سۆرێن كیركێگارد و خۆشه‌ویستی مه‌حاڵ
ئایا فه‌یله‌سوفه‌كان عاشق ده‌بن؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
یه‌كێكیان ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه: كیركێگارد فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره بوو، بۆ وڵاتێكی بچووك. واته ئه‌و له‌و وڵاته گه‌وره‌تر بوو كه لێی هاتبووه دونیاوه. له ڕاستیشدا هه‌ر وابوو، ناوبانگی كیركێگارد له ناوبانگی دانیمارك گه‌وره‌تره، ژماره‌ی دانیشتوانی دانیمارك له پێنج ملیۆن كه‌س زیاتر نییه، هه‌روه‌ها كیرگێگار له زمانی دانیماركیش گه‌وره‌تره كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانه گه‌وره‌كانی وه‌ك فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و ئیسپانی، ئه‌وه باسی زمانی عه‌ره‌بی هه‌ر ناكه‌م، زمانێكی سنورداره و به كه‌می بڵاوبووه‌ته‌وه.
به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگێڕدراوه بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان، لێره‌وه به‌رهه‌مه‌كانی چیتر له نێو دیواری زمانه ئه‌سڵییه بچووكه‌كه‌ی خۆی قه‌تیس نه‌بووه و به‌رهه‌مه‌كانی بووه به موڵكی سه‌رتاپای جیهان. گرنگی و بایه‌خ و مه‌زنی و سودی وه‌رگێڕان ئا لێره‌دایه، هیچ شارستانییه‌تێكی مه‌زن به‌بێ وه‌رگێڕانێكی مه‌زن بوونی نییه. ئه‌ڵبه‌ته هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، شارستانییه‌تی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی، له‌یه‌ك كاتدا له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕان و داهێنانه خودییه‌كان، به‌ڕێوه‌یه.
سۆرێن كیركێگارد (1813- 1855)، به ماوه‌یه‌كی زۆر درێژ، پێش هایدگه‌ر و سارته‌ر، یه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌رانی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی هاوچه‌رخ. ئه‌و نوێنه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ڕه‌وتی بوونگه‌رایی مه‌سیحی ئیماندار بوو، نه‌ك ڕه‌وتی مادیی بێباوه‌ڕ. كیركێگارد له پاڵ بێرگسۆن و پۆل رێكۆر، یه‌كێك بوو له فه‌یله‌سوفه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاین له ئاینی مه‌سیحیدا. وه‌ك چۆن ئیبن ڕوشد و ته‌ها حسێن و محه‌ممه‌د ئاركۆن، ئه‌وانیش له فه‌یله‌سوفه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاینن له ئاینی ئیسلامدا.
به‌ڵام ئێمه هه‌نووكه له‌سه‌ر ئه‌وه قسه ناكه‌ین، به‌ڵكو له‌سه‌ر چیرۆكێكی گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستی قسه ده‌كه‌ین، له‌وانه‌یه گه‌وره‌ترین چیرۆكی خۆشه‌ویستی بێت كه له خۆرئاوادا ڕوویداوه. وه‌لێ له جیهانی عه‌ره‌بیدا، كه‌س قسه‌ی له‌باره‌وه نه‌كردووه یان هه‌ر نه‌یبیستووه.
لێره‌دا من قسه له‌سه‌ر چیرۆكی خۆشه‌ویستی نێوان كیركێگارد و خاتوو ڕێجین ئۆلیسن ده‌كه‌م، مه‌سه‌له‌كه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ڕوویدا؟ ئاگری خۆشه‌ویستی چۆن چۆنی سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌و ئاگره نه‌مره‌ی سه‌ده‌كان و ڕۆژگاره‌كان ده‌بڕێت و شارستانییه‌ته‌كان ده‌بوژێنێته‌وه؟ زۆر به ساده‌یی، كیركێگارد له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كییه‌وه، بانگهێشتی ئاهه‌نگێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كرابوو. به ڕێكه‌وت خاتوو ڕێجین، ئه‌ویش بانگهێشتی هه‌مان ئاهه‌نگ كرابوو. خاتوو ڕێجین كچێكی پڕ به‌رائه‌تی بچووكی ته‌مه‌ن ته‌نها پانزه ساڵ بوو، كیركێگارد له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵ بووه و له یه‌كه‌م بینینه‌وه ده‌كه‌وێته داوی خۆشه‌ویستییه‌وه و شه‌یدای ده‌بێت. ئه‌وه ئه‌و جۆره خۆشه‌ویستییه‌یه كه وه‌ك بروسكه و چه‌خماخه دێت و ڕێگه‌ت پێ نادات هه‌ناسه بده‌یت. پێده‌چێت ئه‌وه هه‌ستی هه‌ردووكیان بووبێت به‌رامبه‌ر به یه‌كتر، ئیدی دوای سێ ساڵ له یه‌كتربینین و نامه گۆڕینه‌وه، كیركێگارد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای ده‌كات و خێزانه‌كه‌ی خاتوو رێجین-یش ڕه‌زامه‌ندیان ده‌ربڕی.
وه‌لێ كیركێگارد به‌یانی ڕۆژی دواتر، سه‌روه‌ختێك له خه‌و هه‌ڵده‌سێت، سه‌یر ده‌كات شتێكی گه‌وره ڕوویداوه، شڵه‌ژاوه و ترسی لێنیشتووه و سه‌رلێشێواو دیاره و قژی خۆی ده‌رده‌هێنێت و ده‌ڵێت: خودایه، چیم به‌خۆم كرد؟ ئه‌وه من چیم كردووه؟ هه‌ست ده‌كات تاوانێكی ئه‌نجامداوه كه لێخۆشبوونی بۆ نییه، ئێ ئه‌و بۆ هاوسه‌رگیری و منداڵخستنه‌وه و دروستكردنی خێزان و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاره‌تی نه‌خولقاوه. ئه‌و سه‌رقاڵی شتی دیكه‌یه، ئاخر ئه‌و له ناوه‌وه، نیگه‌رانییه‌كی وجودی ترسناك داگیریكردووه، ئیدی چۆن گه‌مژه‌ییه‌كی له‌م جۆره ئه‌نجامده‌دات؟ ئه‌مه تاوانه ده‌رحه‌ق به مافی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌دایكده‌بن و تاوانه ده‌رحه‌ق به هاوسه‌ره‌كه‌شی. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، ماره‌بڕینه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و پێی ده‌ڵێت: “تكایه، من ناتوانم ئه‌ركه‌كانی هاوسه‌رگیری جێبه‌جێ بكه‌ن، تكایه بمبووره”.
دواتر له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ده‌كه‌وێته قسه و به خۆی ده‌ڵێت: “من كه له‌م دۆخه‌دام، مافی ئه‌وه‌م نییه، ژیانی ده‌ستگیرانه‌كه‌م وێران بكه‌م كه پڕه له خۆشه‌ویستی ژیان و هیوا، ئه‌و به‌ده‌ست هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌خسی یان گرێیه‌كی ده‌روونی یا پرسیاری وجودیی سوتێنه‌ره‌وه، ناناڵێنێت. ئه‌و وه‌ك هه‌مو مرۆڤه‌كانی دیكه، مرۆڤێكی سروشتییه. كه‌چی من له قووڵایی ناخمه‌وه مرۆڤێكی نه‌خۆشم، نه‌خۆشییه‌كه‌شم له‌و جۆره نه‌خۆشییه درێژخایا‌نه‌یه كه نه چاره‌سه‌ری هه‌یه و نه لێی چاكده‌بیته‌وه. هه‌ر بۆیه، ئه‌ركی ئه‌خلاقی و ویژدانی، وا ده‌خوازێت من پێ به دڵی خۆمدا بنێم و لێی جیاببمه‌وه، ئه‌مه‌ش دروست وه‌ك ئه‌وه وایه له ڕۆحی خۆم جیاده‌بمه‌وه”.
به‌ڵام سه‌روه‌ختێك كیرگێگارد، گوێی له‌وه ده‌بێت ڕێجین هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا كردووه، شێت و هار ده‌بێت و دڵی وردوخاش ده‌بێت و بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌وه یاد. بگره بۆ ئه‌وه‌ی گوێی له ورده‌كاریی و ئاماده‌كارییه‌كان و شه‌وی هاوسه‌رگیری نه‌بێت، ته‌واوی وڵاتی دانیمارك به‌جێده‌هێڵێت و ڕاده‌كات. ئه‌وه زۆر له وزه و توانای ئه‌و زیاتر بوو تا به‌رگه‌ی بگرێت، ئیدی وه‌ك دێوانه‌یه‌كی لێ دێت و ڕووده‌كاته پێده‌شت و كه‌ژ و كێوه‌كان. ئاخر چۆن بتوانێت خه‌یاڵی ئه‌وه بكات له‌گه‌ڵ پیاوێكی دیكه‌دایه؟ چییه ئاسمان چه‌سپی زه‌وی بووه؟ له‌یلا و مه‌جنون وه‌ك ئێمه ئازاریان نه‌چه‌شتووه.
ئه‌و شته‌ی له‌م چیرۆكه‌دا كاریگه‌ره، ئه‌وه‌یه ده‌ستگیرانه‌كه‌ی كیركێگارد كه په‌نجا ساڵ دوای مردنی كیركێگارد ژیا، وه‌سیه‌تی كردبوو له ته‌نیشت كیركێگارده‌وه بینێژن، نه‌ك له ته‌نیشت هاوسه‌ره شه‌رعییه‌كه‌ی! ئه‌م هه‌واڵه بۆ زۆر كه‌س جێگای سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌و خانمه به‌وه ویستوویه‌تی شتێكی ئاوا بڵێت: ئه‌گه‌ر چاره‌نووس له‌م دونیایه‌دا منی له‌و جیاكرده‌وه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له‌و دونیاكه‌ی دی پێی ده‌گه‌م، دونیای ئه‌به‌دی و هه‌تاهه‌تایی و نه‌مریی. ئه‌و خانمه به‌ده‌ر له هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی كه ڕوویانداوه، خۆی به “هاوسه‌ری” كیركێگارد ده‌زانی. به‌ڵێ له ڕاستیدا هه‌ر وا بوو، سه‌روه‌ختێك خه‌ڵك یادی ئه‌و خانمه‌یان ده‌كرده‌وه، ده‌یانووت: “ده‌ستگیرانه‌كه‌ی كیركێگارد، نه‌ك هاوسه‌ره‌كه‌ی فریدریك شلێجیل”.
ئه‌و خانمه له وه‌سیه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه هاوسه‌رم نییه، ئه‌وا له‌وێ، له به‌رزاییه‌كانی ئاسمان، هاوسه‌رم ده‌بێت. واده‌ی به‌یه‌كگه‌یشتنمان له به‌هه‌شتی نه‌مره!”، ئایا خۆشه‌ویستییه‌ك هه‌یه له‌مه به‌هێزتر بێت؟ خۆشه‌ویستییه‌ك له مردن به‌هێزتره، خۆشه‌ویستی ئه‌و دیو گۆڕ، ئه‌و دیو ته‌مه‌ن، خۆشه‌ویستی و ئیمان، ئه‌ی مه‌رگ كوا سه‌ركه‌وتنه‌كانی تۆ له كوێیه؟
دواهه‌مین یه‌كتربینین
چۆن ده‌توانین له هه‌ڵوێستی كیركێگارد بۆ ڕیجین ئۆلسین-ی خۆشه‌ویستی تێبگه‌ین؟ سه‌ره‌تا وا ده‌رده‌كه‌وێت هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی بۆ ئه‌و حاڵه‌ته نییه. چونكه ئه‌و له گه‌رمه و لووتكه‌ی په‌یوه‌ندییه غه‌رامییه‌كه‌یاندا، بێ بوونی هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرا، یان بێ بوونی هۆكارێكی قایلكه‌ر، وازیلێهێناو لێی دووركه‌وته‌وه. پێده‌چێت كیركێگارد هه‌وڵیدابێت بۆ دواهه‌مینجار، له یه‌كێك له شه‌قامه‌كاندا، وه‌ك ڕێكه‌وت بیبینێت، پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا بڕۆن بۆ وڵاتێكی دوور.
سه‌روه‌ختێك كیركێگارد خۆی ده‌كێشێت پیایدا، ڕێجین پێی ده‌ڵێت: “خوا ئاگادارت بێت، با هه‌مو شتێك وه‌ك ئه‌وه بێت كه تۆ ده‌ته‌وێت”، ئه‌مه‌ش مانای وایه ئه‌و خانمه به ته‌واوه‌تی ته‌سلیمی ئه‌و واقیعه بووه و له‌مڕۆ به‌دواوه، چیتر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ی بۆ ڕابردوو. لێره‌دا كیركێگارد كاتێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه ئه‌و ده‌بینێت، هه‌نگاوێك دێته دواوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌یبینیبێت. پاشان بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك وشه بڵێت، سه‌لامی لێده‌كات و ناتوانێت وه‌ڵامی قسه‌كانی بداته‌وه، وشه‌كان له سینه‌یدا په‌نگیانخواردبوه‌وه و نه‌ده‌هاتنه ده‌ره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خودی خۆی قسه بكات ده‌ڵێت: ئایا كه‌سێك له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی فیكر، به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی ئاگری كڵپه‌كردوو وه‌ستابێت، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هاوسه‌رگیری بكات؟ ئایا كه‌سێك هه‌ست به‌وه بكات ژیانی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه منداڵ بخاته‌وه؟ منداڵه‌كانی ته‌نها بریتییه له به‌رهه‌مه‌كانی. ئایا كه‌سێك شه‌ڕ له‌گه‌ل مۆته‌كه‌ی تاریكی بكات، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خێزانێكی سروشتی دامه‌زرێنێت؟ به‌م شێوه‌یه كیركێگارد به‌رده‌وام هه‌وڵی ده‌دا پاساو بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی خۆی بهێنێته‌وه. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستیكرد چ قه‌باحه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ڕێجین ئه‌نجامداوه.
كیركێگارد پێیوابوو به جیابوونه‌وه‌ی له ڕێجین، ئیدی مه‌سه‌له‌كه كۆتایی پێدێت، كه‌چی ده‌بینیت تا هه‌تاهه‌تایه به دواوه‌یه‌تی. ئیدی به‌رده‌وام ده‌كه‌وێته لۆمه‌كردنی خۆی و حه‌سره‌ت و ئاخ هه‌ڵكێشان. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ركی به‌وه كردبێت، ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیداوه، تاوانێكه و لێخۆشبوونی بۆ نییه. به‌ڵێ، تاوانی كوشتنی خۆشه‌ویستییه‌كی پاك و بێگه‌ردی ئه‌نجامداوه، خۆشه‌ویستی كچێكی ناسك له‌سه‌ره‌تای گه‌نجیه‌تیدا. ئاخر كێ ده‌توانێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له ده‌ستپێكه‌وه، خۆشه‌ویستی و سۆز بكوژێت؟ كیركێگارد به درێژایی ژیانی، نه‌یتوانی له‌و لێدانه چاكببێته‌وه: لێدانی ناپاكی و غه‌در. ڕه‌نگه ته‌نها له پێناو پاساوهێنانه‌وه بۆ ئه‌و كاره‌ی، بووه نووسه‌ر و فه‌یله‌سوفێكی به‌ناوبانگ.
ئه‌م فه‌یله‌سوفه، هه‌میشه تا دواساته‌كانی ژیانی، هه‌ستێكی كوشنده به گوناه و تاوانكاری، به‌دوایه‌وه بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه له‌به‌رچاو نه‌گرین، ئه‌وا ئێمه له هیچ شتێكی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی كیركێگارد تێناگه‌ین. چیرۆكی ئه‌و، به درێژایی مێژوو، له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانی دانتی و بیاتریس، ڕۆمیۆ و جۆلێت، ئه‌بیلار و هیلویز، بووه به یه‌كێك له به‌ناوبانگترین چیرۆكه‌كانی ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئه‌م چیرۆكانه‌ی دیكه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین: له‌یلا و مه‌جنون، جه‌میل و بوسه‌ینه، عه‌روه و عه‌فرا… هتد. ئه‌وه عه‌ره‌به‌كان بوون، به ماوه‌یه‌كی درێژ پێش دانتی و شه‌كسپیر، ئه‌م جۆره خۆشه‌ویستییه پاكیزه‌ییه ئاسمانییه فریشته‌ییه‌یان ده‌ستپێكرد. ئێ بۆچی و به چ مافێك عه‌نته‌ر و عه‌بله له‌بیر ده‌كه‌ن؟
فه‌یله‌سوفه دانیماركییه‌كه، دوای ئه‌وه‌ی توانی ئه‌م ئه‌زمونه سۆزدارییه تێپه‌ڕێنێت، هه‌ستیكرد سه‌رله‌نوێ له‌دایكبووه‌ته‌وه و بووه به مرۆڤێكی نوێ. بارێكی قورسی له‌سه‌ر شانی خۆی داگرتووه: له‌مڕۆ به‌دواوه، نه خێزان، نه منداڵ، نه هاوسه‌رگیری، به‌ڵكو ته‌نها جه‌نگی فیكری و به‌س. خۆشه‌ویستی و عه‌شقی ڕێجین ئۆلسین، كیركێگاردی له ناوه‌وه پاككرده‌وه، قووڵاییه شاراوه‌كانی ناخی بۆ ئاشكرا كرد، ناسنامه‌ی خۆی و پرۆژه‌كه‌ی له ژیاندا بۆ ڕوونكرده‌وه.
ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی شكستده‌هێنێت و سه‌رناكه‌وێت، له‌ناوه‌وه ده‌تسووتێنێت و پاكتده‌كاته‌وه. به‌م مانایه، خۆشه‌ویستی شكست و سه‌رنه‌كه‌وتوو، هه‌زارجار له خۆشه‌ویستی سه‌ركه‌وتوو باشتره. پرسیار له فاشیلترین عاشق بكه‌ن له جیهانی عه‌ره‌بی. كیركێگارد دوای ئه‌وه، بوو به‌و فه‌یله‌سوف و نووسه‌ره گه‌وره‌یه‌ی كه ده‌یناسین. لێره‌دا لێكچوونێكی گه‌وره له نێوان كیركێگارد و نیتچه‌دا هه‌یه، له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كیركێگارد كه‌سێكی ئیماندار بوو، به‌ڵام نیتچه كه‌سێكی بێباوه‌ڕ بوو.
دواجار، كیركێگارد به‌رده‌وام خه‌ریكی شیكردنه‌وه‌ی قووڵایی ناخی خۆی بوو، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و خۆشه‌ویستییه نه‌مره‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان، له‌گه‌ڵ كچێكدا كه له هه‌ڕه‌تی گه‌نجییه‌تیدابوو، كۆیكردبوه‌وه، كچێك ناوی ڕێجین ئۆلسین بوو. بلیمه‌تییه‌كه‌ی له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئه‌و خۆشه‌ویستییه گه‌رم و سووتێنه‌ره كرایه‌وه. پێویست بوو كاره‌ساتێك ڕووبدات، تاكو هه‌ست به بوونی خۆی و ده‌ركه‌وتنی ئاسۆكان بكات و له‌وه تێبگات ئه‌و به‌دیاریكراوی كێیه. كیركێگارد هێنده ئه‌و كچه‌ی خۆش‌ویست، وازیلێهێنا. ده‌ستبه‌رداری بوو، تاكو ئه‌و ئازیزه نا ئاماده‌یه، هه‌میشه ئاماده‌یی (حزووری) له هه‌موو ئاماده‌ییه‌كانی دیكه زیاتربێت.
سه‌رچاوه
به‌شی كولتووری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 14ی كانوونی یه‌كه‌می 2024.