ڕۆشنگه‌ریی… بۆچی به‌ناو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب لێی ده‌ترسن؟
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
زۆرجار خه‌ڵك وا بیرده‌كه‌نه‌وه ڕۆشنگه‌ریی، ته‌نها خۆشی و سه‌رگه‌رمییه‌كی فیكرییه و به مێشكی هه‌ندێك له ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپادا هاتووه دایبهێنن و بیهێننه ئاراوه و خۆیانی پێوه سه‌رقاڵ بكه‌ن، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له ئاین ده‌ربچن و لێی یاخیببن، نه‌ك شتێكی قووڵتر و به‌سودتر.
بگره هه‌ندێكی دی به هه‌ڵه له‌و بڕوایه‌دان ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپا، بۆیه ڕۆشنگه‌رییان داهێناوه، تاكو له‌به‌رده‌م ئه‌وانی دیكه‌دا، لاف و گه‌زافی پێلێبده‌ن و شانازی به‌خۆیانه‌وه بكه‌ن: من كه‌سێكی ڕۆشنگه‌رم و تۆ كه‌سێكی ڕۆشنگه‌رنیت.. هتد، هه‌مو ئه‌وانه قسه‌ی بێ‌مانا و ساده‌گۆییه.
له ڕاستیدا ڕۆشنگه‌ریی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ پێداویستییه‌كی مێژوویی زۆر گرنگ و به په‌له ده‌ركه‌وت و چاره‌سه‌رێكی گونجاو و سه‌ركه‌وتوو بوو بۆ قه‌یرانی تائیفی یان مه‌زهه‌بی كه به درێژایی سه‌ده‌كانی ڕابردوو، كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپای هه‌لاهه‌لا كردبوو. ئاشكرایه فه‌ره‌نسا به‌ده‌ست شه‌ڕی مه‌زهه‌بییه‌وه گرفتار ببوو، به‌تایبه‌ت به ده‌ست ده‌مارگیریی كوێرانه‌ی كاسۆلیكه‌كانه‌وه ده‌یناڵاند. ئه‌ڵبه‌ته زۆرینه‌ی كاسۆلیك، كه‌مینه‌ی پرۆتستانتی به شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ وێران‌كرد، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی به گومڕا و كوفر و چوونه ده‌ره‌وه‌ی له “ئاینی ڕاسته‌قینه” تۆمه‌تبار كرد، واته ئه‌و ئاینه‌ی كه له دید و تێڕوانینی ئه‌واندا، جگه له كاسۆلیك، هیچ مه‌زهه‌بێكی دی ناگرێته‌وه.
له‌و ڕۆژگار و سه‌رده‌مه‌دا، كاسۆلیكه‌كان له ئاینی مه‌سیحیدا، خۆیان به فیرقه‌ی فریادڕه‌س داده‌نا، ته‌نها ئه‌وان ده‌ڕۆنه به‌هه‌شت و سه‌رجه‌م فریقه و مه‌زهه‌به‌كانی دیكه ده‌ڕۆنه دۆزه‌خ. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو، هه‌وڵیاندا پرۆستتانته‌كان له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه ده‌ربێنن، ئه‌وه‌نده به‌سه لێره‌دا قه‌سابخانه‌كه‌ی سانت بارتیلیمی به نموونه بهێنینه‌وه كه له پاریس و له ڕۆژی 24 ئابی ساڵی 1572 ڕوویدا، واته پێش نزیكه‌ی پێنج سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. ئه‌م كوشتوبڕه، سه‌ره‌تا له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساوه سه‌ریهه‌ڵدا، دواتر گواسترایه‌وه بۆ هه‌رێمه دووره‌كان و شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك پۆردۆ و تۆڵۆز و لیۆن و ئه‌وانی دیكه.
(له نێوان دوو كه‌وانه‌دا، مێژوونووسان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، له‌و قه‌سابخانه‌یه‌دا، نزیكه‌ی سی هه‌زار كه‌س بوونه قوربانی، ئه‌مه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره، ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌یه و به به‌راوردكردنی به ئێستا، لانی كه‌م به‌رامبه‌ر به سێ سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بێت).
له سه‌ره‌تادا ئامانجی كوشتوبڕكه، بریتی بوو له كوشتن و له‌ناوبردنی سه‌ركرده‌كانی تائیفه‌ی پرۆتستانت، نه‌ك هه‌مو گه‌لی پرۆتستانت. شارلی نۆیه‌م كه له‌و ڕۆژگاره‌دا، پادشای كاسۆلیكه‌كان بوو، له یه‌كه‌م ڕۆژی قه‌سابخانه‌كه‌وه فه‌رمانیدا كوشتوبڕه‌كه ڕابگرن. وه‌لێ خه‌ڵكه ڕه‌شۆكه هه‌ڵچووه ده‌مارگیره‌كه، كه له لایه‌ن فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان و پیاونی ئاینییه‌وه هانده‌دران، گوێیان به فرمان و بڕیاره‌كانی پاشا نه‌دا و به شێوه‌یه‌كی شه‌لم كوێرم ناپارێزم، كه‌وتنه سه‌ربڕینی پرۆتستانته‌كان و له هه‌ر شوێنێكدا كه‌سێكی پرۆتستانتیان ببینیایه، ده‌یانكوشت.
به‌م شێوه‌یه مه‌سه‌له‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رچوو، چیتر كه‌س نه‌یده‌توانی ئه‌و قه‌سابخانه‌یه ڕابگریت. ئه‌ڵبه‌ته ڕوون و ئاشكرایه، سه‌روه‌ختێك جڵه‌وی غه‌ریزه تائیفییه‌كان به‌ره‌ڵاده‌كرێت، كه‌س نازانێت له كوێدا ڕاده‌وه‌ستێت و چۆن چۆنی ڕاده‌وه‌ستێت. تا خوێن به ته‌واوه‌تی تێر له خوێن نه‌خوات، ڕاناوه‌ستێت. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی میلله‌ت، زۆر له سه‌ركرده‌كان یان له پاشا‌كان ده‌مارگیرتره. ئاخر ته‌نانه‌ت ئه‌و پاشا زۆر به‌ڕێزه‌ی كاسۆلیك، ئه‌ویش نه‌یتوانی ئه‌و میلله‌ته هه‌ڵچووه ڕاوه‌ستێنێت!
سه‌روه‌ختێك فه‌ره‌نسییه هاوچه‌رخه‌كان، ئه‌و كوشتار و دۆخه‌یان بیرده‌كه‌وێته‌وه، خه‌ریكه بڕواناكه‌ن شتێكی له‌و جۆره ڕوویدابێت. هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئێستادا هیچ شوێنه‌وارێك بۆ ده‌مارگیریی تائیفی له فه‌ره‌نسای مۆدێرن و عه‌لمانییه‌تی هاوچه‌رخدا نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌نوكه سه‌رجه‌م پرۆتستانته‌كان و كاسۆلیكه‌كان، بوونه‌ته هاوڵاتی پله یه‌ك و له ماف و ئه‌ركدا، له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌زگاكاندا یه‌كسانن. حاڵی حارز ده‌مارگیریی نیشتیمانی یان نه‌ته‌وه‌یی فه‌ره‌نسی، به ته‌واوه‌تی شوێنی ده‌مارگیرییه تائیفییه به‌رته‌سكه‌كانی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه له ئێستادا و له خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ڕووده‌دات كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر هیچ ده‌مارگیرییه‌كی نیشتیمانی تێدا نیییه هه‌موان له‌ده‌وری كۆببنه‌وه. بگره هه‌مو خۆشه‌ویستی و ده‌مارگیرییه‌كان بۆ تائیفه‌یه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه، تا ئێستا فیكرێكی ڕۆشنگه‌ر له جیهانی عه‌ره‌بیدا نه‌هاتووه‌ته ئاراوه و ده‌رنه‌كه‌وتووه، فیكرێك توانای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌مارگیرییه تائیفییه‌كانی هه‌بێت كه وه‌ك شاخه‌كان ڕه‌گیان داكوتیوه و جێگیربوون، فیكرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ر له فه‌ره‌نسا و سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا به گشتی ئه‌نجامیاندا.
لێره، له خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی، نه “ڤۆڵتێر”ێكی عه‌ره‌ب، نه “سپینۆزا”یه‌كی عه‌ره‌ب و نه “كانت”ێكی عه‌ره‌ب… هتد، ده‌رنه‌كه‌وتووه. جا مادام مه‌سه‌له‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه، ئه‌وا تائیفییه‌ت له كۆنترۆڵكردنی عه‌قڵی خه‌ڵك به‌رده‌وام ده‌بێت، به تایبه‌ت خه‌ڵكه ڕه‌شۆك و ساده‌كه، بگره ته‌نانه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له كۆنترۆڵكردنی عه‌قڵی به‌شێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیران یان نیمچه یان به‌ناو ڕۆشنبیران/ اشباه المثقفین.
پارتی كاسۆلیكی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تائیفی كه زۆر ده‌مارگیر بوو، هه‌وڵیدا پرۆتستانته‌كان له ناوببات و له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه هه‌ڵیانكێشێت. له‌و ڕۆژگاره‌دا پایای ڕۆما، چه‌پڵه‌ی بۆ ئه‌و كوشتوبڕه‌ی كاسۆلیكه‌كان لێدا و وه‌ك سه‌ركه‌وتنێكی پیرۆزی ئیمانی ڕاست و دروست له قه‌ڵه‌میدا، پاپا به دیاریكراوی و به پیتی درشت ده‌ڵێت: سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار، ئه‌مڕۆ ئیمانی ڕاسته‌قینه، سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر گومڕایی و كوفردا… پاپا هه‌ر كه گوێی له هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنه‌كه ده‌بێت، بڕیارده‌دا له سه‌رجه‌م كڵێساكانی ڕۆما، نویژی شوكرانه‌بیژی و سوپاسگوزاریی بكرێت و كڵێساكانیش وه‌ك ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن، له هه‌مو شوێنێكدا ده‌ستیانكرد به زه‌نگ لێدان. پاپا كه‌وته ده‌ستبه‌رزكردنه‌وه و پاڕانه‌وه له یه‌زدانی مه‌زن، چونكه خاكی پیرۆز و پاكژی فه‌ره‌نسای كاسۆلیكه‌كانی، له گڵاوی و گومڕایی پرۆتستانته‌كان، ڕزگار كرد و نه‌فره‌تی خودایان لێبێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م كوشتوبڕ و قه‌سابخانه‌یه نه‌بوایه، ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌شوهه‌وا سیخناخه به ده‌مارگیریی تائیفی و مه‌زهه‌بی نه‌بوایه، ئه‌وا نه ڤۆڵتێر نه دیدرۆ، نه ژان ژاك ڕۆسۆ و نه ئیسنایكلۆپیدییه‌كان و نه سه‌رجه‌م فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریی، ده‌رنه‌ده‌كه‌وتن. ئه‌وان وه‌ك په‌رچه‌كردارێك دژ به‌م تێگه‌شتنه تائیفییه ده‌مارگیر و ترسناكه بۆ ئاینی مه‌سیحی ده‌ركه‌وتن. ئه‌وه تێگه‌شتنێكی فێنده‌مێنیتاڵیزمانه بوو، ڕه‌وایه‌تی یه‌زدانی ده‌به‌خشی به كوشتوبڕه تائیفییه‌كان، بگره پێیانوابوو به‌و كاره‌یان له یه‌زدانی مه‌زن نزیكده‌بنه‌وه.
لێره‌وه تێگه‌شتنێكی تائیفی و تێگه‌شتنێكی نا تائیفی بۆ ئاین هه‌یه، تێگه‌شتنێكی دیكه بۆ ئاین هه‌یه، جگه له تێگه‌شتنی ئیخوان موسلمین و خومه‌نییه‌كان و تاریكبینه‌كانی دیكه. ئه‌مه شتێكه تا ئێستا له جیهانی عه‌ره‌بیدا وه‌رنه‌گیراوه، بگره به خه‌یاڵیشدا نه‌هاتووه، مه‌به‌ستم خه‌یاڵی ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره نه‌خوێنده‌واره‌كه نییه. بگره مه‌به‌ستم خه‌یاڵی ڕۆشنبیرانیشه، مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان نه‌بێت كه یه‌زدان ڕه‌حمی پێكردوون! كه‌چی مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپی، به هۆی هه‌وڵ و تواناكانی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌رییه‌وه، ئه‌م دۆخه‌ی به چه‌ندین ساڵی ڕووناكی تێپه‌ڕاندووه.
ئه‌م گه‌شه‌كردنه زه‌به‌لاحه‌ی تیۆلۆژیا و ئه‌م شۆڕشه فیكرییه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، تا حاڵی حازر، ته‌نها له ئه‌وروپای مه‌سیحیدا ڕوویداوه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاپای پێشوو، هه‌رچه‌نده خاوه‌نی زانیارییه‌كی فره بوو، كه‌چی هه‌ندێكجار هه‌ر به فێنده‌مێنیتاڵیستی ده‌مایه‌وه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، پێیوابوو پرۆتستانته‌كان و له‌وانه‌یه ئه‌رسه‌دۆكسه‌كانیش، مه‌سیحی كه‌م عه‌قڵن و وه‌ك كاسۆلیكه‌كان خاوه‌نی عه‌قڵی ته‌واوه‌تی نین. به مانایه‌كی دی، پاپا له قووڵایی ناخی خۆیدا، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو كه تاقه فیرقه‌ی فریادڕه‌س له مه‌سیحییه‌تدا، مه‌زهه‌بی كاسۆلیكی پاپه‌ویه‌تی ڕۆمایه كه نوێنه‌ری زۆرینه‌یه یان نوێنه‌ری زۆرینه‌ی ژماره‌ییه.
به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌م پاپایه، جگه له مه‌زهه‌بی كاسۆلیك، له‌سه‌ر ته‌كفیكردنی مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌ی مه‌سیحی به‌رده‌وام بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پاپاكانی هاوشێوه‌ی له سه‌ده‌كانی ڕابردوو كردوویانه، نا نه‌خێر، هه‌رگیز به‌و مانایه نییه. وه‌لێ مانای وایه، ئه‌و هێشتا به ته‌واوه‌تی له هه‌مو خڵته‌ی سه‌ده‌كانی ڕابردوو و تیۆلۆژیا كۆنه‌كه‌ی ڕزگاری نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌ی هانز كۆنگ(*) بیرمه‌ندی نایاب و ڕۆشنفكری كاسۆلیك.
ئایا ئێوه له‌و بڕوایه‌دان بێ ڕوودانی جه‌نگی سی ساڵه كه ئه‌ڵمانیا و هه‌مو ئه‌وروپای گرته‌وه، لایبنتز و لیسنگ و كانت و فیخته و هیگڵ و ڕۆشنگه‌ره مه‌زنه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌رده‌كه‌وتن؟چاره‌كێكی دانیشتوانی ئه‌ڵمانیا له‌و جه‌نگه تائیفییه ترسناكه سی ساڵه‌ییه‌دا كوژران كه له نێوان كاسۆلیكه‌كان وپرۆتستانته‌كاندا هه‌ڵگیرسابوو.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره بوو، فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریی، بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ ئیخوان مه‌سیحییه‌كان بكه‌ونه جه‌نگه‌وه و لیكدانه‌وه داخراو و تائیفی و ده‌مارگیره‌كه‌یان بۆ ئاینی مه‌سیحی، هه‌ڵوه‌شانه‌وه. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره بوو، بڕیاریاندا فه‌توا دینییه بكوژه‌كانیان یان ئه‌و فه‌توایانه‌یان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه كه ڕه‌وایه‌تی یه‌زدانی ده‌به‌خشی به كوشتن و سه‌ربڕین. ئه‌وه هه‌مان ئه‌م فه‌توایانه‌یه كه تا ئێستا و تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش، كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان، به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌گه‌ر هه‌مو ئه‌و ڕاستیانه له‌به‌رچاو نه‌گرین و به‌هه‌ندیان وه‌رنه‌گرین، ناتوانین له داستانی مۆدێرنه و هه‌ڵكشانه موشه‌كییه‌كه‌ی له ئه‌وروپا تێبگه‌ین.
هه‌ندێكجار ژماره‌یه‌ك له ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: كاكی برا ئێمه چ په‌یوه‌ندییه‌كمان به ڕۆشنگه‌رییه‌وه هه‌یه؟ چ پێویستییه‌كمان پێیه‌تی؟ ڕۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی هه‌ژده و پێش 200 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵداوه، مه‌گه‌ر ئێوه ده‌تانه‌ویت دوو سه‌ده یان زیاتر، بمانگه‌ڕێننه‌وه بۆ دواوه؟ ئایا ئێمه پێویستمان به ڕه‌و‌تێكی فیكرییه، سه‌ریهه‌ڵدا و هات و تێپه‌ڕی؟
سه‌روه‌ختێك ئه‌و ڕۆشنبیرانه ده‌م له‌مجۆره قسانه‌وه وه‌رده‌ده‌ن، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر خراپ ده‌كه‌ن، یان جگه له وتنی كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ی قلیوبلی، هیچی دیكه ناڵێن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ڕێگا له ڕۆشنگه‌ریی بگرن و لێنه‌گه‌ڕێن له سه‌رانسه‌ری جیهانی عه‌ربی و ئیسلامی‌دا رووبدات. ئه‌مه‌ش مانای درێژه‌دانه به سه‌رده‌می تائیفه‌گه‌ری بۆ هه‌تاهه‌تایه. ئه‌وان به‌م كاره‌یان، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین و كۆنه‌په‌رسته‌كانی دیكه، تێكه‌ڵكردووه. به‌ڵام بوێری ئه‌وه‌یان نییه ڕاشكاوانه ئه‌وه ده‌رببڕن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه پێیان بڵێن دژ به مۆدێرنه و سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنن.
وه‌لێ ئێمه پرسیاریان لێ ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین: بۆ كێ ڕۆشنگه‌ریی هات و ڕۆشت و تێپه‌ڕی؟ ئایا بۆ گه‌لانی ئه‌فغانی و تالیبان و عه‌ره‌بی و توركی و ئێرانی و پاكستانی هات و ڕۆشت و تێپه‌ڕی؟ یان بۆ گه‌لانی فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی و گه‌لانی پێشكه‌وتووی دیكه‌ی ئه‌وروپا هات و تێپه‌ڕ كه چیتر به‌ده‌ست هیچ قه‌یرانێكی تائیفی یان مه‌زهه‌بییه‌وه ناناڵێنن؟ ئه‌م پرسیاره به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به هه‌ڵوێسته هه‌ڵه‌كه‌یان و دیاریكردنی خۆبه‌زلزانینه هه‌ڵه‌كه‌یان بكات.
له هه‌مو ئه‌وانه‌وه چ ده‌رئه‌نجامێك به‌ده‌ستده‌هێنین؟ ته‌نها یه‌ك شت به‌ده‌ستده‌هێنین، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: به پێچه‌وانه‌ی ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپا، تا ئێستاش ڕۆشنگه‌ریی له به‌رده‌م ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌به نه‌ك له پشتیانه‌وه. ئه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنین ئێمه چه‌ند هه‌وڵبده‌ین و تێ‌بكۆشین، ناتوانین خۆمان له ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕۆشنگه‌ریی ڕزگار بكه‌ین. ئه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنین جیاوازییه‌كی مێژوویی گه‌وره له نێوان كۆمه‌ڵگا مه‌سیحییه خۆرئاواییه‌كان و كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه عه‌ره‌بییه‌كان یان غه‌یره عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌یه. ئه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنین گومان له‌وه‌دا نییه ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌یه و دێت، به‌ڵام هه‌مان كۆپی وردی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وروپی نابێت، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی و بلیمه‌تی خۆی ده‌بێت و هه‌رگیز نابێته هۆی بێباوه‌ڕی ڕه‌ها، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خۆرئاوا ڕوویدا. به‌ڵكو ده‌بێته هۆی ئاشتبوونه‌وه‌ی مێژوویی نێوان ئاین و فه‌لسه‌فه، نێوان ئیمان و عه‌قڵ، نێوان ئیسلام و مۆدێرنه.
سه‌رچاوه
به‌شی كه‌لتووری له ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره نێت، 18ی ئه‌یلولی 2024.
(*)وه‌ك وه‌رگێڕی ئه‌م بابه‌ته و بۆ به‌رچاوڕوونی زیاتری خوێنه‌ر، به باشم زانی ئه‌م په‌راوێزه‌ی خواره‌وه، له‌سه‌ر هانز كۆنگ ئاماده‌بكه‌م، بۆ ئاماده‌كردنی سوودم له چه‌ندین ماڵپه‌ڕ و پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی وه‌رگرتووه.
هانز كۆنگ له رێكه‌وتی 19ی ئازاری ساڵی 1928، له سورزیه Surseeی ناوچه‌ی لۆتسرن له سویسرا هاتووه‌ته دونیاوه، له ڕێكه‌وتی 6ی ئابی ساڵی 2021، له ئه‌ڵمانیا و له ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات.
یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین زانا تیۆلۆژییه‌كان كه به ڕه‌خنه‌گرتن له كڵێسا ناسراوه و داوای ده‌كرد چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی و جه‌وهه‌ریی له كلێسادا بكرێت، به تایبه‌ت ڕه‌خنه‌گرتن له‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پیرۆزی پاپای ڤاتیكان. هه‌روه‌ها داوای ده‌كرد ئاشتی له نێوان ئاینه‌كان به‌رقه‌راربكرێت، چونكه ئه‌و ئاشتییه ده‌روازه‌یه‌كه بۆ ئاشتی سه‌رانسه‌ری جیهان.
هانز یه‌كێكه له ڕۆژهه‌ڵاتناسه گه‌وره‌كان و ڕێزێكی گه‌وه‌ری له ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر ده‌گرت و سه‌رسوڕمانی خۆی له‌وه ده‌رده‌بڕی ده‌زگا ئاینییه‌كانی مه‌سیحی، رێزێكی زۆر له موسڵمانی ساده و خاكی ده‌گرن، كه‌چی له هه‌مان كاتدا رازینابن ددان به قورئان و به پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا بنێن و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “یه‌كێك له پاردۆكسه‌كانی ڤاتیكان، ئه‌وه‌یه به ڕێزه‌وه سه‌یری موسڵمانی ساده و خاكی ده‌كات، له هه‌مان كاتدا ئاماده نییه ئاماژه بۆ قورئان و محه‌ممه‌د بكات”.
هانز هه‌ر له منداڵییه‌وه حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی زۆری به‌لای ئایندا هه‌بووه، له ته‌مه‌نی یانزه ساڵی، بڕیارده‌دات ببێت به كاهین، له‌و ته‌مه‌نه بچوكه‌وه، له‌سه‌ر دایه‌لۆگ و بیركردنه‌وه و تێڕامان ڕاهاتبوو، له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕه‌كان گفتوگۆی ده‌كرد. ئاخر قۆناغی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، قۆناغی وه‌رچه‌خان و نیگه‌رانییه‌كی فیكری گه‌وره بوو، چیتر زانست نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی پرسیاره وجوودییه گه‌وره‌كان، سه‌باره‌ت به خودای گه‌وره و غایه‌تی خه‌لقكردن و چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان بداته‌وه.
له‌به‌رده‌م ئه‌و قه‌یرانانه‌دا، دیدی ئاینی، دوای چه‌ندین ده‌یه‌ی دوور و درێژ له ڕه‌تكردنه‌وه و چه‌پاندن، هه‌ناسه‌یه‌كی به‌به‌ردا هاته‌وه، ئا له‌م كه‌ش و هه‌وایه‌دا كه له‌گه‌ڵ ئاین لێبورده بوو، هه‌ست و ئیدراكی هانز كرایه‌وه و كه‌وته بیركردنه‌وه و تێڕامان.
له نێوان ساڵانی 1955 بۆ 1957 له سۆربۆن مامۆستا بووه و ساڵی 1960 بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ستده‌هێنێت و له زانكۆی “تۆبنگین”ی ئه‌ڵمانیا، وانه‌ی تیۆلۆژیا ده‌ڵێته‌وه، له‌و كاته‌وه بیری له چاكسازی كڵێسا كردووه‌ته‌وه و له هه‌مو ئه‌و پرنسیپانه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، وازهێنانبوو له‌وه‌ی راهیبه‌كان نابێت هاوسه‌رگیری بكه‌ن.
ئه‌و به‌رده‌ه‌وام و بێ به‌زه‌ییانه ڕه‌خنه‌ی له كڵێسا ده‌گرت، ده‌روازه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنی له‌كڵێسا، به پێداچوونه‌وه به بیرۆكه‌ی پیرۆزی پاپا ده‌ستپێكرد، له‌و بڕوایه‌دا بوو تێكشكاندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه، ده‌رگاكانی به‌رده‌م دیده چاكسازییه‌كه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێت: “له حوكمڕانیدا كه‌س له پاپا ناچێت، ته‌نها سوڵتانه‌كانی جیهان نه‌بێت له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، ئاخر ئه‌وانیش تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرن، نه ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه و نه دوورده‌خرێنه‌وه و هه‌ر له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌مێننه‌وه”.
هانز زۆر نیگه‌ران بوو له سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئاینی، پێیوابوو سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسی، قوتابییه‌كی ساده‌یه له‌به‌رده‌م سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئاینی. سه‌باره‌ت به پیرۆزی پاپای ڤاتیكان، كتێبێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا له‌و بڕوایه‌دا بوو پاپاویه‌ت پیشه‌یه‌كی مرۆییه نه‌ك لاهوتی و ده‌ڵێت: “ڤاتیكان بۆ چه‌ندین سه‌ده، له كاتێكدا هه‌وڵیده‌دا ده‌سه‌ڵات و پاره لای خۆی بهێڵێته‌وه، لایه‌نی ڕۆحی پشتگوێخستبوو. ئایا بڕیاری پاپا وه‌ك پاشایه‌كی ڕه‌ها، هیچ جیاوازییه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕژێمی كۆمۆنیستی، ئایا هه‌ردووكیان ڕه‌ها و مه‌ركه‌زی و شمولی نین، به كورتی ئایا هه‌ردووكیان دوژمنی ئازادی مرۆڤه‌كان نین؟
لێره‌وه كڵێسا له ساڵی 1979، مۆڵه‌تی وتنه‌وه‌ی تیۆلۆژیای كاسۆلیكی لێوه‌رگرته‌وه و له‌و كاته‌وه به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ كڵێسا، مۆركێكی ئاشكرایان به‌خۆوه‌بینی. ڕه‌خنه و بیروڕاكانی ده‌رباره‌ی كاروباره‌كانی كڵێسا، به جۆرێك شۆڕشگێڕانه بوو، زۆر كه‌س له‌و بڕوایه‌دابوون ئه‌وه بانگه‌وازی دووه‌مه بۆ چاكسازی له ناوه‌وه‌ی كڵێسا، هه‌ندێكی دیكه وتیان: “دكتۆر هانز له سه‌رده‌می مارتن لۆسه‌ره‌وه، مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر كلێسای كاسۆلیكی”.
ئه‌م زانا لاهوتییه، ئاگادارییه‌كی باشی ئاینه‌كان بوو، له پێشه‌وه‌ی هه‌موان ئاینی ئیسلام و جوله‌كه و بودیی و به‌رده‌وام باسی له‌وه ده‌كرد: “بێ ئاشتی نێوان ئاینه‌كان، ئاشتی له جیهاندا به‌رقه‌رار نابێت”، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو پێشنیاری دامه‌زراندنی “په‌رله‌مانی ئاینه‌كانی جیهان”ی كرد، وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌دیهێنانی گفتوگۆی چالاكانه‌ی نێوان ئاینه‌كان، هه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ش بوو ناوبانگێكی جیهانی فراوانی پێبه‌خشی. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی، زۆر شتی وت، له‌وانه ئه‌گه‌ر خاڵی ئه‌خلاقی هاوبه‌ش له نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌بێت، ئه‌وا پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و له ده‌وری كۆببینه‌وه: “مرۆڤ ناتوانێت بێ بوونی ئه‌خلاقێكی گه‌ردوونی به‌رده‌وام بێت. بێ بوونی ئاشتی نێوان ئاینه‌كان، ئاشتی جیهانی ڕوونادات. بێ بوونی گفتوگۆی نێوان ئاینه‌كان، ئاشتی ئاینی ڕوونادات”.