کە بە دیوانی شەمسی تەبریزی ناسراوە، گەرچی ئەم کتێبە پڕ سۆزە مەزنە، ناوی شەمسی تەبریزی هەڵگرتووە، بەڵام هەرگیز کەس وا بیری نەکردووەتەوە ئەو نووسەرەکەی بێت، ئەم دیوانە بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە، چونکە مەولانا خۆی لە کەسی شەمسدا نغرۆ کردووە و کردوویەتی بە ئامانجی دیار و نادیاری لەخۆبوردن و سڕینەوەی خۆی، بێشک دیوانی شەمس هەمووی دەربارەی خۆشەویستیی خودایە، بەڵام مەولانا چیرۆکەکانی خۆشەویستی و ئاسوودەیی دەگێڕێتەوە، شەمس هەر وا بە سانایی مرۆڤێک نییە، هەروەها ڕێنماییەکیش نییە لەسەر شێوەی پێغەمبەران، نەخێر، ئەو خۆشەویستی ڕاستەقینەی بەرجەستەیە، واتە خودا خۆیەتی.
ئەم کتێبە پێمان دەڵێت کە مەولانا لە یەکەمین نیگاوە ئالودەی شەمس بوو، بە تەواوەتی خۆی بۆ ئەو تەرخان کرد، ئەرکی سەر شانی وەک مامۆستا فەرامۆش کرد و خووی دایە سەما کردن بەدەم موزیک و هۆنراوەوە، زۆرێک لە موریدەکانی پێیان وا بوو ئەو ڕەفتارە لە دانایەکی بەڕێز ناوەشێتەوە، تووشی شۆک بوون، کەوتنە سکاڵا و گازاندە، بەڵام مەولانا گوێی پێ نەدان: دوای دوو ساڵ، لە داخی ئیرەیی و قینی موریدان، شەمس قونیەی جێ هێشت، مەولانا حەپەسا، واقی وڕما، سوڵتان وەلەدی ناردە دیمەشق، ئەویش زۆر گەڕا تا لە حەلەب دۆزییەوە، قسەی لەگەڵ کرد و پێکەوە بۆ قۆنییە گەڕانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، شەمسی تەورێزی دەروێشێکی گەڕیدە بووە، ئەو خەونێکی سەیری بینیوە لە تەمەنی دە ساڵیدا، ئەویش دەچێت بۆ باوکی دەگێرێتەوە، بەڵام ئەو بڕوا بە کوڕەکەی ناکات بۆیە ئەویش ماڵ جێ دێڵێ و گەڕیدەیی ھەڵدەبژێرێت، دەگوترێت کە شەمسی تەبرێزی ھیچ کات زیاتر لە شەوێک لە ھیچ جێگایەک نەماوەتەوە لە کاتی دەروێشایەتی خۆیدا. شەمس پارەی بە تەفسیری خەون و خوێندنەوەی دەست بەدەست دەهێنا و بەم جۆرە بەشێکی ژیانی بەسەر برد.
شەمس بە یەکگەیشتی لەگەڵ پیاوێک بە ناوی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی لە ساڵی ١٢٤٤ز، ئەم بە یەکگەیشتنە ڕێڕەوی ژیانی ھەردووکیانی گۆڕی لەوەی کە مەولانای لە زانایەکی ئایینی ئاسایی کرد بە شاعیر و کەسێکی نقومبووی نێو تەسەوف و عاتیفە و بانگبێژێک بۆ عەشق و خۆشەویستی خودا. بۆیە ڕۆیشتنی شەمس و جیابوونەوەی لە مەولانا دوای ٣ ساڵ، کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەری و ئەو جیابوونەوەی بە کارەساتێکی دڵتەزێن وەسف دەکرد.
بەپێی سەرچاوەکان (شەمس) لە بارودۆخێکی سەیر و تەمومژاوی و نادیاردا بزر بوو، وەکو پێشتر باسکراوە ھەندێک دەڵێن کە لەسەر دەستی قوتابیانی مەولانادا کوژراوە، ئەویش بە ھۆکاری ئیرەیی پێ بردن بە پەیوەندی شەمس و مامۆستاکەیان و ھەر لە قۆنیە نێژراوە، ھەندێکیش دەڵێن کە شەمسی تەبرێزی قۆنیەیی بەجێ ھێشت و لە شاری خۆی وەفاتی کردووە و ھەر لەوێ نێژراوە و گلکۆشی لەوێیە.
مەقالاتی شەمس کۆکراوەی وتە و ئامۆژگاری و بۆچوونەکانی شەمسە. لە ڕواڵەتی پچڕاو و ناڕێکوپێکی گوفتارەکانەوە، دیارە کتێبەکە نووسراوی خودی شەمس نییە، بەڵکو یاداشتگەلێکی ڕۆژانە بووە کە موریدەکانی مەولانا نووسیویانەتەوە. بە گوتەی فروزانفەر “لە مەسنەویی مەولانادا زۆرێک لەو گوفتارانە دووبارە بوونەتەوە کە لە مەقالاتدا هەن.” شەمس خۆی دەربارەی نووسین گوتویەتی “من عادەتی نووسینم نییە، لەبەر ئەوەی گوفتارەکانم نانووسمەوە، لە مندا دەمێننەوە و هەر ساتێک ڕوویەکی نوێم دەدەنێ.” مەقالات پڕە لە بۆچوونەکانی شەمس دەربارەی بابەتە جیاوازەکان و سۆفییەکانی تر. ئەو باسی ئەبوحامد غەزالی و ئەحمەد غەزالی و ئیبن عەرەبی و مەنسووری حەلاج و بایەزیدی بەستامی و مەولانای ڕۆمی و زۆر کەسی دیش دەکات.
بێگومان سەبارەت بەم دوو کەسایەتییە مەزنە (شەمس و مەولانا) گەلێ بابەت و توێژینەوە نووسراوە، سنووری ناوبانگی ئەم دوو زاتە گەیشتووتە خۆرئاوا و ئەوروپا، تا هەنووکەش توێژەران و لێکۆڵیارانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کت و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کت و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کتێبە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ زیاتر ئاشنا بوونی ئێمە بە شەمس و دنیا فراوانەکەی.