زمانـی دایـك و پـه‌یـوه‌نـدی بـه شـونـاس و ئـازادی ئـه‌ده‌بـییـه‌وه
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی سه‌رده‌م
ئاخۆ هه‌ست و سۆزی نووسه‌رێك چۆنه، كاتێك بڕیارده‌دات جگه له زمانی دایك، به زمانێكی دیكه بنووسێت؟ سه‌روه‌ختێك بیر له‌وه ده‌كاته‌وه به‌و زمانه‌ی له‌سه‌ری ڕاهاتووه و هه‌ر له مه‌لۆتكه‌ییه‌وه له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌كراوه و گوێی به وشه و ئاوازه‌كانی گۆشكراوه، به‌جێبێڵێت و ڕوو له زمانێكی دیكه‌ی جیاواز بكات، چ هه‌ستێكی ده‌بێت و له ناخیدا چی ڕووده‌دات؟ ئایا كاتێك وشه‌كانی زمانی دایك، ده‌گۆڕێت بۆ وشه‌كانی زمانێكی بێگانه، كاتێك پیت و سه‌روبۆر و وشه‌ی ناو زمانی دایك، ده‌خاته ئه‌ولاوه و پیت و سه‌روبۆر و وشه‌ی زمانێكی دی به‌كارده‌هێنێت، هه‌ست به نامۆیی و غه‌ریبی ده‌كات؟ هه‌ست ده‌كات كه‌سێك یان ڕاستتر نووسه‌رێكی دیكه‌یه و خه‌مبارنه له‌و تێكسته‌ی به‌رده‌می ده‌ڕوانێت كه به زمانێكی جیاواز ده‌ینووسێت؟ ئایا كاتێك تێكسته‌كه‌ی به وشه و ڕسته و په‌ره‌گرافی زمانێكی بیانی داده‌ڕێژێت، له‌و كاته‌دا به دڵ ده‌نووسێت یان به عه‌قڵ؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌لیف شه‌فه‌ق ده‌یڵێت: “كاتێك به زمانی توركی ده‌نووسم، به دڵ ده‌نووسم. كاتێك به زمانی ئینگلیزی ده‌نووسم به عه‌قڵ ده‌نووسم”.
به‌مانایه‌كی دی، ئه‌وه چییه وا له نووسه‌رێك ده‌كات، سه‌ركێشی بكات و به زمانێكی نوێ بنووسێت، زمانێك دوور له‌و زمانه‌ی هه‌م ناوبانگ و هه‌م نه‌مری ئه‌ده‌بی بۆ به‌ده‌ستهێناوه؟ نووسه‌ر چۆن چۆنی له ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراوی ژیانیدا، بڕیارده‌دات بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر و پشت له‌و میراته ئه‌ده‌بییه گه‌وره‌یه‌ی بكات كه به زمانی دایك بووه‌ته خاوه‌نی و ده‌ڕواته نێو ژیان و كه‌لتوور و میراتی زمانێكی دیكه‌وه؟ له‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا، له‌م گۆڕانكارییه‌دا، له‌م سه‌ركێشییه زمانه‌وانییه‌دا، ئایا پرۆسه‌ی نووسین و بیركردنه‌وه و خه‌یاڵات و ئه‌ندێشه‌كانی نووسه‌ر، هه‌مان پرۆسه و بیركردنه‌وه و خه‌یاڵات و ئه‌ندێشه‌كانی زمانی دایكه، یان نه‌خێر جیاوازه و دونیایه‌كی دیكه‌ی نوێیه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌وه چییه شوناسی ئه‌ده‌بی پێكده‌هێنێت: ئایا زمانه یان ئه‌و پرس و ئاریشه و بابه‌تانه‌یه كه گوزارشتیان لێده‌كات و ده‌یانخاته‌ڕوو؟ ئایا نووسه‌ر یان ئه‌دیب، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه جگه له زمانی دایك، زمانێكی دیكه بۆ نووسینی به‌رهه‌مه‌كانی به‌كاربێنێت، بێ ئه‌وه‌ی بخرێته خانه‌ی ئه‌وه‌ی ناپاكی له شوناسی كه‌لتووری خۆی كردووه؟ ئایا ئه‌وه ته‌نها زمانه، شوناسی ئه‌ده‌بی نووسه‌ر پێكده‌هێنێت؟
بۆ نمونه سه‌باره‌ت به‌و ئه‌ده‌به كوردییه‌ی به زمانێكی دیكه‌ی وه‌ك عه‌ره‌بی یان توركی یا فارسی نووسراوه، پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌و ئه‌ده‌به چ ئینتیمایه‌كی هه‌یه و ئایا ده‌كرێت له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا پۆلێنبكرێن؟ یان نه‌خێر ئه‌و ئه‌ده‌به، له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی یان توركی یا فارسی پۆلێنده‌كرێن و خزمه‌ت به زمان و كه‌لتووری ئه‌وان ده‌كات.
ئه‌و پرسیارانه و چه‌ندین پرسیاری هاوشێوه‌ی دیكه، ده‌رگا له‌به‌رده‌م گفتوگۆیه‌كی فراوانتر ده‌كاته‌وه، سه‌باره‌ت به چه‌مكی ئه‌ده‌ب و ئازادی ئه‌ده‌بی له هه‌ڵبژاردنی زمان و ڕه‌هه‌نده‌كانی. چونكه ته‌ماشاكردنی ئه‌ده‌ب ته‌نها له میانه‌ی زمانی نووسینه‌وه، ئاسۆی تێگه‌یشتنمان بۆ شوناسی ئه‌ده‌بی به‌رته‌سكده‌كاته‌وه.
سه‌باره‌ت كورد و نووسه‌ری كورد، شتێكی شاراوه نییه كورد به درێژایی مێژوو، به هه‌لومه‌رج و دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌خت و دژوار‌دا تێپه‌ڕیوه، ئه‌و دۆخه وایكردووه هه‌م نووسه‌رانی كورد و هه‌م زمان و كه‌لتوره‌كه‌یان، له به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی تێیدا ده‌ژین، دووچاری په‌راوێزبوون و پشتگوێخران و ئاوڕلێنه‌دانه‌وه هاتوون. ئه‌م هه‌لومه‌رج و بارودۆخه مێژوییه، یه‌كێك بووه له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه، به‌شێك له ئه‌دیبه كورده‌كان، به‌ناچاری زمانێكی دیكه، نه‌ك زمانی دایك، بخوێنن و له نووسینه‌كانیاندا به‌كاریبێنن و په‌نای بۆ ببنه‌ن.
ئه‌و هه‌لومه‌رجه بووه‌ته واقعێك و به‌سه‌ر چه‌ندین نه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كی كوردا سه‌پێنراوه و زۆرێك له ڕۆشنبیران و ئه‌دیبه‌كان، ناچاربوون به زمانی ئه‌وانی دیكه بنووسن، زمانی ئه‌وانی دیكه له پاڵ زمانی كوردی خۆیان، بووه‌ته زمانی دایك، ئه‌مه‌ش بۆ به‌دیهێنانی په‌یوه‌ندیكردن بووه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا فراوانتره‌كاندا و گه‌ڕان به دوای ده‌رفه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان له سایه‌ی ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌ی سه‌پێنراوه به‌سه‌ر زمانی دایكدا.
ئه‌م بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه مێژووییه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كورد هه‌بووه. به‌ڵام نه‌بووه‌ته هۆكاری لاوازبوونی شوناسی كه‌لتووریی یان سڕینه‌وه‌ی شوناسی كه‌لتوورییان، بگره به پێچه‌وانه‌وه، زۆرێك له نووسه‌رانی كورد، توانیویانه وه‌به‌رهێنان له‌م زمانه نوێیانه‌دا بكه‌ن و گوزارشت له دۆز و ئه‌زمونه‌كانی خۆیان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ پاراستنی ڕۆحه كوردییه‌كه‌یان له نێو ناوه‌رۆكی كاره‌كانیاندا.
سه‌روه‌ختێك له‌و ئه‌ده‌به كوردییه ده‌ڕوانین كه به زمانه‌كانی دیكه نووسراون، ده‌بینین گوزارشت له ئه‌زمونێكی فره‌جۆر و ئاڵۆز ده‌كه‌ن. نووسه‌ری كورد كه زمانی عه‌ره‌بی یان توركی یا فارسی هه‌ڵده‌بژێرێت، واز له شوناسی خۆی ناهێنێت و پشت له‌و شوناسه ناكات. بگره به‌و زمانه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵه و زانیاری و مه‌عریفه‌كانی خۆی لێوه به‌ده‌ستهێناوه و پێی خوێندووه، گوزارشت له خودی خۆی و ناخی خۆی ده‌كات و به دوای جه‌ماوه‌رێكی فراوانتر و په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌تر له‌گه‌ڵ جیهاندا ده‌گه‌ڕێت، كۆی ئه‌وه‌ش له میانه‌ی زمانێكی دیكه‌وه ده‌كات كه له‌وانه‌یه كه‌ره‌سته‌یه‌كی باشتر بێت بۆ به‌دیهێنانی هه‌مو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه.
له‌م لۆژیك و دید و تێڕوانینه‌وه، پێویسته به‌رگری له ئازادی نووسه‌ر بكه‌ین له هه‌ڵبژاردنی زماندا، به‌و مانایه‌ی نووسه‌ر ئازادبێت له‌وه‌ی به چ زمانێك ده‌نووسێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه، بریتییه له‌و كێشه و گرفتانه‌ی كه نووسه‌ره‌كه گوزارشتیان لێده‌كات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان ده‌دات.
لێره‌وه نووسه‌ری كورد كه به زمانێكی دیكه ده‌نووسێت و زمانی دایك نییه، ناكرێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی خۆی به‌كارناهێنێت، له شوناسه كوردییه‌كه‌ی جیابكرێته‌وه. ئاخر ئه‌م زمانه نوێیه كه پێیده‌نووسێت، ده‌بێته ئامرازێك یان كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون و كه‌لتووره‌كه‌ی بۆ جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانتر. ئا لێره‌دا ده‌بینین شوناسی ئه‌ده‌بی مرۆڤایه‌تی به‌رفراوان، ته‌نها په‌یوه‌ست نییه زمانه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به ئه‌زموون و ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی كه نووسه‌ره‌كه پێشكه‌شی ده‌كات و له به‌رهه‌مه‌كانیدا ده‌یانخاته‌ڕوو.
بۆ نمونه سه‌لیم به‌ره‌كات، ئه‌و نووسه‌ره كورده‌ی به زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسێت- هه‌روه‌ها سه‌دان ئه‌دیب و نووسه‌ری دیكه‌ی كوردی سوریا و عێراق و له‌وانه‌ش به‌نده (واته هه‌یسه‌م حسێن كه به‌شێكی زۆری ئه‌م وتاره وه‌رگێڕانی نووسینێكی به‌ڕێز هه‌یسه‌م حسێن-ه)- به دڵسۆزی بۆ ڕگ و ڕیشه و شوناسه كوردییه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌رچی زمانه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی زمانی عه‌ره‌بییه. بابه‌ته‌كانی و دید و تێڕوانینه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كه‌لتووره كوردییه‌كه‌ی و ئه‌زموونه تایبه‌ته‌كه‌یه‌تی له گۆڕه‌پانی فراوانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا.
یه‌شار كه‌مال كه به توركی ده‌ینووسی، له به‌رهه‌مه‌كانیدا باسی دۆز و پرسی كورد و كێشه‌كانی كردووه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌ده‌به‌كه‌ی له جه‌وهه‌ردا، ئه‌ده‌بێكی كوردی بێت، ئه‌گه‌رچی ئامرازی گوزارشتكرن و ده‌ربڕینه‌كه‌ی، زمانی توركی بوو. ئالێره‌وه هه‌ر دوو نووسه‌ر سه‌لیم به‌ره‌كات و یه‌شار كه‌مال و هاوشێوه‌كانیان، نابێتت به “ناپاك/ خائن” ناوببرێن، چونكه به زمانی عه‌ره‌بی و توركی ده‌نووسن. له‌ڕاستیدا ئه‌وان ئه‌و زمانانه به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بازنه‌ی خوێنه‌ره‌كانیان فراوانتر بێت و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆیان، بۆ جه‌ماوه‌رێكی فراوانتر بگوازنه‌وه.
جێگای داخه، ئه‌و نووسه‌ره‌ی زمانێكی دیكه كه زمانی دایك نییه، بۆ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌كارده‌هێنێت، هه‌ندێكجار به ناپاك و خائن تۆمه‌تبار ده‌كرێت. ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه، ده‌رگا له‌به‌رده‌م فره‌یی ئه‌زموون و ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بیات داده‌خات. ئه‌و نووسه‌ره‌ی به زمانی “ئه‌وی دی” ده‌نووسێت، نه غه‌ریب و نه نامۆیه، بگره به‌شێكه له ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیاتی جیهانی، ئه‌ده‌بیاتێك له كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لتوور و ڕۆشنبیرییه جیاوازه‌كانه‌وه پێكهاتووه و له‌سه‌ره‌وه‌ی پۆلێنكارییه به‌رته‌سك و ناوچه‌ییه‌كاندایه.
لێره‌دا و له ناوه‌نده كوردییه‌كه‌دا، به جۆرێك له دووفاقی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا ده‌كرێت. هه‌ندێك كورد پێیانوایه نووسین به زمانی بیانی، وه‌ك ئینگلیزی یان فه‌ره‌نسی یا ئه‌ڵمانی یاخود ئیسپانی، جۆرێكه له “كرانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی” و وا له‌و نووسه‌رانه ده‌ڕوانن كه به‌و زمانانه ده‌نووسن، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یان به‌دیهێناوه و ده‌توانن بگه‌ن به ڕووبه‌ر و پانتاییه‌كی جیهانی به‌رفراوانتر. ئه‌مه‌ش گوزارشته له دانپیانان به توانای ئه‌وان بۆ چوونه ناو گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیاتی جیهانییه‌وه. كه‌چی له به‌رامبه‌ردا، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی یان توركی یا فارسی ده‌نووسن، وا سه‌یر ده‌كرێن كه ناپاكیان له زمانی دایك كردووه. هه‌ندێك له‌و نووسه‌رانه‌ی بۆ نووسین ئه‌و زمانانه‌یان هه‌ڵبژاردووه، به‌ده‌ست فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوورییه‌وه ده‌ناڵێنن، چونكه هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بۆ زمانی نووسینیان، وه‌ك پاشه‌كشه‌یه‌ك له شوناسی كه‌لتووری و وه‌لائیان بۆ زمانه‌كه‌یان داده‌نرێت.
زۆرێك له كورده‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی، وه‌ك “كه‌ره‌سته‌یه‌كه” بۆ درێژه‌دان به كۆنترۆڵكردنی خۆیان و بژارده كه‌لتوورییه‌كه‌یان، به‌و پێیه‌ی ئه‌و زمانانه هێزێكی هه‌ژمونگه‌رن و زمانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆیان ره‌تده‌كاته‌وه. له ڕوانگه و دیدی ئه‌واندا، به‌كارهێنانی ئه‌م زمانانه، جۆرێكه له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ته‌سلیمبوون و كه‌وتنه شوێن زمانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌مانی له‌خۆگرتووه، ئه‌مه‌ش له دواجاردا ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی شوناسی كه‌لتووری و زمانه‌وانی. هه‌ر بۆیه له دیدی ئه‌واندا، نووسین به زمانی كوردی دایك، وه‌ك به‌رگرییه‌ك وایه له شوناس. ئه‌مه له كاتێكدایه له دید و ڕوانگه‌ی ئه‌واندا، نووسین به زمانی بیانی، ئامرازێكه بۆ هه‌ڵهاتن له كۆت و به‌ندی كه‌لتووری كه ئه‌م زمانه نزیكانه ده‌یسه‌پێنن.
دوور له‌م پۆلێنكردنه حازربه‌ده‌سته، ئه‌و ئه‌ده‌بیاته كوردییه‌ی به زمانه‌كانی دیكه نووسراون، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و فره‌ییه كه‌لتووری و مێژووییه‌یه كه كورد به درێژایی مێژوو، تیایدا ژیاوه. ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌دیبه كوردانه‌ی به زمانه‌كانی دیكه ده‌نووسن و ئه‌و زمانانه بوونه‌ته زمانی نووسینیان، سه‌رله‌نوی شوناسی ئه‌ده‌بی خۆیان، له میانه‌ی زمانه نوێكانه‌وه به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه، جیهانی ئه‌ده‌بیات ده‌وڵه‌مه‌ندتر و فره‌جۆرتر ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌رته‌سكتری بكه‌نه‌وه.
ئه‌م فره‌ییه‌ی زمان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی كورده كه بۆ چه‌ندین سه‌ده له‌ژێر كاریگه‌ری شارستانیه‌ت و كه‌لتووری فره‌جۆردا بوون. لێره‌وه و له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، نووسین به زمانه‌كانی دیكه، به‌رده‌وامبوونێكی سروشتییه بۆ ئه‌م ئه‌زمونه مێژوییه فره‌جۆره. له‌به‌ر ئه‌وه، نابێت ئه‌و ئه‌ده‌بیاته كوردییه‌ی به زمانه‌كانی دیكه نووسراون، شوناسی كوردی‌یان لێبكرێته‌وه. ئاخر له‌وانه‌یه زمان ئامرازێك بێت بۆ گوزارشت كردن، به‌ڵام تاقه پێوه‌ر نییه بۆ دیاریكردنی شوناسی ئه‌ده‌بی. ئه‌و ئه‌زموونه مرۆییه‌ی نووسه‌ر تێیدا ده‌ژی و پێیدا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یانخاته‌ڕوو و چاره‌سه‌ریان ده‌كات، ئه‌وه‌یه جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب و ناسنامه‌كه‌ی پێكده‌هێنێت.
پێویسته له‌م بازنه‌ی به ناپاككردنه ده‌رچین و خۆمان له‌وه به‌دووربگرین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به زمانێكی دیكه ده‌نووسن و به‌رهه‌مه‌كانیان به زمانێكی دی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به ناپاك وه‌سف بكه‌ین. ئه‌ده‌بیات له به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ، دیلی زمان یان نه‌ته‌وه نییه. بگره گوزارشته له ڕۆحی مرۆڤایه‌تی به هه‌مو فره‌ییه‌كه‌ی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌یه‌وه.
له جیهانی ئه‌ده‌بیاتدا، ئه‌ده‌ب به‌و شێوه توونده ناپێورێت، چونكه شوناس نه زیندانه نه كۆت و به‌ند. به‌ڵكو پانتاییه‌كی فراوانی ئازاده و كراوه‌یه به‌سه‌ر فره‌یی و جیاوازییه‌كاندا. ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه، سنوری جوگرافیا و زمان تێده‌په‌رێنێت و ده‌بێت به ئه‌زموونێكی مرۆیی گشتگیر. هه‌روه‌ها ئه‌و نووسه‌ره‌ی بۆ نووسین، زمانێكی دیكه هه‌ڵده‌بژێرێت، ده‌ستبه‌رداری شوناسه‌كه‌ی خۆی نابێت و وازی لێناهێنێت، به‌ڵكو سه‌رله‌نوێ به ڕێگایه‌كی دیكه دروستی ده‌كاته‌وه، ڕێگایه‌ك ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت ئاسۆكانی فراوانتر بكات و له‌گه‌ڵ چین و توێژی زۆرتر په‌یوه‌ندی دروست بكات.
لێره‌وه شوناسی ئه‌ده‌بی، به ته‌نها موڵكی یه‌ك زمان نییه، بگره كرانه‌وه‌یه به‌سه‌ر جیهان و ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تیدا. پێداگری هه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شوناسی ئه‌ده‌ب، ته‌نها له یه‌ك زمان یان له یه‌ك كه‌لتوور دیاریده‌كه‌ن، ئه‌وه به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره‌یه‌كه له‌به‌رده‌م ئازادی ئه‌ده‌بی و له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب به‌سه‌ر جیهاندا. ئه‌وه ئازادی ئه‌ده‌بییه وا ده‌كات ئه‌ده‌ب، له جه‌وهه‌ردا ئازاد و داهێنه‌ر بێت، وا ده‌كات سنوری زمان و كه‌لتوور تێپه‌ڕێنێت و بگات به جه‌ماوه‌رێكی فراوانتر و باس له بابه‌ته هاوبه‌شه‌كانی مرۆڤایه‌تی بكات.
بێگومان زمان یه‌كێكه له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شوناس، كۆڵه‌كه‌یه‌كه له كۆڵه‌كه‌كانی شوناسی ئه‌ده‌بی. به‌ڵام زمان شوناس نییه به مانا فراوان و كراوه‌كه‌ی. شوناسی ئه‌ده‌بی له زمانێكی دیاریكراودا كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌و بیرۆكه و بابه‌ت و ئه‌زموونه مرۆییانه‌ی كه نووسه‌ره‌كه ده‌یانخاته‌ڕوو. نووسه‌ر ده‌كرێت له به‌رهه‌م و نووسینه‌كانیدا، هه‌ڵگری ڕۆحی كه‌لتووری و شوناسه‌كه‌ی خۆی بێت، ئه‌گه‌رچی به زمانێكی دیكه گوزارشتی لێكردووه.
تێبینی بۆ وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی ئه‌م بابه‌ته، سوود له‌م سێ سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه وه‌رگیراوه:
1-رۆژنامه‌ی شرق ئه‌لئه‌وسه‌ت، هه‌یسه‌م حسێن، شوناس و ئازادی ئه‌ده‌بی/ الهويّة… والحريّة الأدبيّة، 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2024
2-alqabas.com، لماذا يهجر الأديب لغته الأم، ترجمت محمد امین، 22ی-5-2016
3-alarab.co.uk،تحسین الخطیب الروائية الأميركية جومبا لاهيري تكتب بعبارة أخرى، 13-3-2016