چــیرۆک:ڕیشۆڵە…مەنسوور یاقوتی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: عەزیز گەردی
١
پشتی چەماندەوە و لە کونی بچووکی بورجە بەرزەکەوە چاوی بڕییە دەرەوە و گوێی دایە گۆرانیی سەیروسەمەرەی ئەو پیرەمێردە نەناسەی بە تەنیشت کۆنەقەڵەدا ڕەت بوو و گۆرانیی دێرینی (باڵندەی بەیانی) دەچڕی. پیرەمێرد، وەکو هەمیشە دەنگی شەکەت و غەمگین و تێکەڵ بە پەشێوییەکی ناسک و لەرزۆک بوو، بەڵام هەر بەم جۆرەش شێلگیر و چەسپاو بوو.
حیسابی کردبوو، پیرەمێرد ساڵی یەک جار بە تەنیشتی قەڵادا تێدەپەڕێ. چاوی دەبڕێتە بورج و قوللەی بەرز و دیواری کۆن و ترسناک و بەبێ ترس و شڵەژان، گۆرانیی دێرینی (باڵندەی بەیانی) دەگوت و بەوێدا تێدەپەڕی. پیرەمێرد ڕیشێکی درێژ و سەراپا سپی هەبوو. بەژنی دوو مەتر زیاتر بوو. کوڵمەی سوور بوون و کڵاوێکی کەوڵە سمۆرەی لە سەر بوو، کتێبێکی بەرگ چەرم و کۆنی لەبن هەنگڵ بوو و هەمیشە چەند پەپوولەیەکی گەورە و سپی خاڵ سوور بەسەر کڵاوی، یان شانی، یان بە دەوری دەموچاویدا دەسووڕانەوە.
کە ئەو بە تەنیشت قەڵادا تێدەپەڕی، بۆ ماوەی چەند لەحزەیەک، شەپۆلی عەترە گوڵە مورتکی تێکەڵ بە بۆنی برنجی ئێرانی، ژووری ڕیشۆڵەی پڕ دەکرد. ڕیشۆڵە بەژنی قیت دەکردەوە، هەناسەیەکی قووڵی هەڵدەکێشا و لەناو حەوشەی بچووک و داخراوی بورجەکە پیاسەی دەکرد، کە بە بەرد و قسڵ لەسەر ترۆپکی قەڵای کۆن دروست کرابوو و دەرگایەکی داری کۆن و مکوومی تێ گیرابوو. تەنیا کاتی جەم، دەکرایەوە و دادەخرایەوە. لە زەین و خەیاڵی خۆیدا، لە ڕێگەی جاران، کە بۆنێکی نامۆ و سەتر و کاڵی دەوری منداڵیی خۆی لێ دەهات، هاتوچۆی دەکرد.
سەگێکی گەنجی چاو بۆری شاد و کلک قیت، لەدوو پیرەمێرد دەڕۆیشت و مڵومۆی لە شوونی دەکرد. هەموو ساڵێ، ئەو سەگە شادە بە عەوە عەوی پڕزایەڵەی گەنجی و زایەڵەی شادی و بە دڵخۆشی و بە ئومێدێکی ئاڵۆزەوە، بە دوای پیرەمێرددا هەڵبەزودابەزی بوو. ئەوسا کە پیری ڕێبواری ڕێگەی بەفراوی، ئەو گۆرانییە دێرینەی دەگوت، ئەم لەسەر بەفر درێژ دەبوو و پەنجەکانی درێژ دەکرد و لمووزی دەخستە سەر پەنجەکانی و لەناو کپییەکی قووڵی پڕمانادا دەچووە خوارێ.
ئەم جارەیان، کە پیرەمێردەکە هات، سەگەکەی دیار نەبوو، ڕیشۆڵە هەر دەتگوت شتێکی بەنرخی لەدەست داوە. پەرێشان و تاساو! چاوی تیژی بە پانتایی بەفراویدا گێڕا، بەڵام هیچ دەوسی سەگەکەی نەبینی. پیرەمێرد بە دەنگێ، کە دەتگوت لە قووڵایی مێژووەوە دێ، بە غەمباری و دڵتەنگی و زۆر بە سۆزەوە گۆرانیی دێرینی (باڵندەی بەیانی) چڕی و دوای وەستانێکی زۆر و چاوبڕینە بورج و قوللەکانی قەڵای کپ و کۆن، بە تفتوتاڵی بە سووتانێکی پڕڕق و ئازارەوە، بەندێکی لە گۆرانیی (خانمی دڵبەر) گوت و بە چاوی بەگریانەوە لە بازنەی داخراوی بیگای ڕیشۆڵە دوور کەوتەوە. پەپوولە بە دوویدا کشان. پەپوولەیەکی سپیی گەورە، دوو خاڵی سووری گەورەی لەسەر باڵەکان بوو. خولێکی لە هەوادا خواردەوە.
نا، حەپەی سەگەکە نەدەهات. چاوی بڕییە پانتایی هەراوی بەفراوی و ئاسۆی خۆڵەمێشی دوور، سەگەکە هیچ شوونی دیار نەبوو. لەناو ئەو بورجەی تێدا حەپس بوو، دەستی بە پیاسە کرد. سەری بردە ناو کونێکی بچووک کە لە ئەنجامی ڕەوتی ڕۆژگار، لە دیواری بورجی بڵند پەیدا ببوو و ناولەپی دەستی بە دیواری ساردەوە نا و چاوی بڕییە حەوشەی بەفراوی قەڵا. لە شوونی جزمەی پاسەوان بەولاوە هیچ شتێ دیار نەبوو. سەرنجی لە حەوشە لابرد و چاوی بڕییە قۆنگرەکانی قەڵا، چەند داڵێکیان بەسەرەوە بوو، سەریان بردبووە ناو بەرچێڵە و وەکو هەمیشە چاویان بڕیبووە قووڵایی نادیاریی. ئەو داڵانە ببوونە بەشێکی نەپچڕاوی ئەو قۆنگرە بەرد و بەفراوییانە.
چاوی بڕییە ئاسۆ. ئاسۆیەکی خۆڵەمێشی و دەشتێ، کە تا مەودایەکی تەماوی دوور پڕ بەفری وشک و ئەستوور ببوو.
***
وەک ئەوەی جانەوەرێکی تۆقێنەر کەڵبەی لە خنخنۆک گیر کردبێ و ڕایبگوشێ، ئاوا بە هەراسانی لە خەو ڕاپەڕی، پەنجەکانی بە گەرووی خۆیدا هێنا. دەنگی حەپەحەپی تووڕەی سەگێک دەهات. وایزانی خەون دەبینێ. پێڵووەکانی بە قورسی کەوتنە سەریەک. حەپەحەپی سەگەکە تا دەهات توندتر دەبوو. نێوچەوانی لۆچی تێکەوت، پێڵووەکانی لەسەر ئاوێنەی تۆزاوی لا کەوتن. هەستا و لە کڵاوڕۆژنەی بورجەکەوە چاوی بڕییە دەرەوە: ئەو سەگەی شوێن پیرەمێرد دەکەوت، لەناو حەوشەی بەفراوی قوللەدا، قەڵێتێکی ئاسنی لە مل کرابوو و بە زنجیر لە مێخی تەویلە بەسرابووەوە. پاسەوانەکە پارچەقوماشێکی بەسەر دەموچاوی خۆیدا هەڵکێشابوو، تەنیا چاوە تۆقێنەرەکانی دیار بوون. بە تۆبز کەوتبووە گیانی سەگەکە و ئێسکی دەکوتا. تۆبزەکە لە هەوادا دەسووڕا و دەهاتە خوارێ و بە پەراسووی سەگەکە دەکەوت. سەگەکە ددانی گڕ دەکردەوە، خۆی بۆ پاسەوانەکە هەڵدەدا و ڕقێکی ئاگرینی لە چاواندا دەجۆشا. تۆبزەکە دەسووڕا و دەهاتە خوارێ: بە شان و مل و چڕنۆکی دەکەوت.
ڕیشۆڵە بە مست وەرگەڕایە دیواری بورجەکە. دەتگوت ڕۆژی یەکەمە فڕێ دراوەتە ناو ئەم بورجە. پەلاماری دیواری دەدا و پێلەقەی لە بەردی گەورە و خۆڵەمێشی دەدا. وەکو ئاگر کڵپەی دەسەند و دیواری بەردینی ساردی لە گڕینی سووتێنەری خۆیدا لرف دەکرد. بەڵام دیوارەکە، کە لە کونکردن نەدەهات، بەو ڕەنگە سارد و غەمناکەوە، کە بۆنی جەنازە و بۆنی ڕاڕەوی کۆنی شێداری لێ دەهات، هەر زوو هەوڵ و تەقەللای لەبار برد و ورەی ڕووخاند.
سەگەکە ئێستا لە ڕق و جۆشوخرۆش کەوتبوو. بە چاوی پڕترسەوە خۆی لەبەر زەبری تۆبز لا دەدا و ناوبەناو قرووسکەیەکی بە ژان و ئازاری لێوە دەهات. تۆبزەکە هەر لە هەوادا دەسووڕا و بەسەر گیانی سەگەکەدا دەهاتە خوارێ: بە دەموچاو و سەر و شان و چەپۆک و لمووزی دەکەوت. سەگەکە، ئەو ئارەقەی لە لەشی دەچۆڕایەوە و ئەو دڵۆپە خوێنانەی لە لووت و زاری فیچقەی دەکرد، بەفری دەکردە پۆقژ و بە ڕەنگی سوور دەینەخشاند. ڕیشۆڵە چووە ژێری، هەستی بە شەکەتی تێماوی کرد. لەنن دیوار دانیشت و دەستی لە ئەژنۆی وەرهێنا و چاوی بڕییە دیواری ساردی لەکوننەهاتوو.
***
گورگە ڕەش شۆڕ دەبووەوە پشت تەپۆڵکەی خۆڵەمێشی و گورگی بۆر بە ئاسۆی هەوراویدا هەڵدەکشا. کە بە سەری پەنجە لە دەرگایان دا، ڕیشۆڵە ئاوڕی دایەوە. دانیشت و ڕووی کردە دیوار. دەرگای پشتەوەی نیمچە کرایەوە. کەرتەنانێکی وشک و هەندێ پەنیری بۆگەنیان فڕێ دایە سەر لبادی ناو ژووری بورجەکە. دەرگا قوفڵ درایەوە. ڕیشۆڵە لەقەیەکی لە پەنیرەکە دا و تێی هەڵدایە لایەک. چەمایەوە و لە کونی دیوارەکەوە چاوی بڕییە دەرەوە.
سەگەکە کلکی بردبووەوە ناو گەڵانی. پارچەئێسکێکی فڕێ درابووە پێش، تێی ڕادەما و دەلەرزی. سەگەکە، دەیگوت بۆنی شتێکی کردووە. نووسکەیەکی کز و بە ژانی لە گەروو هاتە دەرێ. بێ ئەوەی هەستێتەوە، بەفری بە چڕنۆکەکانی هەڵکەند، کلکی لەقاند و ددانی لە ترسان پێک کەوت. پێستەی وا دەلەرزی، دەتگوت سەرمای زەمهەریزی کەوتۆتە گیانی. جووتە چەکمەیەک و تۆبزێک دەرکەوت. سەگەکە مڕاندی و کلکی لە بەفر کوتا و فرمێسک لە چاوانی سەری کرد. ڕیشۆڵە داهاتەوە سەرچۆک، چاوی بڕییە دەرگای قوفڵدراو و چووە ژێری.
٢
داڵەکان لەسەر قوللەی بورج سەریان نابووە بنگوێی یەکتر و دەنووکیان دەجووڵایەوە و دەنگێکی سەیریان لە گەروو دەهاتە دەرێ. ئاسۆ هێشتا هەر خۆڵەمێشی بوو. ڕۆژگار ئەوەندە تێپەڕی بوو، ڕیشۆڵە زانی کاتی ئەوە هاتووە پیرەمێرد بێت و گۆرانیی (باڵندەی بەیانی) و بەندێکی سروودی دڵکێشی (خانمی دڵبەر) بچڕێ و بورج پڕ بێ لە عەتری مورتک و بۆنی خۆشی برنجی ئێرانی، بەڵام پیری دەشتی بەفراوی هیچ دەوسی دیار نەبوو. ڕیشۆڵە بە درێژایی ساتەوەختی خۆڵەمێشیی کاڵ، بە شڵەژاوی و چاوەڕوانی لەناو بورجەکەدا پیاسەی کرد. بەڵام هەر دەتگوت پیرەمێرد بە خۆو بە گۆرانییەوە، لەناو جەرگەی ڕۆژگاری خۆڵەمێشیدا کەوتۆتە جاویدانییەکی نهێنی. وەرزی خۆڵەمێشی بەسەر بورجەکەدا تێدەپەڕی و داڵەکان بە شادمانی سەریان دەلەقاند.
٣
لەگەڵ چریکەی گۆرانی باڵندەیەک، هەستا و چاوی خستە سەر کڵاوڕۆژنەی بورجەکە. داڵەکان بە گێژی و حەپەساوی بەسەر قەڵادا دەخولانەوە و ڕیشۆڵەیەکی گەنج بە پەڕی بریقەدار و خاڵی سپیی سەر سینەی، دەنووکی کردبووە و بە شادی گۆرانی دەچڕی. هەوری خۆڵەمێشی شەپۆل شەپۆل لە ئاسۆوە ڕای دەکرد. پاسەوانەکە خەریک بوو بە خێرایی و بە هەراسانی قەیتانی چەکمەی توند دەکرد و دەستی دەلەرزی و لە ترسان چەرق و هۆڕی ددانی بوو.
ڕیشۆڵەکە دەیخوێند، ڕقێکی لەناو دەنگدا بوو، وەکو پشکوتنی گوڵێکی ڕەش وابوو لەناو تەبارە گەنمێکی زەرد کە مەرجانی گوڵاڵەی کێوی بەناو وەرکرابێ.
٢٦/٦/٧٠
کرماشاه
سەرچاوە: لە (ڕۆڤار)ی ژمارە (٩٥)، بەهاری ٢٠٢٣ بڵاو کراوەتەوە.