ڕۆمانی سەردانی پزیشکی تایبەت لە وتووێژێکی گرنگدا

Loading

سازکردنی: ئیدریس عەلی

لە ماوی ڕابردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، شاکارێکی دیکەی پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کرد، ڕۆمانی (سەردانی پزیکشی تایبەت) لە لایەن نووسەری ناوداری سویدی (پەر ئۆلۆڤ ئێنکڤیست) نووسراوە و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (هاشم ئەحمەدزادە) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی… لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک هاشم، باس لە دنیای ڕۆمانەکە و پێگەی نووسەرەکەی دەکەین.

سەردەم: بۆچی بە دیاریکراوی ئەم ڕۆمانەت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟

هاشم ئەحمەدزادە: زمانی سوێدی ئەگەرچی ژمارەی ئاخێوەرەکانی زۆر نییە، بەڵام خاوەنی ئەدەبێکی دەوڵەمەندە. هەلومەرجی وەڵاتی سوێد لە باری ئەدەبییەوە و ئەو ڕاستییە کە لێرەوەیە بەناوبانگترین خەڵاتی ئەدەبیی جیهان، واتە خەڵاتی نۆبێل، دەبەخشرێتە نووسەرانی هەرە سەرکەوتووی جیهانی، پلە و پایەیەکی بێوێنەی بەم وەڵاتەو بەم زمانە بەخشیوە. لە یەکەم ساڵی سەدەی بیستەمەوە هەتا ئێستا ١٢١ نووسەر ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە و جگە لە چەند کەسێک، هەموویان بۆ وەرگرتنی خەڵەتەکەیان سەردانی ئەم وەڵاتەیان کردووە و گرنگترین لێدوانی هەموو ژیانی خۆیان لێرەوە پێشکەش کردووە. بێگومان ئەمە کارتێکەریی تایبەتی خۆی لەسەر ئەدەبی ئەم وەڵاتە هەبووە و ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە هەڵکەوت نییە کە هەتا ئێستا هەشت نووسەری سوێدی ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە. بۆ کەسێک کە هۆگری ئەدەب بێت و لەم وەڵاتە بژیت و زمانی سوێدی بزانێت، ئەستەمە ئەم ئەدەبە دەوڵەمەندە سەرنجی ڕانەکێشێت. من بە گوێرەی کات و توانام هەمیشە هەوڵم داوە بەشێک لە وزەی خۆم تەرخانی گواستنەوەی ئەدەبی جیهان بکەم بۆ دنیای ئەدەبی کوردی. کاتێک ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە، هەستم کرد دەبێ دەقێکی ئاوا سەرکەوتوو بە خوێنەری کورد بناسێنم. بۆیە سەرەڕای زۆر ئاستەنگی چاوەڕوانکراو، بە تایبەت پرسی کات، دەستم بەم کارە کرد و خۆشبەختانە توانیم لە کاتی پلانکراودا وەرگێڕانەکە تەواو بکەم و کتێبەکە بڵاو بکەمەوە. ئەو کەسانەی شارەزای زمانی سوێدین، دەزانن کە شێوازی نووسینی (پەر ئۆلۆڤ ئێنکڤیست) زۆر ئاڵۆز و قورسە. هەر ئەمەش هاندەرێکی گرنگ بوو بۆ من کە نیشانی بدەم کە تەنانەت دەقێکی قورسیش دەکرێت وەرگێردرێتەوە سەر زمانی کوردی. ئەمە هەم تاقیکردنەوەیەکی پڕ لە ئاڵنگاریی زمانی بوو بۆ خودی خۆم و هەمیش نیشاندانی تواناییە شاراوەکانی زمانی کوردی. هۆکارێکی دیکەش ئەو ڕاستییە بوو کە من ساڵانێکی زۆر لەو زانکۆیە خەریکی خوێندن و لێکۆڵینەوە و وانە گوتنەوە بووم کە نووسەری ئەم ڕۆمانە، پەر ئۆلۆڤ ئێنکڤیستیش، دەرسی لێ خوێندووە و بە یەک لە شانازییەکانی ئەم زانکۆیە دادەندرێت.

سەردەم: دنیای ڕۆمانەکە و بابەت و چیرۆکەکەی چین و باس لە چ قۆناغ و سەردەمێک دەکات؟

هاشم ئەحمەدزادە: ڕۆمانەکە بە دیاریکراوەی باس لە ڕووداوەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدەهەمی وەڵاتی دانمارک و بگرە ئەوروپاش دەکات. سەدەی هەژدەهەم وەک سەدەی ڕۆشنگەری و ئامادەکاریی بۆ چەند لە گرنگترین ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو سەدەیە، بۆ نموونە شۆڕشەکانی ئامریکا و بە تایبەتی شۆڕشی فەڕەنسە، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە ئاسەوارەکانی هەتا ئێستاش هەر دیارن. ڕۆمانەکە بە هەڵبژاردنی ژیان و بەسەرهاتی پاشایەکی دانمارکی، کریستیانی حەوتەم و گێڕانەوەی ڕووداوە تاکەکەسی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وەڵاتە، لایەنێکی دیاریکراوی شەخسیی هەیە. کریستیانی حەوتەم لە بواری دەرونییەوە تەواو نییە و دەوروبەرییەکانی هەوڵ دەدەن بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و پلان و ستراتیژی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لەنێو وەزیرە پێکراوەکانی ئەودا کەسایەتییەک هەیە بە ناوەی گۆلدێنبێرگ کە پیاوێکی کۆنەپارێزە و دەستێکی باڵای لە نووسیندا هەیە و هەڵگری پلەی دکتۆرایە لەسەر شاعیری ناسراوی ئینگلیسی، جان میلتن. کەسایەتییەکی سەرەکیی ڕۆمانەکە پزیشکێکی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانییە بە ناوی ستروئێنسی. ئەو پیاوێکی چالاکی بواری ڕۆشنگەرییە. لەم دکتۆرە داوا دەکرێت کە بۆ سەفەرێکی ئەوروپایی، هاوڕێیەتیی پاشا بکات و ئاگاداری باری سەلامەتییەکەی بێت. دواتر ستروئێنسی بڕیار دەدات وەک پزیشکی تایبەتیی پاشا کار بکات. ئەو کارتێکەرییەکی زۆری لەسەر پاشا دەبێت و بە زوویی متمانەی تەواوی ئەو وەدەست دێنێت. ستروئێنسی بە دڵسۆزییەوە پڕۆژی ڕێفۆرم و چاکسازیی لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دانمارکدا بەڕێوە دەبات و هەر ئەمەش دەبێتە هۆکاری تووڕەیی و ڕقی گولدبێرگ و دایکی پاشا و کۆمەڵێک لە کۆنەپارێزانی دەربار. دواتر ستروئێنسی و ژنە گەنجەکەی پاشا، کارۆلین ماتیلدا، کە پورزای خودی پاشا و خوشکی پاشای بریتانیا، جۆرجی سێهەمە، ئاشنا دەبن و ئیتر لێرەوە ڕۆمانەکە دەکەوێتە نێو وردەکارییەکانی پێوەندیی ئەم دوانە و ئاسەواری ئەم پێوەندییە لەسەر ژیانی دەربار و کێبڕکێی دەسەڵات.

 سەردەم: ئایا دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک ڕۆمانێکی مێژوویی چاو لێ بکەین؟

هاشم ئەحمەدزادە: بەڵێ… ئەمە بە هەموو پێوەرەکانی ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانێکی مێژووییە. لەم ڕۆمانەدا فاکتاکان هەموویان ڕووداوگەلی ڕاستەقینەی مێژوویین. ئێنکڤیست بە یارمەتیی توانای خەیاڵیی دەوڵەمەندی خۆی واها ڕاستی و خەیاڵی ئاوێتەی یەکتر کردووە کە خوێنەر سەری لە وردەکارییەکانی گێڕانەوەک سوڕ دەمێنێت. ئاستی جوانیناسانە و ئەدەبیی گێڕانەوەکە هێندە بەرزە کە خوێنەر دەباتە نێو داڵانەکانی مێژووی دانمارک و نۆروێژ/ نەرویج و ڕووداوە تاکەکەسیی و گشتییەکانی پێ دەناسێنێت و لەگەڵ گوتاری زاڵی ئەو سەردەمەدا ئاشنای دەکات. هاوکات ڕۆمانەکە ئاوڕدانەوەیەکیشە لەسەر پێشەنگانی ڕۆشنگەری و کەسانی وەک ڤۆڵتێر، ڕووسۆ و دێدێڕۆ بەبەربڵاوی باسیان دەکرێت و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی باوەڕەکانیان دەخرێنە ڕوو.

 سەردەم: گرنگیی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چییە بۆ خوێنەری کورد؟

هاشم ئەحمەدزادە: گەشەی ڕۆمانی کوردی لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرفەتی خوێندنەوەی ڕۆمانی کوردیی لە هەموو دەمێک زیاتر بۆ خوێنەری کورد ڕەخساندووە. خوێندنەوەی ڕۆمانی سەرکەوتووی ڕۆژئاوایی کە لە ڕاستیدا بێشکەی سەرهەڵدان و گەشەی ڕۆمانە، دەتوانێت پێوەرەکانی ڕۆمانێکی سەرکەوتوو نیشانی خوێنەری کورد بدات و ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی بەرفراوانتر بکات. تێکهەڵکێشانی بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت، میکانیزم و کێشمەکێشمی دەسەڵات، مێژوو و بەسەرهاتی تراژێدییانەی ڕێبوارانی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەم ڕۆمانەدا دەگاتە لووتکە. شێواز و ناوەڕۆک بە جۆرێک یەکتر بەرهەم دێننەوە کە خوێنەر حەز دەکات زیاتر لە جارێک ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و لەودیو ڕواڵەتی ڕووداوەکان، بیر لە وردەکارییەکانی گێڕانەوەیەکی ئەدەبیی سەرکەوتوو بکاتەوە. هەر لە دوو دێڕی یەکەمی ڕۆمانەکەدا خوێنەر ئاگادار دەکرێتەوە کە ستروئێنسی لە ٥ی ئاپریلی ساڵی ١٧٦٨ وەک پزیشکی دەرباری کریستیان شای حەوتەمی دانمارک دادەمەزرێت و چوار ساڵ دواتر لە سێدارە دەدرێت. بەمەش ئاکامی ڕۆمانەکە هەر لە سەرەتاوە بە خوێنەر دەگوترێت. ئەدی بۆ دەبێ خوێنەر لە خوێندنەوەی گێڕانەوەکە بەردەوام بێت؟ لێرەدایە چلۆنایەتیی گێڕانەوە و شێوازی نووسین دەبێتە خاڵی هەرە بەرچاوی ئەم ڕۆمانە. تۆ دەزانی چی ڕوو دەدات، بەڵام ئێستا دەتەوێت بزانی، چۆن ڕووی دا. ئێنکڤیست نووسەرێکی ئاوایە. ئەو لە میانەی دیالۆگە زینەدووەکانیدا دەچێتە نێو جیهانی ناوەوەی کەسایەتییەکان و بە ناخیاندا شۆڕ دەبێتەوە و خوێنەر دەباتە کۆڵانە تاریکەکانی مرۆڤەکان و سەردەمەکان. ئەمەش ڕێک ئەو چاوەڕوانییەیە کە خوێنەری وردبین لە ڕۆمانێکی مێژوویی هەیەتی. گەڵۆ ڕۆمانە مێژووییە کوردییەکان هەڵگری دنیابینی و وردەکارییەکی لەم چەشنە هەن؟ ستروئێنسی لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا لە دانمارک لە سێدارە دەدرێت. ماتیلدا زۆر بە گەنجی سەر دەنێتەوە. مناڵەکانی ماتیلدا دواتر لە هەیبەتی پاشا و شاژنی دانمارکدا ڕۆڵی بەرچاو لە وەدیهاتنی خەونەکانی ستروئێنسی و دایکیاندا دەگێڕن. بەردوامیی مێژوویی و کارتێکەریی کەسایەتی و ڕووداوەکان لەسەر یەکتر خاڵێکی بەرچاوی ئەو ڕۆمانەیە کە خوێنەری کورد لەگەڵ شێوازێکی مێژوویی جیاواز لەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستاندا بینیوێتی، ئاشنا دەکات.

سەردەم: پێگەی ئەم نووسەرە لە کوێی ئەدەبیاتی سویدیدایە و چۆن بتوانین زیاتر بیناسین؟

هاشم ئەحمەدزادە: پەر ئۆلۆڤ ئێنکڤیست یەک (٢٠٢٠-١٩٣٤) لە نووسەرە هەر ناودارەکانی سوێدە. ئەو لە گوندێکی باکووری سوێد کە هەزار کیلۆمەتر لە ستۆکهۆلم دوورە لەدایک دەبێت و هێشتا کۆرپەیەکی شەش مانگانەیە کە باوکی دەمرێت و وەک تاقانەیەک لەلایەن دایکیەوە پەروەردە دەکرێت. دواتر بۆ خوێندنی زانکۆ ڕوو لە ئوپسالا دەکات و مێژووی ئەدەب دەخوێنێت. ئەو وەرزیشکارێکی بەتوانا بوو و لە بازدانی بەرزاییدا خاوەنی پلەی بەرز بوو. ئەو هەڵگری ڕێکۆردی بازدانی ١٩٧ سانتیمێتر بوو. هەر لە سەردەمی خوێندکارییەوە دەستی بە نووسین کرد و زۆری پێ نەچوو کە وەک ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسێکی بلیمەت ناوبانگی دەرکرد. دیداری پزیشکی تایبەتی لە ١٩٩٩ بڵاو بووەوە و دوو ساڵ دواتر وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەش بڵاو بووەوە و ساڵی ٢٠١٢ کرایە فیلمێکی سەرکەوتووش بە ناوی پێوەندیی دەربار. ساڵی ٢٠٠٨ کتێبی ژیانێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە کە لە ڕاستیدا ژیاننامەی خۆیەتی. هەر لەو ساڵەشدا ئەم کتێبە خەلاتی ناسراوی ئاگۆستی پێ دەبەخشرێت. خەڵاتێک کە بە ناوی نووسەری هەرە بلیمەتی سوێدی ئاگۆست ستریندبێرگەوە کراوە. لە وەڵامی ئەوەی چۆن بتوانین زیاتر بیناسین، ڕەنگە ڕێگەیەکی شیاو بریتی بێت لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە. خۆزگە وەرگێڕێکی سوێدی زان قۆڵ لەم کارە هەڵماڵێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بیرەوەریینووسیی کوردی زۆر پەرەی سەندووە، ئەم کتێبە دەتوانێت نموونەیەکی سەرکەوتوو بێت لە تێکهەڵکێشانی بەسەرهاتی ژیانی کەسێک و تەکنیکی گێڕانەوەی ئەدەبی. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ ئاوێتەکردنی جوانیناسیی گێڕانەوە و ژیاننامەی کەسێکی دیاریکراو بۆ بەخشینی چێژی خوێندنەوە بە خوێنەر و کاراترکردنی گواستنەوەی ئەزموون لەنێوان جیلەکانی کۆمەڵگەیەکدا. ئێنکڤیست وەرگری چەندین خەلاتی گرنگی دیکەی سوێدی و جیهانیی بووە کە نیشانەن بۆ سەرکەوتوویی ئەو لە ئاستی ناوخۆیی و جیانیدا.

ناردن: