دەربارەی کتێبی ئـــاوێــك بــۆ ئـه‌ســپـی خــێــزان
نووسینی شه‌وقی ئه‌بی شه‌قرا
و له عه‌ره‌بییه‌وه: عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی
ناسینی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و شاعیرێكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب وه‌ك شه‌وقی ئه‌بی شه‌قرا(1935-2024)، له كتێبێكی بچووك و خنجیلانه‌ی وه‌رگێڕدراو به زمانێكی كوردی پوخت و پاراو، چێژێكی خۆش و تایبه‌ت به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. سه‌روه‌ختێك وه‌ك خوێنه‌رێك، له ڕێگه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌وه، گه‌شتێكی كورت، وه‌لێ چڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند، به نێو ژیان و شیعری ئه‌م شاعیره‌دا ده‌كه‌ین، ئارامییه‌كی ده‌روونی و هێمنییه‌كی گه‌وره دامانده‌گرێت.
كاتێك له‌سه‌ره‌تاوه پێشه‌كی وه‌رگێڕی كوردی بۆ كتێبه‌كه و دواتر چاوپێكه‌وتنی نووسه‌ری كتێبه‌كه ده‌خوێنیته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌م شاعیره به نێو ژیانێكی سه‌خت و تاقه‌تپڕوكێندا گوزه‌ری كردووه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نێكی زوه‌وه، ته‌مه‌نی ده ساڵان ده‌بێت، باوكی به رووداوی هاتوچۆ گیان له‌ده‌ستده‌دات و ئه‌مان ده‌بن به ئه‌رك به‌سه‌ر كه‌سانی دیكه‌وه.
شه‌وقی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا باس له كاریگه‌ری مه‌رگی له ناكاوی باوكی ده‌كات و له لاپه‌ڕه 15 كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باوكم له ژیاندا بوایه، نه‌بوومایه به شاعیر، ژیانیشمان به شێوه و ناوه‌رۆكییه‌وه جیاواز ده‌بوو”.
لێره‌وه ڕووداوێكی دڵته‌زێن- مه‌رگی باوك- دێت و له ناخی منداڵێكی ده ساڵاندا، ئاخ و په‌ژاره و كه‌سه‌رێك به‌جێده‌هێڵێت كه دواتر له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك دیوانی شیعرییه‌وه، گوزارشت له‌و چركه ساتانه‌ی ژیان ده‌كات كه دوور له باوك و سۆزی باوكایه‌تی پێیدا تێپه‌ڕیوه. ئه‌م منداڵه دواتر له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و فامكردنه‌وه‌ی بۆ دونیا، ده‌بێته دۆستی شیعر و ئه‌ده‌بیات و له پاڵ ناوه گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌دۆنیس و یوسف ئه‌لخال و ماغوت، ده‌بێت به یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڤاری شیعر. شه‌وقی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، بۆ ده‌ربازبوون له سته‌م و سه‌ختی ژیان، په‌نای بردووه‌ته به‌ر خه‌یاڵ و زیاتر له خه‌یاڵدا ژیاوه تا له واقیع. ته‌نانه‌ت جارێكیان وتوویه‌تی بۆیه بووه به شاعیر تا تۆڵه له ژیان بكاته‌وه.
به‌ڵام چ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك، ئایا تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ی بریتی بووه له نه‌فره‌ت و پشتكردنه ژیان ، ئایا دروستكردنی ره‌شبینی و دابران و خۆدوورخستنه‌وه بووه له زینده‌گی سه‌ر زه‌وی و خۆئاماده‌كردن بووه بۆ ژیانی دوای مه‌رگ؟ نا نه‌خێر، تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ی له ژیان وه‌ك خۆی له لاپه‌ڕه 16ی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت ئاوا بووه: “به بڕوای من تۆڵه‌م له ژیان سه‌ندووه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی برینداری بكه‌م… نه ڕێگه‌یه‌كی ترم هه‌بوو، نه چه‌كێك. قه‌ڵه‌م و خه‌یاڵ چه‌كم بوون. ئه‌م خه‌یاڵه گه‌یاندمیه دوورترین شوێن… خه‌یاڵی مه‌زن، ددان به‌وه‌دا ده‌نێم، ڕه‌نگه ئه‌و خه‌یاڵه‌ی من هه‌مه، كه‌م كه‌س هه‌یبێت”.
ئه‌م كتێبه یه‌كێكه له به‌رهه‌مه تازه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بریتییه له 173 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچووكه، تیراژی هه‌زار دانه‌یه و نرخی ته‌نها 3 هه‌زار دیناره.