تەعبیرییەت، هەوڵێک بۆ پۆلێنکردنی هونەری شێوەکاری

Loading

تەعبیرییەت، هەوڵێک بۆ پۆلێنکردنی هونەری شێوەکاری

خستنەڕووی کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”

خوێندنەوەی: سەردەم

قسەی تێدا نییە کە ڕەخنەی شێوەکاری لە کوردستان، ڕەخنەیەکی سست و کەم تینە، ڕەخنەیەک نییە لە ئاست کاری هونەرمەندانی شێوەکاری کورددا بێت، بۆیە دەبینین مەودایەک و بۆشاییەکی گەورە لە نێوان تابلۆ و ڕەخنەی هونەرییدا هەیە، ڕەخنەیەک کە چیەتی و چۆنیەتیی کارە هونەرییەکانمان بۆ ڕوون بکاتەوە، هاوکات پێشانی بدات تابلۆیەک لە کوێدا داهێنەرانەیە و لە کوێ نوقسانی هەیە، پاشتریش بتوانێت بەرچاوڕوونییەک بە بینەر و کەسانێک بدات کە خولیای هونەری شێوەکاری و ویستی پەییبردن بە دیوە شاراوە و نەگوتراوەکانی پشت هەر تابلۆیەکی هونەرییەوە هەیە. کەمی، یان نەبوونی ڕەخنەی شێوەکاری لە دنیای شێوەکاری کوردیدا، کارێکی کردووە تابلۆ داهێنراوە زۆر باشەکانیش هەر بە بێدەنگی و خامۆشی تێپەڕ بن و بەهای ئیستاتیکای خۆیان وەر نەگرن، ئەگەر دیققەت بدەین ئەم قەیرانە لێکەوتەکانی بە شێوەی زیان و زەرەر بۆ کۆی پڕۆسەی داهێنانی شێوەکاریمان کەوتووەتەوە، کەسانێک کە ڕۆژانیک بە عەشقەوە لەم کایە هونەرییەدا کاریان کردووە و کارەکانیشیان چ لە ئاستی گەلەری و پێشانگە، چ لە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش ناسراون، تووشی جۆرێک لە نائومێدی هاتوون و بەرە بەرە لە کۆی بوارەکە دوور کەوتوونەتەوە و ڕەنگە ئێستا چیدی هیچ کارێکی نوێیان نەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەم جۆرە نەبووایە و ڕەخنەی شێوەکاری کوردی ئاوڕی جددی لە کاری هونەرمەندانی کورد بدایتەوە، دەتوانرا ئەو توانا هونەرییانە پەشوبڵاو نەبنەوە و هەنووکە لە پاڵ ئەو هونەرمەندانەدا کە کار دەکەن، زۆر ناوی تریش هەبوونایە.

وەهبی ڕەسووڵ جگە لەوەی خۆی هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و داهێنەرە، ساڵانێکی زۆریشە چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان، چەندان کتێبی هونەریی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و کتێبخانەی هونەری شێوەکاری کوردی بە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، ڕەنگاوڕەنگتر و جوانتر بووە. نوێترین کتێبی وەهبی ڕەسووڵ کتێبێکە بە ناونیشانی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”، ئەم کتێبە لە تازەترین چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لە چاپێکی هونەری جواندا، بە قەوارەی ١٨٣ی مامناوەند، بە دیزاینێکی ناوازە لە لایەن هونەرمەند ئارام عەلییەوە، کە بۆ سەر بەرگەکەی، یەکێک لە تابلۆ هەرە تایبەتە تەعبیرییەکانی هونەرمەند ئیگۆن شیلەی داناوە، ئەم کتێبە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە درێژەی ئەم نووسینەدا، بە شێوەی گەشتنامەیەک، هەوڵ دەدەین پەیوەست بە ناوەرۆکی کتێبەکە، لە هەندێ بابەتی هونەری و گرفتی ڕەخنەی شێوەکاری لە کوردستان، بدوێین.

سەرەتا ئەگەر لەوێوە دەست پێ بکەین، کە بۆ خۆی پرسیارێکی جددییە، بۆچی ڕەخنەگری تایبەت و پسپۆڕمان لە کوردستان سەبارەت بە هونەری شێوەکاری نییە؟ لە کاتێکدا دەبینین هونەری شێوەکاری کوردی مێژووییەکی هەیە لەناو هونەری بۆ نموونە عێراقیدا؟ یەکێک لەو گرفتانە کە هەر لەم پرسیارەوە ساز دەبێت ئەوەیە، کە دەبینین خودی هونەرمەندانی شێوەکارن کە دەبن بە ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری و هەر ئەوان هەوڵ دەدەن قسە لەگەڵ تابلۆ و پێشانگە و شێواز و قوتابخانە هونەرییەکانی شێوەکاری بنووسن و بدوێن. نووسەری ئەم کتێبە، وەهبی ڕەسووڵ، یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەو قسەیەی ئێمە، ئەم هونەرمەندە بە تەنیشت کاری هونەریی خۆیەوە، بەردەوام پەرژاوەتە سەر نووسین و وەرگێڕان لە کایەی هونەری شێوەکاریدا. وەک گوتراش لەو لایەنەوە چەندان کتێبی پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەران و هونەرمەندانی کورد کردووە. دیسان کاتێک بیر لەو پرسیارە دەکەینەوە ڕیزێک هونەرمەندی تر، کە بۆ خۆیان لە بنەڕەتدا شێوەکارن و لەو بوارەشدا جێدەستیان دیارە، وەک ڕەخنەگر کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تابلۆ و کارە هونەرییەکانیان کردووە، لەوانەش هونەرمەندان: گارا، گۆران بابەعەلی، ستار قادر، حەمە هاشم، قەرەنی جەمیل، شیروان خان، قادر میرخان، جەزا بەکر و… چەندانی تر. بێگومان نابێت هەندێک هەوڵیش نەدیو بگرین کە کاری ڕەخنەییان لە هونەری شێوەکاریدا کردووە و ڕۆڵیان بەرچاوە، لەوانە: ڕزگار سەعید، ڕێبوار سیوەیلی، ڕامیار مەحموود، بەختیار سەعید، فەرهاد پیرباڵ، موحسین ئەحمەد عومەر و… چەندانی تر. سەرباری ئەم هەوڵانە ـ کە جددین و نابێت فەرامۆش بکرێن ـ بەڵام دەبێت پێ لەو ڕاستییە بنێین کە بە ئێستاشەوە نەتوانراوە ڕووبەرێک بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و کاری ڕەخنەیی لە بواری شێوەکاریدا، بۆ هونەرمەندانی شێوەکاری کورد و تابلۆ هونەرییەکانیان، بڕەخسێنرێت، ئەمەش ئەو گرفتە بنەڕەتییەیە کە بەردەوام دەبێت لە چیەتی و چۆنیەتییەکەی بپرسین، تا ئەوەی لە دەبێت بە پرسێکی جددی و لە داهاتوودا ـ چ نزیک یان دوور ـ ڕەخنەگری ئەو بوارە دێنە مەیدان و تێکڕای ئەو کارە هونەرییە داهێنەر و ناداهێنەرانانەمان بۆ شرۆڤە دەکەن، کە لە درێژەی ڕەوتی مێژوویی هونەری شێوەکاریدا، لە لایەن هونەرمەندانی کوردەوە بەرهەم هاتوون.

وەهبی ڕەسووڵ و دەستەی یەکەمی ئەو هونەرمەندە شێوەکارانەی کورد کە لە بواری ڕەخنەی شێوەکاریدا کاریان کردووە و لە بنەڕەتیشدا بۆ خۆیان هونەرمەندن، دەکرێت چەند خاڵێک بێت، بەڵام پێم وایە بەر لە هەر خاڵێک ئەمەیانە: نەبوونی ڕەخنەگری شارەزا و پسپۆڕ لە کایە هونەرییەکەدا. ئەو هونەرمەندانە هەستیان بە غیابی ئەو کارەکتەرە کردووە کە پێی دەگوترێ ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری، بۆیە هەر بۆ خۆیان هەستاون بەوەی کە دەست بدەنە نووسین لەسەر کاری هونەری هاوڕێکانیان و هەوڵ بدەن بەوە کەمێک لەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بکەنەوە. بێگومان ئەم هەوڵە جێگەی دەست خۆشی و ستایشە، چونکە هەر لە ڕێی نووسین و لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی ئەو هونەرمەندانەوە ڕووبەرێکی ڕەخنەیی ساز بووە، کە خوێنەر دەتوانێت هەندێ لەو کارانە لە ڕێی شرۆڤە و وردبوونەوەی ئەو نووسینانەوە، درک و چێژ بکات. بەڵام ئەوەش ڕاستییەکە کە ناتوانین نەیڵێین، بەداخەوە تێکڕای ئەو کتێب و نووسراو و تەنانەت گۆڤار و بڵاوکراوانەش کە هەن، ئەوەندە نین کە تینووێتی خوێنەرانی ئەو بوارە بشکێنن و وا بکەن لە کۆی مێژووی هونەری شێوەکاری کوردی و جیهانی تێبگەن. بۆیە ئەگەر بە وەها بەرزویستییەکەوە (تموح) بڕوانینە کتێبخانەی کورد لە بواری هونەری شێوەکاریدا، دڵنیابن نائومێد دەبین، هەر ئەوەشە ناچارییەک دروست دەکات کە خوێنەر و خوێندکار و هونەرمەندی کورد، هەوڵ بدات لە ڕێی زمانی دیکەوە بچێتە ئەو جیهانە پڕ ڕەنگ و دەوڵەمەندەوە.

نوێترین کتێبی وەهبت ڕەسووڵ درێژکراوەی ئەو ئەزموونەیەتی کە لە ناوەڕاست و کۆتایی هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە دەست پێ دەکات، چ بە نووسین چ بە وەرگێڕان، ئەم هەوڵە لە نەوەدەکانی هەمان سەدەدا ئارستە و مەبەستەکەی ڕوونتر و ڕەوانتر دەبێتەوە و لە دەستپێکی سەدەی بیستویەکیشدا ئیدی بە شێوەی پڕۆژەی چاپکردنی کتێب، خۆی دەر دەخات. ئەگەر خوێنەر ئاشنای کتێبەکانی ئەم نووسەر و هونەرمەندە بێت، دەزانێت ڕێرەو و میتۆدێکی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر لە سەرەتاشەوە هەوڵی داوە کە ئەو ڕێڕەو و میتۆدە وەک بەرنامەی کاری هەمیشەیی خۆی پێڕەو بکات. سەبارەت بە ناساندنی چۆنیەتی کارکردنی ئەم ڕەخنەگرە دەتوانین بەم شێوەیە لێی نزیک ببینەوە: هەوڵی گێڕانەوەی مێژووی هونەری شێوەکاری ئەورووپی، قوتابخانەکانی، ئەزموونی هونەرمەندانی دیار و داهێنەری، هاوکات ئەو هەوڵە تاکە کەسی و گرووپانەش کە درێژەی ئەو مێژووەدا دراون، هێڵێکی تر ئاوڕدانەوەیەکی جددی وەهبی ڕەسووڵە لە هونەری شێوەکاری کوردی، لە مێژووەکەی، لە هونەرمەندانی، لە تابلۆ هونەرییەکانی، ئەمە ڕەنگە کۆی ناوەرۆکی ئەو پڕۆژەیە بێت کە وەهبی ڕەسووڵ ساڵانێکی دووردورێژە بێ پشوودان و هەدادان کۆشش و جۆششی بۆ دەکات و کۆی بەرهەمەکانیشی، شایەتحاڵی ئەو هەوڵە ڕاستگۆ و جددیانەی ئەم هونەرمەندەن. لە گوزەری ئەم پڕۆژەیەدا، تایبەت بە هونەرمەندانی شێوەکاری کورد، دەتوانین لیستێکی دوورودرێژ لە ناوی ئەو هونەرمەندانە ببینینەوە کە وەهبی ڕەسووڵ تابلۆیەک، یان کۆی ئەزموونیانی نیشانگر کردووە و لە خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی هونەریدا، کارەکانیانی هەڵسەنگاندووە. لەم پڕۆژە هەمەچەشنەدا، وەک ڕەخنەگرێکی شارەزا، دەستی بە شیکاری ناوەرۆکی تابلۆکان و پێکهاتەکانی کردووە، وەزیفەی ڕەنگ و هێڵ و چییەتی و چۆنیەتیی تابلۆکانی وەدیار خستووە و پێشانی داوە ئەم تابلۆیە لە چ شێواز و قوتابخانەیەکدا جێکەوتە دەبێت. هەر بە هەمان ئەو ڕێڕەو و میتۆدە، دوایین کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” نووسیوە و تێیدا هەوڵی داوە گۆشەنیگاکەی لەسەر پنتێک چڕ بکاتەوە و لەوێشەوە چاوێکی لە نیگارکێشانی کورد بێت.

کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” بە وردی سەرەتاکانی تەعبیرییەت لە هونەری ئەورووپیدا دەپشکنێ، هەوڵ دەدات بە زمانێکی سادە و ڕەوان بمانباتە نێو ئەو مێژووەوە و نیگارکێشانی سەر بەو قوتابخانەیە لەگەڵ دەستە و گرووپەکانمان پێ بناسێنێت. ئەم هەوڵە جددییە و دەتوانێت بەشدارییەکی کارا لە ڕوانینمان بۆ شێوازێکی دیاریکراو لە نیگارکێشان ئاراستە بکات.

توێژەر لە “پێشەکی”دا دەنووسێت: “شێوازی تەعبیری لە هونەری نیگارکێشاندا، وەک خۆی دوو جۆری سەرەتایی لە نیگارکێشاندا پێک دێنێت، یەکەمیان لە نیگارکێشانی سەرلەبەری مرۆڤایەتی، دووەمیان لە نیگارکێشانی منداڵیی تاکی مرۆڤ. مرۆڤی سەرەتایی، کاتێک لەنێو ئەشکەوتەکاندا ژیاوە، دیواری ئەو ئەشکەوتانەیان بە نیگاری جۆراوجۆر بۆ خۆیان و بۆ ئێمەیش ڕازاندووەتەوە. جا پاڵنەر و بەها واتایی و ئیستاتیکییەکانی چی بن و چۆن بن، ئەوە جێی مشتومڕ و دیالۆگی تایبەت بووە، ئێستاش هەروایە، بەڵام ئەوەی لێرەدا لای ئێمە گرنگە، لە ڕووی تەکنیکی بەجێهێنان و شێوازی بەرجەستەکردنەوەیە، کە لە بەشێکی باشی نیگارە دیواربەندەکاندا بە تێکشکانی فۆرم دەستپێکیان وەرگرتووە. ئەو واتا گوزارشتیانەی وەک خودی خۆیان مەبەستیان بووە، بەو شێوەیە و بەو شێوازە ڕابگەیەنن و بخەنە ڕوو. ئەم حاڵەتی پەیبردنە هەمان شتە لە سەرەتاکانی نیگارکێشان لای منداڵ، کە بەو شێوەیەی منداڵ خۆی هەستی پێ دەکات و پەی پێ دەبات و گوزارشت لە دەوروبەری خۆی دەکات، ئەمە هاوشان بە هێزی ئەو فۆرمە بەرجەستەییانەی خودی منداڵ بۆ ئەو پرۆسە گوزارشتگەرایە هەڵیدەبژێرێت، کە بێگومان وەک فۆرم لای تەعبیرییەکان دوورن لە هاوشێوەبوونیان لە پاڵ فۆرمە واقیعییەکاندا. هەر ئەمەشە وای کردووە هەردوو هونەری بەرایی و منداڵان، دوو ژێدەری کارا و کاریگەر بۆ خودی هونەرمەندە تەعبیرییەکان پێک بهێنن، هاوشان بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هونەری تر.”

تەعبیریەت وەک نیگارکێشان: بۆ دەربڕین لە شتە بینراوەکان، هونەرمەند لە تابلۆکانیدا ئەو وێنەیە دەخاتە ڕوو کە ئەو شتانە لای ئەو و بۆ ئەو دەینوێنێت. بەپێی بۆچوون و بینینی ئەو مانا ڕاستەقینەکانیان لەخۆ دەگرێت. بەمەش ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تەبایی و ڕێکەوتن لە فۆرم و ڕەنگدا، شتێکە بە پلە دوو دێت، چونکە لەوە گرنگتر گەیشتنە بە بەرزترین پلە لە گوزارشتکردنێکی ئیستاتیکی و مەعنەویدا.

تەعبیرییەت شێوازێکی نیگارکێشانە و لە ڕەوتی مێژووییدا ئامادەیی هەمیشەیی هەبووە، بەڵام لەوەی کە بە دیاریکراوی کەی و لە کوێ سەری هەڵداوە، توێژەر دەیباتەوە سەر هونەرمەندانی ئەڵمان و ئەوەش لە سەرەتای سەدەی بیستدا بووە. پاشان توێژەر بە شێوەی گەشتنامە، بەناو ئەو هەوڵە هەمەلایانانەدا گەشتێکی پڕ چێژمان پێ دەکات و پڕمان دەکات لە ڕەنگ و شێواز و هارمۆنیا. ئەم گەشتە بە سەرێک دەمباتە ناو ناوەرۆکی کارەکان و بە سەرێکی تر فۆرم و چیەتیی کارەکان دەور دەکاتەوە. ئەوەی کە جەخت و پێداگرییە لە دەستپێکی تەعبیرییەتدا، وەک توێژەریش پاژێکی بۆ تەرخان کردووە بە ناوی “چەمکی خودگەرایی لە نیگارکێشانی تەعبیریدا”، خودی هونەرمەند بە گەڕانەوە بۆ نەست و دەروونی خۆی، نیگاری تەعبیری کێشاوە، بە واتایەکی تر بە گيڕانەوە و وەستان لەسەر ژیانی خۆی، هونەرمەند ڕوخسار و ڕەنگ و هێڵەکانی تەعبیری بەرهەم هێناوەتەوە، ئەمەش لە پلەی یەکەمدا بۆ تەعبیرکردن بووە لە ویست و شکست و ژیانی تایبەتی هونەرمەند، بۆیە لە سەرەتاوە و بێگومان بە ئێستاشەوە ـ بە ڕەچاوکردنی ئەو هەنگاو و گۆڕانکاریانەی لە تەعبیرییەتدا ڕوویان داوە ـ ئەم بایەخە بۆ ژیانی هونەرمەند لە تابلۆدا، هاوشان بووە و بەشێک لە شارەزایی ژیانی هونەرمەند و ڕەنجەکانی، هاوکار و کۆمەک بوون بۆ خوێندنەنەوەیەکی بابەتیانەی تابلۆ تەعبیرییەکانی.

ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەمی کە بەشە تیۆرییەکەی تەعبیریەتە، تێیدا بە وردی سەرەتا و دەستپێکی ئەم شێوازە ڕوون کراوەتەوە، هەوڵ دراوە ئەوەی گرنگ و بەرچاوە فەرامۆش نەکرێت و بخرێتە بەردەستی خوێنەر. بەشی دووەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە بەشی پراکتیک و جێبەجێکردنی ئەو مەرج و داوایانەیە کە شێوازی تەعبیرییەت پێشنیاری کردوون، بۆ ئەمەش توێژەر نەک لە کاری هونەرمەندانی جیهانییەوە، بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ کاری هونەرمەندانی کورد، توانیویەتی سەرکەوتووانە ئەم بەشە پێشکەش بکات.

لە بەشی جێبەجێکردنی ئایدیاکانی پشت تەعبیرییەوە، وەهبی ڕەسووڵ حەوت هونەرمەندی کوردی وەرگرتووە، لەو حەوت هونەرمەندە ئەو تابلۆیانە ـ بە زۆری تابلۆیەک و چەند دانەیەک زیاد لە تابلۆیەک ـ وەرگیراوە کە ڕەگەز و پێکهاتەی تەعبیرییان تێدایە. ئەو هونەرمەندانەی توێژەر تابلۆی وەک نموونەی پراکتیک لێ وەرگرتوون ئەمانەن: ئیسماعیل خەیات، سەروەت ئەنوەر سەوز، ڕەمزی قوتبەدین، سامان کەریم، سەعید ئیسماعیل، سامان ڕەش و بەها شێخ کەریم. لێرەدا دوو پاراگرافی بچووک پێکەوە لە هەڵسەنگاندنەکانی وەهبی ڕەسووڵ بۆ تابلۆکان دەخوێنینەوە.

دەربارەی تابلۆیەکی هونەرمەند ڕەمزی قوتبەدین، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: «هێڵ وەک توخمێکی کارای نێو هونەرمەندانی تەعبیری، لێرەشدا ئامادەیی دیاری خۆی هەیە، بە تایبەتیش کە خامەی بەکارهاتوو ڕەنگی پاستیلە، پاستیلیش قەراغی تیژی هەیە، کە هونەرمەند بیەوێت هێڵی دیاریکراو و دیاری پێ ڕابکێشێت، “ڕەمزی”ی هونەرمەندیش هەر وای کردووە و هێڵی فرەچەشن و زۆر ناسک و وردی بەم کەرەستە تایبەتە کێشاوە، بۆ دروستکردن و کێشانی لق، چڵ، گژوگیا و گوڵەکان، ئەمە بێ لە دیاریکردنی بە نزیکییانەی فۆرمی مناڵەکە و چیاکەی پشتی، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ئەم بەرهەمهێنان و ڕاکێشانی هێڵە بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و خێرا ئەنجامدانی بۆ کراوە.»

دەربارەی تابلۆیەکی بەها شێخ کەریم، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: «بۆ خوێندنەوەی تابلۆکە لە ڕشتەیەکدا، کە لە پشیلەیەک و پۆرترێتی نیوە ڕوخساری ئافرەتێک پێک دێت، وەکو دوو فۆرمی دەستنیشانکراوی سەرەکی لە کارەکەدا. پشیلەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی لە جێگەیەکدا دەمێننەوە، دواتر بێناونیشان دەڕۆن. بۆیە هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بێوەفایی لە کولتووری خۆماندا ناسراون و دەناسرێن. ئەم فۆرمەش بە تەواوی سەر و بیرکردنەوەی ئافرەتەکەی لە کارەکەدا داگیر کردووە. ئەو ڕایەڵە پەیوەستەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە هاتووەتە خوار، بە ئاسەواری دوو خاڵ، یاخود دوو پنت لە چوارگۆشەیەکی ڕەشدا، کە ئاماژەیەکە بۆ هەڵگری نهێنیی ئەو دوو پێگەیە لە چوارچێوەیەکی نادیار و نەخێنراوەدا. هاوکات هەڵگرە بۆ نهێنییەکان.”

کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” یەکێکە لەو کتێبانەی شیاوی خوێندنەوەیە بۆ هەر کەسێک، خوێندکار، یاخود هەواداری هونەری شێوەکاری، ئەم کتێبە دەتوانێت دەروازەیەکی جوانیناسانە بەرانبەر کۆی تێگەیشتمان بۆ “تەعبیرییەت” وەک شێوازی کاریگەر و بەڕمێنی هونەری شێوەکاری، بەسەردا واڵا بکات.

ناردن: